پێشەوا کاکەیی

 

پەنجەرەکان واڵا بکە: دەمێکە نیگای تۆی، لێوە نەچۆتە ژوورەوە.
 
ئاورەکە هەڵبکە و، نەختێك چای چاوت بخەرە نێو قۆڕی و وەسەرینێ.

 

تاوێک کە چوویتە ژوورێ

پێشەوا کاکەیی

 

لە باڵکۆنەکە وەرە خوارێ، ساتێک بچۆرە ژوورێ.

سەیری مەنجەڵە نۆکاوەکە بکە: بزانە چەندی ماوە بوکڵێ.

تەماشای کەوەنتەرەکە بکە: بزانە بۆ تەپوتۆزی لێ دەنیشێ.

چەنگاڵێک تاودەیە و، لەتێک دڵ بدەیە هاوغەزەلت.

کەوچکێك لە شەڕابی ئەوینت... ڕۆکە نێو قاوەکەت.

دەرگاکان بکەوە: ئەوسا دەزانیت، چ غەریبیەکی تۆی لێوە بووە.

پەنجەرەکان واڵا بکە: دەمێکە نیگای تۆی، لێوە نەچۆتە ژوورەوە.

ئاورەکە هەڵبکە و، نەختێك چای چاوت بخەرە نێو قۆڕی و وەسەرینێ.

یەخچاڵەکەت بکەوە: دڵت، بۆتە سەهۆڵ و، تاوێ لەبەر هەتاو داینێ.

فەڕشەکان بتەکێنە، تۆ هەر دیار نەبوویت، کە گەردی تۆی هەڵگرتووە.

کەمێك زاهی بگرەوە و، پیاڵە و ئیستیکانەکان بشۆ و، وشیکان بکەوە.

تۆ دەزانیت: ئیستیکان چەند بیری قاوەی تۆی کردووە؟

تۆ دەزانیت: پیاڵە دەمێکە دەمی بەر لێوت نەکەوتووە؟

سەنیرەکە، لەگەڵ تەنیایی خۆیدا دەدوێ و، 

دەڵێت: هەرچی تووکە لێم هاتۆتە دەرێ

حەز دەکات بێچتەوە باڵی مریشک و، کەمێ بفڕێ.

ئاوێنەکە، هەر پرتەوبۆڵیەتی، کەس نییە لە بەردەمیدا بوەستێ.

وای، شانە لە بری قژ، کرێژ هەڵدێنێ.

دڵیش لە بری بینین، ژەنگ دەهێنێ.

گەر چوویتەوە ماڵێ، بۆ ساتێکیش بێت، پەردەی پەنجەرەکە لادە:

ئەو وەختە دەزانیت، ژوورەکەت چەند بە ستەمدیدەیی خەوتووە.

 

 

بازدید: 917