لەسەر ئایدیا، نەک بە ئایدیاوەباختین، فیلسووف و پسپۆری بواری ئەدەبی، کاتی خۆی سەبارەت بە داستایفسکی، رۆماننووسی رووسی نووسی: "ئەو بە ئایدیاوە رۆمان نانووسێ، بەڵکو لە سەر ئایدیا دەنووسێ."١ مەبەستی باختین لەم گوتەیە چییە؟ داخۆ دەکرێ نووسەر بەتاڵ لە ئایدیا دەست بۆ قەڵەم ببات و دەق بەرهەم بێنێ؟ مەبەستی باختین ئەوەیە کە هیچ ئایدیایەکی لەوە پێش دیاریکراو، نووسەر لە کاتی نووسیندا پەلکێش ناکا، وەها کە نووسەر لە پەڕە پەڕەی بەرهەمەکەیدا بە مەبەستەوە بنووسێ. لە راستیدا نووسەر لە کاتی نووسیندایە کە زۆربەی رەهەندەکانی نووسینەکەی وەردەگرێ، هەر بەم پێیە، نووسینی رۆمان پرۆژەیەک نیە کە لەوە پێش هەموو کەلێن و قوژبنەکانی دیاری کرابن. دەق، لە کاتی خوڵقانیدا خاوەنی لۆژیکی دەروونی خۆیەتی کە دەبێ نووسەر جڵەوی قەڵەمەکەی بۆ رەها بکا. بەم پێیە کاتێک دەق بەرهەم دێ، دەبێ بە بەرهەمێک لە سەر ئایدیایەک. کە رەنگە هەر لە دووای ئەم تەواوبوونەیش بێت بتوانین بڵێین، سەرئەنجام بەرهەمەکە خاوەنی ئایدیایەکە، بەڵام ئایدیایەک کە لە دووای تەواوبوونی بەرهەمەکە شکڵی گرتووە و چێکراوە! لێرەوە باختین بیری تیۆری 'نەست'ی 'فرۆید'مان دەخاتەوە. ئەوەیکە هونەر و ئەدەب، بریتیە لە هەلێنجانی نەگوتراوەکانی کپکراوی دەروونی مرۆڤ. بەڵام لە راستیدا هەر ئەمە نیە، چونکە ناتوانین ئەدەب تەنیا لە دیاردە کپکراوەکانی دەروونی مرۆڤدا کورت بکەینەوە. لێرەدا هەروەها مەبەست ئەوەیە نووسین لە سەر ئایدیا لە فۆڕمی ئەدەبیدا، دەبێ جڵەو بۆ ئازادی لێکدانەوە بکاتەوە. واتە لە رێگای ئازادیی هونەری ـ ئەدەبییەوە نووسەر دەتوانێ لایەنەکانی تری ئایدیاکەی دیاریکراوە زیاتر بۆ مرۆڤەکان دەربخا. ئەدەب، شێوازێکی وتن و دەرخستنە. ئەم شێوازە لە ئازادیدا زیاتر مانای راستەقینەی خۆی وەردەگرێ.
سایتی قەڵەم
١٦ نۆڤێمبری ٢٠١٦
ژێدەر:
1- Litteraturteori, Av. Mads B. Claudi, Fagbokforlaget, 2013, side 53