شێعر و پەخشان

قەسیدەی گونیەکە

پێشەوا کاکەیی 

ناشچم بۆ کشمیر بە تۆپێك قووماش لێم بکڕن.
ناچار بە قەندەهاردا دێمە خوار و، لە کەراچی،
لە خانەی فەلسەفەی ئیسلامیدا: شیکاریێکی شیعری بۆ دەکەم.

 

قەسیدەی گونیەکە

پێشەوا کاکەیی 

من، بە سەمەرقەندا هاتم: تا دوو گوڵ، لە شیعری باغت بۆ بچنم.

بەرلەوەی بەرەو ئێرە مل لێنێم، ئاوڕێکم دایەوە و ئیدی بۆ بەڵخ ڕۆشتم.

نەمدی: هیچ عیشقێك، وەها بە ستوونی بە نێو دڵمدا شۆڕ بێت.

نەمدی: هیچ شیعرە غەزەلێك، وەها لە نێو ڕۆحمدا بە جێ بمێنێت.

نەمدی: هیچ کەسێك وەك شەمس، دڵی وەها لە مندا نقوم بێت.

کە زێدی مەولانام بەسەر کردەوە، گوتم: دەک لەبەر خاکت هەڵوەرێم.

بە ئیزنی عیشقی گەوهەری خاجە لالای، با چنگێك خۆڵ دە چاومم بکەم.

بەشکوو سەوز بێت عیشقێکی دی، کە گوڵەگەنمی نێو ڕۆحم بچنێت.

بەڵکوو مەزارێكم هەبێت بۆ ئەوینی وی، کە زیکری فەرهادی پێ بکات.

ئینجارەکێ لە ژێڵڵا ڕا هاتم و، لە نیشاپوور لامدا: چوارینەکانی خەیام بدزم.

بیرمکردەوە: لە هیرات، بیخەمە نێو پێشانگای کتێب و، داشکاندنی بۆ بکەم.

کە گەیشتم... ترسام لەوەی، پیرەپیاوێکی ڕدێن درێژ بە پیرمەوە بێت و،

بڵێت: نابێت بە کیلۆیێك حەشیش سەودای پێ بکەین.

من دەزانم تلیاکم پێ ئاودیو ناکرێت و،

ناشچم بۆ کشمیر بە تۆپێك قووماش لێم بکڕن.

ناچار بە قەندەهاردا دێمە خوار و، لە کەراچی،

لە خانەی فەلسەفەی ئیسلامیدا: شیکاریێکی شیعری بۆ دەکەم.

ئەوجا یەکێك پێم دەڵێت: خەیام کافرە، یەکێك دەمخاتە خوارەوە.

هەندێکیش... دەیانەوێت کتێبەکەم لێ بدزن و، شیعرەکان ئاوەژوو بکەن.

لە سایەی ئەم کتێبەوە: شلوکوتیان کردم.

سەمەتم چوو، زیارەتی زەردەشت بکەم و، شارەوشار بگەڕێم.

یەکەسەر بەرەو سلێمانی تێم کرد و، لە باغی نالی کەمێك خەوتم.

لەپڕ هەستی هاوڕێم پەیدابوو، لە خەوێکی قووڵ ڕایچڵەکاندم.

گوتی: بۆ نایەی بچینە نێو کتێبخانەی کەشتی گەڕۆکەوە.

ئەوە چییە دە بنهەنگڵت گرتووە؟

گوتم: کتێبە کتێب، کتێبی خەیام، چەند جوانە بە وەها بەرگێکەوە.

هەستی کتێببەری گوڵ، گوتی:

با غلۆر بینەوە بۆ ئەندێشە، بەدیار چوارینەکانییەوە قاوەیەکی بۆ دەخۆینەوە.

با هەژار بڵێت: ئەم کتێبە ڕەنگ برۆنزیە چییە، وا مشتومڕی لێ پەیدابووە.

یاسین عومەر، لە ناکاو دێتە تەنیشتمانەوە و پێمان دەڵێت: ئێرە نیشاپوورە.

دلاوەر قەرەداغی، بە دڵە پڕ لە خۆڵەمێشییەکەیەوە، ڕادەمێنێ لە دوورەوە.

من دەزانم لە فەیسبووکەوە: ئەحمەدی مەلا، چاوی بڕیوەتە ئەو کتێبەوە.

ئێ هێندە ستایشی ئەو کتێبە بکەین، بەردەبێتەوە و دەکەوێتە بەرپێیەوە.

ئیدی تێڕادەچێ، هەژاریش وادەزانێ گاڵتە دەکەین و بەدەرێمان دەنێ.

وە ڕێ دەکەوین بۆ پێشانگای کتێب، لە قاوەخانەی کولتووری یان کافێ بێ.

گونیەیێك تاودەدەینێ بۆ دزینی کتێب، لەتیف هەڵمەتیش پێمان پێبکەنێ.

هەستیش دەڵێت: ئاوهایە عیشق، کتێبێك ون بێت، دەبێ گونیە پڕ بێ.

لەوکاتەوە: خاچاخچێتی دەکەین، بە بەلاش کتێب بۆ خوێنەر ئاودیو دەبێ.