شێعر و پەخشان

تۆ...

نەژاد عزیز سورمێ    

تۆ ڕوناهى دۆزەخى
گوناهەکان جوانتر دەردەخەى
تاریکایى بەهەشتى  
پاکیزەیى و باشییەکان حەشار ئەدەى.

 

تۆ...

نەژاد عزیز سورمێ           

 

تۆ

تۆ... ژانێکى ترى ناخى ئەفسانەکانى

تۆ…

بۆ من

تانەى چاوى

شەختەى ڕێگا

خانەى خەفەت

بۆ ئەوانیش

پەیژەى نەشئە

تەنکاوى دەریا

هەوارى ئاسوودەیى.

 

 

تۆ... هەواڵێکى خۆشى.

بێ مانگە دەسکردەکان

بێ پەیک دەگەیتە جێ.

بەڵام تۆ...

وەک چڵەکانى ڕۆژپەڕ

حەقیقەتێکى بۆشى...

تاڵ تاڵ

بێ جیاوازى

بەسەر ئاسمانەى ڕەوزەنى

هەموو (من)ە کان دادەبارى.

 

 

تۆ...

لە نێوان (ئا) و (نەْ ) دا

پرسیارێکى

لەقوڵایى چاخە بەردینەکانەوە

هەڵداشتراویە خوار..

بەرد نییە... سەرت پێ نەکەوتبێ

دار نییە.. لە سنگت نەچەقیبێ

ڕووبار نییە... نەیبردبى.

 

تۆ...

تۆ لە یەک کاتدا نهێنى چۆلپەرستى و

دڵڕەقى شارستانیەتى.

 

تۆ...

چراى بەر ئاستانەى پەرستگاى

هەردەمە و لە دەستى کاهینێک داى.

 

تۆ ڕوناهى دۆزەخى

گوناهەکان جوانتر دەردەخەى..

تاریکایى بەهەشتى 

پاکیزەیى و باشییەکان حەشار ئەدەى.

 

 

تۆ

تۆ ژانى... بەڵام ژانێکى تر...

تۆ کچێنیى مێژووى... تۆ

تۆ...

ئاخ... تۆ

تۆ.. بەهەر حاڵ (تۆ) ى!

 

 

 Bilderesultat for du kunst