لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان 

گیاجاڕەکەی سامانتا پەڵە زەوییەکی سێگۆشەی سەوز و نەرمان بوو، هەر وەک فەڕشێک لە بناری تەپۆڵکەیەک راخرابوو. لای خوارووی ئەم زەوییە هەر لە' ئۆویدۆ'وە بۆ' گیجون' هەتا سەر رێگەی ئاسنەکە کشابوو. 

 

 

ماڵاوا لاکۆردێرا  

              

لیۆپۆڵد ئالاس      

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان                                                                      

 

ئالاس کە زۆرتر بەناوی خوازراوی "کلارین"ەوە، دەینووسی، لە زامورا لەدایک بووە. ئەو لە پێشدا یاسای خوێند، دوایی چووە مادرید، لەوێ وەک رۆژنامەنووس و رخنەگری ئەدەبی دەستیکرد بەکار. ماوەیەکیش وەک مامۆستای ئابووری سیاسی و دوایی مامۆستای یاسا کاری کرد.

خزمەتی گەورەی ئالاس بە ئەدەبی سپانیایی ئەو چیرۆک و داستانانەن کە نووسیونی. ئادیۆس کۆردێرا! بە پێچەوانەی نووسینە درێژەکانی تری، چیرۆکێکە ئارام و ناسک، بێئەنداز سادە و دڵڕفێن .

 والتێر برووکس ئەم چیرۆکەی کردوویە بە ئینگلیسی.

 

                   ماڵاوا کۆردێرا

ئەوان سێ کەس بوون. هەمیشە هەر ئەو سیانە: رۆزا، پینین و لاکۆردێرا.

گیاجاڕەکەی سامانتا پەڵە زەوییەکی سێگۆشەی سەوز و نەرمان بوو، هەر وەک فەڕشێک لە بناری تەپۆڵکەیەک راخرابوو. لای خوارووی ئەم زەوییە هەر لە' ئۆویدۆ'وە بۆ' گیجون' هەتا سەر رێگەی ئاسنەکە کشابوو. کۆڵەکەیەکی تەلگراف لە سووچێکی ئەم زەوییە، وەکوو دارئاڵایەک دنیای دەرەوەی بە رۆزا و پینین نیشان ئەدا؛ دنیایەکی نەناسراو، ناڕوون و پڕمەترسی.

پینین دوای تەماشا و وردبوونەوەیەکی زۆر لەم کۆڵەکە، هەروا کە رۆژانی پێشووش خامۆش و بێئازار دیبووی، هاتبوە سەر ئەم بڕوایە کە ئەمە بێجگە لە دارێکی وشکەڵ، هیچی تر نییە. ئەو پیاڵە شووشەییانەش بەسەریەوە، دەبێ بەری سەیری ئەم دارە بن. بۆیە غیرەتی بەرخۆی نا و تا لای سیمەکان پیایدا هەڵگەڕا. بەڵام قەت نەگەیشتە لای پیاڵە شووشەکان، چونکە ئەم پیاڵۆکانە دەفرە پیرۆزەکانی کلیسایان ئەهێناوە بیری و سامێک دایگرت. ئەم سام و ترسەشی لە کۆڵ نەبۆوە، تا داخزایە خوارەوە و پێی گەیشتە سەر چیمەنە سەوزەکە.

رۆزا وەک هاوڕییەکەی ئازا و بێباک نەبوو. ئەو زۆرتر حەزی لەو دنیا نەناسراوە بوو، دڵخۆش بوو بەوەی چەند ساتێک لەسەریەک لە بن ئەو دارە تەلگرافە دانیشێ و گوێ هەڵخا بۆ ئەو دەنگە سەیر و نائاساییەی لەو تەلانەوە هەڵئەستا و تێکەڵ بە سروەی ئەو بایە دەبوو کە لە نێو دڵی ئەو نزارەوە دەهات.

جارجارێ ئەم دەنگدانەوانە وەک مووزیک بوو، هەروەها بۆ رۆزا سرتە سرتێک بوون کە لەو تەلانەدا، لە شوێنێکی نادیارەوە  بۆ شوێنێکی نادیار دەچوون. رۆزا مەراقی ئەوەی نەبوو بزانێ ئەو خەڵکە لە دوو جێگای دوور لەیەک لەو دنیایەدا چی بەیەک دەڵێن. ئەمە بۆ رۆزا گرینگ نەبوو؛ ئەو تەنیا گوێی ئەگرت بۆ ئەو دەنگە، ئەو دەنگە ئەفسووناوی و سامناکە.

 لاکۆردێرا تەمەنێکی لێ رابردبوو؛ بێ ئەملاولا لە هاوڕێکانی قەیرەتر بوو. ئەو خۆی لەو دنیا دوورەپەرێز دەگرت. لە دوورەوە کە ئەیڕوانی بۆ ئەو دارتەلە، شتێکی بێگیانی ئەهاتە بەرچاو کە تەنیا بۆ ئەوە باش بوو ملی خۆی پێ بخورێنێ.

لاکۆردێرا مانگایەک بوو بەتەمەن، بە چەندان سەعات لەو مێرگەدا پاڵئەکەوت و خەریکی بیرکردنەوە بوو تا خواردن. ئەو حەزی لە ئارامی ژیان، لە ئاسمانی شین، لە ئاشتی و هێمنی سەر زەوی بوو. ئەو بە دوای باشکردنی بیری خۆیدا دەگەڕا.

لاکۆردێرا تێکەڵ بە کایەی ئەو مناڵانەش دەبوو کە ئەرکیان ئاگاداری  لەو بوو؛ کە وریا بن لەوڕگە بەجێنەهێڵێ و بەسەر پەرژینەکەدا باز نەدا و وێڵ نەبێ بەسەر ئەو ڕیگا ئاسنەدا. ئەو زۆر پێکەنینی بەم بیرکردنەوە و تاوانبارکردنانەدا دەهات. وەک ئەوەی بڵێی هەر ئێستا ئامادەی بازدان بێ! ئەرێ بۆچی دەبێ ئەو ئەمکارە بکا؟

خۆشی ئەو ئەوەبوو بە ئارامی بلەوەڕێ، بێ ئەوەی سەر هەڵبڕێ و بەخۆڕا بەملاولای خۆیدا بڕوانێ؛ بەوردی قەپاڵە گیاکانی خۆی هەڵبژێری و دوایی بچێ لێی پاڵکەوێ و بیر بکاتەوە لە خۆشی ژیان. ئەمە هەموو ئەو شتە بوو کە ئەو سەرنجی ئەدایێ. ئیتر ئەو شتانەیتر بەلایەوە کارێکی گران و مەترسیدار بوون.

ئاسوودەیی مێشکی ئەو تەنیا لە دەسپێکردنی ئەو رێگا ئاسنەدا شێوا بوو، کاتێک کە تەنیا خۆی ئەبێ و دیتبووی یەکەم قەتار بەوێدا دەڕوا، لە ترسانا بەسەر دیوارە بەردینەکەدا بازی دابوو و تێکەڵ بە گاگەلی ماڵە دراوسێکەیان لە مەزراکەی تەنیشتیان ببوو.

لاکۆردێرا ئەم ترسەی بۆ چەند رۆژان هەر لا مابوو، دوای ئەوەیش هەر جارێک کە قەتارەکە لە تونێلەکەوە دەرئەکەوت ئەم ترسە کەم و زۆر بۆی ئەگەڕاوە.

وردەوردە لاکۆردێرا بۆی دەرکەوت قەتارەکە بێوەیە، مەترسییەکە دێ بەلایدا، کارەساتێکە هەڕەشە دەکا بەڵام نایەتە پێش. بۆیە لە وریاییەکەی خۆی کەم کردەوە و بە سەردانەواندن شێوازی بەرگری نەدەگرتە خۆ. دواییەکانیش بەبێ چاوترووکاندن چاوی ئەبڕیە قەتارەکە بێئەوەی هەستێتە سەر پێیش. بەمجۆرە کۆتایی هێنا بە رق و بێزارییەکەی و ئیتر هەر تەماشایشی نەدەکرد.

ئەم رێگە تازە پەیدابووە، هەستێکی زۆرتری لای رۆزا و پینین دروست کردبوو. لە پێشدا ببوە هۆی جۆش و خرۆشێکی تێکەڵ بە ترسێکی پڕوپووچ؛ منداڵان وەک شێتان بە دەوری ئەم رێگا ئاسنەدا هەڵدەبەزین، بە زریکاندن و قیژاندن هەستی خۆیانیان دەڕشتە دەر. دواییش جۆرێ ئارامی و بێدەنگی دایدەگرتن. ئەمکارە رۆژی چەند جاران، هەر جارێک کە ئەیانبینی ئەم مارە ئاسنینە مرۆڤ بەکۆڵە لەسەر ئەو رێگایەدا بەخێرایی دەخزێ و بەلایاندا تێدەپەڕێ، لە سەرڕا دووبارە دەبۆوە. بەڵام ئەم رووداوانە ماوەیەکی کورتیان ئەخایاند. دیسان هەموو شتێک لەو دەریای خامۆشی و بێدەنگیی گیاجاڕەکەی سامانتا، کپ و خامۆش دەبۆوە. ئیتر نەگیاندارێك دەهاتە بەرچاو و نە دەنگێکیش لە دنیای دەرەوە دەهاتە بەر گوێ.

هەموو رۆژێک بەیانان ئەم دوو منداڵە لەگەڵ چێڵەکەیان لە ژێر تیشکی گەرم و بەتینی هەتاودا و لە نێو ویزەویزی مێش و مەگەز و کۆمەڵێ جڕو جانەوەری دیکەدا، چاوەڕوانی نزیکبوونەوەی نیوەڕۆیان دەکرد بۆ ئەوەی بەرەو ماڵەوە بگەڕێنەوە.  بە دوانیوەڕۆ درێژ و مەلوولەکانیش هەر چاوەڕێی هاتنی شەو دەمانەوە.

سێبەرەکان درێژ دەبوونەوە، باڵدارەکان ئارام و بێدەنگ دەبوون، لە تاریکترین گۆشەی ئاسماندا دەنک دەنک ئەستێران لێرەو لەوێ دەردەکەوتن.

رۆحی ئەم دوو منداڵە سروشتێکی بە شکۆیان لە پاکی و بێگەردی دەرئەخست، کە بێدەنگ و خامۆش بەلای لاکۆردێراوە دادەنیشتن. تەنیا زرنگەی زەنگی ملی مانگاکە بوو ئەم کپی و بێدەنگییەی دەشکاند.

ئەم منداڵانە کە وەک دوو لەتی میوەیەکی سەوز لەیەک جیانەکراوە بوون، بەهۆی ئەو زانیارییە کەمەی لەوانا دیار بوو و کردبوونی بە دوان

لە هەستێکی ناسک و گەرمدا یەکیان دەگرتەوە. ئەم هەستە، لاکۆردیرا؛ ئەو مانگا دایکەشی گرتبۆوە کە تا ئەو جێگەی دەیتوانی بە شێوەیەکی نەدوو هەست و سۆزی خۆی بۆ ئەو دوو مناڵە کە ئەرکیان ئاگاداری لەو بوو، دەردەبڕی. ئەو مانگایە ئارامی و لەسەرخۆییەکی زۆر باشی بەرانبەر بەو دوو مناڵە پێشان ئەدا، ئەم ئارام و لەسەرخۆییە، یارییە خەیاڵییەکەشیانی دەگرتەوە. ئەو ملکەچ بوو بۆ ئەو خوو و نەریتە نەزۆر نەرم و هێمنەش. بەمەش پیشانی ئەدا لە هەموو کاتێکدا بەتەنگ راگرتنی دڵیانەوە هەیە.

ئانتۆن دو چینتا، باوکی ئەم منداڵانە لەم دواییانەدا، ببوە خاوەنی گیاجاڕەکەی سامانتا. لاکۆردێراش لەو مافە تایبەتیەی کە لەم لەوەڕگە خۆشە هەیبوو، زۆر دڵخۆش بوو. لەوە پێش ناچار بەلای ئەم رێگەوبانانەدا دەخولایەوە و بژێویی خۆی لەو گژوگیا کەمەی ئەو قەراخانە پەیدا دەکرد. لە کاتی دەستکورتی و نەبوونیشدا، ئەوە پینین و رۆزا بوون، بەشوێن لەوەڕێکی باشەوە بوون بۆی و  لە زۆر باری دیکەشدا، ئاگادارییان لێدەکرد؛ نەوەک لە کاتی گەڕان بۆ لەوەڕ لەسەر زەوییە گشتییەکان، تووشی زیانی خورۆیی و کاری ئابڕووبەرانە بێت. لە رۆژانی برسییەتی و دەستپێوەگرتنیشدا، کە ئالیک لە گەوڕەکەی کەم دەبۆو و شێلم نەدەبوو ببێتە خۆراکی، ئەم مانگایە منەتباری خزمەتی ئەم منداڵانە بوو کە ژیانیان بۆ ئاسان دەکرد.

لە ماوەی نێوان لەدایکبوون و لە شیربڕینەوەی گوێرەکەکەیدا کە بەناچار ئەم پرسیارە دەهاتە پێش؛ ئەم بنەماڵەیە چەندیان شیر دەبێ و  چەندیش بۆ گوێرەکەکەی پێویستە، ئەمە رۆزا و پینین بوون کە هەمیشە لایەنی لاکۆردێرایان دەگرت و بەدزیەوە گوێرەکەکەیان بەرئەدا؛ ئەویش لە خۆشیانا بەپەلە و بە لارەلار، بۆ شیرمژین، بەسەر هەر شتێکی لەبەر پێیدابوو دەچووە ژیر ئەو سکەزلەی دایکی. ئەویش بە نیشانەی سپاس و پێزانین بە نیگایەکی میهرەبانانەوە، سەری ئەگێڕا بۆ لای مناڵەکانەوە.

ئەم پێوەندیانە نابێ بپسێن و ئەم بیرەوەریانەش نابێ بسڕیێنەوە.

ئانتۆن دو چینتا بەو ئاکامە گەیشتبوو کە لەژێر ئەستێرەیەکی کڵۆڵدا لە دایک بووە. بەم وردەوردە گەوڕەکەی پەرە ناستێنێ و خەونە شیرینەکانی نایەنە دی؛ چونکە پەیداکردنی مانگایەک بە هەزار کوێرەوەری و دەست پێوە گرتنێک، نەتەنیا ناتوانێ بیانکا بە دوان بەڵکوو سەرئەنجام ئەکەوێتە ژیر باری گرانی قەرزیشەوە.

بۆیە تەماشایەکی لاکۆردێرا؛ تەنیا سەرمایەی ژیانەکەی کرد و بەپێجەوانەی ئەو راستییەی کە لاکۆردێرا وەک ئەندامێکی بنەماڵەکەی بوو و ژنەکەی لەدوا هەناسەیدا وەک کۆڵەکە و پشتیوانی ژیانی داهاتووی مناڵەکانی سەیری کردبوو؛ ئەیزانی دەبێ بفرۆشرێ.

دایکی منداڵەکان کە لە دیوێکی تەنراو بە لاسکی گەنمەشامی لە گەوڕەکە جیا کرابۆوە، لەسەر جێی مردنا کەوتبوو، بە پەرۆشەوە ئاوڕی دابۆوە لە لاکۆردێرای وەک ئەوەی بە بێدەنگی لێی بپاڕێتەوە کە ببێتە دایکی دووهەمی مناڵەکانی و ئەو خۆشەویستی و هەستە گەرمەیان بداتێ کە باوکیان پێێ نەدەزانی.

ئانتۆن دو چینتای باوکیان بە شێوەیەکیتر ئەمەی هەست پێدەکرد. لە ئەنجامدا هۆی پێویستیی فرۆشتنی مانگاکەی بە منداڵەکان نەگوت.

رۆژیکی شەممە بەیانی زوو، بە سوود وەرگرتن لەوەی کە هێشتا رۆزا و پینین لە خەودان، بە دڵێکی پڕ لە خەم لاکۆردێرای بەرەو گیجون پێش خۆیدا.

کاتێ منداڵەکان لە خەو هەستان هۆکاری رۆیشتنی لەناکاوی لاکۆردێرایان لا سەیر بوو. بەڵام ئەوان دڵنیا بوون لاکۆردێرا بە پێچەوانەی مەیلی خۆی رۆیشتوە؛ وەختێک ئێوارە باوکیان ماندوو و تۆزاوی مانگاکەی هێناوە، هیچی لەبارەی هۆی بزربوونەکەی نەدرکاند، منداڵەکان هەستیان بە مەترسی کرد.

مانگاکە نەفرۆشرابوو. ئانتۆن دو چینتا بە زمانبازی و دووانێکی نەرم و ناسک نرخێکی وا زۆری لەسەر لاکۆردێرا دانابوو، هیچ کڕیارێکی لێڕابینراویش ئەو بەهایەی نەدابوو کە ئەو پێی لەسەر داگرتبوو.

ئانتۆن دڵی خۆی بەمە ئەداوە کە بەڕاستی دەیهەوێ مانگاکەی بفرۆشێ بەڵام ئەوە کڕیارەکانن کە بەهای شیاوی لاکۆردێرای پێنازانن. بۆیە لەگەڵ چەند کەس لە جووتیارانی دراوسێیدا بە تاقیکردنەوەیەکی کەم و زۆر سەختەوە بە گوێرەی ماوەی ئاشنایەتی نێوان خاوەن و گیاندارەکە، ئاژەلەکانیان بەرخۆیاندا و گەڕانەوە ماڵەوە.

لەو رۆژەوە کە پینین و رۆزا لە کەموکووڕی و ناتەواوی زەخیرەی ماڵیان بەگومان کەوتن، ئیتر ئارامیان لا نەمابوو؛ ئەم ترسەیان هەر زوو بەڕاست گەڕا کاتێک خاوەن زەویوزارەکە بە هەڕەشە و گوڕەشەی دەرکردن لێیان پەیدا بوو.

کەواتە لاکۆردێرا دەبێ بفرۆشرێ، رەنگە بە نرخی ناشتایەک.

یەکشەممەی داهاتوو پینین لە تەک باوکیا چوو بۆ بازاڕی شارەکەی نزیکیان. ئەم مناڵە لەوێ بە ترسەوە ئەیڕوانییە ئەو قەسابانەی هەموو چەقۆی سەربڕینیان بەبەر کەمەرەوە بوو. لاکۆردێرا بە یەکێک لەمانە فرۆشرا. دوای ئەوەی نیشانە کرا، گەڕانیانەوە بۆ گەوڕەکەی خۆی. لە رێدا زەنگۆڵەی ملی لاکۆردێرا زۆر بە خەمگینی زرینگەی دەهات.

ئانتۆن مات و بێدەنگ بوو، چاوی کوڕەکەی سوور و ئاوسا بوو. رۆزا بە بیستنی هەواڵی فرۆشتنی لاکۆردێرا دەستی کردە ملی و دایە پڕمەی گریان. ئەو چەند رۆژە خەم باڵی کێشابوو بەسەر گیاجاڕەکەی سامانتادا. لاکۆردێرا بێئاگا لە چارەنووسی خۆی هەروا ئارام و لە سەرخۆ مابۆوە، وەک ئەوەی لە توانایدا بێ بەرەورووی ئەو کاتە بێتەوە کە زەبری بێبەزەییانەی تەورەکە لە ملی دەدرێ؛ پینین و رۆزا کارێکیان بۆ لە دەست نەدەهات، خەمناک و بێ ئومێد روو لە داهاتوویەکی نادیار لەسەر ئەو گیاسەوزە راکشابوون.

 ئەوان بە رق و بێزارییەوە دەیانڕوانییە ئەو سیمە تەلگرافانە و ئەو قەتارە، کە هی دنیایەک بوون دوور لە تێگەیشتن و سەرلێدەرچوونی ئەوان؛ دنیایەک کە تەنیا هاوڕێکەیانی لێ دزیبوون.

چەند رۆژ دواتر، لێکجیابوونەوەکە هاتە پێش؛ قەسابەکە هات و ئەو پارەیەی هێنابوو کە رێککەوتبوون لە سەری. ئانتۆن فەرمووی کرد بۆ خواردنەوەی قومێ شەراب، باسی باشییەکانی مانگاکەی بۆ دەکرد. ئانتۆن نەیدەزانی لاکۆردێرا ناچێ بۆلای خاوەنێکی دیکە تا بەباشی ئاگاداری لێبکەن، ئەو سەرخۆشی شەراب و گیرفانە پڕ لە پووڵەکەی بوو. هەر بە شان و باهۆی مانگاکەیدا هەڵیدەگوت؛ چەندە شیر دەدات و چەند  بە هێزە لەژێر نیر و کاتی جووتکردندا. گوێگرەکەی تەنیا زەردەخەنەی بۆ دەکرد. ئەو دەیزانی چ چارەنووسێک چاوەڕوانی مانگاکەی دەکا.

پینین و رۆزا دەستی یەکتریان گرتبوو، لە دوورەوە سەیری ئەم دژمنەیان دەکرد، بە خەمگینی بیریان لە رابردوو و لە بیرەوەرییەکانی لاکۆردێرا دەکردەوە. سەرەنجام بەرلەوەی لاکۆردێرای بەرنە دەرەوە خۆیان خست بەسەر ملیدا، تێر و پڕ ماچیان کرد. ئەوان تا مەودایەکیش لەو رێگە باریکەدا بە دوایدا رۆیشتن، لەگەڵ قەسابە بێدەربەستەکە و مانگا نابەدڵەکە دەستەیەکی مەلوول و دڵتەنگیان پێکهێنابوو. دوایی راوەستان، لاکۆردێرایان تا وردەوردە لە سێبەری پەرژینەکان ونبوو، بەچاوان بەڕێکرد.

دایکە شیرییەکەیان بۆ هەتاهەتایە لە دەست چوو.

'' خوات لەگەڵ، کۆردێرا''، رۆزا بەدەم گریانەوە ناڵاندی. خوات لەگەڵ کۆردێرا، دڵەکەم.

''خوات لەگەڵ کۆردێرا'' پینین دووپاتی کردەوە، لەبەر دەروونی پڕسۆزی دەنگی لە گەروویا تاسا. دەنگی زەنگۆڵەکەی ملی لاکۆردێرا لە دوورەوە دەهاتە گوێ وەک ئەوەی بە دڵتەنگییەوە بڵێ: ماڵاوا هاوڕێکانم. دواییش دەنگی زەنگۆڵەکە لە نێو دەنگەکانیتری شەودا ونبوو.

 رۆژی دواتر بەیانی زوو پینین رۆزا چوونە مێرگەکەی سامانتا. هەتا ئێستا ئەم شوێنە ئەوەندە چۆڵ و کاول نەهاتبوە بەرچاویان. کوتوپڕ لە دەم تونێلەکەوە دووکەڵ دەرکەوت.، دوایی قەتارەکە هات. لە قەفەسەیەکی پەنجەرەداردا کۆمەڵێ رەشەوڵاخ دەبینران.

مناڵەکان مستەکۆڵەیان روو بە قەتارەکە راوەشاند، زیاتر لە هەموو کاتێک دڵنیا بوون لە تاڵانکەری و چاوبرسییەتی ئەو دنیایە.

'' ئەوانە ئەیبەن بۆ سەربڕین!"

'' خوات لەگەڵ کۆردێرا!"

خوات لەگەڵ کۆردێرا!"

رۆزا و پینین بە رق و بێزارییەوە چاویان لەو ڕێگە ئاسن و دارتەلگرافە دەکرد، کە سەمبولی ئەو جیهانە زۆردارەی بوون، هاوڕێی چەند ساڵەی لێ رفاندن. هەر بۆ ئەوەی ئارەزووی نەوسنی و چاوچنۆکییان دامرکێنێ.

'' خوات لەگەڵ کۆردێرا!"

'' خوات لەگەڵ کۆردێرا!"

 

 

 Bilderesultat for goodbye images

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بازدید: 1104