شێعر و پەخشان

پەيڤێكى رەشتاڵ

ئەرشەد ئاسی

كە من كەشكەشانى فەلەكم بينى لە چاوەكانت
رۆندكەكانى دادەكەنى و
هەژمەتى خۆى دەشووشتەوە،
تۆش لە چڕى خامۆشيدا؛
دڵت هەڵدەواسى لەسەر ديوارى فرەوانى پايتەخت
لە چەشنى ناقوورێكى كۆنى نێو زەريايەكى گەلێ سەخت

 

پەيڤێكى رەشتاڵ


گوڵە پەلەزێم،
رەوشەوەندى گيانم لە ركەوى ئەم عەشقەدا
هەپڕون هەپڕونە لە وێستگەكانى پەرۆشى و
دەپەيڤم بۆت: هەر چاوەڕێم،
چون من لە چاوانت مناڵى كۆستێرەى خۆمم دى
چەقچەقۆكەى بەختەوەريم لە كەنار دەرياى نيگات
وێنەى خەندەى پەمەيى دەكێشا،
لەگەڵ بێگەردى باران كە دەستە چراييەكانى بۆ دڵم درێژ دەكرد
قژى رەوەندى شۆسەكانى دادەهێنا و
چيچڵەى باخچەكانى رادەمووسى،
هێدى هێدى چامەى "شەوبۆ سەليقە"ى بۆ نيشتمان دەنووسى،
كە من كەشكەشانى فەلەكم بينى لە چاوەكانت
رۆندكەكانى دادەكەنى و
هەژمەتى خۆى دەشووشتەوە،
تۆش لە چڕى خامۆشيدا؛
دڵت هەڵدەواسى لەسەر ديوارى فرەوانى پايتەخت
لە چەشنى ناقوورێكى كۆنى نێو زەريايەكى گەلێ سەخت
لە هەنگى لانەواز دەچووى
...
گرێوان هەڵوەدات نەبوو
تەنێ ديوار بە جۆشەوە لە ئامێزى گرتبووى.