ئامادەکردنی سایتی قەڵەم

نیگەرانى و خەمى وجوودى (وەک تۆ دەیڵێى) وام دێتە بەرچاو لێڕامانێکى نەختێک کۆن  بێ لە چاو  ئەو بارەى مرۆڤى هاوچەرخى تێکەوتووە. لێرە ناچارم ئاوڕێک لە (زەمەن) بدەمەوە کە لە پرسیارەکانى تۆدا (لە نێوان دوو کەوانەدا) خۆیان حەشارداوە.

 

وتووێژ لە گەڵ شاعیر، نەژاد عەزیز سورمێ

ئامادەکردنی سایتی قەڵەم

ـ "لە یادمانی گوڵە بڵێسەدارەکانەوە" دەکەینە بیانوو بۆ کردنەوەی سەری قسەو باسێکی کورت بەڵام پوخت لە گەڵ کاک نژاد. دەتوانین بڵێین شیعرەکە لە فەزایەکی نێوان سێ کوچکەی "نائومێدی ـ خەمی وجوودی ـ توڕییەکی ژێربە ژێری" دا دێت و دەڕوا. نژاد عەزیز سورمێ بناخەکانی ئەم فەزایە لە کوێوە دەگوازێتەوە بۆ ناو شیعرەکانی؟

ـ لە لۆژیک و نالۆژیکیەکانى ژیان، لەو دەزگا پێک بەستراوەى مرۆڤ ناوى ناوە شارستانیەت، بە هەردوو ڕووى پێشڤەبڕ و پاشڤەبڕییەوە،... تۆ باسى قەسیدەیەکى دیاریکراوت کردووە، بەڵام با ئێمە هەڵوەستەیەک بکەین داخۆ شیعر لە ئەزەلەوە  ئەوەى تۆ نووسیوتە- نائومێدى و خەمى وجوودى و توڕەیى - کە من ڕاکردن بەرەو (خود) و شەڕى نەبڕاوە لەگەڵ (زمان)یشى دەخەمە پاڵ.

داخۆ لە ئەزەلەوە ئەو چەمکانەى لە کۆڵ نەبووە؟ مەگەر ئەدەبیاتى سۆمەرى ئەوەندە هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ کرداریان لەو کیڵگانەدا شین نەبووە؟ ئەوە شەڕێکى بەردەوامە لەگەڵ خوددا و بەردەوامیش دەبێ. بە لاى منەوە شیعر ساوێکى هەیە کە نهێنیە تەلسماوییەکەى پێیە، کە رۆژێک لە ڕۆژانیش نووسینیان بە کۆڵەگەکانى کەرامەتى مرۆڤ پێڵوز کردووە، دیارە خۆڕایى نەبووە، بەڵکو سرووشێک بووە بە ئاراستەى هەڵگەڕان بەو ساوە... بەو ئاهەنگە تەنیایانەى خود لە خودى گێڕاوەتەوە... زەماوەندى گەشبینیە، بە کەژاوەیەکى خەمبِار بەڕێوە دەچێ.

نیگەرانى و خەمى وجوودى (وەک تۆ دەیڵێى) وام دێتە بەرچاو لێڕامانێکى نەختێک کۆن  بێ لە چاو  ئەو بارەى مرۆڤى هاوچەرخى تێکەوتووە. لێرە ناچارم ئاوڕێک لە (زەمەن) بدەمەوە کە لە پرسیارەکانى تۆدا (لە نێوان دوو کەوانەدا) خۆیان حەشارداوە .

چەمکى  زەمەن نەک وەک کوشتنى رابردوو، چەمکى زەمەن لە پرۆسەى ئاڵۆزى داهێناندا کە ڕەنگە زۆرجار بە لاى ڕەهایەتیدا بشکێتەوە، لەوەى پەیوەندى بە کەڵەکەبوونى مێژوو و دەرکەوتنیان لە شێوە و ڕەهەندى دییەوە هەیە.

لێڕەڕا هەستکردن بە زەمەن لەو باوەڕەدانیم (باوەکو تێیدا بژین) بە هەستى خۆڕسک لە مەوداکانى بگەین، هەر ئەوەیشە زەمەنى هونەرى لە زەمەنى تاک ڕەهەند یا هەندێ جار بێ رەهەند و رووت جیا دەکاتەوە و داهێنەر و بۆرە نووسەر لێک هەڵداوێرێ. چونکە زەمەنى هونەرى بە تەنیا ئەو دەستەواژانانە نین کە لە پرسیارەکەى تۆدا هاتووە، ئەدى زمان و تەکنیکى نووسین چ لێ دەکەى؟ لە سەرووى هەمووشیانەوە بینیینى دیاردە بینراوە هەستپێنەکراوەکان کە لە درەوشانەوەیەکى عاریفانەدا خۆیان دەنوێنن. ئێمە نەوەى ئەو چەرخەین، بەڵام تۆ بڕوانە هەر چاخێک و سەردەمێک تایبەتمەندایەتیەکى بە پێى دەرهاوێشتیەکانى هێناوە. ئەمە نهێنى ئەو بەردەوامیەیە کە لە پێشدا باسم کرد. تۆ نەژاد بە چى تێدەگەى کە دەپرسى بناغەى ئەم فەزایە (فەزاى شیعرەکان) لە کوێوە دەگوازێتەوە؟ بڵێى پاشى 6 کۆشیعر، تەنانەت لەوانەى لە شاعیرانى دیکەشى کردووە بە کوردى هیچیانت دیوە خاڵى بێت لەو هەست کردنە بە رەهەندى (زەمەن)؟ یا لەگەڵ مەودا لەترکزەکانى خۆیان نەهاتبنەوە، بە هەموو  ڕووە ڕەش و سپییەکانەوە، کە ئەوەش دەڵێم پێشەنگاکانى  کۆلاژم بیرناچێتەوە، وەختى گەیشتوومەتە وێستگەیەک زمانى تێدا دەستەوەدەستانە لە ئەفسوون و پیرۆزیم نەداوە، پەنام بۆ هونەرى کۆلاژ بردووە چونکە هەمیشە پێم وابووە تەنێ شیعر دەتوانێ خاکى زمان بکێڵێ. کە هەندێ جار بە هەر هۆیەکە شاعیر لە تێگەیشتنى ئەم ڕەنگە پێشهاتانەدا دواکەوت و پەناى دى نەدۆزیەوە دەمرێ. من نازانم جەنابت کێى کە بە ناوى سایتى قەڵەمەوە پرسیارەکانت ناردوە، هیوادارم ئەگەر تاقەتت هەبوو وەختێک بە کۆشیعرەکانم دا بچییەوە گومانم نییە وەڵامى ئەم پرسیارە و هى دیکەش کە ڕەنگە نەتکردبێ دەست کەوێت.

ـ بە خوێندنەوەی شیعرەکانت جۆرێک لە کپی و مەنگی خوێنەر دادەگرێ. جۆرێک لە راوەستان و بیرکردنەوە لەوەی گوزەرا و لەوەی دەگوزەرێ. ئایا سورمێ دەیەوێ بە جۆرێک ماناکانی داهاتوو لەم راوستانانەدا بدۆزێتەوە؟

ـ لە هەر شوێنێکدا بووبم بە شیعرم نەگۆڕیوەتەوە. لەوەتەى فامم کردووە چاوم لە ئایندە بووە، پێشم وابووە داهێنان لە سادەترین ناسینەوەیدا مومارەسەکردنى ئازادییە. ئەگەرچى دڵگرانیشم بەوەى هەراو ژاوەژاوى تەکنەلۆژیاى سەردەم و میدیاى سەقەت خەریکە جێ بە بیروبۆچوونى جیددى لەق بکا. بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا بڕوام بە وزەى (فرد – تاک) هەبووە و هەیە. ڕەنگە ئەمە شەڕێکى قورس و لاسەنگ بێت لێ پێم وانیە پەشیمانى بە دواوە بێت.

هەمیشە وام بیرکردووەتەوە باجیشم داوە و بەردەوامیشە. ئەگەر حەزیش بکەى زیاترم لێ حاڵى بی پێم خۆشە هەر بە نموونە هەردوو قەسیدەى (باویشکەکانى مێژوو)  و (ڤاڵسى شەوە خایینەکان) بخوێنیەوە، بە تایبەتى مێژووى نووسین و بڵاوکردنەوەیان کە بۆ ئەم پرسیارەتان بێ سوود نییە .

 

ـ راوەستانەکانت خۆ لە قەرەی پرسیارە بنەڕەتییەکان دەدەن (بۆ وێنە نەگەیشتن بە مرۆڤ). ئەم نەگەیشتنە لای تۆ ئەبەدییە یان شوێنێکە لە نێوان "شکان و نەشکاندا"؟

ـ شاعیر مەلە لە دەریاى زماندا دەکا، لێرەشدا دووبارەى دەکەمەوە، ئێمە نەوەى چەرخى خۆمانین، بە قەد خوێندەوارى و حاڵى بوونم لە مێژوو زۆر کەمن ئەوانەى دەگەنە مرۆڤ. (مرۆڤ) ى لێرەدا جێى باس مەودایەکى عیرفانى دراوەتێ، بەڵام لە شێوەى مرۆڤدا، کە شارستانیەتى پێکەوە ناوە، کە بەرگرى لە ژینگە کردووە لەسەر مرۆڤى کردووەتەوە و نانى پەیدا کرددوە و ماندوو بووە.

شاعیر ئازادە، بەڵام هیچى لەسەر نەبێت لەسەریەتى لە هەوڵە تێپەڕێنەرەکانیدا ماندوو نەبێ لانى کەم هەوڵ بدا لە خۆى تێپەڕێ.

ئەو (مرۆڤ) ە بۆ بەرگرى لە مرۆڤدا هاتووە، ئەوەى نایگەینێ، ئەوەى بە ئومێدەوە بەرگى سیزیفى پێ دەپۆشین، ئەوەى لە نێوان (شکان و نەشکاندایە) هەر ئەوەیشە ئەو مەودا عیرفانیەى لە باسى جیاوازیدا هێنامانەوە، چونکە دیارە عاریفان تا پلەى (وحدە  الوجود) دەڕۆن بەڵام بە ئاراستەیەکى دیکە. لێڕەڕا شاعیرانى بەهرەمەند و هونەرمەند (زمان)یان - کەمن بە دەریا چوواند - بە ڕۆحى قەسیدە  زانیوە.

ـ راوەستانەکانی شاعیر چەندە پێوەندی بە دۆخی باوی کۆمەڵایەتییەوە هەیە؟

ـ ئەگەرچى شاعیر لە رووى فیزیکییەوە سەر بە کۆمەڵێکى دیاریکراو بێت، بەڵام داهێنان پرۆسەیەکى بەتەنێییە.  ئەم کێشەیە. لە ناوەندى کوولتوریدا حەفت و هەشتى زۆرى لەسەر کراوە کە تا چەند شیعر پەیوەندى بە دۆخى کۆمەڵایەتیەوە هەیە، یا پێویستە هەیبێ؟ ئێستا پرسى سیاسى روتیشى هاتۆتە پاڵ، ڕاستى ڕەنگە لە دەسپێکى نووسیندا حسابێکم بۆ ئەم پرسە کردبێ بە پێى هۆشیارى ئەوسا بەڵام ئەمە دەمێکە نە سەرنجم رادەکێشێ نە جێى بایەخ، چونکە پێم وایە ئەم کێشەیە لە دەرەوەى وەزیفەى شیعرە، ئەگەر لە ئەساسدا بڕوامان بەوە هەبێ کە شیعر وەزیفەى هەیە. بەدەر لەو سرووتە شاراوەى دەقەبەرى نووسینى دەکرێ و، مرۆڤ لە پرۆسەیەکى بەتەنێیدا لە یەکتەنى ئازاد دەکات .

 

 

 نەژاد عەزیز سورمێ

گەڕان بۆ بابەت