کلتور و تەکنۆلۆژیا

کلتور و تەکنۆلۆژیا
هەموو کردار و رەفتار و تەنانەت حەزەکانی ئینسانەکانی یەک کۆمەڵگا دەچێتە خانەی کلتور و فەرهەنگەوە. ئایا کلتور چییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانین بڵێین کلتور هەموو شتێکی ئینسانە. لە شێوازی قسەکردن و خواردن و خەوتن و بەکارهێنانی ئامرازەکانی و کەرەسەکانی رۆژانە، هەمووی ئەمانە پێکەوە کلتورێک پێک دێنن کە لە کۆمەڵگایەکەوە تا ئەویتر جیاوازن.
 زۆر شت لە شوێنێک ئەنجامی ئەرێنییە و لە لایێکیتر نەرێنی دەنوێنێت. کلتوریش وەک زمان لەگەڵ رۆژ و گۆڕانی رۆژانەدا ئاڵوگۆر دەبینێت، بەڵام ئەم گۆڕانە بەنەرمی و ئارام و بەردەوام جێدەگرێت، وەها ورد و نەرم دەڕوات کە تەنیا پاش تێپەڕاندنی سەردەمێک هەست بە گوزەرانی زەمان و گٶڕانی کلتوری کۆمەڵگاکان دەکرێت. تەکنۆلۆژی و تێکنیک وەک ئامرازگەلێک دێنە ئەژمار کە توانیویانە کلتورەکان بگۆڕن یان باشترە بڵێین کلتورەکان بۆ ئەوەی لە چاڵی زەماندا نەمرن ناچار بوون خۆیان لەگەڵ تازەکانی رۆژ بگونجێنن و کەڵک وەرگرتن لە ئەو ئامرازەش بووەتە بەشێک لە کلتورەکان.
 
تا پێش بە جیهانی بوونی دونیا و هاتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تەلەفزیون و ئینترنێت، گۆڕانکارییەکان وەک خێرایی کەرەسەکانی هاتوچۆ خاو و هێواش بوون، بۆیە کۆمەڵگاکان کات و ماوەی خۆگونجاندنیان لە گەڵ ئەو کەرەسانە بووە و توانیویانە بەوردی رێبازی تایبەتی کلتورەکەیان بۆ بەکار هێنانی ئەو تەکنیک و تەکنۆلۆژییە بدۆزنەوە. بەڵام لە سەردەمی  ئێستادا کە تەکنۆلۆژی بە خێرایی تیشک گەشە دەکات و هەر چرکەیێک شتێکی نوێ دێتە بازارەوە بە بێ ئەوەی کۆمەڵگاکان، بەتایبەت کۆمەڵگا داخراوەکان بتوانن خۆیان بۆ کەڵک وەرگرتن لەو نوێگەرییە ئامادە بکەن و بە بێ هەڵە و مەترسی بەکاری بێنن.
 
کۆمەڵگای داخراوی ئێمە کە هەموو درگا و پەنجێرەکانی بە شەڕ و ئایین و حەرام، حەڵال، شەرەف، ناموس، عەیبە  و درۆ و دەلەسە لێداخراوە، چۆن دەتوانێت خۆی لەگەڵ ئەوکەرەسانە و گەشەی تەکنۆلۆژیا بگونجێنێت کە بە دارو دیواریدا چ بە ئازاد و چ بە قاچاخ وەک باران بەسەریدا دەبارێت. بە دڵنیایەوە ئەمە ناکرێت بۆیە هەموو رۆژێک بە کەڵکی ئاوەژوو وەرگرتن لە کەرەسەکان و نەهاتنەوەیان لەگەڵ ئەو سنورە دەسکردانەدا کە دانراوە بۆیان شاهیدی هەزاران کێشە و تەنگ و چەڵەمەی کۆمەڵایەتی دەبین کە رەنگە لە وڵاتانی کراوە و پێشکەوتودا بەو شێوەیە نایان بینین. ئەوەش هی ئەوەیە کە ئێمە بە هۆی داخراوەییەوە لەگەڵ دونیای دەرەوەدا نامۆین و بە هەر بایێک دەکەوینە لەرزە، لەبەر ئەوەی بتوانین خۆمان  لە بەرانبەر شەپۆلدا بپارێزین دەبێت فێری مەلە بین. بۆ ئەوەی فێری مەلە بین دەبێت جەستە بە ئاو بسپێرین. ماهاتما گاندی دەڵێت: من نامەوێت لە ماڵێکی دیوار پتەوی بەردینەی بێ پەنجەرەدا بژیم. من دەمەوێت کە بای کلتوری هەموو وڵاتانیتر بتوانێت بێتە ژوورەکەمەوەوە، بەڵام هیچیان من لەگەڵ خۆی نەبات و پێم لە سەر عەرز بمێنێتەوە.
 
سایتی قەڵەم
٢٤ ئۆگۆستی ٢٠١٦
 Image result for kultur kunst