چیرۆک

باران و من

فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەو، کات بە ساڵەکان حسێب دەکا و منیش بەو رۆژانەی دەبارن. بۆیە پێک ناگەین. من لەم سەری خەتی تەلەفۆنەکەوە پێی دەڵێم رەنگە رۆژێک ئەم بارانە من و تۆ بەیەک بگەیەنێتەوە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ ساڵەکان تەنیا تێیدا دەژین و خۆی لە خۆیاندا خاوەنی هیچ کەژاوەیەک نین. 
 
 
باران و من
 
فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەمڕۆ بارانێکی قورس دایکرد، لە چەشنی شەستە و رەهێڵە. ئاسمان یەک تەبەق بوو بە هەورێکی رەشی نزمتر لە بانە گڵەکەی ئێمە. نازانم بۆ هەر رۆژێک من بیر و خولیای گۆڕانی دونیا لە مێشکم دەدا، یەکسەر دەبێ بە هەور و بە باران. ئەویش هەور و بارانێک کە لە هیچ هەور و بارانێکی تر ناکا. ئەوەندە دەبارێ کە خانووەکەی ئێمە وەک کارتۆنێکی خووساوی لێ دێ و، منیش لە ترسی داڕمانی، بەناچار دەچمە حەوشەکەمان. دراوسێکان بە تەوسەوە دەڵێن دیسان خەیاڵ خەریکە دونیا بە سەر یەکدا دەڕوخێنێ!
بەڵام من قەت واز ناهێنم. هەڵبەت بە دەست خۆیشم نیە. بیر و خولیاکە بۆ خۆی دێت. وەک بڵێی لە من کەسێکی تر لەم دونیایەدا زیاتر شک نابا و ئیتر وەک وەحی یان ئیلهام رێک لەو شوێنانەوە هەور و باران دێن، ئەویش دێت. تۆ بڵێی ئەوان هەر هەمان هەور و باران نەبن و، کەچی لە دوو شێوازی جیاوازدا خۆیان دەردەخەن؟
ئەم لێکچواندنە هیچ یارمەتیم نادا. بۆیە بەناچار رادەوەستم تا دیسان دونیا لە پاش ئەوەی خەیاڵەکە ئارام ئارام لە جەستەی من دەردەچێتەوە، دامرکێتەوە و ئەوجا روو بکەمەوە خانووەکە. لە ناو چواردیوارە تەڕ و خووساوەکاندا رادەکشێم و پەتووەکە بەخۆمدا دەدەمەوە،... خەوێکی قووڵ دەمباتەوە. ماندووی خەیاڵم یان باران، نازانم.
ئەوەندە خەو بە هەورە تریشقەوە دەبینم کە کاتێک خەبەرم دەبێتەوە، دونیا لە بەر چاوم رەشکە و پێشکە دەکا. نیگام لە ناو تیشک و هێڵە رەش و رەنگاوڕەنگەکاندا پرش و بڵاو و وەیلان دەبێ. لە دووای ئەوەی بۆ ماوەیەکی رەنگە درێژ لە ناو جێگاکەمدا لە ترسی رێگا ون کردن دەمێنمەوە، رادەبم و هەوڵدەدەم هەموو شتێک فەرامۆش بکەم. فەرامۆشیشی دەکەم. خەیاڵ، پشووی بۆ نەدەی، تەمەن لە چەند رۆژدا دەتوێنێتەوە.
تەمەن! بە درێژایی هەموو ساڵانی تەمەنم (بێجگە لە ساڵانی سەرەتا)، ئەوە فێربووم کە گۆڕانی دونیا تەمەنێکی درێژی دەوێ. بۆیە هەوڵدەدەم نە ئەو رۆژە خەیاڵەکە ئەوەندە بخایەنێ کە خانووەکەم بەسەر یەکدا بتەپێ و، نە ئەوەندەیش هەورەکان نزم ببنەوە و باران ببارێ کە دراوسێکانم بۆ هەمیشە لە دراوسێتیم بخەن. من لەوە تێگەیشتووم کە گۆڕان وەک ژیانە، وەک چۆن ژیان لە بەردەوامیدا ژیانە، خەیاڵی گۆڕانیش لە بەردەوامیدا دەبێتە گۆڕان. هەرچەند باوکم کە لە تەلەفوندا قسەم لە گەڵ دەکا دەڵێ تەمەنی ئیتر ئەوەندەی پێوە نەماوە بۆ دیدارێکی من.
باوکم! گرفتێکی من لە تەواوی ئەو ساڵانەدا کە فێرە خەیاڵ بووم جیاوازیی ئەو دوو زەمەنەیە وا باوکم و من باوەڕمان پێیەتی. ئەو، کات بە ساڵەکان حسێب دەکا و منیش بەو رۆژانەی دەبارن. بۆیە پێک ناگەین. من لەم سەری خەتی تەلەفۆنەکەوە پێی دەڵێم رەنگە رۆژێک ئەم بارانە من و تۆ بەیەک بگەیەنێتەوە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ ساڵەکان تەنیا تێیدا دەژین و خۆی لە خۆیاندا خاوەنی هیچ کەژاوەیەک نین. من کە بەم قسەیەی یەکجار خەمگین دەبم، هەوڵدەدەم بیر لە منداڵی بکەمەوە و وێنەی باوکم لەو شوێنەوە ببینمەوە کە لێیەوە دەستم لەناو دەستی دا بوو. لە تەنیشتییەوە. روخسارێکی گەش بە سمێڵێکی رەش و چاویلکەیەکی گەورەوە کە پێی وابوو دەستی منداڵەکەی هەتاهەتایە لە ناو دەستی دا دەمێنێتەوە. 
من تا ئیستا ئەو پرسیارەم لە خۆم نەکردووە کە بۆچی حەزم بە گوڕانی دونیایە، نەمپرسیوە لە خۆم کێ ئەمەی فێرکردووم. ئەوەتەی ئەقڵم پشکوتووە، هەروابووم. جاری وایە هەست دەکەم گوناهی نیگایەکی خەمگینی مرۆڤێکە، یانخود ئەو پشیلە و سەگە سرک و هەمیشە ترساوانەی وا قەت نزیک مرۆڤ نەدەکەوتنەوە. ئاژەڵەکانی ناو تەپ و تۆزی کۆڵانەکان. رەنگە لە رەگەزی تەپ و تۆزیش. جاری وایشە بە خۆم دەڵێم گوناهی ترسەکانی منداڵیی خۆمە. پەککوو، منیش سەیرم! چەند ئاسان خەیاڵەکانم بچوک دەکەمەوە! ئاخر چۆن دەکرێ رەگەزی خەیاڵ دابەزێنی بۆ نیگایەک، یان ئاژەڵێک و ترس؟ دەبێ مرۆڤ بۆ خۆی بکەوێتە ئەم حاڵەتەوە تا بزانێ من چی دەڵێم. ئەوەی وا باوکم قەت نەچووە ناویەوە. 
جارێکیان لەو سەر خەتەکەوە پرسی "هەست بە بەختەوەری دەکەی؟" مامەوە. قەت بیرم لەمە نەکردبووەوە. وتی "مەگەر تۆ خەیاڵت بۆچییە، چما بۆ بەختەوەری نەبێ؟" باشە مەگەر خەیاڵ خودی بەختەوەری نیە؟ ئاخر خەیاڵ تەنیا 'بوون' ێکە هەم رێگای بەختەوەرییە و هەم خودی بەختەوەری، بەڵام ئەوەیکە من تا ئیستا هەستم بە بەختەوەری کردبێ،... نازانم. ئەو کات زانیم کە نا وانیە، ئەوەی لە گەڵ خەیاڵ بێت تەنیا دەبێ لەگەڵی بێ و بەس. بۆیە لە وەڵامی باوکمدا گوتم "گەر بۆ یەکجاریش هەڵکەوت باران نەباری، رەنگە ئەوکات بتوانم وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە." باوکم کە چیرۆکی بارانەکانی منی لەمێژ بوو لە بیر چووبووەوە، وتی "ئەها،... ئەهاااا... هاتەوە یادم! بۆ لەوێیش هەر ئەم بەزمەیە؟" ئەوجا دایە قای قای پێکەنینێک نەبێتەوە. من ئیستایش نازانم بەو تەمەنەیەوە چۆن ئاوا دەیتوانی گەنجانە پێبکەنێ. گووشی تەلەفۆنەکەم دانایەوە و سوێندم خوارد قەت تەلەفۆنی بۆ نەکەمەوە.
دایکم لە رەگەزێکی ترە. ئەگەرچی قەت نەیزانی خەیاڵەکانی من چین و منیش قەت بۆم نەگێڕایەوە، بەڵام ئەو باوەڕێکی سەیری پێیانە. بە بزەیەکی خەمگینانەوە سەیری دەکردم و دەیگوت "تەنیا مەرگت نەبێ!" کە نەیشمبوو. لانیکەم هەتا ئیستا. رەنگە دەبێ سوپاسی ئەم دۆعایەی دایکم بکەم. دەڵێن خودا جاروبارە دۆعا و نزای دایکەکان بە هێند وەردەگرێ. دەڵێن زیاتر لە هەر دڵێکی تر گوێی لە ترپەی دڵی ئەوانە. ئەگەرچی من کەمێک گومانم لەمە هەیە. رەنگە ناحەقیشی نەبێ. ئاخر خەیاڵ ئەو شتەیە تۆ دەگەیەنێتە لای ئەو، رێک ئەو شوێنەی ئەوی تیا دەژی. وەک دەشزانین خودا شەریک وەرناگرێ. لە مێژوودا زۆربەی مردنەکان هی ئەوانەن وا خەیاڵ دەیانباتەوە. بیردەکەمەوە گەر دایکەکان نەبان ئەوا رەنگە رێژەی ئەم مردنانە یەکجار لەمە زیاتریش دەبوون. بۆیە کاتێک گووشی تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم و لە گەڵ دایکم قسە دەکەم، هەوڵدەدەم تەنیا گوێی لێی بگرم، ئەگەرچی ئەویش هەر پرسیار دەکا و پرسیار. ئەو وەک هەمیشە هەر ئەوەندەی گوێی لە دەنگی منە، رازییە. پێی وایە خودا دەلیلی داماوانە. من کە یەکجار رقم لەم قسەیە، بەڵام لەبەر ئەو هیچ ناڵێم. من داماو نیم. منێک کە باوەڕم بە گۆڕینی دونیایە، چلۆن دەتوانم داماو بم؟ بە پێچەوانەوە، ئەوە دونیایە لەبەر چاوی مندا داماوە. بە هەموو شتەکان و بوونەوەرەکانی ناویەوە. 
جاری وایە حەزدەکەم جانتایەک هەڵگرم و بچم بۆ شاخ و لە ژێر تاشەبەردێکدا، ئەوەندەی جێی جەستەیەکی تیابێتەوە، دابنیشم و سەیری باران بکەم. ئیتر هەموو شتەکان دەبن بە وێنەکانی پشت رەهێڵە. رێک وەک تەلەفزیۆنە رەش و سپییەکانی قەیم کاتێک بەفرەکیان دەکرد و وێنەکان دەبوون بە ژێرەوە. بەڵام نا،... خەیاڵەکانی من، وێنەکان روونتر دەکەنەوە. دەتوانم سوێندتان بۆ بخۆم. لە راستیدا ئەوانن پشت وێنەکان دەکەون. ئیتر هیچ شتێک لە نێوان تۆ و دونیادا نامێنێ. 'بوون' ئەوەندە روون دەبێتەوە، روونتر لە یەکەم رۆژی خڵقەت،... پێش ئەوەی تۆزی زەمەنی لەسەر بنیشێ. جارێکی تر گەر لەگەڵ باوکم قسەم کرد، پێی دەڵێم دەتوانێ ناوی ئەمە بنێ بەختەوەری. نەک لەبەر ئەوەی ئەمە بەختەوەرییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی سەرئەنجام ئەم وشەیە دەبێ مسداقێک لە ژیاندا بدۆزێتەوە. 
کە لە چیا دەگەڕێمەوە، هەوڵدەدەم بەناو ئەو شوێنەدا تێپەڕم وا لە دووای باران هەرچی پەپوولەی دونیایە رووی تێدەکا. تا دەپەڕمەوە، بە سەدان و هەزاران پەپوولە لێم دەئاڵێن و ونم دەکەن. دەبم بە مرۆڤیکی پەپوولاوی. سەر تا پا. وەک بڵێی حەزیان لێیە لە شیلەی خەیاڵەکان بئاڵێن و بیمژن بۆ ناو سروشت. ئەی ئەگەر ئەمە نەبێ بۆ لێم دەئاڵێن؟ توخوا پێم مەڵێن زۆر لەخۆڕازیت! 
لەخۆڕازی! رەنگە. ئاخر چلۆن دەبێ کەسی تێکەڵ بە خەیاڵ ئەوەندە لە نیشتمان دووربکەوێتەوە؟ ئەگەرچی دایکم دەڵێ "شوکور بۆ خوا کوڕەکەم ئەوەندە لەش سووک و رۆح ناسکە کە نەرمە بایەکیش دەتوانێ هەتا ئەوسەری دونیا لەگەڵ خۆی بیبا." نەرمەبایش لەهەموو شوێنێک دەست دەکەوێ. چەندە رقم لەخۆمە! لە لەشی سووک و رۆحی ناسکم (بەقسەی دایکم).
جاری وایە هەوڵدەدەم دنکە بارانەکان بکەم بە تەسبێح. تەسبێحێک لە باران چێ بکەم و هەموو رۆژێک بە گێڕانی دنکەکانی لەناو مشتم دا، بە لاسایی کردنەوەی دایکم، بە هەزاران جار داوای وەدی هێنانی خەونەکانم بکەم. بەڵام گرفت ئەوەیە نازانم کام دنکانە لە باران هەڵبژێرم. نازانم چلۆن پێش ئەوەی لە ناو لەپی دەستمدا بتەقێنەوە و پرش و بڵاو ببنەوە، بە دەرزییەک بە تاڵێکیانەوە بکەم. گرفتی گەورەتر ئەوەیکە ئیمامێکیان تیا دەست ناکەوێ. قەترەکان یان بە قەد یەکتر بچوکن یان بە قەد یەکتر گەورە، یان تێکەڵێک لەم دووانە. گەر بتوانم سازی بکەم، تەسبێحێک دروست دەبێ کە هەر دنکێکی دەکرێ سەرەتا بێت یان کۆتایی،... هەر قەترەیەکی دەتوانێ ئیمام بێت یان نەبێت. چ دۆعاکردنێکی بێ سەرەتا و بێ پایان! 
ئارام رادیۆ کۆنە و پەرپوتەکەم هەڵدەگرم و دەچم لە سوچێکی حەوشەکە دادەنیشم و، هەوڵدەدەم گوێ لە هەواڵەکان رابگرم. ئەو ئیزگایانەی من خۆشم دەوێن، هەر هەموویان جیقە و فیقەیان دێت. بە زەحمەت دیانبیستم، بەڵام لێیان تێدەگەم! وا راهاتووم کە ئیزگا گرینگەکان بە زەحمەت دەبیسترێن، بۆیە کاتێک ساڵانی دوواتر بووم بە خاوەن ئینتەرنێت و کۆمپیوتر و، توانیم بە بێ پارازیت گوێیان لێبگرم، ئەو جیددییەتەی جارانیان لەبەرچاومدا نەما. لەبەر چاوم کەوتن. وازم لێهێنان. وەک دەڵێن خەیاڵیش خەیاڵی قەدیم! ئەگەرچی بەردەوام دەبارێ و شەستە و رەهێڵە، چی بە خانووەکەی منەوە نەهێشتووە. 
لەوبەر خەتەکەوە، رێک لە ناوەڕاستی گوێگرتنەکانمدا، دایکم دەڵێ "ئەوە چییە رۆڵە؟... باران دەبارێ؟" دەڵێم "راستی هەواڵی کاک عەبدول چۆنە؟ لەگەڵ نەخۆشیی دڵەکەی چۆنە،... باشترە؟" دایکم دەڵێ "خۆزگەم بە خۆتان!... بە خوا لێرە سووتاین،... تەپ و تۆز خواردینی!"
***
ئیستایە دەزانم، گەر لە گەڵ هەر خەیاڵێکی گۆڕانی دونیا، دەستبەجێ دەست دەکا بە باران و شەستە و رەهێڵە، ئەگەرچی دراوسێکان بە مۆڕەکەوە سەیرم دەکەن و لەبەر خۆیانەوە باسی دکتۆری دەروونناس دێننە گۆڕێ، ئەگەرچی باوکم بە گەرووی پیری، گەنجانە پێدەکەنێ، هێشتا ئەم خەیاڵە خێرێکی تێدایە: خێری سڕینەوەی گەرما و نەهێشتنی تەپ و تۆز (ئەگەرچی لێرە و نەک لە نیشتمان). 
ئەم رۆژانە من ئیتر هەوڵدەدەم زیاتر و زیاتر لە گەڵ دایکم قسە بکەم. ئەوەندەم گوێ لێگرتووە، گوێیەکانم بە قەدەر کەشەفەیەکیان لێهاتووە. بەڵام ماندوو نیم. بۆ ئەوەی بتوانم زیاتر و زیاتر گوێگر بم، ناوە ناوە بۆ ئەوەی دڵنیای بکەمەوە هێشتا لەم بەر خەتەکەم و مەرگ زەفەری پێ نەبردووم، دەپرسم "راستی هەوا چۆنە،... گەرمە،... هێشتا تەپ و تۆزە؟" 
چەند خۆشە دایکم دەستبەجێ دەڵێ "خۆزگەم بە خۆتان رۆڵە،... خۆزگەم بە خۆتان!"
   
Image result for jeg og regn kunst