چیرۆک

ئەو دیوی دیوار

فرخ نعمت پور

لەو رۆژەوە من بۆ ئەوەی گوێ لە گۆرانی بگرم، گوێ بە زەوییەوە دەنێم، هەناسەم کپ دەکەم و سەرتاپا دەبم بە هەست. هەڵبەت تەنیا یەک گوێم. چونکە گوێیەکەی ترم دەبێ ئاگای لە دەرگای دەرەوە بێ. ئەوەی کە نەکا یەکێک بە بێ پرس خۆی بە ژوورێدا بکا و، پرسیاری گەورەی "من چی دەکەم؟" ی لا دروست ببێ. ئەو پرسیارەی کە لە ٧٩ واتە ٥٧ ەوە بووە بە پرسیاری زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک.

 

ئەو دیوی دیوار

فرخ نعمت پور

کە ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٧)، هات (ئەو هەمیشە هەر دوو تاریخەکەی لە گەڵ یەک دەنووسی، بۆ ئەوەی بتوانێ لێک تێگەیشتنێکی خێراتر لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا دروست بکا)، هەرچی شریت و نەواری گۆرانی بێژەکانی هەفتاکانی زایین بوو کۆم کردنەوە و خستمە ناو گۆنییەکەوە و، لە حەوشەکەی خۆمان شاردمنەوە.

لەو رۆژەوە من بۆ ئەوەی گوێ لە گۆرانی بگرم، گوێ بە زەوییەوە دەگرم، هەناسەم کپ دەکەم و سەرتاپا دەبم بە هەست. هەڵبەت تەنیا یەک گوێم. چونکە گوێیەکەی ترم دەبێ ئاگای لە دەرگای دەرەوە بێ. ئەوەی کە نەکا یەکێک بە بێ پرس خۆی بە ژوورێدا بکا و، پرسیاری گەورەی "من چی دەکەم؟" ی لا دروست ببێ. ئەو پرسیارەی کە لە ٧٩ واتە ٥٧ ەوە بووە بە پرسیاری زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک.

لەو سالە، ساڵانی  ساڵ تێپەڕیوە، کەچی من بەردەوام بۆ ئەوەی گوێ لە گۆرانی بگرم، دەچمە ئەوێ، بۆ حەوشەکەی پشتەوە، بۆ هەمان شوێنی گۆنییەکە. ئەگەرچی دەزانم هەم گۆنییەکە و هەم شریت و نەوارەکان لە مێژە لەو ژێرە رزیون. کەچی بەردەوام دەنگ دێ، دەنگی گۆرانی! لە بەر منە، خۆیان، یان لە بەر عادەت؟ نازانم. هەر ئەوەندە دەزانم کە گۆرانی لانیکەم خۆی خۆی لەبیرناچێتەوە و هەتا دونیا و زەمەن هەبێ، خۆی خۆی دەڵێتەوە و دەڵێتەوە، ئەگەرچی کەسیش نەبێ گوێی لێبگرێ.

بەڵام سوپاس بۆ ئەم گوتنەوەیە! لانیکەم بۆ منی ترسنۆک کە ناوێرم بچم بۆ بازاڕ، شریتێکی گۆرانی بە دزییەوە بکڕم و بیخەمە گیرفانمەوە و بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، بووە بە نیعمەتێکی گەورە.

من بەردەوام گوێ لە دەنگی گۆرانییە نێژراوەکان دەگرم.

دراوسێکەمان کە زۆربەی کات منی بەم حاڵەتەوە لە حەوشە بینیبوو (حاڵەتی سوجدە، قون بە حەواوەو روخسار لە سەر خاک)، پێی وابوو من یەکجار لە موسوڵمانەکانی سەردەمی سەرەتای ئیسلام دەچم. چونکە ئەوانیش ئەو کات لە سەر خاکی رووت سوجدەیان بۆ خودای خۆیان دەبرد و بە بۆن و هەناسەی خاک زیاتر هەستیان بە یەکبوونی خۆیان لە گەڵ خودای موحەممەد دەکرد. هەربۆیە بەناو هەموو گەڕەکدا بڵاوی کردبووەوە کە من موسوڵمانترین موسوڵمانانی جیهانم! من کە بەم هەواڵەم نەدەزانی، کاتێک بە کۆڵاندا تێدەپەڕیم، لە شێوازی سەیرکردنی خەڵکی بۆخۆم، سەرم سوڕدەما. تەنانەت جارێکیان ترسێکی یەکجار سەیرم لێ نیشت، چونکە پێم وابوو بە گوێگرتنە قەدەخەکانیان زانیوم و هاکا هەر رۆژ و کاتێک بێت، راپۆرتم لێبدەن و بمکەن بە پەندی زەمانە. هەربۆیە تا چەند رۆژ نەچوومەوە سەر نەوارەکان. بەس مەگەر تەحەمول دەکرا؟ سەرئەنجام بە دزییەوە چوومەوە و، ئەمجارە وەها سوجدەم برد و، وەها بە چەندین سەعات لە سەری مامەوە، کە بە زەربەی پەنجەی ئەستێرەیەک بەئاگاهاتمەوە و چوومەوە ژوور.

بەردەنوێژێک لە ناو حەوشەکە بە چەند میترێک دوور لە شوێنی شریتەکان لە تەنیشت شێری ئاوەکەدا بوو. باوکم جاری وابوو هاوینان بە کاتی عەسر دەچوو لە سەری نوێژی دەکرد. جارێکیان بە رێکەوت کاتێک سوجدە دەبا، گوێی بە ئاستەم لە دەنگی سەیری مۆسیقاکان دەبێ (بۆ ئەوەی جوان دەنگەکە ببیستی، دەبا رێک گوێت بەو شوێنەوە نابا). ئەو رۆژە لە دووای نوێژ چەند دوعایەکی زیاتر بە زمانی عەرەبی دەخوێنێ و بە چەندین جار فوو بە دەوری خۆیدادەکا و ئەوسا بە پەلە دەچێتە ژوورەوە. لەو رۆژەوە باوکم لەوێ بە هاوینان نوێژی نەخوێندەوە. جارێکیان گوتی:

ـ "کفر ئەوەندە تەشەنەی سەندووە کە زەویش دەنگی سەیر و سەمەرەی لێوە دێتە دەر!"

دەنگە سەیر و سەمەرەکانی هەفتاکانی زایین (پەنجاکانی هەتاوی).

تەنیا کێشەی من زستان بوو. کە بەفر دەباری، خاکەنازەکەم هەڵدەگرت و دەچووم کونێکی قوڵم لە ناو بەفرەکە رێک لە شوێنی ناشتنەکەدا دەکرد، بە قەد جەستەی خۆم، بۆ سوجدەبردنێکی سپی و بەفرین بۆ گۆرانییە نێژراوەکان. لە راستیدا باشترین کات بۆ گوێگرتن زستانان بوو، چونکە نە من دیاربووم، نە باوکم لە سەر بەردەنوێژەکە نوێژی دەخوێند و نە بارستایی بەفریش ئیتر دەیهێشت دەنگەکان ئەوەندە بڕۆن.

چاڵەکەم ناو نابوو "کونی گۆرانی".

کە ساڵی ١٩٩٠ (١٣٦٨)، هات، باوکم بڕیاریدا لە دووای هەشت ساڵ شەڕ کە نەیهێشتبوو حەوشەکە بکێڵێ و گوڵ و سەوزەی تیا بچێنێ، باخچەیەکی خنجیلانە دروست بکا. لە کوێ؟ رێک لە سەر شوێنەکەی من! (کاتێک ئەمەی درکاند، بەلاچاو سەیرێکی من کرد) من کە یەکجار پێم ناخۆش بوو، بە پەلە چوومە ژوورەکەی تر و حەوت شەو و حەوت رۆژ بە بێ راوەستان و هەدادان گریام. (بە ئیستایشەوە بێت نازانم ئەم توانای گریانەم لە کوێوە هێنابوو. رەنگە لە گۆرانییە نێژراوەکانەوە،... نازانم، هەڵبەت گرینگیش نیە). لە بیرمە کاتێک دەستی کرد بە وەردانی خاک، رێک لە شوێنی گۆنییەکە، دەنگ چییە ئیتر نەهاتەوە دەر. کپ کپ. بە خۆشییەوە ئەوەندەیش بێڵەکەی رۆنەکردە خاک تا بگاتە شریتەکان. کاری باخچە سێ رۆژی خایاند، سێ رۆژی پڕ لە دڵەڕاوکێ و پڕ لە نیگا ـ لاچاوەکانی باوکم کە بەدەم بێڵ لێدانەوە میشەی دەهات.

کە باخچەکە تەواو بوو، ئەمجارە بوو من بە تەواوی لە دۆخەکە گەیشتم! باشە چلۆن بە راستی سوجدەم بردایەوە؟ بە هەر شێوەیەک ئەم کارەم کردبا، سەوزە و گوڵەکانم دەشەمزاند و تێکم دەدان. عەجەب فێڵێکی لێکردبووم! چەند رۆژێک بیرمکردەوە، بەڵام بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتم. گوڵەکان بەرگریان لە گوێگرتنی گۆرانی دەکرد. نەیاندەهێشت. تا کتوپڕ شەوێک بیرێک بە میشکمدا هات، بیرێکی سەیر! من دەبا هەر چۆنێک بێت گۆنییەکە بە نەوارەکانەوە دەربێنمەوە. چۆن؟ هێشتا نەمدەزانی. بەڵام بەهەرحاڵ نەدەکرا لە خودی باخچەکەوە دەست پێبکەم. هەربۆیە رۆژێک کاتێ ماڵەوە چۆڵ بوو لە تەنیشت باخچەکە دەستم کرد بە هەڵکەندنی چاڵێک، ئەوسا دووای مەترێک کارێزئاسا بەرەو ژێرەوەی باخچەکە رۆیشتم. چ ئارەقێکم دەکردەوە. قەت پێم وانەبوو خاک ئەوەندە رەق و خۆڕاگر بێ. بێهۆ نەبوو گۆرانییەکان ئەو هەموو ساڵانە لەوێ مابوونەوە. کە نزیک کەوتمەوە، سەعاتی شەشی ئێوارێ بوو. چووم چرا لەنتەرێکم هێنا (لایتەکەم نەدۆزیەوە). لێرە بە پێچەوانەی سەر زەوی تەنیا گوێم لە گۆرانییەکان نەبوو، بەڵکوو دەنگی تر دەهات،... دەنگی قسە و پێکەنین و گاڵتەکردن،... دەنگی ژیان!

کە دووا پاچم لێدا، دیوارێکی گڵ لەبەردەممدا هەرەسی هێنا و ئەوسا ژوورێکی سەیر کرایەوە. ئەو ژوورەی بە دەیان و سەدان رێگای تری لێ جیادەبووەوە و کەس نەیدەزانی دەگەیشتنەوە کوێ. ئەوجا لە ژوورەکە لە جیاتی شریتەکان، کۆمەڵێک خەڵکم بینی. کە جوان لێیان رامام، دیتم هەر هەمان گۆرانی بێژەکان بوون، بەڵام ئەمجارە بە ریش و سەری سپی و روخساری چرووکەوە. کە منیان بینی لایان کردەوە. پێم وابوو بە راستی دەمبینن، بەڵام وەک بڵێی تەنیا هەستکردن بە شتێکی نائاسایی لای پێکردبێتنەوە. من چووم لە تەنیشتیان دانیشتم، وەک سێبەر یاخود رۆحێک. ئەوان خەریکی بەزمی خۆیان بوون. گۆرانیان دەگوت و دەدوان. یەکیان وتی:

ـ "بەس نەبوو بۆ ئێمە ژیان لە سەر زەوی هەر ئەو ساڵە کۆتایی هات!"

ئەوەی تەنیشتی لەم کاتەدا بە گیتارەکەی ئاهەنگێکی ژەنی و ئەوەی وا ئەم قسەی کردبوو، دەنگی هەڵبڕی و گۆرانی بە سەر ئەو کچەدا گوتەوە وا لە ١٩٨٥ (١٣٦٤)، لە جێژوانێک بە بەرد سەریان تەقاندبوو. من کە پێم سەیربوو چلۆن ئەمانە ئاگایان لە ساڵەکانی دووای خۆیان بووە، بە وردی سەیرم کردن. من ئەو کات هێشتا نەمدەزانی کە گۆرانی هی هەموو ساڵەکانە،... هی هەموو ساڵەکان. دەنگ هەڵدەبڕێ:

ـ "نازنینا،... نازنینا! ما بە ناز تو جوانی دادەایم،..."

سەیری ردێنی سپییان دەکەمەوە، سەیری مەمکی سیسیان، ئەو سەروسینگانەی ساڵانی ساڵە هەتاویان نەدیتووە. سەیری ئەو چرچانەی هێشتا بۆنی هەفتاکان دەدەن.

بە جێیان دەڵێم و ئارام دێمەوە دەرەوە. بیردەکەمەوە تازە نە من دەتوانم لایان دابنیشم و نە ئەوان لای من،... من تەنیا ئیستا بیر لەو کونانەی تر دەکەمەوە وا لە ژوورە سیحراوییەکەوە دەستیان پێدەکرد. باشە بەڕاست بۆ کوێ دەچوون؟... بۆ کوێ؟

لە تەنیشت باخچەکە بەو شەوە درەنگانە سەرهەڵدەبڕم و سەیری دەورووبەرم دەکەم. خاک یەکجار کشاوەیە،... یەکجار. تەنیا ئەوەندە بەسە رابم و ئەودیوی دیواری حەوشەکەمان بکەوم. تەنیا ئەودیوی دیوار!