شکست و ناهومێدی
بە ناوبانگە دەگوترێ لە کاتی شکستەکاندا، ناهومێدی روودەکاتە وڵات و رەش بینی و بێ بڕوایی توانا و لێهاتوویەکانی مرۆڤ دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەمە بە گشتی راستە، دیاردەیەکە هەموومان چ لە ژیانی رۆژانە و تاکەکەسیماندا و چ لە رووداوە گشتییەکاندا ئەزموونمان کردووە. شکست، داهێزرانی جەستە و رۆحی لە گەڵدا دێت.
بەڵام ئەمە تەنیا بۆچونێکی گشتیە. چونکە شکست لای ئێمە ئاکامی بە ئەنجام نەگەیشتن و دەرنەچوونی پلانیکی رێک و پێک نیە، بەڵکوو زۆرتر ئاکامی هەوڵێکی کاڵ و بەڵام پڕ لە ماندووییە. واتە شکستەکانی ئێمە لە سەر نەبوونی پلانی ورد راوەستاون نەک لە سەر هەبوونی. کەواتە لە وەها حاڵەتێکدا شکست هەم ئیمکانی روودانی زۆرترە و هەم ئەنجامەکانی قورستر.
گەر پلان ورد بێت، ئەگەری شکست کەمترە و هەر بەو پێیە لە ئەگەری شکستیشدا، دەرفەتی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە و جوڵانەوە زیاتر.
بەڵام مەبەست لە پلانی ورد چییە؟
ئارەزووەکان تا گەورەتر بن، بێگومان ئامرازەکانیشیان دەبێ زیاتر لە بەردەستدا بن. یەکەم هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری شکست، هاوسەنگیی نێوان ئامراز و ئامانجە. کەواتە یەکەم پێوانەی پلانی ورد ئەمەیە. گەر لە ئارەزووەکانماندا زۆرتر بە گوێری رق و حەز و هەستمانەوە بجوڵێین ئەوا بێگومان هاوسەنگیی نێوان ئارەزوو و ئامراز لە دەست دەدەین.
لە هەبوونی پلانی ورد، ئەگەری ئەزموونکردنی شکست یەکجار دادەبەزێ. تەنانەت رەنگە هەر بتوانین بڵێین کە شکست بە یەکجاری ون دەبێ، چونکە ژیانی رۆژانە دەبێ بە بەشێك لە پرۆژەی ئارەزوو. هەموو رۆژیک و ساتێکمان دەبێ بە بەشێک لە هەنگاوەکانی بەرەوپێش چوونمان.
بۆ ئەوەی شکست ئەزموون نەکەین و ناهومێدی بەرۆکمان پێ نەگرێ، با هەموو ساتێکمان بریتی بێت لە بەشیك لە خەونەکان و بەشێک لە ئارەزووەکانمان. ئارەزووەکان با تەنیا لە شوێنێک لە دوورەدەستەکان نەبن، بەڵکوو بەشێک لە ئیستایش بن.
سایتی قەڵەم
٢٥ نۆڤێمبری ٢٠١٥