فەناتیکی سیاسی

فەناتیکی سیاسی

وەک "عاموس عوز" نووسەری ئیسرائیلی دەڵێت: "فەناتیک تەنیا ئەوە نیە کە بە ردێنی درێژ و سمێڵی تاشراوەوە لە بەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەردەکەون و، بە مستی گریکرداو هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن." بەڵکو فەناتیک دەتوانێت بە زۆر شێوازی جۆراوجۆر و لە زۆر جل وبەرگی رەنگاورەنگدا خۆی بنوێنێت.

 

 سەرەڕای هەموو جۆراوجۆریی فەناتیکەکان و شێوازەکانی دەربڕینیان، هەموویان لە دوو خاڵدا هاودەنگ و هاوبەشن: یەکەم، لەبەر دەمارگرژی و عەشقیان بە ئامانج، یان ئاکامی لەپێشدا دیاریکراویان چاوی عەقڵیان کوێر دەبێت و هیچ نابینن. دووهەم، هەموویان کوێرانە گیان و ژیانی خۆیان دەکەنە قوربانی ئایدیۆلۆژیا یان سیاسەتی پارتەکەیان، ئەوان بەشی لایەنگران و کەمزانان و سادەدڵانی ژێر دەستەی رێبەرانن.

جۆری ئاینی و وشکە بیری فەناتیک، لەخۆشی وادەی بەهەشت و گەیشتن بەو ئامانجە ئامادەن بە چاوی نوقاو هەرچی شێخ و رێبەریان بیڵێت، ئەنجامی بدەن. ئەوان تەنانەت گرینگترین و بە نرخترین شتی خۆیان، واتە ژیانیان زۆر بە ئاسانی دەبەخشن بۆ گەیشتن بە بەهەشتی وادەپێدراو. لەم رێگایەشدا جگە لە گیانی خۆیان گیانی دەیان و سەدان کەسیتریش بەبێ رەزامەندی خۆیان دەستێنن و بە قەولی خۆیان ئەگەر بێ گوناە بن ئەوە لەگەڵ خۆیان دەیانبەنە بەهەشت و ئەگەریش گوناهکار بن ئەوە بە سزای خۆیان گەیشتوون!

بەڵام لە دونیای سیاسەت و رامیاریشدا دەقی ئەم فەناتیک و کوێرییە دوپات دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لایەنگران و کۆڵهەڵگرانی پارتەکان گوێ لەمستانە هەرچی رێبەرانیان دەیڵێن بە بێ هیچ دیدێکی رەخنەیی بە چاکی دەبینن و دەستبەجێ بەرانبەرەکانیان بە هەڵە دەزانن. کاتێک لەگەڵ ئەم کەسانە قسە دەکەیت و باسی هەڵەکانیان دەکەیت، بە بێ بیرکردنەوە لە راستییەکان و رۆچون بۆ قوڵایی کێشەکان، هەوڵ دەدەن بە دەرخستنی هەڵە و خاڵە خراپەکانی پارتەکانی رەقیبیان پاساوی کردە ناڕەواکانی خۆیان بدەنەوە. بەم شێوەیە جیا لە قبوڵی هەڵەی رێبەرایەتی پارتەکەیان، بە شێوەی ناراستەوخۆیش خەیانەت و هەڵەی پارتی بەرانبەر شەرعییەت پێدەدات، یان باشتر بڵێین سیاسەتەکانی پارتی بەرانبەر دەکاتە بناخە بۆ ئەوەی کە سیاسەتەکانی خۆیان شەرعییەت پێبدەن.

نمونەی ئەم شێوازە لە نێوان لایەنگرانی هەندێ پارتی سیاسی ئەمڕۆکە بە ئاشکرا دەبینرێ. کە باسی هەڵەی یەکێک دەکرێ بۆ هێنانی سەربازی بێگانە بۆ کوردستان، لایەنگرانیان هێنانی سوپای وڵاتێکی تر لە لایەن پارتی بەرامبەرەوە دەکەنە پێوەر بۆ پاساودانەوەی کردەی خۆیان! واتە هەڵە شەرعییەت بە هەڵە دەدا. لێرەدا ئیتر هیچ پرنسیپێک نامێنێ و ئەوەی دەبێ بە پێوەر و پێوانەی کردە، تەنیا سیاسەتی رۆژانە و بەرژەوەندییە کورتخایەنە ناگشتییەکانە.

کەواتە فەناتیزم لە دەرکەوتەی دەرەکیی خۆیدا دەتوانێ زۆر جۆراوجۆر بێت. بەس ناسینەوەی ئاسانە. تەنیا ئەوەندە بەسە سەیری پێداگری، گرژی، دژە رەخنە بوون و رقی بێ پایانی بکەی لە رەقیبی بەرانبەری خۆی، یاخود هەموو ئەوانەی وا ناچنە خانەی ئەوەوە.

 

سایتی قەڵەم

 

١٤ دێسامبری ٢٠١٥