چیرۆک

دێوێکی خۆخواز

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

بەفر و سەهۆڵ بای باکووریشیان بانگ کردە لای خۆیان. بای باکوور خۆی لە کەوڵی ورچەوە پێچابوو، رۆژ تا ئێوارە لە نێو ئەو باخەدا لوورەی دەهات و کڵاوەی دووکەڵکێشی بانەکانی دەخستنە خوار و دەیگوت: "ئێرە شوێنێکی خۆشە دەبا تەرزەش بانگ کەین ببێتە میوانمان،" 

 

 

دێوێکی خۆخواز

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

 بریتانیا٨

ئۆسکار وایڵد

١٩٠٠ ـ ١٨٥٤

وایڵد ساڵی ١٨٥٤ لە دوبلین لە دایک بووە. کوڕی دایک و باوکێکی بەناوبانگە. دایکی ئۆسکار، خانمی وایڵد بەبۆنەی کتێبەکانی، چیرۆکەکانی ئیڕلەندی کەسێکی ناسراو بوو. یەکەم نووسراوەی

چاپکراوی وایڵد شیعرەکانی بوو لە ساڵی ١٨٨١ دا. دوای ئەمە هەتا ساڵی ١٨٩٥ ئەو چەند شانۆنامە، شیعر،وتار، رۆمان و کورتەچیرۆک و ئەفسانەی نووسی.

شێوازی نووسینی وایڵد هەرگیز بۆ مەبەستێکی باشتر لەو کۆمەڵە ئەفسانەیەی، کە چیرۆکی ' دێوی خۆخوازی' لێ هەڵبژێردراوە، بەکار نەبراوە.

ساڵی ١٨٩٥ وایڵد لە دادگایەکی ناوزڕاودا بە دووساڵ کاری گران مەحکووم کرا. دوای ئازادبوون گەشتێکی ئیتالیا و فرانسەی کرد . ساڵی ١٩٠٠یش لە پاریس مرد.

 

دێوێکی خۆخواز

 

هەموو رۆژێ دوانیوەروان کاتێ مناڵان لە خوێندنگە دەگەڕانەوە، بۆ کایە کردن دەچوونە باخی ئەم دێوە. باخێکی گەورە و خۆش و دڵگیر بوو، هەموو تەختی زەویەکەیشی سەوزەگیای نەرم دایپۆشیبوو. لە نێو ئەم چیمەنە سەوزەدا، لێرە و لەوێ گوڵی جوان جوان وەک ئەستێرە ئەدرەوشانەوە؛  دوانزە بنکە دارقۆخیشی لێبوو. بە بەهاران ئەم دارقۆخانە بە خونچەی ناسک بەرەنگی میخەکی و مرواری ئەگەشانەوە و بە پاییزانیش بەری خۆش و بەچێژیان پیادا بەرئەبۆوە.

پۆل پۆل باڵداران بەسەر ئەم دارانەوە ئەنیشتن، چریکەی واخۆش و دڵڕفێنیان لە گەروو ئەهاتە دەر، کە منداڵان یارییەکەیان ئەوەستاند و گوییان بۆ هەڵئەخستن.

منداڵان بە یەکتریان دەگوت: ''ئێرە چەند خۆشە"

رۆژێکیان مام دێو گەڕایەوە، حەوت ساڵ بوو لە دیدەنیی هاوڕێکەی 'کۆرنیش ئۆگر' بوو. پاش حەو ساڵان کە ئیتر هیچیان نەمابوو قسەی لەسەر بکەن، بڕیاری دابوو بگەڕێتەوە بۆ قەڵاکەی خۆی. کاتێ گەیشتە ماڵەوە، دیتی ئەوە منداڵان لە باخەکەیدا خەریکی کایە کردنن. زۆر تووڕە بوو. بەدەنگێکی ڕەق و گڕ نەڕاندی بەسەریانا: "ئێوە چی ئەکەن لێرە؟'' مناڵانیش لە ترسانا هەر یەک بە لایەکدا هەڵاتن.

مام دێو وتی: "ئەم باخە باخی منە، هەموو دەبێ تێبگەن بێجگە لە خۆم کەس رێگەی نییە لێرە کایە بکا." بۆیە دیوارێکی بەرز و بڵیندی بە دەوری باخەکەدا کێشا و تەختەیەکی ئاگاداری هەڵواسی.       

                پەرژین شکاندن قەدەخەیە

               لێپرسینەوەی دادگای هەیە

مام دێو ئێجگار خۆپەرست بوو. منداڵان ئێستاکە جێگەیان نەمابوو یاری لێ بکەن. ناچار بۆ یاری کردن، دەچوونە سەر رێگە و بانان. رێگاکانیش هێند تۆزاوی و بەردەڵان بوون حەزیان لێ نەدەکرد. کاتێک دەرسیان تەواو دەبوو، بە دەوری دیواری ئەم باخەدا دەهاتن و دەچوون، پێکەوە دەدوان و دەیانگوت: " ئای نێو ئەم باخە چەند خۆش بوو!"

 بەهار هات، لەمسەر تا ئەوسەری وڵات پڕ بوو لە گوڵ و باڵداری بچکۆڵە. تەنیا لە باخەکەی ئەم دێوە خۆویستەدا زستان هەر مابوو. مەلان حەزیان نەدەکرد لەوێ بخوێنن، چونکە لەوێ منداڵی لێ نەبوو. گوڵەکانیش لە بیریان چبوو بپشکوێن. جارێکیان گوڵێکی جوان لە نێو گیاکاندا سەری دەرهێنا، بەڵام هەر کە تەختەی ئاگادارییەکەی بینی، ئەوەندە بۆ منداڵان دڵی تەنگ بوو خێرا بەبێدەنگ سەری بردەوە ژوور و خەوی لێ کەوتەوە.

تەنیا کەسانێک لەم حاڵە خۆشحاڵ بوون بەفر و سەهۆڵ بوون. ئەوان هاواریان دەکرد: "بەهار ئەم باخەی لەبیر چووە، ئێمە دەتوانین هەموو ساڵەکە لێرە بمێنینەوە" بەفر هەموو گیاکانی بە باڵاپۆشە سپییەکەی داپۆشی و سەهۆڵیش دارەکانی بە رەنگی زیو رازاندەوە.

بەفر و سەهۆڵ بای باکووریشیان بانگ کردە لای خۆیان. بای باکوور خۆی لە کەوڵی ورچەوە پێچابوو، رۆژ تا ئێوارە لە نێو ئەو باخەدا لوورەی دەهات و کڵاوەی دووکەڵکێشی بانەکانی دەخستنە خوار و دەیگوت: "ئێرە شوێنێکی خۆشە دەبا تەرزەش بانگ کەین ببێتە میوانمان،" بەمجۆرە تەرزەش هات. تەرزە هەموو رۆژان، رۆژی سێ سەعاتان لەسەر بانی قەڵا شەقە شەق و تەپە تەپی بوو. زۆر لە تەختەبەردی سەر بانی  قەڵاکەی شکاند، دوایی بەنێو باخەکەدا دەگەڕا، هەر کوێ بیتوانیبا سەری پیا دەکرد. تەرزە جلێکی بۆزی لەبەردا بوو هەناسەشی هەر وەک سەهۆڵ دەچوو.

رۆژێکیان مام دێوی خۆویست لەبەر پەنجەرەکەی دانیشتبوو و دەیڕوانییە نێو باخە سارد و بەفرگرتووەکەی و لەبەر خۆیەوە دەیگوت: ''من تێناگەم بۆچی ئەمساڵ بەهار وا بەدرەنگ کەوتووە، هیوادارم ئاڵوگۆڕێک لەم هەوایەدا روو بدات."

بەڵام نەک بەهار نەهات، هاوینیش هەر نەهات. پاییز هات و میوەی زێڕینی بەخشی بە باخان، کەچی تاقە میوەیەکیشی نەبەخشییە باخی مام دێو.

 پاییز وتی: "مام دێو زۆر خۆخوازە." بۆیە لە باخەکەی هەمیشە زستان دەمێنێتەوە و بای باکوور  و تەرزەو سەهۆڵ و بەفر لەوێ لە نێو داراندا هەڵپەرکێیانە.

بەیانییەکیان کە مام دێو لە سەر جێگاکەی راکشابوو، دەنگی مووزیکێکی خۆشی هاتە گوێ. ئەم دەنگەی هێند لە گوێ خۆش بوو، بیری کردەوە دەبێ ئەمە دەنگی مووزیکژەنەکانی ماڵی پاشا بن لێرەوە دەڕۆن .

لە راستیدا ئەوە دەنگی باڵندەیەکی بچووک بوو لە پشت پەنجەرەکەوە دەیخوێند، بەڵام چونکە لەمێژ بوو جریوەی مەلێکی لە باخەکەیدا نەبیستبوو، لای وابوو ئەوە خۆشترین مووزیکی جیهانە. دوای ئەمە شەقە شەق و تەپە تەپی تەرزان لە بانان بڕا، بای باکوور لە لوورە لوور کەوت. لە پەنجەرە کراوەکەیەوە بۆنێکی خۆش هات بەسەریا. مام دێو لەبەرخۆیەوە گوتی: "وادیارە سەرەنجام بەهار هات." لەسەر جێگاکەی هەڵسا و روانی بۆ دەرەوە.  چیی بینی؟

مام دێو دیمەنێکی زۆر سەیری بینی. لە کونێکی چکۆلانەی دیواری باخەکەوە مناڵان خزابوونە ژوورەوە، لەسەر لک و پەلی دارەکان دانیشتبوون. مام دێو بۆ هەر دارێک کە دەیڕوانی مناڵێکی لەسەر بوو. دارەکان لە خۆشی گەڕانەوەی مناڵان گۆفکەیان کردبوو و گەشابوونەوە و پەل و گەڵاکانیان لە بان سەری منداڵان بە ئەسپایی دەلەراندەوە. باڵندەکان بەملاولادا دەفڕین و لە خۆشیدا جریوە جریویان بوو. گوڵەکانیش بەپێکەنینەوە لە نێو سەوزە گیاکانا سەریان هەڵبڕیبوو. دیمەنێکی سەیر و دڵڕفێن بوو، تەنیا لە گۆشەیەکی باخەکەدا زستان هێشتا هەر مابوو. ئەویش دوورترین گۆشەی باخەکە بوو، لەوێ کۆڕێکی بچکۆڵانە راوەستابوو. ئەم کوڕە ئەوەندە چکۆلانە بوو نەیدەتوانی بچێتە سەر لقی دارەکە، هەر بەدەوری دارەکەدا دەسووڕایەوە و بە دڵتەنگییەوە دەگریا. دارە هەژارەکەش هێشتا بەفر و سەهۆڵ بەسەریەوە هەرمابوو. بای باکووریش بە سەریا وژەی ئەهات.

"سەرکەوە کوڕە بچکۆڵ سەرکەوە." دارەکە گوتی و لقێکی ئەوەندە بۆ شۆڕ کردەوە کە کوڕەکە بتوانێ بچێتە سەری، بەڵام کۆڕەکە ئێجگار ورد و گچکە بوو. بە دیتنی ئەم دیمەنە، دڵی مام دێو نەرم بوو و بە خۆی گوت: "ئای لە من چەند خۆپەرست بووم. ئێستە ئەزانم بۆچی بەهار نەدەهاتە ئێرە. هەر ئێستا ئەچم ئەو کوڕە چکۆلانە ئەخەمە سەر پۆپەی ئەو دارە. دیوارەکەش ئەڕووخێنم. باخەکەم با بۆ هەمیشە جیگەی یاری مناڵان بێت."

مام دێو بەڕاستی لەوەی کە کردبووی پەشیمان ببۆوە. لەبەر ئەوە هاتە خوارەوە، دەرگای بەئەسپایی کردەوە و چووە نێو باخەکە. بەڵام مناڵان کە مام دێویان بینی، ترسان و هەموو هەڵاتن. زستان دیسان گەڕاوە نێو باخ، تەنیا ئەو کوڕە بچکۆڵانە بوو کە راینەکرد، ئەویش لەبەر ئەوەی چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک و دێوەکەی نەدەبینی کە دێت. مام دێو بە دزییەوە چووە پشت کوڕەکە و بە هێواشی بەرزی کردەوە و خستیە سەر دارەکە. دارەکە خێرا گەشاوە و باڵندەکان هاتنە سەری و دەستیان بە خوێندن کرد. کوڕە بچکۆڵ باڵەکانی کردەوە و لە ملی مام دێوی ئاڵاند و ماچی کرد. مناڵەکانی دیکە کە دیتیان مام دێو ئیتر تووڕە و بەدخوو نەماوە، بەڕاکردن گەڕانەوە، لەگەڵ ئەوان بەهاریش هاتەوە.

مام دێو رووی لەمناڵان کرد و گوتی: "مناڵەکان ئێرە ئیتر باخی ئێوەیە." ئەمەی گوت و پاچێکی هەڵگرت و دیوارەکەیشی رووخاند.

کاتێک خەڵکی لە سەعات دوانزەدا ئەچوونە بازاڕ، دەیان بینی ئەم دێوە لە جوانترین باخی ئەم جیهانەدا کە تا ئەو کات بینیویانە، لەگەڵ مناڵان خەریکی یاری کردنە. مناڵان بە درێژایی رۆژ کایەیان دەکرد ، ئێوارەش بۆ ماڵاوایی دەچوونە لای مام دێو.

"ئەی ئەو هاوڕی بچکۆڵانە کوا؟" مام دێو لێی دەپرسین. ئەو کوڕە بچکۆڵانەی لە هەموان خۆشتر دەویست، چونکەماچی کردبوو.

" ئێمە نازانین." مناڵان وەڵامیان ئەداوە؛ "رۆیووە،"

" پێی بڵێن سبەینێ بێتە ئێرە." مام دێو گوتی. مناڵان گوتیان ئێمە نازانین لە کوێ دەژی، قەتیش لەوە پێش نەماندیوە؛ مام دێو بەم قسەیە هەستی بە دڵتەنگی کرد.

دوا نیوەڕۆیان کەفێرگە تەواو دەبوو، مناڵان دەهاتن لەگەڵ مام دێودا یارییان دەکرد، بەڵام کوڕە بچکۆڵ کە مام دێو زۆری خۆش دەویست قەت پەیدای نەبوو. مام دێو لەگەڵ منداڵان زۆر میهرەبان بوو، بۆ هاوڕێ بچکۆڵەکەیشی زۆر بەتاسەوە بوو، هەمیشە لە بارەیەوە قسەی دەکرد و دەیگوت:  "ئای چەند ئارەزووی بینینی دەکەم!"

ساڵانێک رۆی. مام دێو پیر و بێهێز بوو، ئیتر نەیدەتوانی بەملاولادا بڕوا و یاری بکا. ئەو لە سەر کورسییەک دادەنیشت و چاوی لە یاری مناڵان دەکرد و ستایشی باخەکەی دەکرد و دەیگوت: '' من گوڵی زۆر جوانم هەیە، بەڵام مناڵان جوانترین گوڵی ئەم باخەن،"

بەیانییەکی زستان ، کە مام دێو خەریکی جل لەبەر کردن بوو، ئەیڕوانی بۆ دەرەوە. ئێستا ئیتر رقی لە زستان نەمابوو، چونکە ئەیزانی بەهار لەخەودایە وگوڵیش لە حەسانەوەدان. لە پڕ لە سەرسووڕمانا چاوەکانی خۆی هەلگڵۆفت، روانی، زۆر ورد بۆوە. ئەرێ، بێگومان دیمەنێکی سەیر بوو. لە دوورترین شوێنی باخەکە دارێک خونچەی سپی و جوانی دەرکردبوو. لقەکانی وەک زێڕ میوەی زێوینیان پێدا بەرببۆوە. لە ژێر ئەو دارەدا ئەو کوڕە گچکەی خۆشی دەویست راوەستابوو.

مام دێو بە خۆشحاڵییەوە رایکردە خوارەوە، لە درگاوە چووە نێو باخەکە، بە پەلە بە سەر گیاکانا تیپەڕی و لە منداڵەکە نزیک بۆوە. هەر کە گەیشتە لای منداڵەکە لە رق و تووڕەییدا دەموچاوی سوور هەڵگەڕا و گوتی: "ئەوە کێ بوو وێرای تۆ بریندار بکا؟"

چونکەشوێنی دوو بزمار لە سەر دەستی و شوێنی دوانیش لە بەری قاچە چکۆلەکانی ئەو کوڕەدا دەبینران.

"کێ وێرای تۆ بریندار بکا؟" مام دێو هاواری کرد؛ "پێم بڵێ، با شمشێرە گەورەکەم هەڵگرم و بچم بیکوژم."

"نا" مناڵەکە وەڵامی داوە؛  "ئەمانە تەنیا زامی ئەوینن."

مام دێو وتی: "ئەتۆ کێی؟" و ترسێکی سەیری لێ نێشت و لە بەردەم کوڕە چکۆلدا چۆکی دادا.

کوڕە چکۆل زەردەخەنەیەکی بۆ کرد و پێی گوت: "جارێکیان تۆ رێگەتدا لە باخەکەت یاری بکەم، ئەمڕۆکە تۆ دەبێ بێی بۆ باخەکەی من، کە بەهەشتە."

 

کاتێک ئەو دوانیوەڕۆیە مناڵەکان هاتن بۆ باخەکە، مام دێویان لە ژێر ئەودارەدا بە مردوویی بینی بە خونچەی سپی داپۆشرابوو.