پێداویستیی ئیسلامی هیومانیستی

پێداویستیی ئیسلامی هیومانیستی
 
مرۆڤگەرایی یان هیومانیسم یەکێک لە کۆنترینی ئەو بیروباوەڕانەیە کە لە تەنیشت بیروباوەڕەکانی تری وەک ئایین و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکاندا رادەوەستێ. بەڵام هیومانیسم تەنیا بەمە رانەوەستاوە، بەڵکو خۆی تێکەڵ بە ئایدیاکانی تریش کردووە و هەر لەم روانگەیەوە بۆ وێنە خاوەنی دەستەواژەی وەک هیومانیسمی مەسیحی و هیومانیسمی غەیرە ئایینین.
 
 
رەنگە پێمان سەیر بێت کە چلۆن هیومانیسم دەتوانێ لەگەڵ ئایین بۆ وێنە لە گەڵ مەسیحیەتدا یەک بگرێتەوە. بەڵام با پێمان سەیر نەبێ! هەر ئێستاکە ئەم دەستەواژەیە هەیە و کۆمەڵێکی بەرچاو لە مەسیحییەکان پێیان وایە مەسیحیەت لە بنەڕەتدا ئایینیكی هیومانیستی واتە مرۆڤگەرایە.
 
 
وەک دەزانین یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی هیومانیسم ئەوەیە کە مرۆڤ سەرەرای جیاوازییەکانی لە بواری رەگەز، ئایین، نەتەوە، زمان و هتد، خاوەنی یەک رێز و بایەخە و ئەم رێز و بایەخە نابێ بشکێندرێ. راستییەکەی ئەوەیە مەسیحییەکان توانیوویانە ئەم بنەما گرینگە لە گەڵ دینی خۆیاندا بێننەوە و، یەکانگیری بکەن.
 
لە جیهانی ئیسلامیشدا ئێمە هەر بەم پێیە پێویستمان بە ئیسلامێکە کە لە گەڵ هیومانیسم یەکی گرتبێتەوە. واتە ئیسلامێک کە تێیدا هەموو مرۆڤەکان سەرەڕای جیاوازییەکانیان (تەنانەت غەیرە دینییەکانیش) خاوەنی یەک رێز و بایەخ بن و وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. بە بێ وەها رووداوێکی گرینگ کە بە مانای گۆڕینی روانگەی پاوانخوازنە و هەنووکەیی زۆریەک لە موسوڵمانەکانە کە خۆیان بە سەرترۆپکی مرۆڤەکان دەزانن، نە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و نە بەشێکی بەرچاوی بەشەر ناگاتە هێمنی و ئارامی و، بەردەوام جیاوازی و ستەم و ئەگەری شەڕ بەرۆکی پێدەگرێ.
 
 
بە هیوای ئەو رۆژەی دەستەواژەی ئیسلامی هیومانیستی دەبێ بە یەکێک لە زاڵترین شێوازەکانی لێکدانەوەی دینی ئیسلام لە ناو موسوڵمانەکاندا.
 
سایتی قەڵەم
٩ نۆڤێمبری ٢٠١٦
Image result for humanisme kunst