چیرۆک
غەفوور ساڵحی
ئەمجار دەنگت هەر لە دەنگی خۆت نەدەچوووو. وەک شتێک حەپەسابووی: گوێم لێبگرە. ئاها پێم گوتی، ئەوڕۆ پێشهاتی سەیر چاوەڕێمە. ئێستا وا نیوەڕۆیەو، خەریکم نزیک دەبمەوە لەو شوێنەی کە لەدوورەوە وەک پلوورەهەنگ دەچێت. ئەزانی بۆ خۆم گەیاندێ؟ ئاخر کە لە دوورەوە تماشام دەکرد، بە هیوا نەبووم لەوە کوناوکونەدا جووڵەیەک ببینم. لای خۆم گوتم، بە زات و بێعەیبی خوا ئەوە شتێکە. جووڵە زۆرە لەو کونانەدا. بەڵام خۆ ئەو جووڵە، ناتوانێ جووڵەی هەنگ بێت. من چۆن دەتوانم لێرەوە جووڵەی هەنگ ببینم؟ ئەویش بەو چاوە کوێرانەی منەوە. ئاها، ئەوە خەریکم دەیگەمێ.
- توضیحات
- بازدید: 249
فەرهاد نێعمەتپوور
میلۆدیێکی کلاسیک هەست پێدەکرا. قژەکان دەشەکانەوە. کەوانەی لێواری گۆی زەوی لەبەردەستدا... باوەشێک بۆ پێداکردن. چەند ساتێک فڕین. هێزی تەقەی کاتیۆشا هەر ئەوەندەی بەرگە گرت. خێرایی بەرەو بەرزتر کەمتر دەبوووە. شۆڕبوونەوە دەستیپێکرد. نەرمەبا بوو بە گڤە گڤ. ترس هەموو جەستەی دەتەنی. قریشک و قاو، گوێی ئاسمانی کەڕ دەکرد. با، دڵۆپ یان فرمێسکی گۆشەی چاوەکانی لەگەڵ خۆی دەبرد. ترپەی دڵ... لەپڕ داچڵەکیم. پاڵم دابۆوە کەوانەی دانێک لە لولەکان و دەمروانیە داچوونی خۆر.
- توضیحات
- بازدید: 242
فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەوسا رۆژە خۆشەکان دێن. ئەو رۆژانەی وا باران دەبارێ و کەچی ناتوانێ زەفەر بە سەقفی خانووەکەی ئێمە ببا. ئا، هیچ دڵۆپەیەک داناکا. تەنیا ئەوەندەی قاتەکان لێرە و لەوێ دەخووسێن. جاری وایە دایکم هەر هەموومان دەباتە دەرەوە،... بۆ ژێر باران. بۆ ئەوەی خۆمان جوان جوان بشۆین. بۆنی ساردی چیمەنتۆ و بۆگەنیوی جاڵجاڵۆکەکان لە جەستەم،... بەرەبەرە دەبنەوە. بۆ شەو پەردە شڕەکانی سەر کونەکان دادەدەینەوە و، خەوێکی خۆش دەمانباتەوە. ئاگام لێیە باوکم لە کونەکەی خۆیەوە بەئەسپایی وەک پشیلە دەگوازێتەوە بۆ لای کونەکەی دایکم و لە دووای مڵچە ملچ و زرمە زرم و سرتەسرتێکی چەند دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی. ئەوسا پرخەی سامناکی هەڵدەستێ. بە خۆم دەڵێم باشتر کە هیچ درگا و پەنجەرەیەک لە نێوان کونەکاندا نیە... باشتر!
- توضیحات
- بازدید: 286
ئاڵا محەممەدزادە
کاکەم ئەلێرە ڕائەکشا. چاوی لە میچەکان بڕیبوو. قسەی لە گەڵ نەئەکردم. گووتم تۆراوی؟ ئاخر زوو زوو ئەتۆرا، وەڵامی نەدامەوە. هەموو ڕۆژێک پارووم بۆ ئەگرت. هەر لە دەمیا ئەیهێشتەوە ئاوم پێدا بە لالێویدا ئەڕژایە خوار. سەرم لەسەر سەری ڕاگرت. پێکەنی، بەڵام قسەی لە گەڵ نەئەکردم. منیش کارم پێی نەبوو. کاکەم ئەیگووت کارت بە کاری کەس نەبێ، لە تەنیشتی لەسەر جێگەی خۆم ڕاکشام. تا ئەو کوڕە منداڵکارە هات، بانگی خەڵکی کرد. پەڕۆی سپییان بەسەر دادا و، بردیان.
- توضیحات
- بازدید: 277
زەمانە محەممەدی
ئەو ماڵانە وەکو ئەلان نەبوون، چکۆلە بوون، دیوارەکانیان لە گڵ، حەوشەیان هەبوو، بانەکانیان کورت، هەموو سەربانەکان ئانتێنی تەلەفزیۆنی لێ بوو، شتومەکیان نەبوو، بەڵام دڵیان زۆر گەورە بوو. خەڵکی گەرەک جلوبەرگی جوانیان لەبەرا نەبوو. هەموو رۆژێک خەبەریان لەیەک بوو. یەکتریان ئەدی، بەخەمی یەکتر خەمبار بوون و بەخۆشی یەکتر شاد. یادی بەخێر کە من ئەچووم زۆر بۆم خۆش بوو. لەگەڵ دایەگەورەم ئەچووین بۆلای خەڵکی گەڕەک،... دائەنیشتین، قسەمان ئەکرد، شۆخیمان ئەکرد. بەراستی ئەو وێنەیە ئەو رۆژانەی بیرهێنانەمەوە، ڕۆژێک وەرە، ئەچین تۆش بیبینە!
- توضیحات
- بازدید: 220
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دەنگی مەلا و، کەڵەشێرەکە وندەبن. بێدەنگییەکی سەیر وڵات دادەگرێ. لەگەڵ ئەوەی پاییز نیە، سروەیەک دوو گەڵا لە لقێکی درەختی سێوەکە لەگەڵ خۆی هەڵدەوەرێنێ؛ بەڵام نایانبا. لە ماڵە دراوسێکەمانەوە دەنگی قاپ و قاچاخ دێت. بۆنی نۆکاو بە ناو هەوادا پەخش و بڵاو دەبێتەوە. دەڵێم دەڕۆم کاتی ژەمی نیوەڕۆیە. دەڵێم رەنگە تازە ساڵێکی تر بگەڕێمەوە، هەڵبەت مەبەستم ساڵە تازەکەی خۆمانە. دەڵێ کەواتە ماوەیەکی زۆر یەکتر نابینینەوە. دڵم دادەخورپێ. بەس هیچ ناڵێم. جا چییە لە پێناوی درێژیی تەمەن با جارێکە یەکتریش نەبینینەوە. مەگەر نەک ئەوەیکە عادەتی پێدەگرین و، ساڵە درێژەکانیش وەک کورتەکانیان لێدێتەوە.
- توضیحات
- بازدید: 341
فەڕۆخ نێعمەتپوور
پێزان کە کوڕی دووهەمی باوکی فەرەیدوون بوو و خاوەن ژنێکی سنەیی، هەر بەمەی زانی خێرا سەگێکی کڕی! راستییەکەی ئەوە بوو ژنە سنەییەکەی حەزی بە هاتوچووی ماڵە خەزووری نەبوو و، ئەمە ببووە هۆی کێشە و بێنە و بەرەیەکی زۆر. پێزانیش بۆ ئەوەی لەم بەزمە کە قەت بۆی چارەسەر نەدەکرا، رزگاری بێت، چوو گۆڵێکی رەشی سەرزلی کڕی کە بە پێچەوانەی پشیلەی براکەی چاوەکانی قاوەیی بوون. باوکی کە بەمەی زانی، بەپێچەوانەی جاران کە لە رقی بووکەکەی هەر هاتوچووی دەکرد، یەکسەر تەرکە ماڵی پێزانی کرد و لە ژوورەکەی خۆی پاڵی لێدایەوە. پێزان خۆشحاڵ لەم بەزمە، جاربەجار بۆخۆی سەردانی ماڵە باوکی دەکرد و، بەم شێوەیە لە بەزمێکی چەندان ساڵە قوتاری هات.
- توضیحات
- بازدید: 237
فەڕۆخ نێعمەتپوور
پۆستچییەکە باری گرانە. گەر نامەی ئەو سەربازانەی پێ نەبووایە کە لە بەرەکانی شەڕەوە دەهاتن، ئەوا قەت ئەم رێگا ترسناکەی نەدەگرتە بەر. گەر ئەمە نەبووایە، پوڵ و پارەی دونیایان بدایە بەری ئەم رێگایەی نەدەگرتەبەر، بەڵام چ بکا لای ئەو هیچ شتێک بە قەدەر نامەی سەربازێکی بەرەکانی جەنگ کە هەر ساتێک دەیتوانی دووا ساتی تەمەنی بێت، بە بایەخ نەبوو. لای ئەو هیچ دڵێک بە قەدەر دڵی بنەماڵەیەکی چاوەڕوان، پڕ لە هەست و سۆز و خولیا نەبوو. بە خۆی دەگوت خێوی دونیایش بێنە سەر رێم، نامەکان هەر دەگەیەنم.
- توضیحات
- بازدید: 234
فەڕۆخ نێعمەتپوور
بەڵام سەیرتر لەوە شتێکی ترە کە ئیستاکە بۆتانی دەگێڕمەوە. وەک گوتم باوەژنەکەمان زۆر نەگبەت و دەم پیس بوو و ئیتر بەرەبەرە ژیانی لێکردین بە جەهەننەم. باوکم کە سەرەتا زۆر گوێی نەدەدایە، بەرەبەرە لەگەڵیا کەوتە دەمەقاڵە و بەزم و رەزم و هەرچی پێی دەگوت کە ژنەکە ئەم منداڵانە گوناحن و خوا بەردار نیە کە ئاوا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەی، سوودی نەبوو. جاری وابوو بە شەو لە ژوورەکەیاندا لێێان دەبوو بە شەڕ و دەبوو بە بەزمێک نەبێتەوە.
- توضیحات
- بازدید: 178
فەڕۆخ نێعمەتپوور
بە بێدەنگی لە تەنیشتی خۆمدا دانیشتم. دەمزانی رازیکردنم مەحاڵ بوو. خۆم خۆم دەناسی. یان 'خۆم' کە ئەو بوو خۆمی دەناسی. سەرسوڕماو لەوەی کە مرۆڤ دەتوانێ دوو خۆم بێت، لە پەنجەرەکەوە کە وەک دەسماڵی گەردنی شاگردەکە پیس و چڵکن و رۆناوی بوو، لە دەرەوەم رووانی. پۆلێک چۆلەکە سرک سرک دەنووکیان لەو وردەنانانە دەدا وا بە هەر هۆیەک لە پەنای دیواری گاراژەکە کەوتبوون،... دیوارە پیس و چڵکن و رۆناوییەکە دەڵێم. ئەوسا بینیم نەفەرێکی تر سوار بوو. پیرەمێردێک بوو بە بوخچەیەک بە دەستەوە. توند توند گرێی دابوو. مشتە رەگاوی و سیسەکەی وەک پەتی سێدارە لە گرێکە ئاڵابوو. دووای کەمێک چاوگێڕان درێژەی بە رێگادا و لەسەر کورسییەکەی پێش خۆم و خۆم دانیشت.
- توضیحات
- بازدید: 187