شرۆڤە

نامەیەکی کراوە بۆ سەباح ڕەنجدەر

عەبدوللا سەڕاج

کاکە ڕەنجدەر! ئەفراندنی ڕۆمان، نە کرداری وەڵامدانەوەی پرسیارەکانە، نە دۆزینەوی چارەسەری دیاردەکانە، بەڵکو ھەڵمەتبردنە ڕووە و چەمکی جوانی. دەستگیرکردنی مەعریفەت (ھۆشەکی نەک غەیبی)، ئەوجا ورووژاندنی پرسیار لەھۆشی خوێنەردا، چونکە دۆزینەوەی چارەسەری ئاستەنگ و نالەبارییەکان، وەڵامدانەوەی پرسیارە ڕیشەییەکان کەوتووەتە گەردنی. کۆمەڵناس، فەیلەسووف، ئابووریزان، مێژوونووسان.

 

نامەیەکی کراوە بۆ سەباح ڕەنجدەر

 عەبدوللا سەڕاج            

برایەکەم ڕەنجدەر: ئەم نامەیەم وەک نامەی ماڵئاواییکردن لە نووسین، یان مانیفێستۆی مردن لێ وەربگرە.

چۆن باس لەخۆم بکەم، مەگەر پارێک نیم لە جەستەی وشە و نووسین و ئەفراندن. کەواتە ئەوانەی نووسیومن، من بوون. ئەمێستا پڕۆژەنووسینێکی دواخراوم، ئەگەر درەختی ڕۆحم وشکی نەکردبێت، ھەست دەکەم لە چەقی دوورگەیەکدام تەنیا ساپە بەرد و لم و چەوە خولگەم، نە چڵێکی پاراوی سەوز، نە بایەکی فێنکی شەماڵ، نە چەھچەھەی مەلێکی عاشق، دەشێت ھەستوەریی جارانم لێتۆرابێت، یان من لە ئاستیدا نەماوم، ئەگینا دەبوایە بەخۆمدا بچمەوە، ناخ و بیر و گیانم پەرگەما بکەمەوە، چاوەنۆڕ بم بەشکو پەڕ و باڵی باڵندەی ھونەر، جارێکی دیکە لە ئامێزی پڕ ھەڵقوڵان و پیت و فەڕ و سۆزی خۆییم بگرێتەوە، ئەگەرنا زۆر خامۆشم و ھەنووکە ھیچی دیکەم لەمێشکدا نییە. لەم دۆخە نالەبارەی گیانکوژییەدا، بێدەنگی کەپکی نییە و بێ سوودیشە. زۆر نووسینی لەمەوبەریشم  بە لەش و بە ڕۆحەوە شەکەت و بێ شەنگی کردووم. چی دیکەی نوێ بدەرێنم، کە ھێشتا نووسراوم ھەیە دیلی بیری دۆگمای چاو سوورانە و ئەوانەی ڕووناکییان دیوە، تاکو تەرا شەنوکەو کراون. لەسەروبەندی ڕژێم و ھەنووکەیش، ھەمان چاوی ئەبڵەق و قەیچیی سانسۆر بەرەنگارم دەبنەوە، بەلامەوە ئەگەر قەڵەم سەرفراز و ڕەھا  نەبوو، ھەرگیز دیموکراسی و ئازادی بوونی نابێت. من تاکێکم لەو کۆمەڵانەی، کە بە دژواری و کولەمەرگی ڕۆژگارمان دەگوزەرێنین، دابڕانم لە ھەژار و چەوساوان، تەکانە و  دابڕانمە  لە دڵبەرزی وشە و شکۆی دەربڕین. ھەرگیز بۆ قۆستنەوەی پایە و بەرژەوەندی لایەنەداری دەسەڵات نەبوومە. ئاخر بەڕاستی بوومەتە تیترواسک، ئەو تیترواسکەی دوایین ڕۆمانم، تەنیا ئاسمانێکی کراوە و ساماڵم گەرەکە تێیدا بفڕم و پاشان لە پەڵەھەورێکەوە بارانی پیرۆز ببارێنم و ھیچی دیکە.

ئەوجا: برای گیانی بەگیانم، دەپرسم ئایا تیتراوسک بۆی ھەیە بنووسێت، یان ھەر دەتیترواسکێنێت، پێشتر ڕزگاریم لە دەراندن و دەربڕینی ڕۆحە ناشادەکەم دەبینی، ئەمێستا بەو یادەوەرییانەدا دەچمەوە و فرمێسک و ھەنیسک لەجیاتی باران لە چاوە کڵۆڵ و دەروونە پڕ ئازارەکەم بازرقە دەکەن، بۆیە زاتی نزیکبوونەوەم لە قەڵەم نییە.

ئەمە چ مەینەتی و زەخمێکە، ناوبەناو بیر لە قرتاندنی دەمارێکم دەکەمەوە، نەک بۆ پاساودانی نووشستی و قەیرانی جوانکاریم، یان بۆ داپۆشینی وشکبوونم، نەخێر، بەڵکو دۆخێکی ناھەمواری واقیعی و بایەلۆژییە، چونکی ئەگەر وشە بەھانامەوە نەیەت و قورتارم نەکات، ئەوا دەبمە جەستەیەکی بێگیان. چوون ھەزارانی ناو کۆڵان و سەر شەقامەکانی شار، پەرتەوازە بوون و نەبوونم وەک یەکە. خۆ دەزانیت، بەدەر لە وشە ئارایی و جوانییەکەی، کە ھەبوونمە. بەتایبەتی وا ھەست دەکەم نە جوانیم لەلا ماوە و نە بوونێکی سەرمەدی.

 تاوێرێکم لە گۆڕەپانێکی پڕ تیروکەوان و ڕاوچی دڵڕەقدا، ئامبازی شەکرە و چەندین  دەرد و مەینەتی تەمەنی پیری بوومەتەوە، لە تەمەنی بەرەو ھەشتاکاندا چ ئازارگە و چ چێژگەیەکە، لەپاڵ دیواری ڕۆحدا مشتومڕ لەگەلڕ قەڵەم بکەم.

لە ڕۆژگاری تەڕنووسی و جوانخاسیمدا بەخۆمم دەگوت: ژیان بێکەڵک و پووچ و بەتاڵە، ئەگەر ئەمە پایەی نووسەرێکی نوێبەخش و ڕۆماننووسێکی سەلیقەداری جیاواز لەوانەی ھەن. ئەوا ئێستاکە، لە ڕۆحی ئەو بەتاڵییە و لە بەرزەخی ئەو وشکایییە نەبانەدام. لەباوەڕێکدا بووم، ھەر ئەزموونێک شێوە و شێوازی خۆی دەدۆزێتەوە نەک بە سەپاندن و لاساییکردنەوە. ئاوھا دەمڕوانییە شێوازی دەرەکیی داھێنان و گرێچنی ناوەکیی دەق. شێواز و ناوەرۆکم  بە جووتە باڵی ھاوکێشەیەکی دینامیکی دەبینی، نەک ئەمەیان بە سەرەکی و ئەوی دیکە بە لاوەکی، یان بە پێچەوانەوە.

 ڕەنجدەری برام: مەبەستی نووسینم بەرجەستەکردنی مرۆڤایەتی بوو. پەناھەندەییم لەتەک نووسیندا بوو، وشە داڵدە و ڕوانگەم بوو، وا ئێستا  ڕووت و ڕەجاڵ لە دەشتاییەکی کاکی بەکاکی و قاقڕدام، لەگەڵ دێوەزمەی تەمەندا چار چییە. خۆ خەریکە بمکاتە قەپێلکی کیسەڵ و سەدەفی ڕۆحی لمین، وای لەم دۆزەخەی تێیدام، مەگەر تۆی ھێژا بەھەستیاریی شاعیرانەت لە کرۆکی ئەم ئازارەم بگەیت، بەڵام نەکەیت لە ئاست ڕۆژگار و ھەڵوێستەکانمدا بە تەڵخبین و ڕووخاوم بزانیت، واقیعەکە وەکو خۆی دەخەمە بەر ڕوونی نیگاتەوە، سەرەڕای ئەوەش لەزەمەنێکی خۆمدا دەژیم، کە ئاوێتەی. (ئێستایی- ڕابردوو- داھاتوو)شە، ئەڵبەتە بەجیاوازی کات و شوێنەکانەوە، لە چرکەیەکدا ھەڵشێلاوی ھەرسێکیانم.

ئەمەیشە گرانایی و پاڵەپەستۆی بوونیانەی بەسەر ڕۆحمەوە ھەیە، زەمەنێکی خۆمە و دەشبێت بەسەری ببەم. ئەمەیە بارگرانی تەمەنم، لەلایەکەوە زێدم لەناو پەڕەکانی دڵدا ھەڵگرتووە، لەلایەکی دیکەوە خەڵک و چارەنووسیشیان لە قوژبن و پەناکانی دەروونم شوێنگیرن. ئەم دیاردەیەش لەلای زۆرینە دانسقە و دەگمەنە. لەتەک ئەوەشدا، بە چڕی بیر لە دوو شتی دواڕۆژیمان دەکەمەوە: ئایندەی  ڕۆشنبیری و سیاسیمان،  کە ھەردووکیان ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئابووریمانە، باشووری کوردستانەکەم بووەتە مۆڵگەی کۆمپانیا چاوچنۆکەکانی دراوسێ و ڕۆژئاوا و زلھێزان.

ئەوجا: (چیمان پێدەدەن) پرسیاری سەرەکیمە، ھەرچەندە (چی دەبەن) ئاشکرا و ڕوونە. ئەم نەوەی ئێستا، لەم تەنگژە نالەبارەدا، لە ڕێچکەی کام ئەدەب و کام ھونەر دەگەڕێت، مێشکمی ئاڵۆزاندووە. ئایا پەرە بە خەونەکانی منگەل دەدەن، یان ترسی بە جیھانیکردن ڕایاندەماڵێتە خەرەندی نەمانەوە. ئەوەتا سەرەتای شێواندنی تاڵی زمانەکەمان، کە ناسنامەمانە  بە وشەی بیانی و نامۆ، بە بەرچاوی دەسەڵات و ڕاگەیاندنەکانەوە دەشێوێندرێت.

جا: نەوەی پاشەخۆم بۆ تەواوکردنی ھەنگاوە پەتییەکانم بانگھێشت دەکەم، با گوژمتر و بەرینتری بکەنەوە. خۆیان بن، چوون من خۆم بووم و نەبووم بە بەشێک لە ئەوانی دی. واتێدەگەم، کە نوێگەری لە واتا گشتییەکەیدا تێڕوانین و فەلسەفە و جیھانبینی نووسەرە بەرەو چاکتر و ھونەریتر. لەوەش ڕوونتر دەڵێم: ھەڵوێستە بیری ئەو ئافریدەکارییە بەرانبەر بە دامەزراوەی شتەکان، ئەویش بەگۆڕینی زمانی ڕاپۆرتی بۆ زمانی ئەفراندنی ھێما و دژەباو و ئاماژەی شیعرییانە، گۆڕینی زمانی سەرسامبوون بە ڕوواڵەتەکان، بەزمانی پەردە لەسەر لابردن و کەشفکردن. گواستنەوەی زمانی مەنتقی و باو بۆ زمانی تەقاندنەوەی دیدیی ئەفسانە ئامێز. لەدیدی مندا ئەو سێ خاڵە ھەرە گرینگ بوون.

دڵسۆزی داھێنان، ڕەنجدەری برام: ئەوانە و خاڵی دیکەیش لەوزەی ھەموو قەڵەمێکدا نییە، جیھانبینی دەربازبوون لەو داڕشتنە باو و سواوانە، زۆر بە ئاگاییەوە لە پێشبڕکێی قەڵەمدا مەبەستی سەرەکیم بووە، ھەر بۆیە ھەندێک لە خوێنەری ھێژا وا تێگەیشتبوون، کە گوایە پەنام بردووەتە بەر تەمومژ و ڕێگای داخراو.

ئایا لە خۆشەبەختیی نووسەر، یان لە نیگەرانیەتی، کە دەبینێت نووسەرانی پێش ئەو، ئەوانەی ھاوقەڵەمی بوونە ھیچی ئەوتۆیان  بۆ نەھێشتووەتەوە، بۆیە تووشی پاڵەپەستۆی دەروونی و بەخۆداچوونەوە ھاتووە، ئەمە جێی دڵەڕاوکێیە. ئەزموونی ڕۆحی لەلام، ئەڵبەتە بە واتا فراوان و وازەکەی، نەک بە پێناسە لاھووتی و ئایینییەکەی، کانگەی ئەدەبی و ھونەرییە بە گشت شێوەکانی نیگایی و بیستەنی و وجودییانەوە. کۆکەرەوەی کرۆکی داھێنانەکەیە، لەتاکە چاوگی سرووشانەوە (وەحی و ئیلھام)  ھەڵدەقوڵێت و دەڕژێتە تاکە چۆڕاوگەی (جوانی)یەوە. تۆ بنۆڕە سێ پێکھێنەرەکەی مەردووم: (لەش ـ عەقڵ ـ ڕۆح)، ئەگەر جەستە نەبوو، ئاوەز و ڕۆح لە کێندەرێ نیشتەجێ دەبن. ئەی ئەگەر عەقڵ لە مێشکی مرۆڤدا نەما، تەن و ڕۆحی تۆش چ لێکترازانێک دەبن. ھەروەھا، ئەگەر ھاتوو  ڕۆح  لە لەشەوە دەرچوو، ھۆشیش دادەمرکێت، ئەدی چارە.

 ھەر دەبێت ئەو سێیە پێکەوە بگونجێن و لە ئاستەنگەکاندا باری لاسەنگیی یەکدی ڕاست بکەنەوە، بۆیە لە دەقەکانمدا تێکشکاوم  ئەو تێگەیشتنە قووڵ و ڕەگاژۆ بکەمەوە.

جا: نازانم بۆم سازاوە، یان نا. ئێمە دەبێت وەکو (ئیبن عەرەبی) باوەڕمان بە ئایین و خۆشەویستی ھەبێت. تەنانەت، ئەگەر ئەو خۆشەویستییە لە دێر و لە مزگەوت بوو، لە تەوراتخانە و ئاتەشگەدابوو، لە بتخانە و لالش و کەعبەدا بوو، گوێ بۆ وشە ساکارە عاریفانەکەی، بۆ مۆسیقای شیعرەکەی شل بکە.

لقد ێارَ قلبی قابلاً کلَّ ێورە

وبیتٌ لڕوپانٍ وکعبەُ گائفٍ

ڕدینُ بدینِ الحبِّ ڕَنیّ تَۆجَەْت

                                                          فمرعی لغزلانٍ ودَیرٌ لرھبانِ

والواحُ توارەٍٍ ومێحفُ قرآنِ

رکائبُەُ فالحبُّ دینی وإیمانی

 

 

منیش، یەقینی عاریفانەم دەراند بەرانبەر بە مرۆڤ و بوونەوەری و نیشتیمان. ئەوانە کڕنۆشگەی ڕامانم بوونە و ھیچ لەباوەشی دایک و ژوانی دڵداران و چی و چییەکانی لبیدۆ و ھەستەوەرییەکان کەمتر نەبوونە، ھەرگیز ئەگەر باڵاتر و پاڵاوتر نەبووبن.

ئەڵبەتە ئەو جۆرە ئەزموونە سۆفییانەی بەخەستی ئاماژەم بۆ کردن لە پانۆڕامای گشت کولتوور و زمان و ئایین و مێژووی مرۆڤایەتی ھاوشێوەن، ئەگەر چوونیەک نەبن. لێرەدا پەنجە نۆمام بۆ ئایین و سۆفیگەری بەواتا کۆنینەکەی نییە. کە پەرستگەکان لە سەروبەندی تاریکیدا مرۆڤگەلیان جڵەوگیر و کوێر کردووە، ھەرچەندەش لە نەشونمای ئایینگەلی ئاسمانی و زەوینیدا، ئاگادارکردنەوە و مزگێنی نەمانی زوڵم و بانگەشەی داد و ڕەواییان بەرگوێی خەڵکان دەدا، کەچی دیاردەی نایەکسانی و جەور و زۆرداری باڵبەست و سندم و چەقبەستی دەکردن. دەمەوێت مرۆڤ لە دۆزینەوەی یاساکانی ڕەوتی بوونەوەری ئازاد بێت، بەھاکانی جوگرافیا و مێژوو، ئایدیا و  ڕۆشنبیری و...تاد، نەک مرۆڤ ببێتە کۆیلەی ئەندێشەی یۆتۆپیا و ڕامیارییە گشتگیرییەکان. لەکاتێکدا بەجیھانیکردن بە تۆبزی کرابێتە ئایینی نوێی جیھان و (بازاڕ ) و کتێبی پیرۆزی بێت، کە وشەکانی بەھەمان دگانە ترسناکەکانی سەردەمی (دراکیولا) نووسرابن.

برای شیرینم: شاعیری نوێبەخش، کاکە ڕەنجدەر: ڕۆشنبیر، لە ڕۆژێکدا سێ جار تووشی ھەڵوێستنواندن و مەرگی گیانی و جەستەیی دەبێت و دەکەوێتە تاقیگەوە، جاری یەکەم لە پێناوی بژێویدا، جاری دووەم لە جەزرەبەدانی سانسۆر، جاری سێیەم لە تابۆکانی ئایین و سێکس و دەسەڵات.

ئەوجا: ئەو ڕۆشنبیرە، لەناو سووتماک و خۆڵەکەوەی سەمەندەرانەی خۆیدا بۆ پاشماوەی ھەستەکان و ژیلەمۆی خۆی بگەڕێت.

لە کۆچیرۆک و ڕۆمانەکانمدا، گوتەی خۆم بەڕاشکاوی دەراندووە. دەمامکم لە ھەندێک ڕووی دزێو ھەڵداوەتەوە، ئەوجا کارمەندبووبن، یان گیرفانمەند و دیاردەی چەوێڵ و پووکاو. ئەڵبەتە لە دوو تۆیی داڕشتەی ھونەری و بەکاڵای ئێستێتیکەوە.

برام: ھاوسەرگیری کاسۆلیکی لەگەڵ سیاسەتدا، تەڵاقدانی ئەدەب و ھونەرە، تۆ  دەڵێی چی. سێ مەرج ھەیە بۆ ئەوەی  ئەفراندن گەشە بکات، ئەوانیش:

* بوونی ئازادی، کە نێوانی ڕووناکبیر و دەسەڵاتدار ھاوسەنگ و داننان بێت بەمافی ھەریەکەیان.

* ڕۆشنبیر خاوەنی شکۆ و ڕێز بێت و دەنگی بیستراو بێت.

* دەسەڵات ڕێز لە تاکمەندی و دەنگی بگرێت.

  بۆ نموونە: پەیوەندی و (وەک یەکی) لەنێوان (سەعد زەغلول) و ھەریەک لە (قاسم ئەمین) و (عەباس مەحموود ئەلعەقاد) ھەبوو. ڕێز و تەبایی و ھاوکاری لەنێوان (عەڕڕابی) و (عەبدوڵڵا نەدیم) و (سامی ئەلبارودی) ھەبوو، ھەروەھا (مستەفا نەحاس پاشا) بەمەرجی (تاھا حوسێن) قایل بوو، کە دەبێت خوێندن بکرێتە خۆڕایی بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری مەعاریفی ئەو  سەردەمە. ئایا ئەم دۆخە لای کورد ھاتووەتە دی. لەپاڵ گرفتی ئازادیی دەربڕیندا، پرۆسەی نووسین وەکو کردارێکی ڕاستەوخۆ لکاو بەخودی داھێنەرەوە، خەمێکی دیکەمە.

کاکە ڕەنجدەر: ئەفراندنی ڕۆمان، نە کرداری وەڵامدانەوەی پرسیارەکانە، نە دۆزینەوی چارەسەری دیاردەکانە، بەڵکو ھەڵمەتبردنە ڕووە و چەمکی جوانی. دەستگیرکردنی مەعریفەت (ھۆشەکی نەک غەیبی)، ئەوجا ورووژاندنی پرسیار لەھۆشی خوێنەردا، چونکە دۆزینەوەی چارەسەری ئاستەنگ و نالەبارییەکان، وەڵامدانەوەی پرسیارە ڕیشەییەکان کەوتووەتە گەردنی. کۆمەڵناس، فەیلەسووف، ئابووریزان، مێژوونووسان. نەک ئەرکی بنەڕەتیی جوانکار بێت. ھەرچەندەش خەمی (ھیومانیزم)یان بەرانبەر بە ھەژاری، دیموکراسی، ئازادی، نایەکسانی (چ لەنێوان ژن و پیاودا، چ چینایەتی، چ لەگەڵ باڵادەستاندا) لە کەسانی ئاسایی ھەستیارترە و  پەنگاوی ناخیانە.

بەدیدی بەندەوە، ئەگەر ڕۆماننووس وزەیەکی گەشاوەی ھاندەری خستە دەروونی خوێنەرەوە ئەوسا (سەردەمی ڕۆمان) و پاشی  ڕۆمانیش دەست پێ دەکات، بۆئەوەی : بپشکنێت و توێژینەوەی بۆ بکات و ڕابمێنێت و پاشان بپرسێت، نەک خەریکی کەڵەکەچنی ڕووداو و حیکایەتخوانی بێت.

خۆ دەبینیت، پشکنینم پێش توێژینەوە خستووە، ھەروەھا ڕامانم بەر لە تێگەیشتنی ئاماژە و سیمبولەکان دیاری کردووە، پاشان پرسیار ھەڵخستنی ڕیشەیی دێت. وەکو دەرئەنجامی جووتکرداری: پێدان + وەرگرتنە ھونەرییەکە. ئا لێرەوەش خاڵی بەرایی میتاڕۆمان بۆ ڕاگرتنی ڕیتم و ھاوئاھەنگی و ھاوسۆزی مرۆڤی کورد لەگەڵ سەردەمەکەیدا چەکەرە دەکات، ئایا لە ژیانی (وێنە)یی ئەمڕۆژیمان، بەڕاستی لە (سەردەمی ڕۆمان)دا دەژین. چ جای سەردەمی میتاڕۆمان. ئەو پرسیارە بایەخدارە ھەڵوەستەی پێکردووم و ھەمیشە بۆ ھەنگاوی نوێتر ڕامدەچەنێت، کە بە میتازمان و میتاحیکایەتی ناو دەبەم.

لەبارەی شیعری جەنابتەوەش ئێژم: لە شیعری ھاوچەرخدا کەم شاعیر ھێندەی تۆ قووڵایی زمانی لە شیعردا خەمڵاندووە. لە بەکارھێنانی زماندا ھەوڵت داوە بەشێکی زۆری ھێزی زمانی کوردی بکەیتە ھی خۆت، یان گریمان ھیچت نەگوتووبێت، تەنیا جیاوازیی شێوازت لەگەلڕ شاعیرانی دیکە، سەنگی ئەفراندنت لەلام بایەخدارتر دەکات لە کەسانێک زۆر بڵێن، کەچی خۆیان نین و بەشن لەوانی دی، شانگەرم و دڵخۆش بە، ھونەر ڕامان و شێواز  و تاکمەندییە، جیابوونەوەیە لە فڕینی پۆل. ئەو جیاوازییەت داھێنان و نوێبەخشییە، بەردەوام بە لە داھێنان، دواڕۆژ لەگەڵ داھێنەردایە، لەگەڵ تۆ و تۆی ئاسادایە. ھەموو دەم ناداھێنەر دژایەتی داھێنەر دەکات، تەماشای مێژووی داھێنانی جیھان بکە و وێنەی خۆت زۆر دەبینیەوە، بە داھێنانت دەسپێرم.

 

١٠/١/ ٢٠١١ فنلاند