ما 584 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

تەنیایى، گوڵى گەشى دارى فەنا
ڕۆژنامەو بڵاوکراوە و
ڕادیۆو تەلەفزیۆن و سایتەکان
لێى دەترسن
خۆیانى لێ دەپارێزن

 

بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم، لەو کانییانەم خواردەوە

نه ژاد عزیز سورمێ

 

منداڵێک ڕادەبرد مۆمێکى بەدەستەوە بوو، لێم پرسى ئەم ڕوناهییە لە کوێوە دێ؟

منداڵەکە مۆمەکەى کوژاندەوە و وتى: ئێستا تۆ پێم بڵێ ڕوناهییەکە بۆ کوێ چوو

تا منیش پێت بڵێم لە کوێوە هات!

                                          حەسەنى بەسرایى

 

1

فڕین لە نەغمەى مۆسیقادا ون دەبێ +

تارمایى مانگ لە ڕەنگى سوور

                               سوور

                                     سوور

 

 بە چاوت ڕا دەزانم +

هێشتا گەلاوێژ نەبزووتووە

منیش وەک تۆ،

مەملەکەتى خۆم ون کردووە..

ڕۆشناییان بەنوێژى نیوەڕۆ

لێ دزیوم

بە چاوت ڕادەزانم

سپێدەیەکى سپى بەڕێوەیە

                               سپى

                                            سپى

                                                    سپى.

 

 هەورم بە وشکى نەدیبوو +

ئەو پیتانەى بە کێڵگەکانم داکردبوون

بەشێکم لە شەو،

بەشەکەى دیم لە گزنگى بەیان خواستبوون

                                          زەرد

                                                  زەرد

                                                          زەرد

 

 پەپوولە لە زمانى خەون ناگەن      +

"ڕووبارى گریان"

سەرچاوەى لە پایزەوە نەگرتووە

ئەمجارەش بۆنى سەوزایى

لەخەو ڕایچڵەکاندم...

                     سەوز

                             سەوز

                                     سەوز..

2

تەنیایى، گوڵى گەشى دارى فەنا

ڕۆژنامەو بڵاوکراوە و

ڕادیۆو تەلەفزیۆن و سایتەکان

لێى دەترسن

خۆیانى لێ دەپارێزن

کەچى ئەو لە شێوەى ژنێکى ڕادیکاڵ

بە چاوى بەزەییەوە لێیان دەڕوانێ.

 

3

کۆتر بە ناوى ئاشتییەوە فڕێنرا بوون

چیا لە ئامێزیان دەگرتن ، لایلایەیان بۆ دەکردن

بەڵام بەفر خۆى لێ نەکردن بەخاوەن

ڕووى نەدانێ

کۆترەکان ئێستاش چاوەڕوانن

بەفر سڵاوێکیان لێ بکا.

4

ئەو مردووانە

بۆچى دەستیان لە گۆڕ دەرهاتووە؟

ئەو هیوایە شێتە ،

چییەتى بەو سەرماوسۆڵە

لە شەقامى شاعیراندا

سەرگەردان، ئەستێران کۆدەکاتەوە؟

کە هێشتا تاریک دانەهاتووە

ئەم دنیایە بۆ نووستووە ؟

تێبینى: وەڵامەکان بۆ ئیمێلە هاککراوەکان دەنێردرێن .

5

ڕێگا دوور بوو، جێژوان خاڵى

من بەمەوسیمى چاوى تۆ

بیناییم ڕوون دەبووەوە

موریدى خانەقاى تۆم من

گرفتارى لالەزارى گوڵڕەنگى ،

حوجرەى بە دەنگ و سەداى تۆم.

6

سەرە بێباکە مژوولەکان

خلۆر دەبنەوە

لەو دیو میناى پەنجەرەکانەوە دەبینرێن

ئەو شەقامە تاریکانە

ئەو دیوارە تاریکانە

ئەو شارە تاریکانە

چیت بەبیر دێننەوە؟

من هەر ئەو (من) ەم

نەمهێشت گەڵا شەرمنەکان هەڵبوەرێن..

7

ئێوارەى ئەبەدیەت

شوێنپێى لەرزۆک

ڕووبارى بەخۆڕ،

هەموویان لێرەدا، بە بەر سێبەرى نووکى

ئەو قەڵەمە باڵانوێنانەدا تێپەڕین.

8

ڕوخسارى ماندووتم

لە ئاوێنەدا بینى

ویستم بڵێم ناتوانم ئەوەى لە دڵمە بیشارمەوە

پێم بڵێ پرسیارەکانت چى لێ کردن، بۆ کوێت بردن؟

پێم بڵێ من کێم؟

9

ئێمە لە کوێین؟

ئەو شانۆگەرییە بۆچى ئەوەندەمان ماندوو دەکا؟

تاومان بۆ بە خۆشەویستى ئەم ڕۆژگارە لێ هەڵنایێ؟

چ دەڵێى ،

بۆ نایێى لە کۆڵ خۆمانیان بکەینەوە

ئومێد ماوە، ئەویشیان بدەینێ.

10

دەستم لە ئەبەنووس دەچوو

دڵم پێدەکەنى

دەستم پەشمى تابانە

دڵم دەگرى.

11

شازادە نهێنى ڕەنگەکانى

لەگەڵ خۆى برد

پێدڤى ئاڵامان ڕەنگى

لە دامێنى چیاکانەوە وەربگرێ

تا هەتا هەتایێ

بزەى کوێستانانى پێوە دیاربێ.

 

12

هێشتا زەردە بەسەرانەوە مابوو

بارانم شایەدە شیرین قەد!

من لە وادەى خۆم دوانەکەوتبووم

تێمهەڵکردبوو

کسپەى جوداییم دەنگى دەگەییە ئاسمانان

بارانم شایەدە

لەوادەى خۆم دوانەکەوتبووم

بە چیت بڕوا پێ بکەم

لە هاتنم بێ خەبەر بووى؟

13

پێکەوەین

کەچى لەیەکتریش جوداین

ڕێگاى ئەڤین یەک ڕێگایە شیرین قەد.

14

پەپوولەیەکى داماو

چ لە دیوارێکى کۆنکریت دەکا

چ لەو خەونە نیگەرانانە دەکا

ژنێکى سپیپۆشى تێدا دەردەکەوێ؟

پەپوولەیەکى داماو

چ لە زایەڵەى دەنگ و

ئەشکەوتى ترسناکى بێدەنگى دەکا؟

 

15

دەستە ڕەشەکانن

کەمەندان ،

لەمەزراى دڵە شکاوەکان داوێن .

چاوەکان لە ئاست مێژوودا نووقاون

لەوانەیە کۆنەبرین بکولێنەوە

ڕەنگە دیسان شەو دابێتەوە.

16

باخچە چاویان لێ ستاندم

ڕووبار فرمێسک

ئێستا سیمام لە پەیکەرى مرۆڤێک دەچێ

لەبەهەشتدا تووڕ درابێ.

 

17

لە برادەر زیاتر بوو

باجستێنى خەم

ڕۆیشت...

بێ خواحافیزى، بێ ڕوخسەت

بێ ئەوەى گۆڤارەکەى دەربچوێنێ

یا پێمان بڵێ ئیتر نایەمەوە

تێنەگەیشتم بۆچى

سەفەرى بێ گەڕانەوەى

خستە سەرەتاى زستان..؟

18

جارێکى دى هاتیەوە خەونم

لەخۆشیان نیوەگیان بووم

ئەوە چ چیرۆکێکە کەژێ

چیرۆکى من و تۆ

پەیکى زەمەن نایبڕێ !

19

پێشوتارى قەڵەم

بەدخەوى بوو

ڕۆحى سترانان

خەڵتانى بێدەنگیى جۆگەو ڕووباران

شیرین قەد لە من ون نییە

چاوە فێڵاوییەکانى

لەودیوى میناى پەنجەرەوە دەبینم

پێشوتارى قەڵەم

لێرە، لە کانى لەزەتدا ورشە دەدا.

20

ماهى ئێمە

لەباتى تریفە

پەشم دەبارێنێ

لەگەڵ میواندارى مەرگیش

لەگەڵ نەخوێندنەوەى مێژوو

لەگەڵ ئاودزبوونى برینان

لەگەڵ بەردەوامى شەو

هێشتا دڵ پەیژەیەکى ئومێدى

پێوە دەمێنێ

من و تۆى پێدا سەرکەوین.

21

پایتەختەکانى ئەم سەدەیە

لەهێڵى یەکتربڕو تەریب دەچن

بێ سەرەتا، بێ دیماهى

پایتەختەکان گوندى گەورەن

بەڵام هێلکەى بچووک دەکەن.

22

ئەو ئاوازو گۆرانییانە

کێ شکاندنى ؟

کێ بوو بە زەبرى ستەم

قەرەجە چاوکاڵەکانى

لەگەڵ دونیاى ماسکدارى ئێمەدا

تێکەڵ کردو تارمایى دوواندن؟

کێ بوو ڕازەکانى بردن؟

نەوا.

نەوا

نەوا

بۆ کێ؟

23

کە پێویستیمان بە لێفە شڕێک و نانێک هەبوو،

ئەوان بروسکەیان دەنارد

وەک گۆزەیەکى شکاو لە مەیدانى شەڕەکانیاندا

بەجێیان دەهێشتین

ئاهەنگیان لە گەڕەکى کەڕان پێ دەگێڕاین

کەچى ژیان

ئا ئا ژیان

ئەوەتا بە پیرمانەوە دێ

ئێمەین خۆمانى لێ لادەدەین.

24

پەتاى ئادەمى

کە ئێستا بووە بە مۆد

دیواریان بەخانووانەوە

پەنجەرەیان بە دیوارانەوە

شووشەیان بە پەنجەرانەوە نەهێشت

بەم جۆرە

چیرۆکى ئەمشەویشمان لێرەدا تەواو بوو.

25

پاسەوانى ڕێگا بوو

هێللانەکانى تێک دابوون

لەو ساوە تەزرە لە شکارتەکانمان دەدا

لەو ساوە پیلمان لەگەڵ برسییەتیدا تێکهەڵکێشاوە.

26

ڕەنگەکان لەکوێدا خۆیان بنوێنن؟

کە هەموو شەڕو پشێوى دونیا

لەسەر دەنکە ڤیاگرایەک بێ؟

27

بەداخەوە باران مابوو

ئەویش ئێستا

لەپرۆسەیەکى ڕسکاودا

جاسووسى بەسەر هەورەوە دەکا

دەڵێن باران هەموو نهێنییەکانى درکاندووە

بۆیە هەور تووڕە بووە

وەک دەبینى ماوەیەکە

هیچ کارێکى پێ ناسپێرێ.

28

کە ڕۆیشتى پرچت تا تا

سیمات بروسکەى دەهاوێشتن..

نازانم چۆن لەژێر ئەو هەموو ماسکانە ماندوو نەبووى.. ؟

29

دونیا لەژێر باڵى (جیهانایەتى)دا نووستووە

کێڵگەکانى نێرگس ،

ڕەنجى فەرهاد دەدەن

لەو لاوە ،

لە پەناى دێرێکدا

کە دەنگى گیان و

گیانى دەنگى پۆشیوە

مرۆڤێکى سادە

بەدڵى شکاوەوە

لاوکى بەسەرچوو دەچڕێ

 

30

حەوشەمان بۆنى شەوبۆى لێ دێ

هەر دڵەو پەیکانێکى بۆ دێ

هەر چاوەو گڕ دەبارێنێ

ئاوازى کپ ،

دەفرى بەتاڵ پڕ ناکا

ئیتر لێرە بەدوا سێو لە ئەفسانان دێتە دەرێ

بە کلیکێک پێ دەگا.

بە کلیکێک دەکڕێ

بە کلیکێک دەفرۆشرێ

دوور نییە بە کلیکێکیش بخورێ.

بژى (جیهانایەتى)

کانگەى تەمبەڵى و

کۆڵەوارى و تەنپەروەرى.. !

31

سرووتى خاکەڕایى

خەمى نادیار

خۆرى سپیپات

وا پێک نەهاتبووین برالە!

منداڵیى گەردوون

بە گورگان بسپێرین.

32

ئاى زەوى خۆزگە ئەوەندە بچووک نەباى

ناچارم بکەى

سینگم بکەم بە چیمەن

چاوم بە هێللانەى مەلان

درەخت لەسەر باڵەکانم بڕوێنم.

33

پەرى لە هەوران دەرکەوتن

باس لەوەختێک دەکەم

بەیانیى نەدابوو

هێشتا ئاگرى شوانان

بە بنارانەوە دیار بوو

شەوگەڕ نەهاتبوونەوە

پەرى لە هەوران دەرکەوتن

لە کاتێکى وادا

تۆ بڵێى پەرى بۆ لە هەوران دەرکەوتبن؟

34

ژنێک بۆ غەریبى خۆى دەفى لێ دەدا

گەڵاى داران ،

سەرەتاتکێیان لەگەڵدا دەکرد

ژنێک ،

لە کانگەى نوورەوە هاتبوو

دەفى بۆ غەریبى خۆى لێ دەدا.

35

ئەودەمەى کولێرەیەک بەدەستەوە دەگرم

دەزانم دونیا دەهێنێ

گۆرانى بۆ بچڕى.

36

گریمان دڵیان

خستیە سندووقى دەنگدانەوە

بیرت لێ کردۆتەوە

بە چ زمانێک لەگەڵ پرسیاران بئاخڤێى

یاخود چییان پێ بڵێى؟

37

چاو و گوێمان

بەسێنى سەربانانەوە بەستراوەتەوە

تکایە پێم بڵێ من کێم؟

لە کوێڕا هاتووم ، بۆ کوێ دەچم؟

38

گڕم نەدیبوو لەو شێوەیە

بێباک، بێ پەروا..

بەفرى لوتکان بسووتێنێ

ئاوى ڕووباران داغ بکا.

 

39

مەرگ لە چاوەڕوانى ژیاندا خوێنى لە بەردەڕوا

شارستانیەت و چۆلپەرستى

لەبەر ئاستانەى سەدەى نوێ

دەست لە ناو دەست

پرۆتۆکۆلى نهێنى ئیمزا دەکەن

وێنەى یادگارى دەگرن.

40

نەمدەزانى گوڵ لە تەمدا

جوانتر دەردەکەون

نەمدەزانى تریفەى مانگ

لە تانەى چاوان دەچێ.

 

41

لێم دیارە دەرفەتەکان لە ئەفسانەدا ئاڵاون.

لێم دیارە ،

پیاڵەى بەتاڵم لێ دیارە

چاوى ماندووى تێدا ڕەنگ دەدەنەوە

دەنگى گیراوى تێدا دەنگ دەدەنەوە

لێم دیارە، شتى دیشم لێ دیارە

لێ مومێکى بەر با چى لەدەست دێ؟

لەوەى بەدەر

یەخەى خۆى لە تاریکیدا دادەدڕێ ؟

42

ڕۆژگارمان

ڕۆژگارى دووپشکانە

چڕپە دەخوێننەوە

سەوڵ لە خەیاڵ دەدەن

ڕازێک، نهێنییەک

لە ڕۆژگارى دووپشکاندا نەماوە.

43

فرمێسک نووستبوو

چاو بێدار

لەو دیو سۆزى سۆمادا

ژنێک سەماى

لەبەر ئاوازى هەتاو و سێبەردا دەکرد

فرمێسک نووستبوو

ژنێک لەبەر ڕوناهیدا دەلەیزى.

 

44

تارمایى ڕێیان

لەهەور

لە با

لە خەونان گرتووە

تارمایى گەیشتنە ئاسمانى خەرەندان.

45

ڕەشەبا نەبووایە

درەخت بەلادا نەدەچوون

ڕەشەبا نەبووایە

چاوى تۆ

بەو ئێوارە ئەرخەوانییە تەرزیان نەداوێشت

ڕەشەبا نەبووایە.

46

مێژووى شۆستەکان نانووسنەوە

ئەو ڕەوەزەى لە خەودا بە سەرتدا ڕما

ئەو خەمە نادیارانە بوون

پایزان دەدرەوشانەوە..

ترپەى دڵە هەلاهەلاکان بوون

تەمى سپێدەیەکى زستانى

فلیمەکە هەر ئەوەندەى لێ مابووەوە

ئەوى دى لێ ڕەشببوەوە.

47

داربەڕوو پەنجەمۆرى

بەسەر گوڵاڵەکانى کەنارەوە مابوونەوە

پاسەوانى فەرمانگەى دۆزینەوەى تاوانان

نەیهێشت لە گوڵان نزیک ببمەوە

تۆ پێم بڵێ دڵدارەکەم چاوەڕوانە

من چۆن بێ گوڵ بگەڕێمەوە؟

48

بازى کێوییان

بە دووکەڵى پرسیاران گیراوە

ئەستێرە

لە ئاسماندا ڕادەکەن

خەڵکى لە بەهەشتیشدا خۆیان کۆکردۆتەوە

کەس نازانێ چى قەوماوە..

49

دەخیل چاکى سەرگردو تەلانان

بەهەور بڵێ

لە قەدەحى پڕیدا ڕێژنەیەک دا بکا

شاعیران وەختى ژوانێ

هیچیان لە بیر نامێنێ .