وتارەکان

میدیاى کوردى لە بازنەى گەمەکانى سیاسەتدا (٣)

ستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعالستاره غیر فعال
 

نەژاد عزیز سورمێ

وەکو ڕاى خۆم کە لە زۆر جێى دیکەشدا گوتومە، واى نابینم لە سەرانسەرى جیهاندا کەناڵێکى میدیاى بەو مانایەى هەندێ بەو سادەییە دەیبینن، بێلایەن هەبێ. هەر کەناڵێکى میدیایی دەکرێ لە (لایەن)ێکەوە باروبوو یا بە ئیستیلاحى ئێستا سەپۆرت یا سپۆنسەر بکرێ.

 

میدیاى کوردى لە بازنەى گەمەکانى سیاسەتدا (٣)

نەژاد عزیز سورمێ

 

میدیاى کوردى و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیاى نوێ

لە ڕاست سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا، میدیاى کوردى بە هەموو چەشنەکانییەوە توانیویەتى سوود لە هەل و مەرجە ڕەخساوەکان ببینێ، ئەمەش سەرەتا زیاتر لە (میدیاى نووسراو)دا ڕەنگى دایەوە، بەوەى هەموو تایبەتایەتیەکانى چاپی بۆ مەیسەر بوو کە تا پێش ڕاپەڕین ئەوەى بە پێوانەى ئەوان ڕۆژگاران پێشکەوتوو بوو و لەگەڵ سەردەمدا هاتبووەوە تەنیا لە (بەغدا) هەبوو،  تەنانەت بەغدا تا ئەو دەمەیش مەڵبەندى بێ ڕکابەرى چاپکردن بوو، چونکە کوردستان ئەگەرچى ژمارەیەک چاپخانەى تێدا بوو، بەڵام چاپخانەى پەروەردەى لێ بترازێ (ژمارە2) کە ئەویش تایبەت بوو بە لە چاپدانى کتێبەکانى قوتابخانە و کتێب و بڵاوکراوەى دى لێ چاپ نەدەکرا ، تەنانەت کتێب و تاکە گۆڤارى( ئەمیندارییەتى ڕۆشنبیرى و لاوان)ى ئەوسا (کاروان)یش لە بەغدا چاپ دەکران.

بەو ڕەنگە هات تا لە ناوەڕاستى نەوەتەکانى سەتەى ڕابردوودا ، تەکنیکى چاپ لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا پێشکەوتنى بەرچاوى بەخۆوە بینى ، چەندان چاپخانە و دەزگاى وەشاندن دامەزران. بە هاتنى کۆمپیۆتەریش ، جۆرى چاپ لە ڕێگاکانى پێشووى تێپەڕاند.

دیارە هەمیشەیش تەکنیکى چاپ و دیزاین و دەرهێنانى هونەرى بەشى زۆرى بە پێشکەوتوویی ئامێرەکانى چاپەوە بەندە، ئەگەرچى ڕۆڵى دیزاینەر و هونەرکارانیش جێى ئاماژە و لەسەر ڕاوەستان بێ، کە بێگومان لە هەموو باراندا ئەوانن تایبەتایەتى بە ستایلى دەرهێنانى هونەرى بڵاوکراوەکە دەدەن، بەڵام بێگومان، وەک وتمان دامەزراندنى چاپخانەى پێشکەوتوو هەروەها پێداویستەکانى دى چاپ، بە تایبەتى ئامێرى چنین و چاپ کردن و لایەنى دیزاین و جوانکارى و لێخەوتانى هونەرکارانى ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانى دى لە میدیاى کوردیدا بە ئاشکرا دەرکەوت، واى لێ هات چاپکراوەکان لەم ڕووەوە بچنە خانەى کێبەرکێوە؛ لەڕووى فۆنتى تایبەت بەخۆیان و هەوڵ دان بۆ ستایلى تایبەت لە بڵاوکردنەوەى وێنە و تایپۆگرافیاى جۆراوجۆر و بایەخ دان بە تایتڵى سەرەکى و لاوەکى و دابەشکردنى ستوونەکان بەسەر بۆشایی لاپەڕەکاندا و لاپەڕەبەندى و هاوسەنگ ڕاگرتنى هەموو ئەو لایەنانە.

لەگەڵ ئەوەشدا ، چاپکراوەکان (ڕۆژنامە – گۆڤار – بلاڤۆکى دى)، بە میدیاى بیستراو و بینراویشەوە لە دیزاین و دەرهێنان و ستایلى شاشە، لە یەکئەنوایی و لاسایی کردنەوەى میدیاکانى دەوروبەر و ئەوروپایی بەو ڕادەیە بەدوور نەبوون هەستى پێ نەکرێ ، ئێستاش زۆربەیان، (هەندێکیان بە وەرگێڕانى ناوى خودى کەناڵەکەیش) کاریگەریى ئەو کەناڵانەیان تێدا شاراوە نییە.

وەکو گەیاندنیش، میدیاى کوردى تا ئێستا هەژارى پێوە دیارە ، تەنانەت ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانیش بە هۆى زۆرى و بۆرییانەوە – ژمارەیەکى کەمیان لێ بترازێ کە لە پەنجەى دەستێک تێناپەڕن- ئەو گوێگر و بینەرەیان نەماوە ، تیراژى میدیاى نووسراویش لەچاو ژمارەى دانیشتوواندا ، هیچ وەختێک نەگەیشتووەتە ئاستى جێى باسان ، بڵاوکردنەوەش لەو لاوە بوەستێ، کە ئێمە وەکو کوردستان دەزگایەکى گشتگیرى حکوومەتى یان کەرتى تایبەتمان نییە ، لە کاتى خۆیدا ڕۆژنامە و کتێب بڵاوکراوەى دى بگەیەنێتە خوێنەر.

کەناڵە ناوخۆییە لۆکاڵیەکانى ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانیش زۆربەیان ئەوەیان لێ دەخوێنرێتەوە کە بە مەبەستى قازانج زیاتر دامەزرێنرابن ، بەو کەناڵانەوەیش کە بۆ منداڵان خراونەتەگەڕ(23)!

دیارە پێشکەوتنى تەکنیکى، پێویستى بە تەکنیکار ، یا ئەوەى پێى دەگوترێ کادیرى پڕۆفیشناڵ و ڕۆژنامەنووسى بەکار و هاوچەرخ هەیە ، لەم ڕووەشدا ئەگەرچى هەندێ لە دەزگاکان بایەخیان بەم لایەنە دابێ ، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى ، دیسان ڕۆژنامەنووسانى دوێنێ بە تاو و کەرەستەى ئەوساوە  مەیدانەکەیان گرتووە ، بەتایبەتیش زۆربەى ئەوانەى لە (میدیاى نووسراو)دا کار دەکەن.

ئەم مەسەلەیەش، مەسەلەى پێگەیاندن و ڕێگا خۆش کردن بۆ گەنجانى جیددى و کارا و خاوەن خەون تاڕادەیەک لە قەدى خۆیدا ماوەتەوە و هەوڵێکى بەڕاستیم لەو لایەنەدا نەدیوەو نەبیستووە ، کە بە ڕاى من کروکى هەست بەخۆکردن و پێشڕەوى لە ژیانى ڕۆژنامەنووسیدا ، وەکو ناویان بە (پیشەى ماندووبوون) بردووە ، بەو ئاراستەیە دەکرێ.

لێ ئەوەى دەبینرێ و بەرچاوە ڕۆژنامەنووسان نەیانتوانیوە سنورى ئەرک و ماف لێک جیابکەنەوە.... کارەکە وێرانتریش بوو دواى دەسبکاربوونى ئەوەى بە (میدیاى سێبەر) ناسراوە بە شێوەیەک میدیاى خستە دەرەوەى کەوانەى (ئازادى – بەرپرسیاریەتى) ئیتر هەر تیرە و لە کەنداڵێ و هەر یەکە و بە ئاوازێ بۆ لەیلاى خۆى و ناشیرین کردنى لەیلاى خەڵکى دى لە ژێر سەردێرى – ئەهلى و سەربەخۆ- و ئازادیدا کەوتنە خوێندن لەیەکدى و بۆ یەکدى.

ڕاستە ڕەنگە هەندێ لەو میدیایانە هەوڵیان دابێ (تاڕادەیەک) هاوسەنگى ڕابگرن ، بەڵام خۆ ڕۆژنامەنووسى پڕۆفیشناڵ و میدیاى سەربەخۆ (ئەگەر هەبێ) کارى هەر ئەوە نییە بەوە هاوسەنگى ڕابگرێ کە مادەم بیروڕاى (ئەلف)ى وەرگرت و پاشان هى (بێ) بەو مانایە دەکەوێتەوە هاوسەنگى ڕاگرتووە !! بە پێچەوانەوە میدیاى پڕۆفیشناڵ ، بەر لە هەموو شتێک دەخوازێ بیر لە پێدانى زانیارى بکاتەوە کە ڕێگاى خوێنەر و بینەر و گوێگر ڕوون دەکاتەوە و دەبێتە بەشێک لە پێکهێنانى ڕاى گشتى.

ڕۆژنامەنووسى پڕۆفیشناڵ ڕەچاوى پیشەییایەتى دەکا ، دەکرێ بەوە هەست بە بەرپرسیاریەتى بکا لە پیشەکەیدا ڕاستگۆبێ و دوور لە لێگرتنەوەى زانیارى لە خوێنەر و گوێگر و بینەر، یا هەڵبژاردنى هەواڵ و ڕیپۆرتاژ و ڕاپۆرتى دیکە بە شێوەیەکى بژارکراو (إنتقائی) و بایەخ نەدان بە زنجیرەى گرینگ و گرینگتر و گرینگترین ، لە هەڵبژاردن و بڵاوکردنەوەى هەواڵدا کە ڕۆڵى کۆڵەگەى ئەساسى دەبینێ، بەتایبەتى میدیاى ڕۆژانە.

ئەمەى دەگوترێ لە قاوخى (خوانەخواستە) ئامۆژگاریدا نییە، بەقەد ئەوەى لە ئەزموونێکى ناقابیلەوە سەرچاوەى گرتووە.

هەر لێرەشەوە مۆڕکى ڕۆژنامەنووسى کارا و عاشق بە پیشەکەى، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانى ڕێبوار و بەڕیکەر لێک هەڵداوێردرێن ، بەتایبەتى لە کاتە هەستیارەکاندا کە هەڵسوکەوتەکان لە شەوانى بێدارى و ئێشکگریی بۆ هەواڵێکى چەند دێرى ، وەک ڕۆژى ڕووناک دەردەکەون .

ئاماژەیەک بۆ میدیاى حزبی لە کوردستاندا

سەیرایەتى هەڵوەستە وەرگرتن لە هێنانەوەى باسى میدیاى حزبی لەوەدایە وەک بڵێى بکەوینە بەرابەر دێوەزمەیەک ، لەکاتێکدا خودى ئەو میدیایەى خۆى بە (ئەهلى) یا (بێلایەن) ناساندووە لە بنەڕەتدا لە منداڵدانى ئەو میدیایەدا هاتووە کە سەردەمێکى دوور و درێژ سەنگ و قوڕسایی پێکهێنانى ڕاى گشتى لە ئەستۆدا بووە ، مەبەستم ئەو سەردەمانەیە کە ململانێی سیاسی و قەومایەتى و تەنانەت چینایەتیش لە کۆڵى ئەو میدیایەدا بووە کە بە (میدیاى حزبی)یەوە دەیناسین.

بۆ کورد ئەو میدیایەى هەیبووە بارەکە قوڕستریش بووە ، هەم لە سەنگەرى بەرەنگارى دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان بووە ، هەمیش هۆیەک بووە لەڕاگرتنى باڵانسى زمان و کولتوورەکەى و گەشەى ئەدەبیاتى... ئەوى ڕاستیشە و دەخوازێ نەوەى نوێى لێ حاڵى بێ ، میدیاى کوردى هەر لەدەسپێکەوە باوەکو لەسەر دەستى (ئەنتلێجستا)ى سیاسى کورد بوو بێ ، بەڵام لە پاشاندا لە ڕێگاى حزبەکانەوە پێگەیشتووە.

ئەگەرچى ئەو پێگەیشتنەیش بە گوێرەى هەل و مەرجى زاتى و بابەتى لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى دى جیاواز بووە ، بەوەى لەو نێوەندەدا ، لە لایەک بارودۆخى سیاسی و لە لایەکى دی پێشکەوتنى تەکنەلۆژى ڕەنگ و ڕووى میدیاى حزبی کاڵ کردبێتەوە ، بەڵام هەرگیز بەو مانایە نەبووە ، ئێستاشى لەگەڵدا بێ لە هاوکێشەکاندا پەڕاوێز بوو بێ ، چونکە تا ئێستاش ڕۆڵ و کاریگەرى خۆى لە دەست نەداوە بەهەند وەرنەگیرێ ، ئەمەش دیارە ئەوەى وەک ئەلتەرناتیف خۆى نمایش کردووە ، لە گەلێک ڕووەوە ، وێنەیەکى پڕۆفیشناڵى پیشەیی دوور لە دەمارگیرى و بێمنەتى لە خاوەندارییەتى و سپۆنسەرایەتى پیشان بدا.

پێت سەیر نەبێ (ناڵێم هەمووى) بەڵام ئێستاش لەو لایەنانەوە میدیاى حزبی ڕووبەدەرتر و زیاتر جێى متمانەیە ، هەرچى نەبێ خوێنەر و بینەر و گوێگر دەزانن کە ئەو ڕۆژنامە یا کەناڵى تەلەفزیۆنە یاخود ئەو ڕادیۆ و سایتە لە کوێوە هاتووە و بەچ ئاراستەیەکە ، ئینجا هى هەر حزبێک بێ ، هەرچەندە من بەخۆم واى دەبینم کە دەبووایە تا ئێستا ئەو میدیایەش واتە (میدیاى حزبی) گەیشتبوایە ئەوەى ببێتە (میدیاى پێکهاتە) ، مەبەستیشم ئەوەیە هەر کەناڵێک بێ ئەوەى ناسنامەى ئاشکراى لەسەر بێ کە زمانحاڵى فڵانە حزبە یان فڵان لایەن ، لەخۆیدا لە ڕێگاى بایەخدانى ڕۆژانەى بەو بیروبۆچوون و بڵاوکردنەوەى ئەو هەواڵ و ڕاپۆرت و بەدواداچوونانەوە بناسرابووایەوە ، دیارە کە لە میدیاى حزبی کوردیدا ئەمە نەبووە بەڵکو لەو ململانێ سیاسیە سەقەت و کورتبینانەوە سەرچاوەى گرتووە بە نموونە ناسیونالیزم و چەپ و ڕاستڕەو وچەپی ناوەڕاست و دیموکرات و سوشیال دیموکرات سنورەکانیان تێکەڵ نەکرابن.

هەر لێرەشدا میدیاى حزبی بەتایبەتیش دواى ڕاپەڕین بە چەند ساڵێک ، ئەو ڕەونەقەى جارانى نەما کە مینبەرى داکۆکیکارى ئەو سیاسەتە ڕاگەیانراوانە بێ حزب بانگەشەى بۆ دەکرد ، کار گەیشتە ئەوەى تەنانەت لە ناو خودى حزبیش ئەوەندەى بایەخ بەو کەسایەتى یان ئەم دەدرێ بەوەى دى نادرێ کە زۆرجاران بەرپرسى لاپەڕە یا هەواڵ ڕەنگە بە مەبەست ئەمە بکا ، دەنا لە ڕووى پڕۆتۆکۆلییەوە من وەکو ڕاى خۆم لاریم لەوەدا نییە لە میدیاى حزبیدا دەنگ و باسى ئەندامانى ئەو حزبە بڵاوبکرێتەوە ، بە مەرجێک ئەوەى بڵاو دەکرێتەوە بهێنێ و هەواڵ بێ.

بێگومان میدیاى حزبیش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى دى دەگۆڕێ ، بە پێى چەشنى سیستەمى سیاسی و ئاستى پێشکەوتنى کۆمەڵ و ڕوانینى ئەو حزبە بۆ فەلسەفەى گەشە و گۆڕانکاریەکان و شوێنى ئەو حزبە لە خاوەنداریەتى پرۆسەى سیاسیدا، چونکە ئەگەر ئەو حزبە لە دەسەڵاتدا بێ میدیاى جیاواز دەبێ لەگەڵ میدیاى حزبێک ئۆپۆزیسۆن بێ، یاخود هەر بەدوایی لە دەرەوەى کۆى پرۆسەکەدا بێ، بە نموونە لە هەندێک وڵاتدا دەشێ بە پێى قانوونە کارپێکراوەکانى ئەو وڵاتە حزب هەبێت بەهەر هۆیەک هەیە، مۆڵەتى پێ نەدرێ، لەو جۆرە حاڵەتانەدا میدیاکەیشى لە ڕووى ئاراستەکردنى ڕاى گشتى و هونەرى چاپکردن و جوغرافیاى بڵاوبوونەوە و ئیمکانیاتى وادەى بڵاوکردنەوە و تیراژوە سنووردار بێ(24).

ئەگەر نموونەیشت ویست هەر ئەم حزبانەى خۆمان کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە ناو پرۆسەى سیاسیدان، لەکاتێکدا لە ژێر حوکمى حکوومەتە یەک بەدواى یەکەکانى عێراقدا، لەو کاتانەدا کە کارکردنى بە ئاشکرایان لێ قەدەغە بوو، تاکە هۆى ڕۆژانەى پەیوەندى میدیاییان ڕادیۆ بوو، وەکى دى بڵاوکراوەکانیان هەندێ جار بە مانگ بەڵکو زیاتریش دواى دەرچوونى نەدەگەیشتە دەستى خەڵک، دیارە ئەویش بە نهێنى.

بەڵام دیاردەیەک لە میدیاى حزبیدا کە دەمێکە دەرکەوتووە ، بەتایبەتیش پاش (ڕاپەڕین) و دەرکەوتنى ئەوەى بە (میدیاى ئەهلى) ناسراوە و کە لە ڕاستیشدا ئەو میدیایەش لە کوردستان جیاوازییەکى جەوهەرى لەگەڵ میدیاى حزبیدا نییە، بەوەى میدیاى حزبی بە ئاشکرا حزب سەرپەرشتى دەکا و خەرجیەکانى لە ئەستۆ دەگرێ ، ئەوەى خۆیشى بە میدیاى ئەهلى ناساندووە، بە هەر شێوەیەک هەیە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە ژێر ئاراستەى سپۆنسەرەکانیدایە و باوەڕ ناکەم هیچ یەکێک لەو کەناڵانە کە وتمان بە (ئەهلى) خۆیان ناساندووە بتوانن لە ڕێنمایی باروبووکەرەکانییان لا بدەن، ئەوەندە هەیە هەندێ لەو کەناڵانە، زیاتر بە هۆى نواندنى جۆرێک لە پیشەییایەتى لە کارکردندا و هەندێ جار بەرنامەى جیاواز کە پێشتر و (تاڕادەیەک) ئێستاش لە میدیاى حزبیدا نییە، توانیویانە سەرنجى بەرامبەر (خوێنەر، گوێگر، بینەر) بەلاى خۆیاندا ڕابکێشن ، دەنا واى نابینم پیشەییایەتى هەر ئەوە بێ، تەنێ چەند ڕایەکى جیا لە سەکۆیەک کۆبکەیەوە ، ئەو دیاردەیەش وەک لە پێشدا وتمان بە گشتى لە میدیاى حزبیشدا کەم تا کورت دەرکەوتووە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو میدیایەى لە پاڵیدان، بە هەموو جۆرەکانییەوە، هەنگاوى شایان و دیارى نەناوە، لەڕووى تەکنیکیەوە بێ یاخود دابین کردنى ئاسۆیەکى کراوەتر کە شەقڵ و نیشانەى سەردەمى نوێى پێوە دیار بێ .

 

میدیاى بێلایەن

مەبەست لە میدیاى بێلایەن و لایەندار ، لێرەدا هەر ئەوەنییە میدیایەک سەر بە حزبێکى یا لایەنێکى دیاریکراو نەبوو بێلایەنە. داخۆ لاى ئێمە بێلایەنى چۆن خوێندراوەتەوە؟

وەکو ڕاى خۆم کە لە زۆر جێى دیکەشدا گوتومە، واى نابینم لە سەرانسەرى جیهاندا کەناڵێکى میدیاى بەو مانایەى هەندێ بەو سادەییە دەیبینن بێلایەن هەبێ؛ هەر کەناڵێکى میدیایی دەگرى لە (لایەن)ێکەوە باروبوو یا بە ئیستیلاحى ئێستا سەپۆرت یا سپۆنسەر دەکرێ، بە هەر و بۆ هەر مەبەستێک بێ ، ئینجا ئەو (لایەن)ـە حزبێک یا کۆمپانیایەکى بازرگانى (گەورە یا بچووک) یا سەرمایەدارێک یا هەندێ جار ئابوورى یاخود دەوڵەتێک یا دەزگایەکى دیاریکراو لە دەوڵەتێکى دیاریکراو (ناوخۆ یا دەرەوە) یان گرووپێک ، یان ڕەنگە دەزگایەکى هەواڵگرى یا کەسایەتیەکى ناسراو و ناودارى دیاریکراو یان هەر خودى دەوڵەت بە بیانووى بەرژەوەندى گشتى و... تاد.

بەم جۆرەش بێت مومکین نییە میدیا، (هەر کەناڵێکى میدیا ) بتوانێت لەو هێڵە لابدات کە لە لایەن سپۆنسەرەکەیەوە بۆى دیارى دەکرێ .

ڕاستە هەندێ لە میدیاکانى دونیا لە ڕووى کارکردن و پیشەییایەتى و بابەتایەتى و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ڕووداوەکاندا لە پێش هەندەکەى دى دایە ، ئەمەش زیاتر پەیوەستە بە ئاستى پێشکەوتوویی ئەو کۆمەڵگەیەى پەیامەکەى ئاراستە دەکرێ.

وەرە بە نموونە کەناڵێکى ئاسمانى وەک CNN وەرگرە، ئەو کەناڵە بەحساب (سەربەخۆ)یە و خاوەنى خۆى هەیە، بەڵام دیسان بە بیانووى بەرژەوەندى ئاسایشى نەتەوەیی تەنانەت لە وڵاتێکى وەک ئەمریکایش، ڕێگەى نەدرا وەک خۆیان دەیانویست ڕووداوەکانى 11 سێپتێمبەر بڵاوبکاتەوە، بە تایبەتى لە پێشان دانى قوربانییەکاندا، ئەمەش لەخۆیدا ئاستەنگێکى دى لا بەلایە لەو ڕێگایەى (سەربەخۆیی) و (بێلایەنى) و ئیدیعاى لەو بابەتەى پێ دەسەلمێنرێ.

یان کەناڵێکى وەک (الجزیرە) کە ماوەیەکى زۆر بینەرگەلێکى لەڕادەبەدەرى بۆ خۆى ڕاکێشابوو بەڵام لاى وردبین و شارەزایان هەر زوو دەرکەوت، کەناڵێکى لایەندارى ئاراستەکراوە و هەرچى بڵاوى دەکاتەوە بە پێشینە و نەخشە بۆ داڕێژراوە، هەرچى دەیخاتەڕوو ڕاستە ڕەنگە بۆ ماوەیەک تینوویەتى بینەرانى شکاندبێ، بەڵام ڕۆژێ نەماندى بەقەد تاڵە موویەک بە نەرێنى باسى باروبووکەرانى بکا کە دەوڵەتى قەتەرە، لەکاتێکدا هەردەم سەرى شاشە و بنى شاشەیان ئۆممەتى عارەبى و دژى ئیسرائیل بووە، ڕۆژێ نەماندى باسى پەیوەندى دۆستانەى قەتەر و ئیسرائیل بکا ، یا باسى ئەو بنکە سەربازییە گەورەیەى ئەمریکا لە (قەتەر) بکا کە ئەوان لە (الجزیرە)دا بە ئیمپڕیالیزم دەیناسێنن، یا هەواڵێک بڵاوبکاتەوە ، وا کەوتبێتەوە دژ بە قەتەر بوو بێت ، بێگومان ناتوانێ ، بە هۆیەکى زۆر سادە ، ئەویش چونکە کەناڵەکە دامەزراوى ئەو وڵاتەیە و بەشێکە لە ئاراستەکراوێکى نەخشە بۆ کێشراوى ڕاى گشتى باوەکو لە هەندێ لە بەرنامەکانیشدا بە کۆکردنەوەى دژەکان (کە زۆربەى جارانیش بەتەکبیر بووە) ئیدیعاى بێلایەنى و بابەتایەتى کردبێ(25).

تەنانەت خودى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ، پاش شەڕى کەنداو چەندان کەناڵى ئاراستەکراوى ڕاگەیاندنى تایبەتى بۆ هەمان مەبەست دامەزراند، وەکو چۆن دواى جەنگى جیهانیش هەمان شتى کردبوو، ئەو دەمەى میدیایەکى بەتایبەت ئاراستەکراوى ڕووەو ئەورووپاى ئەوسا وەگەڕخستبوو.

نموونەى دیکەش زۆرن ، بینەر و خوێنەرو گوێگرى وردبین هەر زوو دەزانێ فڵانە کەناڵى TVیا ڕۆژنامە یاخود ڕادیۆ یا سایتى ئەنتەرنێت بۆ کێ و بۆچى و بە چ مەبەستێک کار دەکەن، چوون بە ئاشکرا ئەوەى تێدا دەبیننەوە کە چۆن هەواڵ و ڕیپۆرتاژ و ڕاپۆرتە هەواڵەکانیان هەڵدەبژێرن و بە چ ئاراستە و لە چ وەخت و بە چ مەبەستێک بڵاویان دەکەنەوە.

بەم شێوەیە هەر کەناڵێکى میدیایی ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکا لە (لایەن) ئەو لایەنەوە بۆى کێشراوە باربووى دەکا و خەرجیەکانى لە ئەستۆ دەگرێ و سپۆنسەر بۆ بەرنامەکانى و ڕیکلامى پێویستى بۆ پەیدا دەکا و ڕێگاى دەستخستنى هەواڵى لە کاتێکى پێوانەییدا بۆ ئاسان دەکا  یان هەندێ جار هەر خۆى دەبێتە سەرچاوەى هەندێ لە هەواڵەکانى ، بەتایبەتى ئەو هەواڵانەى دەستخستنیان ئاسان نییە، نەمازە لە وڵاتانى دواکەوتوودا ، کە قانوون دەورێکى لەو چەشنەى تێدا ناگێڕێ .

ئەمەش وەکو (ئاوت لاین) لە هەموو جیهاندا وایە ، لەگەڵ تێبینى ئەوەى لە پێشدا ئاماژەمان پێدا، بە پێى ئاستى فەرهەنگیى کۆمەڵ و هەروەها ئاستى بەرپرسیاریەتى ئەو ڕۆژنامەنووسانەى کارى تێدا دەکەن و عاقڵ پێ شکانى خودى سپۆنسەرەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دى و لە وڵاتێکەوە بۆ ئەوى دى بە گوێرەى سیستەمى فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەوە دەگۆڕێ، دەنا لە شێوە گشتیەکەیدا خاڵى هاوبەش لە ڕووى ئاراستەکردن و تەیارکردنى ڕاى گشتى ، میدیاى هەموو جیهان بە هەمان ڕەوتدا دەڕوا، هەموویان سنوورى تایبەت بە خۆیان هەیە، هەموویان کە هەواڵ و ڕیپۆرتاژ بڵاودەکەنەوە بەو ڕێڕەوەیدا بڵاوى دەکەنەوە لە بەرژەوەندى باروبووکەردا دەبێ ، ئینجا تا چەند لە ڕاستى و بابەتایەتیەوە نزیکە وا پێ ناچێ بە گرفت خوێندرابێتەوە ، لەو ڕاستەڕا ئیتر میدیاى حزبیش ئاراستەیەکى دیکەى وەرگرت ، ئیتر واى لێ هات هەر لایەنێک لە فەلەکى خۆیدا بخولێتەوە، گەیشتە ئەوەى تەخوین کردن و یەکتر شکاندن بوو بە سیماى میدیاى کوردى ئەوان ڕۆژان.

تا ئێرە و تا دواى وەستانى شەڕیش ، ماوەیەکى زۆر میدیا هەر ئەوە بوو حزبەکان بەڕێوەیان دەبرد، پاشان دواى ماوەیەک ڕۆژنامەى (هاوڵاتى) وەک ڕۆژنامەیەکى (سەربەخۆ) و دوا بەدواى ئەویش چەند ڕۆژنامەیەکى دیکە و چەند کەناڵێکى ناوخۆیی خۆیان (بە ئیستیلاحى خۆیان) بە (ئەهلى) ناساند کە ئێستاش تێنەگەیشتم مەبەستیان لە (ئەهلى)دا چییە ، وەک لەپێشدا ئاماژەم پێداوە ، ئەگەر مەبەستیان (جەماوەر) یان (خەڵک)ـە، میدیاى حزبیش (ئەهالى) و (جەماوەر) و (خەڵک)ى خۆیانیان هەبووە و هەیە ، خۆ ئەگەر مەبەستیان ئەوەیە (سەربەخۆ)ن، لەسەر ئەو (خۆ)یە پرسیار دێتە پێشەوە ، داخۆ ئەو (خۆ)یە لە ڕووى ئیشکالیەتى زمانەوە چى دەگەیێنێ؟ ئەو (خۆ)یە کێیە؟ کەس نێرکە کاردى نییە لەخۆوە هەڵتۆقێ ، هەڵسوڕاندنى کەناڵێکى میدیایش تێچوو و کادر و خەرجى دەوێ... لەو باوەڕەشدانیم بەتایبەتى بۆ ئەوان ڕۆژان وەبەرهێنەرێکى وامان هەبووبێ عاقڵى بەوە شکابێ ، یاخود دڵى هاتبێ سەرمایەى خۆى لە پرۆژەى میدیادا بخاتە مەترسییەوە ، دیسان خەیاڵ لەوە زیاتر ناڕوا حزبەکان بووبن بە شێوەیەک لە شێوەکان پشتگیرى ئەو کەناڵانەیان کردبێ بەکەش و هەوایەکى واڵاتر لەوەى لە میدیاى حزبیدا پەیڕەو دەکرا... ئاکام کەناڵ لەبەرابەر کەناڵ تا ئەوەى لە (ئەهلى) و (بێلایەن)ـەوە میدیایەک پەیدا بوو بە (میدیاى سێبەر) ناسرا ، ئەمەش پێم وا نییە لە واقیعی ئەو میدیایە بە دوور بوو بێ.

مەسەلەکە لەوەش پەڕییەوە و واى لێ هات خوێنەر و گوێگر و بینەرى ئاساییش دەرک بەوە بکات فڵانە ڕۆژنامە یا گۆڤار یا ڕادیۆ یا کەناڵى تەلەفزیۆن لە چ لایەکەوە پاڵپشتى دەکرێ، تەنانەت پەیداکردنى ڕیکلام و سپۆنسەریش بۆ بەرنامەکانیان هەر بە هەوڵ و کۆششى ئەوانەوە بووە کە لە ئەساسدا باروبووى کەناڵەکە دەکەن.

لێرەدا جارێکى دى دەخوازێ ئەوە وەبیر بێنینەوە ئەستەمە لە سەرانسەرى جیهاندا کەناڵێکى میدیایی هەبێ بە ماناى وشە (بێلایەن) ، من بەخۆم بێلایەنى بەخەون دەبینم، خەونێکى خۆشە، ڕەنگە ڕۆژنامەنووس هەبن خۆزگەى بۆ بخوازن ، بەڵام خەونە، واقیعى حاڵ شتێکى دیکەیە، بەڵێ ڕاستە لە ئاکامى پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا و ئەوەى لەبازنەى ماس میدیا و سایتە ئەلکترۆنییەکان و پێگەیشتنى بەرەیەک ڕۆژنامەنووس میدیاى کوردى بردە بوارێکى دى، بەڵام نیشانە بەو سیما و ئادگارانەى باسمان کردن واى نابینم هیچ لەو کەناڵانەى ئەمڕۆیش لە کارن، بەتایبەتى ئەوانەى خۆیان بە (ئەهلى) و (سەربەخۆ) و (بێلایەن) ناساندووە وابن.

لێرەش سایلى هەموو دونیا کەناڵى میدیا یان حزبێک یا سەرمایەدارێک، کۆمپانیایەک، دەزگایەکى دەوڵەتى یاخود لایەنێکى هەواڵگرى یا هەندێ جار ڕەنگە بازرگانێکى عادەتى باروبووى دەکا، ئێ خۆ ماقووڵیش نییە هەریەک لەو لایەنانە پووڵ و پارەى خۆیان لە (هیچ)دا خەرج بکەن، ئەگەر پێشت وا بێ بۆ خزمەتى فەرهەنگ و میدیاى کوردیە ، ڕەنگە دەوڵەت وەک بەرپرسیاریەتى ئەوەى لەسەر بێ و لێشى بوەشێتەوە کە ئەویش دووجار بەلاى خۆیدا دەشکێتەوە ، دەنا لایەنەکانى دى ئەگەر خێرێکى لێ نەبینن ئاسان نییە خاوەندارییەتى بکەن ، تەنانەت ئەمە وەک دەبینین باڵى بۆ میدیاى کولتوورى و وەرزشیش کێشاوە.

بەڵام لێرەدا ناشبێ ئەوە نادیدە بگیرێ ، هەموو ئەو کەناڵانە، حزبیەکانى لێ بترازێ کە بە ڕاشکاوى خۆیان ساغ کردووەتەوە، دەڵێم هەموو ئەو کەناڵانە، بەو ستایلەیان کە تاڕادەیەک جۆرێک لە پیشەییایەتى و بابەتایەتى و خێراى لە گەیاندن لە هەندێ لە کارەکانییان هەوڵ دەدەن پەیڕەوى بکەن ، لێ لەو سەرەوە لە بیریان دەچێتەوە کە لە توانایاندا نییە ئەو سنوور و کەوشەنانە ببەزێنن بۆیان دیارى کراوە ، مەگەر لە هەندێ وتار و ڕپپۆرتاژى ئاسایدا ، سەرەڕاى ئەوەش ئەو چەشنە کەناڵانە (کە دەڵێم کەناڵ مەبەستم لەهەموو جۆرەکانییەتى) زۆرجار لە ڕێى بڵاوکردنەوەى هەندێ بابەتى وروژێنەرەوە خوێنەر و گوێگر و بینەر بۆ خۆیان پەیدا دەکەن، یاخود بە هۆى هەندێ هەواڵى تایبەتیەوە کە لە بنەڕەتدا بە کاریگەریی و هەوڵ و پەیوەندیەکانى باروبووکارەوە دەستیان دەکەوێ بە مەبەست و بۆ مەبەستێکى دیاریکراو.

ڕەنگە بیرکردنەوەى هەندێ ڕۆژنامەنووس لە ئەساسدا بەو ئاراستەیە نەبووبێ کە کار لە کەناڵێکى لەو جۆرە دەکا ، بەڵام دواجار کە ڕێچکەى خۆى وەردەگرێ، بێ ئاگا، یان ئاگادار یا لە ناچارى بەو ڕەنگە دەشکێتەوە.

بێگومان سەرهەڵدانى ئەوەى پێى دەگوترێ (میدیاى سێبەر) کە هەمیشە خۆى بەسەربەخۆ و بێلایەن دەناسێنێ زادەى ئەو کاودانەیە بینیمان ، چۆن وەک (چەندایەتى) لە کوردستاندا بڵاوبووەوە و گەیشتە ئەوەى ببێ بە سەرچاوەی بژێوى زۆر کەس  کە لەوانەیە هەندێکیان ئەزموونێکى وایشیان لەکارى میدیایدا نەبێ!

ماویەتى

 

        ئاماژە و پەراوێز

________________________________________

23 - میدیاى کوردى پاش ڕاپەڕین، چەند هەنگاوێکى جێى سەرنجى هاوێشت، دەکرێ بەهەردوو ڕووى ئەرێنى و نەرێنیەوە بیانبینین، لە پێشەوەیان وەگەڕکەوتنى چەند کەناڵێکى ئاسمانى ، لەوانیش چەند کەناڵێکى تایبەت بە منداڵان. هەروەها چەند سایتێکى ئەلکترۆنى دواى بڵاو بوونەوەى تۆڕەکانى ئەنتەرنێت و مۆبایل و پێشکەوتنە تەکنیکیەکانى دیکەى بوارى گەیاندن ، یا ئەوەى بە ئیستیلاح پێى دەگوترێ (کۆمەنیکەیشن) کە ماس میدیاشى لەدوایدا لێ کەوتەوە و بەوەش میدیا مەودایەکى دى وەرگرت کە لە هەشتاکاندا و تا نزیکەى دوادواکانى نەوەدەکانى سەتەى ڕابردوو خەون بوو.

   24 - لێرەدا مەبەست زیاتر لە میدیاى نووسراوە ، چونکە دواى ئەو بەرەو پێشچوونە تەکنیکیەى گەیاندن و پەیدابوونى سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەک هەر حزبی ڕێگە پێنەدراو، بەڵکو تاک بەتاکى کۆمەڵیش دەتوانن بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕاى گشتى ئاراستە بکەن و لەهەر کوێى گۆى زەوى بن، ئەمەشمان لەزۆر شوێنى دونیادا بەخۆمان بینى بەتایبەتى لەوڵاتانەى بە (بەهارى عەرەبى) ناسران، کە ماس میدیا ڕۆڵێکى کاریگەرى لەئاراستەکردنى خۆپیشاندەراندا گێڕا .

 25 -  بە نموونە بەرنامەى (الاتجاه المعاکس) کە ماوەیەکى زۆر خەڵکێکى زۆرى سەرقاڵ کردبوو.

 

 

 Image result for media