شرۆڤە

چڕبوونەوەی زمان لە...

حەکیم مەلا ساڵح

 

لەم دەستپێکەدا دوو جۆر کەس دەردەکەون، یەکەمیان ناکەسێکە کە بە گای حۆل و دەبەنگ دەچێت، مل درێژ دەکات بۆ زەلکاو = گەندەڵی و لەسەر ئەوە دەژی. دووەمیان نموونەی کەڵەشێر دەنوێنی، کە نرخی ئەوەی پێ بڕاوە ملی درێژ بکات بۆ بانگدان = جاڕدانی دەست و دەم و دڵپاکی، بەرزکردنەوەی ھاواری ئاشتی و تەبایی و برایەتی. 

 

چڕبوونەوەی زمان لە شیعری نوێی کوردیدا

                     حەکیم مەلا ساڵح   

 

 

(لە کتێبخانەی تایبەتی باباتاھیردا) ناوونیشانی یەکەمین شیعری (سەباح ڕەنجدەر)ە لە کۆشیعری (سروودی زەوی - ٢٠١٢)دا: ئێمە بەرلەوەی ئەو کتێبخانەیە بپشکنین، دەچینە سەر پارچە شیعرێک، کە کوردێکی کرماشانی بە فارسی نووسیویەتی و بەم شێوە کورداندوومانە.

ئای... بریا رۆحی باران

بارانێ لە سەما و سروود کانیلەیەک

لەناو پێخەفی گێسووی بەھار، لە ناخی بادا

شەستەی بکردایەتە سەر جەستەی

ئەم دارە وشکەوە.

ئای... کاشکێ کانیاو

دڵۆپەیەک لە خوێنی کەڵەشێری کازیوە بوایە

بتکایەتە نێو دڵی ئەم جەنگەڵە تاریکەوە،

ئای... خۆزگایە دابتکایە(١).

چەند بەچێژە شیعری ئاوا داخراو، لەو دیو پەردەی وشەکانییەوە کیژی واتایەکی دی چاو باشقەڵیت لەگەڵدا بکات و چێژ و ھەستی شیعریت دارماڵ بکات لە تریقانەوە.

شیعرەکە لەژێر دەمی چەقۆی سانسۆردا نووسراوە، بۆیە ھونەرییانە پەنای بۆ کینایە و ئیستیعارە بردووە و مەبەستی خۆی پێ پەردەپۆش کردووە. دیوی دووەمی ھەندێ لە وشەکان بەم شێوە لەگەڵمان دەدوێن (رۆحی باران = پەیامی شۆڕش. سەما و سروود = بزووتن و نرکەی شۆڕشگێڕی. کانیلە = نیشتمان. پێخەفی گێسووی بەھار = سەنگەری بزاڤ و بووژانەوە. با = پەیامھێنەر. داری وشک = گەلی بێ نووزە و رانەپەڕیو. کانیاو = سروودی نیشتمانی. کازیوە = ھەڵاتنی خۆری ئازادی. جەنگەڵی تاریک = نیشتمانی داگیرکراو). ئەگەر ئەم شیعرە ھونەرییە بە دروشمی زەق و زۆپ دابڕێژرایە، ئەوا بەم چەشنە دەبوو.

ئای خۆزگە کڵپەی شۆڕش

شۆڕشێک ناڵە و نرکە بێت بۆ نیشتمان و

لە سەنگەری بووژانەوە و بزاڤەوە

بگەشتایەتە ناخی ئەم گەلە بێدەنگەوە.

ئای کاشکێ..

سروودی نیشتمانی

تیشکی خۆری ئازادی بوایە

ئەم نیشتمانە داگیرکراوەی

رووناک کردایەتەوە،

ئای بریا رووناکی بکردایەتەوە.

با ئیتر خوێنەر لەسەر ئەو دوو تەرزە شیعرە بێتە دەنگ و لە تەرازووی ھونەردا کێشانەیان بکات، تا بۆی دەرکەوێت کامیان رۆحی شیعرییان تێدایە و خوێنەر لەسەر خۆیان رادەگرن؟ تا بزانێت شیعری سرک و فرەچین، ھونەری بەرز دەنوێنێ، نەک شیعری دەستەمۆ و دروشم بەخش.

لە کۆندا شاعیری دیکەشمان ھەبوون بەتایبەتی: (مەلای جزیری، نالی، مەولەوی، مەحوی) دەمی چەقۆی سانسۆر بەسەر شیعرەکانیانەوە نەبووە، بەڵکو خۆیان بە پارێزەوە شیعریان نووسیوە و بوونەتە سانسۆر بەسەر خۆیانەوە، کە ئەوەش وای کردووە شیعرەکانیان ھەر بە نەمری دەمێننەوە و لێکدانەوەی فراوان ھەڵدەگرن و لەلامان کۆن نابن.

(ئەحمەد شاملوو) کە قسە لەبارەی شیعری ساکار و شیعری ھونەر پژێن دەکات، دەڵێ: (کە شیعرێکی رەسەنی بێ ئامانج دەخوێنمەوە، لە قووڵایی دڵەوە سوپاسی شارەزایی و زیرەکیی داھێنەرەکەی دەکەم، بەڵام کە دەبینم ھاوارێکی بەرز و بەھێز تەنیا دەرخەری ھێزی قوڕگ و دەنگە و ئێمەومانانی نیازمەندی ھاودەردی خۆی لەبیر خۆی بردووە تەوە، ئاخم ھەڵکێشاوە)(٢).

ئەو پێنج شاعیرە گەورەیەی کوردیش بەزۆری پەنایان بۆ کینایە، ئیستیعارە و لەتافەت بردووە، بۆیە ھەر ئەوە نین، کە شیعرەکانیان یەک لۆ بێت، بەڵکو شیعری دوو توێن و لە ھەردوو دیوی شیعرەکانیانەوە ھونەری تاسەشکێن دەبەخشن و خوێنەر دەخەنە داوەوە. خوێنەریش بۆ ئەوەی ئەو داوە بپسێنێت، ناچار دەبێ بکەوێتە تێڕامان و ھزری خۆی ماندوو بکات. ئەم تێڕامان و ھزر ماندووکردنەش بەھرەی گەورە بەخوێنەر دەبەخشێت.

ئەگەر بەم پێوانە شیعرییە بچینە سەر ھونەری شێوەکاری، ئەوا ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت، ئەگەر بێتو ھونەرمەندێ تابلۆی شتێ بکێشێ و کتومت وەکو خۆی بینوێنێ، ئەوا ھەرگیز بە ئەندازەی تابلۆیەکی دی ھونەری تێدا نییە، کە ھێما و ئاماژەیەکی تێدا بێت و دەلالەت لە مەبەستێکی پیرۆز بکات، چونکە ھونەری کتومت دوای دروستبوونی کامێرا ئیتر دەیەوێ چی بکات؟ و چی بە بینەری خۆی ببەخشێ؟ بەم شێوەیە، ئەگەر پارچە شیعرێکیش ھێما و ئاماژەیەکی تێدا نەبێت، ئەوا تابلۆیەکە و بە کامێرای چاوی ریالیزمی کێشراوە، کە ئەم شێوازەش، یان بڵێین ئەم قوتابخانە ھونەرییەش دەمێکە بووە بەژێر شەپۆلی سێمبولیک و سووریالیستییەوە.

تابلۆی مۆنالیزا و زەردەخەنە دڵگیرەکەی (دافنشی) ھەرگیز بە قەدەر سەعاتە ھەڵواسراوەکانی (سلفادۆر دالی) تژی نین لە ھزر و ھونەر.

ئەم پێوانەیە بۆ ھەموو چەشنە ئەدەبی و ھونەرییەکان ھەر وایە و لێرەدا جێگای نییە بەراورد لەنێوان ھەموویاندا بکەین؟

* * *

ئەو پێشەکییە با دەرگایەک بێت بۆ چوونە ناو باخچە شیعرییەکەی (سەباح ڕەنجدەر)ەوە. ئەم شاعیرەمان تا ئێستا ھەشت بەش لە دیوانەکەی بە چاپ گەیاندووە، بۆخۆی دەنگێکی شیعرییە و بە ئاسانی دەناسرێتەوە. دەنگی جیاوازیی شیعری لە ھەولێر زۆرتر ھەیە تا ناوچەکانی دیکەی کوردستان. پێوانەی ئەدەب پێماندەڵێ: (ئەنوەر مەسیفی) زۆر دوورە لە دنیای (عەبدوڵڵا پەشێو)ەوە، (کەریم دەشتی) و (سەباح ڕەنجدەر)یش بە رێگایەکدا ناڕۆن، ھەروەک چۆن (فەرھاد پیرباڵ) و (مەوجوود سامان) گەلێک لە یەک دوورن، بە ھەمان شێوە (موحسین ئاوارە) و (ئیسماعیل بەرزنجی)ش ھەروان، (محەمەد باوەکر) و (عەبدولخالق سەرسام) ئاسان ئاسان لە یەک جیادەکرێنەوە، (نەژاد عەزیز سورمێ) لە (جەوھەر کرمانج) ناکات، وەک چۆن (بۆتان جەلال) و (دڵشاد عەبدوڵڵا) لەیەک ناچن، ھەروەھا (تەلعەت تاھیر) بەڕێی (سەعدوڵڵا پەرۆش)دا ناڕوات، (سامی شۆڕش)یش دوورە لە (فەرید زامدار)ەوە، (مەسعوود پەرێشان)یش لە (جەلال بەرزنجی)یەوە دوورە، وەک چۆن (ھەندرێن)یش لەمان جیادەکرێتەوە، (ھاشم سەڕاج) و (حەمە عەباس) لێک دوورن، وەک (زانا خەلیل) و (رێبین ئەحمەد خدر) لەیەک جیان.

ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە دەنگی لێک جودا لە شوێنانی دیکە نەبن، بەڵکو ھەن، بەڵام لێکترازانەکە وەک ھەولێر نییە. شاعیرانی شوێنەکانی دی ئەگەر لە تەکنیکدا لێک دووربن، ئەوا لە فۆڕمدا زۆر کەم.

لەناو دەنگە شیعرییەکانی ھەولێردا، کە بەشێکیان پێکھێنەری گرووپی (پێشڕەو)ن. (سەباح ڕەنجدەر) یەکێکە لە پێکھێنەرەکان، (گۆشەیەکی تایبەتی لەسەر خۆی تاپۆ کردووە و توانای لە ھەموویان سەرسووڕھێنەرترە و ھەنگاوی بەرزی ھەڵێناوە، لە ھەمووشیان جیاوازە و بوو بە خاوەنی ڕاستەقینەی تاقیکردنەوەی شیعری نوێ.) لە شیعری ئەمڕۆی کوردیدا مانای قووڵ بەدەگمەن دەدۆزرێتەوە، ئەم شیعرەی بەناوی (لە کتێبخانەی تایبەتی باباتاھیردا) لێکدانەوەی قووڵ و چەند ئاراستەیی ھەڵدەگرێ و ماوەیەکە خۆم بۆ تەرخان کردووە تا بیروڕای خۆمی لەبارەوە دەرببڕم.

یەکەم:

گەڕانەوە بۆ یەکەمین شاعیری کورد و خوێندنەوەی کتێبخانە تایبەتییەکەی، گەڕانەوەیە بۆ یەکەمین شیعری کوردی، کە تا ئێستاش لەگەڵ کێشە و نالەبارییەکانی گەلی کورددا رێگای گرتووەتەبەر، ئیتر نالەبارییەکان دینی و مەزھەبی بن، یان فەلسەفی و ئایدیا، یان کۆمەڵایەتی و سیاسی و کێشەی چینایەتی و گرفتی عاشق و مەعشووق و کارەساتی مەرگبار و...تاد، گرینگ ئەوەیە ھەموو ئەو نالەبارییانە لە تەمەنێکی ھەزار ساڵیدا لەناوماندا دەژین و زووخاومان پێدەچێژن.

(سەباح ڕەنجدەر) لەم قەسیدەیەدا کێشەی شەڕی ناوخۆی گەلەکەمانی لێ بووەتە داخی سەر دڵ و گرێی ناخ. خۆیشی بەرانبەر ئاگر خۆشکەرانی کێشەکان کردووەتە لایەنی دووەم، بێ ئەوەی لەبەری ھیچ کامێکیاندا خۆی دیاری کردبێت، رەخنەی بابەتییانە ئاراستە دەکات و ھەڵوێست وەردەگرێ، رەخنەکانی گشتگیرە و لایەنی یەکێکیان ناگرێ بۆ سەرخستنی بەسەر لایەکەی دیدا، بەڵکو خۆی بەلایەنداری کێشەی گەلەکەی دەزانێت، نەک کێشەی دوو لایەنەکەی دەستەڵات. رەخنەکانی ورد و بەجێن، بەڵام بە زمانی شیعری تۆکمە و پەرداخ، ئەم نە نەویوە شێوەی ھەندێ شاعیری دی بە دروشم پەیامی خۆی بگەیەنێت، بەڵکو بە زمانێکی چڕ و کینایە بازی و ئیستیعارە جووڵان ھاتووەتە دەنگ. ئیتر ئاگر خۆشکەران تێی دەگەن، یان نا، ئەوە بەکار و بەرھەمی خۆی نازانێت، ئەوە ئەوانن دەبێ ئاگایان لە ھاوار و زایەڵەی ناو شیعرەکان بێت، نەک ئەم ھەستێ بە گۆڕینی رەوتە ھونەرییەکەی.

چەند ساڵێ دوای شەڕی ناوخۆ ئەم شیعرە نووسراوە، ئەوەش دیارە مەبەستی ئەوەی تێدایە، کە لە ھەموو ئەو ماوەیەدا ئەم، ئەو خەم و مەراقە بەری نەداوە و لەلایەکی دیکەوە بانگی ئەوە ھەڵدەدا، کە ئەو کارە ناپەسەندە جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە.

دووەم:

دەچینە سەر دێڕ بە دێڕی قەسیدەکە، کە بەم شێوەیە دەست پێدەکات:

(گا بۆ گیای ناو زەلکاو ملی درێژ دەکات

کەڵەبابیش لەکاتی بانگدان)

لەم دەستپێکەدا دوو جۆر کەس دەردەکەون. یەکەمیان ناکەسێکە، کە بە گای حۆل و دەبەنگ دەچێت، مل درێژ دەکات بۆ زەلکاو = گەندەڵی و لەسەر ئەوە دەژی. دووەمیان نموونەی کەڵەشێر دەنوێنی، کە نرخی ئەوەی پێ بڕاوە ملی درێژ بکات بۆ بانگدان = جاڕدانی دەست و دەم و دڵپاکی، بەرزکردنەوەی ھاواری ئاشتی و تەبایی و برایەتی. ئەم دوو جۆرە کەسەش لە کۆنەوە تا ئێستا لە ناوماندا دەژین، یەکەمیان کۆسپێکە لەڕێی ئاسوودەیی ژیاندا و دووەمیان بە پێچەوانەوە. پاش ئەو سەرەتایە بەدوایدا شیعرێکی نەفەس درێژ نەخشەدار دەکات و دەڵێ:

(تووتی بێ چاووڕوو دەم دەکاتەوە

لە نزیک

رەگ و

گۆپکە و

خونچە

دەوەستێ و پێی لە زەوی دەخشێنێ)

لێرەشدا کەسێکی دیتر دەبینین، کە بە (تووتی) چوێنراوە. ئەم باڵندەیەش بەوە دەناسرێت، کە لاسایی و ئاسانکێ دەکاتەوە، واتە خۆی داھێنەر نییە و ھیچی لە باردا نییە، شاعیر لە پاڵ ناوھێنانەکەیدا بە (بێ چاووڕوو) دایدەشۆرێ. کە نیشانەیە بۆ قێزەونی ئەو کەسە تووتی خەسڵەتە. ئەم کەسۆکە قێزەونەش دێت لە نزیک (رەگ = بنەمای ژیان. گۆپک = دەستپێکی ژیان. خونچە = گەشانەوەی ژیان) پێ لە زەوی دەخشێنێ و نازی بە سەرەوە دەکات، بەڵام ھەرچەند دەکات:

(نەخشی ناوچەوانی بەردی بۆ دروست نابێ)

واتە: ناتوانێ ھیچ ھونەرێک بنوێنێ و لە لاساییکردنەوە بەولاوە ھیچیتری لەباردا نییە.

(کرانەوەی دەمی خۆی

بە کرانەوەی دەمی

رەگ و

گۆپکە و

خونچە

بەراورد دەکات

پوولی پۆستەی لەبن باڵی دەدەن)

ئەم ناکەسە کرانەوەی دەمی دەچوێنێ بە گەشانەوەی دەمی رەگ و گۆپکە و خونچە، بەڵام ئەمان سەرمایەی ژیانن، ئەوەی لێ قبووڵ ناکەن و پوولێکی پێوە دەنێن. واتە کارە بێفەڕەکەی ئەویان ھێندە بەلاوە ناشیرین و نەشیاوە پەسەندی ناکەن، چونکە ئەمان کە دەم دەکەنەوە بەرھەمیان دەبێت بۆ ژیان و سروشت، بەڵام دەم کردنەوەی ئەو ھیچ خێروبێرێکی تێدا نییە، چونکە:

 

(گوێڕایەڵە و دان لەسەر دەستی نانی نانی دەخوات

بۆ کام لا ھەڵیدەن

سەر لە ڕێیە و رووگەنمای دادەخا)

 

ئەو باڵندە گوێ لە مشتی ئەم و ئەوە و (نانی دەستی نانی نانی = خەسڵەتی ھەندێ سەگ) دەخوات، وەک ئەمان رۆحی سروشت و جوانی لە ھەناویدا ناژی، بەڵکو لەگەڵ ئەو رۆحەدا دەژی، کە نانی دەداتێ و بیەوێ چی بڵێ ئەوە دەکات و بۆ ھەرلایەکیش بیەوێ یاری پێدەکات، ئەمیش تەنیا فەرمان بەجێھێنانی لەسەرە و بە بڕیاری ئەو لە ھەر شوێنێ بۆی دیاری بکات رووگەنماکەی دادەنێ و نوێژی ساختە دەکات. شیعرەکە درێژە بە رەخنەی خۆی دەدات، ئەمجارەیان رووی دەمی دەکاتە سێ جۆر کەسی دی ناو کۆمەڵ کە بریتین لە:

 

١-(خەڵات و بەراتی دۆفرۆش)

٢-(یان پیسی و پۆخڵی و بۆنی ورچی تەپ و حۆل)

٣-(دەمە بۆڵەی جادووبازان)

ئەم سێ جۆرە کەسەش:

(لە قاوغی کیسەڵێکدا دەمێننەوە)

واتە ھەرسێکیان ھێندە درۆ و کاری نابەجێ و جادوویان لەگەڵ خەڵک کردووە، ئیتر لە چوارچێوەیەکی پیسدا، کە بە قاوغی کیسەڵ دیاری کراوە، قەتیس دەبن و بۆ ھەمیشەیی دەمێننەوە.

جۆگەلەی قەسیدەکە لە خوڕە ناکەوێ و رێ دەکات تا دەمانباتە ناو ھەواری ئازادی، کە وشەی (خۆر)ی لە جێگایدا بەکارھێناوە. دەڵێ:

 

(ئەرێ خۆر بە پۆستاڵ یان بە پێڵاوی ئاوریشم بۆ لامان دێت

مێژوویەکی لە ھاتن و چوون ھەیە و لە نوێژدا دەلەرزێت

بانگی بەیانی دەستی خێرە و چرچ و لۆچی ناوچەوانی دەمرێنێ

نادیارییمان دەبینێ)

 

بە وشەی ئەرێ پرسیار دەکات: ئازادی بە سەربازی پۆستاڵ لەپێ دێتە ناومان، یان بە پێشمەرگەی چەکمەشڕ؟ شاعیر لە رێز و خۆشەویستیدا چەکمەشڕەی ناو ناوە پێڵاوی ئاوریشم، ھەروەھا ئەوەش دیاری دەکات، کە ئازادی لای ئێمە ھەمیشە لە ھاتوچۆدا بووە بۆ لامان و بەوەش مێژوویەکی دروست کردووە، ئەوەندە لەو ھاتن و چوونە تەمەنی بەسەر بردووە وای لێھاتووە لە نوێژ = رەوتی ئاشتیدا دەلەرزێت. نوێژ لێرەدا وەک لای گەلێ شاعیری رۆحپاک کینایەیە لە خاوێنی و ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە حەقیقەت.

ئازادی وشەیەک نییە، کە بۆ یەکەمجار شاعیری ئەم باسەمان وشەی خۆری بۆ خواستبێ، ئەمیش بۆ خۆی بەکاری ھێناوە و مەبەستی خۆی پێ ڕاگەیاندووە.

ئازادییە بە تەمەنەکەی لای ئێمە بانگی بەیانی سەبای ساڵحان بۆی دەبێتە خێر و گەشە بە سیمای دەدات و چرچ و لۆچی ناھێڵێ. ئازادی ھێندە کاروانی ھێناوە بۆ ھۆبەی ئێمە و گەڕاوەتەوە (لە خانی لەپ زێڕینەوە تا ھەموو شۆڕشەکانی کورد و تا ئێستا) لە زمانی نھێنییەکانمان تێدەگات. ئەو دەزانێ کە:

 

 

                      (ئێمە ھەموومان بێدەنگی خودامان نووسییەوە

                      ئێمە ھەموو بێدەنگی خودامان نووسی

                      ئێمە ھەموو بێدەنگی خودا دەنووسینەوە

                      ئێمە ھەموو بێدەنگی خودا دەنووسین)

 

وشەی خودا سۆفییانە جێگای کراوەتەوە، راستەوخۆ مەبەستی خودای بانی سەر نییە، بەڵکو خوازەیەکە بۆ گەورەترین دەسەڵات، کە لە ئاستی داخوازییەکانماندا پەنامان بۆ بردووە. پێشتر لە شۆڕشەکانماندا بێدەنگی ئەو دەسەڵاتەمان نووسیوە و ئێستاش دەینووسینەوە و ھەر دەنووسین. بۆیە:

 

                      (لە ئاوێنەی نووسیندا دەستێک دەبینین

                      جێگۆڕکێ بەدەنگ و بێدەنگی دەکات

                      لەم جێگۆڕکێکردنەدا

                      ھەموو ئاوازێک دەچێتە ناو دەنووکی درەوشاوەی مەلی خۆشخەبەر

                      مژدە و بینینێک

                      بۆ ھەڵھێنانی چاوی ئەفسانەی گیای چوار وەرز)

 

ئەم کۆپلەیە پڕە لە ھیوا، پێشتر ئەگەر دڕک و داڵی نائومێدی کێڵگەی رۆحی شاعیری تەنیبێت، ئەوا لێرەدا ترووسکەی ھیوا ھەرێمی دڵی پڕشنگدار کردووە و بەناوی ھەموومانەوە دەڵێ: (نووسییەوە و نووسی، دەنووسینەوە و دەنووسین) وا دڕی بە شەوی تاریکی دا، ئەگەر نووسینەکەمان ئاوێنەیەک بێت، ئەوا دەستێکی تێدا دەبینین، کە جێگۆڕکێ بە دەنگی ئێمە و بێدەنگی ئەو = دەستەڵات، دەکات. بەو کارەشی تێکڕای سۆز و لەرەی دەنگمان دەچێتە ناو دەنووکی مەلی خۆش خەبەرەوە = پەپووسلێمانە، ئەو باڵندەی کە خەسڵەتی ئەوەی پێوە چەسپیوە گوایە لە زەمانی حەزرەتی سلێمانەوە ھەواڵی خۆش بە ھەموو لایەکدا رادەگەیەنێت. لە ھەواڵەکەشیدا مژدە دیارە، دیتن دیارە بۆ پشکووتنی چاوی گیای چوار وەرز = ھەمیشە بەھار = بەھاری گەیشتن بە سەرفرازی.

 

(بەختەوەری و دروودی زەمین

رووداو و دیمەنی دڵتەزێن و تاسێنەر نین)

 

لەم دوو دێڕەدا پەیوەندیی نێوان وشەکان بەم شێوەیەی لێدێت:

بەختەوەری لەسەر زەمیندا

رووداوی دڵتەزێن نییە.

دروود بۆ سەر زەوی

دیمەنی تاسێنەر نییە.

ئەم دوو پەیوەندییەش پەیوەندن بە (ھەڵھێنانی چاوی ئەفسانەی گیای چوار وەرز)ەوە کە بە (گەیشتن بە سەرفرازی) لێکمان دایەوە. مەبەستی ئەوەیە، کە بەختەوەری بە واتای ژیانی پڕ کەیف و سەفا و سەربڵندی دێت، ئەوەش نەک رووداوێکی دڵتەزێن نییە، بەڵکو ئەوپەڕی کامی ژیانە. دروودیش دەست بەرزکردنەوە بۆ رێزگرتن لە ھەموو شتێکی مەزن دیمەنێکی تاسێنەر نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دیمەنێکی دڵگیر و بلاوێنە.

دوای ئەوەی شاعیر بە دوورودرێژی ژیانی بەختەوەری و ستایش و رێزمان پێش چاو دەخات، دێت قسە لەگەڵ تێکڕای باڵندەی ئاوی وشکایی دەکات بۆ ئەوەی ھەموویان ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێ بھێنن، ئەوانیش لە پرۆسەی پێکھێنانی ژیانی پڕ لە شەوق و شادیدا بەشداربن. دەڵێ:

 

(فەرمووم لە باڵندەی ئاویی کرد

بۆ وشکایی کە رەگی بە ھات و بیرەوەری تەڕ و پاراوە

فەرمووی باڵندەی وشکاییشم کرد

بۆ قەراغ گۆلاوی سەر بە شەختە)

 

بانگھێشتی ھەموو باڵندەکانیش بۆ ئەوەیە کە:

(شاڵێک بۆ شاژنی ژیان بچنن)

بەڵام باڵندەکان      

(دیاربوو کتێبێکیان خوێندبووەوە

بەرژەوەندی دارێک نووسیبووی)

 

دیارە وشەی (دار) مەبەست دارێکی لق و پۆپ پڕە و ئەوەش کەسایەتییەکمان بۆ دیاری دەکات، کە خەڵکانی زۆر پێوەی پابەندن و لەژێر سایەی بڕیار و دەستەڵاتیدا بن.

لە دێڕەکانی پێشەوەدا وشەی باڵندە گشتگیر بوو لای شاعیر بۆ ھەموو باڵندەی ئاوی و وشکایی، بەڵام داوتر یەک باڵندە دەمێنێتەوە و نوێنەرایەتی باڵندەکانی دیکە دەکات، چونکە لێرەوە دەڵێ:

 

                       (باڵندە دەستی رەش و سپیی

                      درێژی مرۆڤ دەناسێت

                      رووخۆشیی سروشتیش)

 

شاعیر باڵندە بە سەرناس دادەنێ و بە ئاسانی دەستی رەش = خراپەکار و دەستی سپی = چاکخواز، لە یەک جودا دەکاتەوە، دەستی رەش چەند درێژ بێ ئەوە نەھامەتی زۆرتری لێدەوەشێتەوە، بە پێچەوانەوە دەستی سپی چەند درێژ بێت، پیت و فەڕی زیاتری دەبێت بۆ ژیان. لەگەڵ ئەوەشدا باڵندەکە شارەزایی لە سروشتیشدا ھەیە، واتە کاتێک سروشت = ژیان، لە گەشە و نەشەدا دەبێت، ئەو دەیناسێ. ناسینی سروشت = ژیان، پەیوەندە بە ناسینی دەستی رەش و سپییەوە. بەم پێیە ئەگەر سروشت = ژیان، رووشیی تاڵ بێت و لە گەشانەوەشدا نەبێت، ھەر دەیناسێ. پاش ئەوە ناخی باڵندەکە دەخوێنێتەوە و دەڵێ:

 

(دڵنیایە لەو زەوییەی کە ھێلکەی لەسەر دادەنێ

زەوی گەف لە زەوی پەروەر ناکات)

گەف = گزی. زەوی پەروەر = لەجێی سەدان جار وتراوی نیشتمان پەروەر بەکارھێنراوە.

باڵندەکە:

                     

 (ھەموو شتێک لەبارەی ئێمەوە دەزانێت)

ئەوەش دەزانی کە:

(تەنیا لە دەمە دەمی مەرگدا

خۆبینین بە روخسارمانەوە دەردەکەوێ)

 

کە دەشمرین:

(دەزانێت پاش چەند رۆژ کرم لە جەستەمان پەیدا دەبێ

سەرەتاش کامە بەشی دەخوات)

 

لەم دێڕانەی سەرەوەدا، کە رستمان کردن زانایی و ھۆشیاری بە باڵندە دراوە، لە ھەموو روویەکەوە شارەزایی لە ژیانی ئێمە ھەیە، چاک و خراپمان لە یەک جودا دەکاتەوە، ئاگای لە کرداری جوان و رەفتاری ناشیرینمانە و لە سەرەتای ژیانەوە دڵی لامانە تا دەمانگەیەنێت بەگۆڕ، لەناو گۆڕیشدا دەزانێ چۆن کرم تێمان دەدا و سەرەتاش کام بەشی لەشمان دەخوات.

کەواتە باڵندەیەکی سیحراوی دەستکردی شاعیرە و دروستکراوی خەیاڵ و بیری شاعیرە، ئەوە شیعری بەرزە وشە سیحراوی دەکات و لە قاوغی راستەقینەی خۆی دەری دێنێ و تێکەڵ بە ھونەری دەکات. زۆر وشە ئەگەر بە موجەڕڕەدی و بێ دەلالەتێک بخزێنرێتە نێو شیعرەوە، ئەوە پێی ناگوترێ ھونەر نواندن، بەڵکو دەبێتە وشەیەکی بێ گیان و بێ باڵاپۆشیی ھونەر و تەنیا لە خانەی شیعری خۆڕسکی و فۆلکلۆردا جێگای دەبێتەوە.

چەند جوان (مەولەوی) بەر لە ھەر دەنگێکی شیعری (پێ)ی بەخشیوە بە (نەسیم) و دەڵێ:

 

نەسیم پەنجەی پات ئەر سەردی کێشان

بدارەش نە تۆی دڵ دەروون رێشان(٣)

 

واتە: ئەی بای نەسیم ئەگەر لەم کڕێوە تووشەی ھەوراماندا پەنجەی پێت تەزی و لەگۆ کەوت، ئەوا بیخەرە ناو دڵی دەروون بریندارانەوە = پیاو چاکانی خودا، کە مەبەستی شێخانی نەقشبەندییە، کە بەدەم زیکری خەفییەوە ھێندە ئازاری دەروونی خۆیان داوە برینداریان کردووە، ئاگاداربە پەنجەی پێت لە بۆتەی دڵی ئەواندا گەرم بکەوە.

باڵندەکەی لای (سەباح ڕەنجدەر)یش واتای رابەر، سەرکردە، حاڵزانی دەردان و ئاگاداربە ھەموو چرکەیەکی ژیانمان دەگەیەنێت، ئەوە ئێمەین شارەزاییمان لە دەنگ و رەنگ و شێوەی دەنووک و چوارپەلی باڵندە ھەیە، بەڵام ئێمە نین بتوانین بانگھێشتی باڵندەی وشکایی و ئاوی بکەین بۆ ئەوەی کۆببنەوە تاکو لە پەڕەکانیان شاڵێک بە قەد باڵای شاژنی ژیان بچنن. ئەوە خەیاڵی شیعری تۆکمەیە لە رێگای وشەوە شیاوی دەدات بە کاری نەشیاو و نەکردەنی.

دوای ئەوەی ژیان شاڵی شادمانی بە باڵا بڕا، ئیتر گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا ھات و بەوەی گەیشت کە شاعیر بڵێ:

 

(ژیان بە دڵخۆشی درەختی تازە ئاودراو

دەمان لاوێنێتەوە و دەجریوێنێ)

 

لێرەدا پێویستە پەیوەندیی نێوان (دەجریوێنێ) و (درەخت) دیاری بکەین. جریوە دەنگی باڵندەیە بەتایبەتی چۆلەکە و ئەمیش بەسەر درەختانەوە دەنیشێ، واتە بە چەشنێ جریوەیان تێکەڵ بە چڵوپۆپی درەخت دەبێت وەک ئەوە دێتە گوێ، کە درەختەکە دەجریوێنێ، خۆ ئەگەر واش نەبێت بڵێین شاعیر وای داناوە، کە (درەخت دەجریوێنێ) ئەوەش سوریالییانەیە لە شیعرا جێگای تایبەتی ھەیە و شیاوە و دەشێت. لەم رووەوە شاعیر خۆی لە واقیعی درەخت لاداوە، کە لەنجەکردن لە خەسڵەتە جوانەکانیەتی.

پاش ئەمانە کەسایەتییەکی نەناسراو دەردەکەوێت و وامان پێدەناسێنێ:

 

(ئەو پیاوەی

لەسەر سنگی خۆی داوە بە زەویدا

بۆنی ھەڵووژەی ترش و مزر

چاوی تێر خەوی دەبریسکێنتەوە و دڵی بەھێز دەکات)

 

کە ئەو پیاوە دڵی بەھێز دەبێت، شاعیر لە خۆشییاندا دەگری:

(دڵم پڕ بوو لە گریان

گریانی خۆم لە گۆرانییەکی میللیدا دۆزییەوە

شەپۆلی دەد ا)

 

دیاریکردنی (گۆرانی میللی) پەیوەستبوونی دڵی شاعیر دەگەیەنێت بە گەل و نیشتمانەوە، لە گۆرانی میللیدا بەتایبەتی (لاوک، حەیران، بەیت، چەمەری، ھۆرە، ئای ئای) گەلێ رووداوی دڵتەزێنی نێو جەرگەی گەلەکەمان دەگێڕنەوە و کەسەر و دڵسووتان دەکەنە بەشی گوێگر، ئەوەش ھەڵدەگرێ شاعیر مەبەستی لە (گۆرانی میللی) شۆڕشی نەتەوەیی بێت بە شێوەیەکی خاوێن، نەک حزب حزبێنە و بەرژەوەندیی تایبەت.

دوای دەربڕینی ئەو سۆزە، شاعیر دەچێتە سەر وشەی دڵ و دەڵێ:

(ئای خەڵوەتی دڵ

تەماشای ھەر کوێیەکت دەکرد

سەرنجی ئەوێم دەدا و سەرنجم دەڕسکا

دڵ رێنماییم دەکات و ئەوەی ئەو پێمدەڵێت

ئەو لە نەخشی ناوچەوانی بەرد دەنووسم)

 

(نەخشی ناوچەوانی بەرد) لە دێڕەکانی سەرەتای قەسیدەکەدا ھاتووە، لەوێ تووتی ھەرچی دەکۆشێ، ھیچ نەخشێکی لەسەر بەرد بۆ دروست نابێ، چونکە ناکەسێکی دەنگەوەرەی ئەم و ئەوە و قسەی ئەوان دەڵێتەوە، بەڵام لێرەدا بە فەرمانی دڵێکی خاوێن جێبەجێ دەکرێ، ئەو دڵەی کە بۆتە بارەگای حەق. (خەڵوەت) لە عورفی سۆفییاندا بە واتای چلەکێشیی گۆشەگیر دێت، کە بێ سرتە حەق دەدوێنێ لەم وشەیەشدا شاعیر ئەوەمان بۆ بەیان دەکات، کە جیلوەی تەسەووف لە رۆحیدا گرشەی دێ. دڵە بێگەردەکەی شاعیر پێی دەڵێ بنووسە:

                      (چەتەی پێڵاو گەورە لە خەودان)

 

وشەی دووانەی (پێڵاو گەورە) سوود وەرگرتنە لە ئەفسانە و حیکایەتی گوێ ئاگردان، واتە زیادەڕەویکردن لە پیاھەڵدانی پاڵەواندا، کە بە چەشنێ دەھێنرێتە پێش چاو دوور بێت لە مرۆڤی ئاسایی. لێرەشدا چەتەکانی مەملەکەت ئەوانەی ،کە راو و رووت دەکەن ئاسایی نین، کە پێڵاویان گەورە بێ، دەبێ قەوارەشیان زەبەلاح بێت. گەورە پیشاندانی چەتەکان، زیادەڕۆیییە بەوەی، کە ئەو پیشە قێزەونەیان لە رادەبەدەر کردووە.

(لە خەودان) واتە ھێشتا دەستی پیسیان بە تەواوی نەخستووەتە گەڕ، رستەکانی دادێ ئەمەمان پێدەڵێن:

 

                      (ڕێگاوبان ھێشتان

                      دڵیان باش لێدەدا و تۆزاوی نەبوونە)

رێگاوبان ئارامە، ئاسوودەیی خۆی دەنوێنێ و پشێوی تێ نەکەوتووە، ھێشتا چەتە زلحۆرتەکان بە پێڵاوی گەورەوە نەکەوتوونەتە شێلانی جادەوبان.

 

                       (دەرگای کێڵگەی پەرژینکراو

                      بە پەنجەی فریشتە و خوداوەند مۆرکراوە)

 

بۆ رێگرتن لە بەدکاریی چەتەکان، کێڵگەی ژیانی خەڵک، پەرژینی بە دەوردا کێشراوە و ناتوانن ئەو سنوورە ببەزێنن، چونکە بە پەنجەی کەسانی فریشتە ئاسا و خوداوەند مۆری لێدراوە.

 

                       (پووشی قەراغی رێگا خەواڵوون

                      ئەسپ بە ماتی بە تەکیاندا دەڕوات)

پووشی قەراغی رێگا = کەسانی فەرامۆشکراو. خەواڵوون = بێکارن. ئەسپ = کەسی رەسەن و شۆڕشگێڕ.

ئەم کەسە دڵی بۆ خەڵکە بێکارەکە دەسووتێ، چونکە کەس حیسابی بۆ نەکردوون.

ئەسپ = کەسە رەسەنەکە:

                       (بیردەکاتەوە و سێبەری مافووری نەخش دێرینی شارە)

 

 

 

یەکەم:

بیر دەکاتەوە و لەناو ھزردا دەژی.

 

دووەم:

بۆتە سێبەرێک بەسەر کولتووری ژیانەوە و دەیپارێزێ.

ھەر ئەو ئەسپە رەسەنە:

                       (نادیار نەبووە و نادیار نییە

                      تەمەنی جوانوویی لەناو دڕکی دەم تیژ و نزیک گورگ گوزەراندووە)

دڕکی دەم تیژ = جەللادەکانی بەعس. گورگ = سەدام حوسێن.

ھەرگیز لەپێش چاو بزر نەبووە و نابێ، کەسایەتییەکی وەھایە کە ھەمیشە لەبەر چاوانە و خۆی دەنوێنێ، ئەم پیاوە رەسەنە ھەڕەتی لاوێنی لەژێر دەسەڵاتی ستەمکاردا تێپەڕاندووە.

 

                       (سەر رادەوەشێنی و چاو ھەڵدەبڕێ

                      دەموچاوی کاروانچی

                      وەک لافیتەی ھەواڵێکی ناخۆش دەبینێت)

 

کاروانچی = ئەوەی کاروانی راستی و پاکی بەڕێ دەکات، یان رابەری گەل، لای ئەم باش نایەتە پێش چاو، وەک ھەواڵێکی ناخۆش دڵی دەتەزێنێ و ئازاری دەدات.

بەڵام ئەم کەسایەتییە لە تێکۆشانی خۆی ناکەوێ.

 

 

 

                                            (پووشیش خەواڵوویی بەری دەدا

                                            گەرمایی دەمی ئەسپ ھێزی دەداتێ

                                            ھەموو ناخی بە پیتی زەوی دێتە کوڵ)

 

ئەوەتانێ لە تێکۆشانەکەیدا تێکەڵ بە کەسانی فەرامۆشکراو دەبێت، بە گەرمایی = تین و تاو بەخشین بە کەسانی پشتگوێ خراو، دەیانبزوێنێ و لە خەو رایان دەچڵەکێنێ و بەوەش پشتگوێ خراو، یان فەرامۆشکراوەکان ناخ و ھەناویان تژی دەبێت لە فەڕ و پیتی خاک = نیشتمان. کە لەو خەوە راچەنین و بە ئاگا ھاتنەوە ئیتر ئەسپ = کەسایەتییە رەسەنەکە دێتە گۆ، لەناو قسەکانیدا سەرکۆنە دەبینین، کە بە (بەس نەبوو) دەست پێدەکات. واتە پێشمان رادەگەیەنێت ئیتر بەسە و واز بێنن.. تا کەی؟ ئەسپەکە بووەتە رۆحی شاعیر و رازی خۆی دەدرکێنێت.

 

                       (بەس نەبوو

                      حاجی لەق لەق دوا شەھیدی ھەولێر بوو

                      بەس نەبوو

                      قومری دوا شاعیری ترپە و ھەست و تاسە بوو

                      بەس نەبوو

                      ئاو و خۆڵ و با خۆ کوژی کەوتە نێوانیان

                      ئاگر دوا ناوبژیوانیان بوو

                      بەس نەبوو

                      ھێزی ئاگر کوژێنەوە دزی پەتاتەی بەراز بوون

                      بەس نەبوو

                      شەوی پێش ھەڵبزڕکاندنی کولێرەکەم

                      زانیارییەکم لەبارەی تاڵانی چاڵە گەنمەکان خوێندبووەوە)

 

لە شەڕی ناوخۆدا گەلێک شەھید درا، لەگەڵ خەمی ئەواندا شەھیدکردنی حاجی لەق لەقە کۆچەرییەکە داخ و کەسەری خۆی ھەیە، داخەکەی ئەوەیە لە گەرمەسێرەوە بۆ کوێستانی ھەوا خۆش ھاتووە، کەچی گەرمایی شەڕەکە گیانی ئەمیشی کردە قەرەبرووت.

ئەی جووتە براکەی نیشتمان بەسیەتی بەس وا قومریش بە خۆی و ئاواز و سترانیەوە بوو بە قوربانی. رۆحی شاعیر دەیەوێ بە کورتی باس و خواس لەو شەڕە ناھەموارە بکات، کە بۆ نەتەوەکەمان گەلێ سەخت و دژوار بوو، لایەنەکان ئاو = یەکێتی، خۆڵ، یان خاک = پارتی، با = بزووتنەوە شەڕ لە نێوانیاندا تاوی سەند، بە چەشنێ دەست لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگ و چەکی قورس بوون دەیانویست یەکتر پاکامە بکەن و قڕە چۆڵی یەک ببڕن، لەگەڵ ھەموو نەھامەتییەکاندا بەداخەوە (ئاگر) بوو بە ناوبژیوان.

لەم دوو دێڕەدا شاعیر گەڕاوەتەوە سەر ئەو فەلسەفە کۆنەی، کە دیاری کردووە ھەموو گێتی لە چوار رەگەز پێکھاتووە بریتین لە: (با، ئاو، خاک، ئاگر) رەگەزی چوارەم دەبێتە ئاگر خۆشکەر بە مەبەستی ئەوەی لە روویەکی ترەوە وڵاتەکەمان بەرەو وێرانی بەرێت، ئەویش رووی ئابوورییە. ئەو ئاگر خۆشکەرە دەستی بۆ ھەموو بەروبوومێک دەبرد، تەنانەت پەتاتەی بەرازیشی چەپاو دەکرد.

لە سێ دێڕی کۆتایی ئەو کۆپلەیەدا شاعیر ھەر (بەس نەبوو، بەس نەبوو)یەتی و کسپە لە جەرگ ھەڵدەسێنێ، چونکە لە گەرمەی ئەو شەڕەدا تەنیا (کولێرە) سەرمایەی ژیانی بووە، ئەویش پڕیشکی گڕی ئەو شەڕەی بەرکەوتووە و ھەڵبزڕکاوە. ئەوەشمان پێدەڵێ، کە شەوی پێش کارەساتی کولێرەکەی زانیاری لەبارەی گەندەڵکار و تاڵانچییەکان بەدەست ھێناوە.

شاعیر لە رێگای رۆحیەوە ئەو رۆژگارە رەش و تووشەی ھێنایەوە بەر دیدەمان و لە چوارچێوەی چەند تابلۆیەکی سەرنجڕاکێشدا ھەندێ دیمەنی بە قەڵەمی شیعر بۆ کێشاین، پاشان دێتە سەر ئەوەی بە دوو دێڕ قسە لەبارەی خۆی دەکات، کە دوو کاری بە ئەنجام گەیاندووە.

 

یەکەم:

(پرچی لەبەر باران خووساوم رێکخستەوە)

باران = تێکۆشان بەھێزی شیعر و سۆز بۆ گەل و نیشتمان.

 

دووەم:

(ئەسپی راویشم بە ملوانکەی کیژی کافرۆش بەستایەوە)

ئەسپەکە ئەوەندە بەڕێز و بایەخدارە لەباتی حەبل بە شتێکی جوان و نایاب دەیبەستێتەوە، کە ملوانکەی کیژی کافرۆشە، بۆ شایانی ئەسپەکە ئەو شتە شایانەی ھەڵبژاردووە.

ئەسپ = رۆحی شاعیر ئەوە نییە، کە بیباتە مەیدانی راوکردنی کەروێشک و کارمامز، بەڵکو بەکاری ھێناوە بۆ راوکردنی خراپەکاران، ئەوانەی، کە ماڵی کوردیان بەرەو وێرانبوون برد و نیشتمانیشیان خوێن پۆش کرد.

پاش ئەوە دیمەنێکی دیکەمان پێش چاو دەخات، ئەویش لە نەھامەتییەکانی بەرھەمی جەنگە. مێژوو گەلێ گەلێ چیرۆکی شەڕ و قات و قڕی و مەرگەساتمان بۆ دەگێڕێتەوە، گەلێ گەلێ لاپەڕەی دیکەی مێژووش باس و خواسیان لە نەھامەتییەکانی پاش جەنگ کردووە، جەنگ جەنگە و کوشتن و بڕین، چشتی ناجوان و نامرۆڤانە، کارەساتی ماڵوێرانی و برسیەتی و نەداری و.....تاد، بۆیە شاعیر دەڵێ:

                                            (فڕوفێڵ لە نێوان کڕیار و فرۆشیار

                                            ئاڵۆزیی بازاڕی پاش جەنگ)

لە نەبوونیدا بازاڕ دەبێتە گۆڕەپانی دەستبڕین و سەختەچێتی و برا بەزەیی بە براوە نامێنێ. گێرمە و کێشە و ئاڵۆزییەکان وەک پەتا چزە لە گیانی خەڵک ھەڵدەستێنن. کە ئەمەی پێگوتین جا دەڵێ:

                                            (ھیچ شتێک لەبەر ھەتاو ناتوێتەوە

                                            بەفریش دۆخی دەگۆڕێ)

ھەتاو = ئاوێنەیەکە ھەموو چشتەکان وەک خۆی نیشان دەدات، ئەو فڕوفێڵ و ئاڵۆزییەی نێو بازاڕ وەک خۆی دەخاتەڕوو، ئەگەر بەفریش لەبەر ھەتاو توایەوە، ئەوا گۆڕانێکی بەسەردا دێ و دەبێتەوە بە ئاو، بەڵام ھەر ئاویشە دەبێتە ھەڵم و پاشان ھەور و بەفری لێ دەبارێتەوە. بەفر ھیچی تێدا نابینرێ، بەس کە بوو بە ئاو، ئەوا ئاوێنە ئاسا ھەموو شتەکان وەک خۆیان تێیدا دەردەکەون، مەبەستی دووەمی شاعیر ئەوەیە (ھیچ شتێ لەبەر ھەتاو = راستی)دا بزر نابێ، بەڵکو ئەگەر دۆخەکە لە بارێکی خراپەوە بگۆڕێ بۆ بارێکی باش، ئەوە ھیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە (ھەتاو = ئاوێنە + راستی) ئەو راستییەیان وەک مێژوو سەلماندووە و بە جۆرێک نەخشاندوویانە ھەرگیز لە یاد ناکرێن، کەواتە خراپە و ناپەسندییەکانی رۆژانی جەنگ، چوونەتە تۆمارگەوە و بۆ تەمەنێکی زۆری پاش رۆژانی جەنگیش ھەر دەمێننەوە.

ئەسپ لای شاعیر بەو مەزنیەتەی پەیدای کردووە، لە یادی ناکات و لەبارەیەوە دەڵێ:

                      (دڵە خورپێیەکی مات و ترسناک سەر تا پێی لەرزاندەوە

                      ھەتاوی پێش ئاوابوونیش ئەو ھەستەی بۆی ھەبوو)

ئەسپ، کە برابوو بۆ ڕاوی خراپەکاران، لەپاش کۆتایی ھاتنی جەنگ، تووشی دڵەڕاوکێیەک دەبێت، ئەویش ئەوەیە، ئایا لە پاش جەنگ وڵات بە ژیانی کامەرانی دەگات؟ یان ھەر بە وێرانکراوی دەمێنێتەوە و گەشە و نەشەی ژیان نایەنەوە ناو دۆخێکی ئارام و دوور لە شەڕ و ھەرا؟ ھەتاو = راستیش بەر لەوەی لە کەل دەرچێ، ھەمان ھەستی بۆ ئەو مەسەلەیە و ئەسپەکە ھەبوو.

جارێکی تر شاعیر دەگەڕێتەوە سەر (تووتی) لە خوێندنەوەی شیعرەکەدا قسە لەبارەی ئەم باڵندەیە کرا. دیسان ھەر دایدەشۆرێ و دەڵێ:

 

                      (تووتی کە حەزی لە خواردنی پەپوولەی وشک بووەوەیە

                      چاوی لە ھەنگاوەکانە ئاخۆ رێگا ون دەکەین یان نا)

 

پەپوولەی وشکھەڵاتوو کینایەیە لەو تێکۆشەرانەی، کە لە شەڕی ناوخۆدا بوونە قوربانی، یان خەڵەتێنران و کرانە قوربانی. تووتی لەگەڵ ئەو حەزەشیدا سەرنجی ھەموولایەک دەدات تا بزانێ ئەو رێگایەی (پاکان) گرتوومانەتەبەر دەگەین بە ھەوار، یان تووشی لاڕێ دەبین؟ ئەگەر لە راستەڕێ ترازاین، ئەوە لە جەژنانیەتی، ئەگەریش پێچەوانە بوو ئەوا بیر دەکاتەوە کە قسە و نیازی گێرەشێوێنان دووبارە کاتەوە بەسەرماندا و بەختەوەرانە لە پاڵیدا بژی، بەڵام ئێمە:

 

                      (تێی ناڕوانین و فەرامۆشی دەکەین)

چونکە تازە راستە رێگای خۆمان گرتووە و قسە بێ سەروبەرەکانی ئەو نرخی قنچکە توورێکیان نەماوە، بۆیە لە داخ و خەفەتدا:

 

                      (خۆی دەخواتەوە و دەروونی قوڵپ دەدا)

بەمەشەوە ناوەستێت و گیرۆدەی نەخۆشی دەروونی دەبێت، ئەوەتا دەکەوێتە حاڵێکەوە کە شێتانە:

 

                      (پەڕ لە کلکی دەردەکێشی و ھێلکەی دەشکێنێت)

لێرە بەدواوە شاعیر جارێکی دی ئاراستەی شیعرەکەی بە بارێکی تردا دەگۆڕێت و بەدوو پەیڤی دی سەرنجمان لەسەر شیعرەکە قەتیس دەکات، ئەمەش بەبێ ئەوەی لە ناوەرۆکی بابەتەکە دوور کەوتبێتەوە دەڵێ:

 

یەکەم:

(رێگای خۆڵ باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە)

ئەو رێگا بێنازانەی چەوڕێژ، یان قیڕتاو نەکراون بە گۆماو دەزێن، کە ئەمەش بۆ گوندنشینەکان و ھەندێک لە کۆڵانەکانی ناو شار گرفت دروست دەکەن، ھۆی کۆبوونەوەی باراناویش بەرھەمی شەڕە نەگریسەکەیە، چونکە شەڕ دەستی ئاوەدانی کەلەپچە کردووە. خۆزگەی شاعیر ئەوەیە، کە لەباتی شەڕ ئاشتی جێگای بگرتایە و لە سێبەریدا دەستی ئاوەدانی بگەشتایەتە ئەو شوێنانە.

 

دووەم:

(شەقامیش ترووسکەی چاو ھەڵخەڵەتێنەر)

ترووسکەی چاو ھەڵخەڵەتێنەر = سەراب، مەبەستی ئەوەشی تێدایە، کە شەقامەکان جمەیان دێت لە خەڵکانی فریودەر بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسییان.

لە ھەردوو رستەکەی سەرەوەدا، کە ئاگری شەڕی ناوخۆ داویە لە کزی، بەڵام ھێشتا ناوچە چکۆلەکەمان نەگەیشتووە بەوەی دەستی ئاوەدانی بەم لاولادا بگات و کەسانی ساختەکار و فریودەر لە ناودا نەمێنن، بۆیە پەیوەست بەو دوو رستەیە دەڵێ:

(ژیان رووی خۆش کرد و بزەیەکی نواند)

بەڵام لەگەڵ ئەم بزە و رووخۆشییەدا ھێشتا شاعیر ریسی گومانەکانی نەبووەتەوە بە گوریس و دوودڵە، بۆیە ھەندێ قسەی دیترمان دەدات بە گوێدا و پاشان پرسیارکردن دێنێتە ئاراوە، دەڵێ:

                                            (ھەندێک دەڵێن سەرەتای رێگا فەڕ و جوانییە

                                            ھەندێکیش دەڵێن کۆتایی)

سەرەتای رێگا = رێکەوتنی نێوان دوولایەنە سیاسییەکەی کورد. کۆتایی رێگا = بۆ یەکجارەکی بنەبڕکردنی کێشەکان لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵادا. ئەم وەک چاودێرێکی دڵسۆز ھەردوو رێگاکەی پێواوە، وردبینانە تێی راماوە. بۆیە دەنووسێت:

                                            (ڕێبواری سەرەتا و کۆتایی بووم

                                            کۆتاییش وەک سەرەتا

                                            ھەمان ھەستی بۆم ھەبوو)

دەستپێکی ئاشتەوایی ھەستی خەنی کردووە و دڵ و ناخی پێی گەشاوەتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا (کۆتایی) رەوتە سیاسییەکە ھەمان کاری تێ کردووە، بەڵام بەھەندێ کەموکوڕییەوە، کە بابەتییانە رەخنەی خۆی لێگرتوون.

ھیچ لە بابەتەکە دوور ناکەوێتەوە و ھەر لە سۆراخدایە بۆ ئەوەی مزگێنییەکی دڵگیر و پڕ تاسە، دڵە خورپەکەی ھێورکاتەوە، بەڵام بابزانین رێڕەوی شیعرەکە بۆ کامە ئاقارمان دەبات، بە چ ئەنجامێک دەگەین، دەڵێ:

                      (سەرنجی درەختە بەرزبووەکانی ئەم دەست و ئەو دەستیشم داون)

درەختی بەرزەوەبوو = سەرانی ھەردوولا. ئەم دەست = پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەو دەست = یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. دوای ئەو سەرنج و تێڕامانە رووبەڕووی پرسیارێک دەبێتەوە و ئاراستەی خۆی و ھەمووانی دەکات، دەڵێ:

                                            (ئەی گیانەوەر و رووەک

                                            سەوڵ و ھێزی دەست

                                            ھێڵ و وێنە

                                            باڵکۆن و سەکۆ

                                            فەڕ و جوانی رێگا ھی کێیە کێ)

پێشتر باسی (رێگای فەڕ و جوانی) بۆ کردین، ئێستاش پرسیار لە (گیانەوەر، رووەک، سەوڵ، ھێزی دەست، ھێڵ، وێنە، باڵکۆن و سەکۆ) دەکات و پێیان دەڵێ: ئەو رێگایە رێبازی کامیانە؟ کامیان؟

                                            (یاداشتی خۆی نەنووسیوەتەوە)

تاکو پێ لە راستی بنێین و بزانین ئەو رێگایە دەبێتە نەخشی جێ پەنجەی کێ؟ ئەم رێگایە لە رێگایەکی ئەفسانەیی دەچێت، چونکە:

                                            (تیشکی رۆژیش بەدەوری خۆیدا

                                            دەسووڕێتەوە و نازانێت کۆتایییەکەی کەیە

                                            یان کوێندەرە)

بەڵام ئەوەندەی تێدایە (تیشکی رۆژ = بەرھەمی ئازادی) شاد و خەندانە و ھیوایەک دەبەخشێ، ئەمەش بەوەدا دیارە:

(زەردەخەنە پاشماوەی تیشکی نیانە و ئەوەندەی چاو و دەم بگرێ سۆز پژێنە)

ئەم سۆز پژاندنە ئەوەمان ناخاتە بەردەست کە (شادی و ھیوا) خێرا بێنەدی، بەڵکو ماوەی دەوێت، بۆیە پێمان دەڵێ:

                                            (وەختێکی زۆری ویست

                                            تا درەختی بەختم لە قۆپەنە خۆڵی چارەنووس رواند)

پرۆسەی ئاشتی دوولایەنە، کە زۆر خاو ھەنگاوی ھەڵدەھێنا و دانیشتن لە دوای دانیشتن گرێکانی بە زەحمەت دەکرانەوە، ھەرچی ئەم شاعیرەشمانە، چرکە بە چرکە دڵی لەلای ئەو چارەنووسە مژدە بەخشەیە و رۆژەکان تا بە ئەنجام گەیشتوون و ئەمیش لە سەوزەڵانی خاکی چارەنووسدا درەختی بەختی رواندووە، کەواتە زۆر نزیک بووەتەوە لە ئاواتە مەزنەکەی، لەم رووەوە بەخۆی و ھەردوولایەنی زەرد و کەسک دەڵێ:

                                            (دڵ ناتوانێت فێڵ لە گیان بکات و شتی لێ بشارێتەوە

                                            دڵ و گیان لەگەڵ یەکدا تەرازوون بەدەستی فریشتەوە)

دڵ و گیانی ھەردوولا دوو تای تەرازوون، دەشتێکی بێگەرد و خاوێن پێوانەی پێدەکات: لەگەڵ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، واتە ھاتنەکایەی ئاشتی و تەبایی و یەکتر قبووڵکردن، بەڵام ھێشتا ژیانی گەلەکەمان ھەر مەترسیی برسێتی و نەداری لەسەرە، لەم رووەوە شاعیر، چونکە شیعرەکەی لەسەر رەگەزەکانی ناو سروشت داڕشتووە، لەباتی ھەموو گەلە نەدارەکەمان باس لە باڵندە دەکات و دەڵێ:

                                            (باڵندە پێ و باڵی

                                            بە چیکەڵدانەیەوە گرت

                                            ئێمە لە برسییەتییەکەی نەگەیشتین)

شاعیر رووی دەمی لە گەلەکەیەتی، کە بەدەست نەبوونی: نان، ئاو، کارەبا، بەنزین و ھەموو خۆراکێکەوە دەناڵێنێ، دەست و پێی ناوەتە سەر گەدەی ھاوار ھاواریەتی، بەڵام ئێمە لەو برسیەتییەی تێنەگەشتین، تەنیا ئەوەندە نەبێ بۆمان روون بوویەوە، کە ئەم گەلە چارەڕەشە:

                                            (لەناو دڵبەردی و نامەردی درۆفرۆش خنکاون)

واتە: بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانیان لەلایەن درۆفرۆشەوە پێدەدرێت، بەڵام ئەو سەروبەندە ھەر گفت و بەڵێن لەسەر بەڵێن ھەڵچنین بووە و ھیچی تر. بەڵێن سک تێر ناکات، کارکردن بۆ جێبەجێکردنی بەڵێن مەسەلەیە. رەنگە (شەم)یش بەڵێنی دابێ کە بۆ (وەلی) بێت، بەڵام گیروگرفتەکان کردی بە (دێوانە). لە ھەموو دنیا گەل کاتێک بەڵێنی پێ قبووڵە، کە ئەنجامێکی بێتە دەست. بەڵێنی بێ مایە مایەپووچە.

شاعیر لە کۆپلەکەیدا وتەیەکی (سوھرابی سپێھری)م وەبیر دێنێتەوە، کە (جارێکیان لە وەڵامی رەخنەگرێکدا، کە پێی دەڵێت: (لەم بارودۆخەدا، کە ئەمەریکا ناپاڵم بە ڤێتنامدا دەکێشێت تۆ نیگەرانی ئاو خواردنەوەی کۆترێکیت. دەڵێت: ھاوڕێی ئازیز، ئەسڵی مەسەلەکە لێرەدایە، بەلای ئەو خەڵکانەوە، کە لە شیعرەوە فێر نابن نیگەرانی ئاو خواردنەوەی کۆترین، کوشتن لە ڤێتنام و ھەموو شوێنێکی دیکە ئاسایییە)(٤). لێرەدا لەسەر سێ خاڵ دەوەستین:

 

یەکەم:

مەبەستی سوھراب ئەوەیە، ئەگەر وڵاتێک ئارامی و ئاسایشی تێدا نەبێت، کە کۆترێک بتوانێ بە کامی دڵی خۆی تێر ئاو بخواتەوە، ئەوە وڵاتێکی پڕ لە کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، کەواتە دەتوانرێ ناوبنرێ (وێرانە خاک).

 

 

دووەم:

(سەباح رەنجدەر) لەوەدا گرەو دەباتەوە، کە لە شیعرەکانیدا و بەتایبەتی لەم قەسیدەیەیدا ھەموو دەمارەکانی لەشی گرێ داوە بە کێشە و نەھامەتییەکانی گەلەکەمانەوە، ئەگەر لای (سوھرابی سپێھری) بە فراوانی ھەست بە بیر و ئایدیای تەسەووف و عیرفان بکرێت، ئەوا لای ئەمیش ئەو بیروڕایە ھەیە، بەڵام ئەم مەسەلەی گەل و نیشتمانی خستووەتە سەرووی بیروڕای تەسەووفەوە و ئەوەندەی خەمی وڵات دڵی کردووەتە ھەوارگە، نیو ھێندە بیروڕای تەسەووف وانییە.

 

سێیەم:

سوھراب لە پێناوی گەیشتن بە حەقیقەتی عیرفاندا، جگە لە سەفەرە رۆحییەکانی، بە جەستەش پێی لە نیشتمانی خۆی بڕیوە و وڵاتەکانی (ژاپۆن، ھیندستان، بەڕازیل، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەفغانستان، ئیسپانیا، ھۆڵەندا، ئیتاڵیا، نەمسا، ئەمەریکا، یۆنان، میسر و پاکستان) گەڕاوە و لە ھەمووشیاندا جگە لە گەشتێکی جەستەیی، گەشتێکی رۆحیشی تێدا بووە بۆ تێگەیشتن لە غەیری شیعەیەتییەکەی خۆی سەر لە (بوودایی، مەسیحی، سوننی، زەردەشتی و یەھوودییەت) دەربکات و بگات بە حەق، واتە لە بوون و نھێنییەکانی کەون و کردگار تێ بگات.

بەڵام سەباح ئەگەر لە رێگای خوێندنەوەوە ئەو دینانەی بەسەر کردبێتەوە، ئەوا لەڕووی جەستەییەوە ئەوکارەی نەکردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین شیعرەکانی سوھراب لەسەر ھێڵی تەسەووف و عیرفان رێڕەوی خۆیان گرتووە، بەڵام لای ئەم ھەر سۆژێت وەرگرتنە لەو زانستە رۆحییە و ھیچیتر.

سەباح کە ناوی باڵندە برسییەکەی ھێنا، دیارە مەبەستی کۆیە لە بریتی تاک، بۆیە بە دوایدا دەڵێ:

                                            (ھەڵفڕن بۆ سەر تەختی بەختم

                                            بەچکەکان دابەش ببنە ئاسمان

                                            لە ئەستێرە و

                                            مانگ و

                                            خۆر

                                            نزیک ببنەوە

                                            شێوازی گفتوگۆ ئاسانە)

بەختی رەشی شاعیر درەختێکە پێویستی بەوە ھەیە باڵندەکان لەسەری بنیشنەوە، لە بەرزایی ئەو درەختەوە بەچکەکان بەرەو تەشقی ئاسمان بفڕن، بفڕن و لە ئەستێرە و مانگ و خۆر نزیک ببنەوە بۆ ئەوەی ئاە و ناڵەی نیشتمانەکەی بگەیەنن بە حەق و بێت بەھانامانەوە. لە ئاسمان (شێوازی گفتوگۆ ئاسانە) وەک ئەم سەرزەمینە نەگبەتەی ئێمە نییە، کە گفتوگۆکان لەسەر پرۆسەی ئاشتی کۆبوونەوە لەسەر کۆبوونەوە دەدەنە دەم یەک و گەلیان ھەراسان کردووە. بەرژەوەندیی حزبایەتی زاڵە بەسەر بەرژەوەندیی باڵای گەلدا. یەکتر قبوڵکردن و لێک حاڵیبوون بوو بە شانامەیەک و ھەر دوایی نایە.

شاعیر سۆفییانە دەستبەرداری مەخلووقات دەبێت و پەنا بۆ خودا دەبات، کە ئاوێ بکات بەسەر ئەو ئاگرەدا و لەم دەرد و بەڵایەی رۆژگار قورتار ببین.

ھەروەک درێژەپێدانی ئەو مەبەستە، واتە چارەسەرکردنی کێشەی زەوی لە ئاسمان، شاعیر درێژەی پێدەدا و دەڵێ:

                                            (داکانە و بابانەش درەختی بەخت

                                            دەپارێزن و چاودێریی کرانەوەی قۆزاخەی پەمۆن)

باڵندەکان داکانە و بابانە = نێر و مێ پارێزگاری لە درەختی بەختی میللەت دەکەن، پارێزگاری لە بەختی شووم بۆ ئەوەی (ھات) بێ و (نەھات) بڕوا بەڕێی خۆیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکێکی دیکە لە ئەستۆ دەگرن، کە چاودێریکردنی قۆزاخەی پەمۆیە تا دەم بکاتەوە و پەمۆ لە زیندانی قۆزاخە بێتە دەرەوە، دیارە پەمۆ، یان پەموو سپییە و ئەم رەنگەش لە زووەوە کراوەتە ھێمای ئاشتی و تەبایی.

بەدوای ئەرکی باڵندەدا ئەستێرە دێنێتە کایەوە و بە خەیاڵی سۆفییانە دەیخاتە گەڕ، ئەویش ھەر لە ئاسمانە، دەڵێ:

                                            (ئەستێرە لەناو گەڵا و بۆنی خوداییدا

                                            بە پڕشنگی بڵندمان دەکاتەوە

                                            بۆ نزیک

                                            میوەی سەر لک و

                                            ھەوری ئاواز نەرم و

                                            خۆری پشوو خۆش)

بەگەڕخستنی ئەستێرە ئەوەیە کە لەناو (گەڵا و بۆنی = بەزەیی و سۆزی خودایی)دا بەھێزی موگناتیزئاسای پڕشنگی بەرەو بەرزایی (عەرش) دەمانبات و نزیکمان دەخاتەوە لە:

 

یەکەم:

میوەی سەرلک، کە دەست پێی ناگات، بەڵام بەو بەرزایییەوە لە خوداوەند نزیکە.

 

دووەم:

ھەوری ئاواز نەرم، نەک گرمەگرمی جاڕسکەر، ئاوازی نەرم = مۆسیقای نیانی ئاھورایی.

 

سێیەم:

خۆری پشووخۆش، نەک خۆری تاوسێن و پڕووکێنەر، ئەمەش خەسڵەتی خۆری نێو بەھەشتە. وشەی خۆر لە ئەدەبیاتی ھاوچەرخدا لە بریتی (ئازادی) جێگای گرتووە.

پڕشنگی ئەستێرە دادەبەزێ و بە پلیکانەی میوەی سەرلک و لەوێشەوە بۆ ناو ھەور و لە ھەوریشەوە بۆ گەیشتن بە خۆر = ئازادی، ئەنجامێکمان بەدەستەوە دەدات. کە لە ئامێزی پڕشنگی ئەستێرەدا گەشتین بەو مرازە پیرۆزە پڕ ناز و نیازە، ئیتر:

                                            (دەنگی ئاسمان ھەموو بەختەوەرییەکانی بۆ زەوی دەگەڕێنێتەوە)

دەنگی ئاسمان = مژدەی خودایی، ھەرچی تفاق و کەرەسەی بەختەوەریی خۆی ھەیە دایدەبەزێنێ بۆ سەر زەوی و خێروبێر بە ڕێژنە دەبارێ بە سەرماندا، لەو سەرکەوتنەدا بۆ ئاسمان = عەرشی خودا، گەیشتم بەوەی کە:

                                            (خوداوەند ئاماژەیەکی بۆ کردم)

ئاماژەکەش ئەوەیە کە پێم دەڵێ:

                                            (درەختی بەختت حیکمەتی پێغەمبەران

                                            بۆ سمۆرە و باڵندە دەخوازێت)

سمۆرە گیاندارێکی وریا و بزێوە، لەبەر ئەوەی زۆر دەگەڕێ خێرا حیکمەتی پێغەمبەران بە ھەموو لایەک دەگەیەنێت.

پێویستە قسەش لەبارەی باڵندەوە بکەین، چونکە وای بۆ دەچم لەو شوێنەدا ھونەرییانە جێگای نەگرتووە. ئەمەش لەوەوە دەڵێم، کە ژمارەی باڵندە زۆرن و لەگەڵ باڵندەی خۆشەویست و دەنگخۆش و جوان و بێ زیاندا باڵندەی بەد فەساڵ و دەنگ ناساز و زیان بەخشیشمان ھەیە. پێشتر شاعیر ناوی (مەلی خۆشخەبەر)ی بردووە و زۆر جوان لە جێگای خۆیدا دایناوە. دەبوو لێرەشدا ھەمان باڵندەی بەکاربھێنایە، چونکە پەیوەندییەکی جوانی لەگەڵ وشەی (پێغەمبەران)دا دروست دەکرد، کە حەزرەتی سلێمان یەکێکە لە پێغەمبەرە ناسراوەکان، بەڵام لە روویەکی دییەوە ئەوەش لە وشەی باڵندە دەخوێنرێتەوە، کە شاعیر ھەر مەبەستی باڵندەی باش و دەنگخۆش بێ، چونکە لە شیعرەکەدا، کە بە خاوێنی قسەی لەبارەی دیاردەکان کردووە و بە رۆحێکی سۆفییانە ھەست و نەستی خۆی دەربڕیوە، ھەر باڵندەی جوان و دەنگخۆشی مەبەستە، کە بە ئاوازی دڵگیر و بلاوێنی خۆی، حیکمەتی پێغەمبەران بچڕێ، ئەو کاتە لێکدانەوەی شیعرەکە وای لێدێت: سمۆرە بە بزۆزیی خۆی حیکمەت بڵاو دەکاتەوە و باڵندەش بە دەنگی دەیگەیەنێت بە ھەموو لایەک، یان چونکە شیعرەکە بە رۆحێکی سۆفییانە نووسراوە و ناوی باڵندەکانی (تووتی، مەلی خۆشخەبەر، قومری، حاجی لەق لەق و ھوما)ی ھێناوە، پێموایە وا جوان بوو لێرەشدا (تاووس)ی بەکاربھێنایە. چونکە دەبینین (ابن عربی) گەورە، تاوسی بە رواڵەتی ھێزی رۆحانی داناوە. وەک دەڵێ:

                                            ما رحلوا یوم بانوا لبزل العیسا

                                            الا وقد حملوا فیھا الگواویسا(٥)

واتە: ئەوان لە رۆژی لێکدابڕاندا حوشتری سووریان زین نەدەکرد، مەگەر کاتێ کە حوشترەکان باریان تاووس بوایە. لێکدابڕان = فێل پێچەوانەی وێل.

شاعیر لە درێژەی قەسیدەکەیدا ئەمەشمان پێدەڵێ:

                       (ئاوات خواستن نیگای لەناو شکۆ روون دەبێتەوە)

نیگا و سەرنجی چاوی ئاوات لە ھەر شوێنێ کە تەنتەنە و شکۆی لێ بێت دەگەشێتەوە، لە وشەی (شکۆ)دا ئەوە دیارە، کە شاعیر مەبەستی ئەو کەسایەتییانەی ناو کۆمەڵگان کە سەربەرز و شکۆمەندانە دەژین، بە پێچەوانەی کەسانی گەندەڵکار و بەدڕەفتار، کە شکۆی خۆیان لەدەست داوە. بۆ ئەوەی (شکۆ) کاروبارەکانی باش بڕوا بەڕێوە، ئەو کەسانەی، کە رێز و شکۆی شکۆمەندان دەپارێزن، ئەم پێداویستییانەی بۆ دێنن کە بریتین لە:

 

یەکەم:

(چرای بەھێزی چاو) بۆ چاودێریکردنی ناڕەوایییەکان و کارە نادروستەکان.

 

دووەم:

(دەم و دووی نەرمی دیوان) واتە: گفتوگۆ نەرم و لەسەرخۆکانی دیوان. وشەی دیوان واتا رووکەشییەکەی (دیوەخان) دەگەیەنێت کە نشینگەی پیاوی بەرز و دەستەڵاتدارە. واتا ھونەرییەکەشی لە بریتی (بینایەی کۆبوونەوەکانی ئاشتیی نێوان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بەکارھێنراوە.

 

 

سێیەم:

(ھۆگربوونی باڵندەی کۆچەری) واتە: ھاتنە سەر ھێڵی لادەرەکان و گیرسانەوەیان لەسەر مێزی ئاشتی.

 

چوارەم:

(کرانەوەی گوێچکەماسی) کردنەوەی کێشە و گرفتە داخراوەکان و ئاشکراکردنی نیازە خاوێنەکان.

 

پێنجەم:

(بەشە ھەتاوی نەشونمای بۆ دەھێنن) گەشەکردنی ئازادیی رادەربڕین و پێیان لە ھەڵەکان و سەپاندنی راستی و دروستی لە جێگایاندا.

دوای ھێنانی و دەستەبەرکردنی ئەو پێداویستییانە شاعیر بۆ خۆی دەڵێ:

                                            (بەدوای ئەو بەشە ھەتاوە چووم)

شوێن ئەو بەشە ھەتاوە پیرۆز و بەنرخە کەوتم، چونکە مەبەستم بوو بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بە ئەنجامێک بگەم، بەڵام زۆر بەداخەوە:

                      (وەک ئەوەی بەدوای تەرم و تابووتی دوا کەسمەوەبم) وەھا بووم.

لێرەدا دیسان شاعیر بێتاقەتە بەدەست گێرمە و کێشە سیاسییەکەوە و ھێشتا بە کام و خواستی دڵی ئەم جێگای نەگرتووە، بۆیە بە سۆزەوە ئاە و حەسرەتی بۆ ھەڵدەکێشێ و ئەوەش دەزانێت، کە ئەو پرۆسەی ئاشتییە بە سەریاندا سەپێنرا و نەیانتوانی لاری لەگەڵدا بکەن. ئەگینا وا لێ نەوی بوون یەکتر بسڕنەوە.

دوای ئەوە، کە بەو چەند دێڕە قسەی لەبارەی (ئەستێرە)وە کرد، لێرەوە دێتە سەر قسەکردن لەبارەی (مانگ)ەوە. دەڵێ:

(مانگ لەناو دەستمدا خۆی خزاندە تەنکایی ئاو)

ئاو لای سۆفی و عاریفەکان بریتییە لە (مەعریفە) بەتایبەتی لە ڕێ و ڕچەی یارسانییەکاندا = کاکەیی، دوای قوربانیکردن و خواردنی گۆشتەکەی لەسەر ھەر یەکێ لە جەمنشینان پێویستە ئاوی بەدوادا بخورێتەوە، ئەم ئاوە ناوی دیکەشی ھەیە، وەک (ئاوی چەرخ = رۆژگار، شەربەتی وەحدەت، شەربەتی شا)(٦).

شاعیر بە وشەی ئاو، کە باسمان لێوەکرد، پەیوەندییەک لەگەڵ (بابا تاھیر)دا دروست دەکات، کە یەکێکە لە گەورە پیاوانی رێبازی یارسانییەکان و دڵبەندی شا خۆشێن = شا موبارەک بووە(٧). لە بەرەو کۆتایی قەسیدەکەشدا دەگەین بەناوی پیرۆزی ئەو زاتە.

                                            (لە دڵم دەچوو

                                            دڵم لەناو سنگم بێت

                      یان لەسەر زەوی وەک یەک وایە و یەک کێشیشی ھەیە)

ئەم سێ دێڕەی سەرەوە راڤەیەکن لەبارەی وشەی (مانگ)، کە وەک دڵم وایە، دڵم لەناو سنگمدا بێت، یان بکەوێتە سەر زەوی ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ ھەر ئەو دڵەیە، کە ھەمە و بە ھیچ شێوەیەک گۆڕانی بەسەردا نایەت، مانگیش لەسەر لەپی دەستم بێت، یان نەبێت و خۆی بخزێنێتە ناو تەنکاوێکەوە، ھەر مانگە و ھیچیتر. وەک چۆن دڵم لە سنگمدا بێ، یان لێم بکەوێتە سەر زەوی، ھەر ئەوەیە بەبێ ھیچ گۆڕانێک. مانگیش، ھەروەھا ھیچ نرخ و بەھایەکی خۆی لە دەست نادات، لەکاتێکدا، کە بکەوێتە ناو تەنکاوێکەوە. مانگ بکەوێتە ناو ئاوەوە، برەو بە مەعریفی دەدات، دڵی منیش بکەوێتە سەر زەوی، ئەوا زەوی پەروەرە و لەناو خاکدا حلول دەکات.

شاعیر لە دوای مانگ دێتە قسە لەبارەی (خۆر)، پێشتر ئەوەی دیاری کرد (دڵی بکەوێتە سەر زەوی) با بزانین کام پارچەی زەوی دەڵێ؟

                                            (دەکەوێتە ئەو شوێنەی زەوی

                                            کە خۆر تێیدا ھێز دەداتە

                                            ڕەز و              

                                            باڵ و

                                            گوان)

ڕەز ھێمایە بۆ ھەموو درەختەکان، ھەروەک چۆن باڵ و گوانیش ھێمان بۆ سەرجەم باڵندە و ئاژەڵەکان. واتە: بە سێ ھێما ھەر ھەموویان دەکاتە کەرەسەی قەسیدەکەی، کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە سروشتەوە ھەیە و شاعیر بە مەبەستی خۆی ھێناونی. ھەرسێکیان ھەریەکە و بە بەرھەمی خۆیان ژیان خۆش دەکەن.

قەسیدەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و جارێکی دی دووچاری ئازار دەبێت و دەڵێ:

                                            (برادەرانم بابا تاھیر و ھوما

                                            لە ئاسمان مەیەنە خوارەوە

                                            چاوی کوشتن و بڕین ھێشتان نەنووستووە)

ھوما = باڵندەیەکی ئەفسانەیییە و لەبارەیەوە وتراوە، کە سێبەری بکەوێتە سەر ھەر کەسێک کامەرانی و بەختەوەری دەبێتە مایەی. لای شاعیرانی کلاسیکی رۆژھەڵات گەلێ جار ناوی ھاتووە. شاعیر (بابا تاھیر) و (ھوما) دەکاتە دوو ھاوڕێی خۆی، یەکەمیان باسمان کردووە بۆ چ مەبەستێکە و دووەمیشیان بە مەبەستی ئەفسانە ھێناویەتی و لە ناواخندا ئەوەمان پێدەڵێت، کە بە بۆنەی شەڕ و نەھامەتییەکانی پاش جەنگەوە ئەم ناوچە گچکەی ئێمەش شێوەی ئەفسانەیی وەرگرتووە، واتە: رەوتە سیاسییەکە دوور لە واقیعی خواستی خەڵک و نزیک لە خەیاڵپڵاوی. تکایان لێدەکات لە ئاسمان ئەو شوێنە بێگەرد و خەوشە دامەبەزن بۆ ئەم سەرزەمینە نەنگ و تەنگ کراوەی ئێمە. دامەبەزن، ئێوە نموونەی بەرجەستەی خاوێنین و خۆتان مەگلێنن بە لیتاوی ئێرەوە، چونکە منی ھاوڕێتان دڵشکاوانە و دڵبریندارانە تێیدا دەژیم، چونکە ھێشتا کوشتن و بڕین گوورزی دەستی پاڵەوانەکانی جەنگە. تکایە دامەبەزن، چونکە ھێشتا ناوچەکەمان نەبووەتە بەھەشتۆکەیەک، کە ئێوەی فریشتە تێیدا بژین. لەگەڵ دەربڕینی بێزارییەکەیدا دەبینین وەک ئەوەی، کە خۆی بە ئاوات دەیخوازێ، پێمان دەڵێ:

                                             (دڵتان نەیەتە سەر لێوانتان

                                            زەوی دەموچاوی گەش و گەرمە و ئەسپ بەو ناوەدا تێدەپەڕن

                                            خۆریش بە ئاڵۆزی لە دایک نابێ و لە سواران نادا

                                            بابا تاھیر مووروویەک لە نێوانماندا بزر بوو

                                            مووروویەکیش لە مشتووی خەنجەری ھوما کەوت)

ئەم دوا کۆپلەیە لەگەڵ کۆپلەی پێش خۆیدا دژ بەیەکن، لەوێ دەڵێ: (مەیەنە خوارەوە) لێرە دەڵێ: (زەوی دەموچاوی گەش و گەرمە). لەوێ دەڵێت: (چاوی کوشتن و بڕین ھێشتان نەنووستووە)، لێرە دەڵێ: (خۆریش بە ئاڵۆزی لە دایک نابێ) بەگشتی لەوێ قەڵسی و نائومێدی ھەیە، کەچی لێرە ئارامبوونەوە و ئومێدەواری، ھەروەھا سەرم لە وشەی (مووروو، مشتووی خەنجەر) دەرناچێ و نازانم مووروو چ نھێنی و رازێکی لە پشتەوەیە و ناشزانم خەنجەر و ھوما چ بیر و ئایدیایەک کۆیان دەکاتەوە؟ بەھەرحاڵ دەستچنی خەیاڵی شاعیرە و ئێمە لەوە زیاتری لەبارەوە ناڵێین.

 

 

 

پاشکۆی

 (١)

 

لە خوێندنەوەی قەسیدەی (لە کتێبخانەی تایبەتی باباتاھیردا) ئەم خاڵانەی خوارەوە خۆیان ڕوون دەکەنەوە:

 

یەکەم:

شاعیرانێک، یان نووسەرانێک، کە سروشت دێننە نێو نووسینەوە لە کۆنەوە ھەبوون و بۆ جوانی بێت، یان بۆ بابەتی رەوانبێژی سوودیان لە رەگەزەکانی سروشت وەرگرتووە. لە ئەوروپا ناتۆرالیستەکان ئەوەیان لە بەرنامەی خۆیاندا جێگیر کرد، کە (سروشت بخرێتە ناو چوارچێوەی ئەدەبیاتەوە) سەباح رەنجدەریش بە وردی پەیڕەوی ئەو بەرنامەیەی کردووە و رەگەزەکانی سروشت لەنێو دێڕە شیعرەکانیدا جیلوەیان دێ. شایانی گوتنە، کە ئەو رەگەزانەی بەکاری ھێناون لە قاڵبی (خوازە و کینایە)دان و جوان ئامانجەکەی پێکاوە. ئەگەر دەست لەسەر ئەوە دابگرین، کە رەگەزەکانی سروشت لەم قەسیدەیەدا رست بکەین، ئەوە کارێکی پێویست نییە و خوێنەر خۆی لە شیعرەکە و لێکدانەوەکەیدا بە باشی ھەست بە ناتۆرالیست بوونی شاعیری ئەم باسەمان دەکات.

 

 

 

دووەم:

شیعرێکی سیاسیی بەرزە، بەرزییەکەی لەوەدایە دەستی بۆ دروشمی زەقی سیاسی نەبردووە و راستەوخۆیی تێدا نییە، بەڵکو لەژێر لێوەوە قسان دەکات، بەڵام ناڵە و ھاواری بەرز دەبیستین، جۆش و خرۆشی تێدایە و بۆ نووسینی، سیاسییانە گوڕی بەخۆی داوە، بەڵام جۆش و خرۆشەکە لەژێر پەردەی جوانیی ھونەردایە و سادە و پاراون، بەڵکو بەرگی خوازە و کینایە و نەرم ونیانییان پۆشیوە. لە شیعری کلاسیکیماندا چەندان شاعیرمان ھەیە کە شیعری سیاسییان نووسیوە، بەڵام ئەز بۆ خۆم شیعرە بەناوبانگەکەی (شوکری فەزڵی) دڵی گرتووم و لە شوێنی خۆیدا قسەم لەبارەوە کردووە.

                      ئیش کە ئێستە رووی لە ھەورازە سەرەولێژی نەکەی

                      بیری وردیشی ئەوێ ھەر بە دووعا و نوێژی نەکەی.....تاد.

ئەو شیعرە زۆر جوان حیکایەت لە پشێوییەکەی ناو حکومەتی (شێخ مەحموودی حەفید) دەکات و دەست دەخاتە سەر خاڵە ڕەش و گەشەکان.

لە شیعری نوێشماندا یەکەمین شیعری سیاسیی ھونەری کە دڵ و ھەناوی گرێدام بەخۆیەوە شیعری: (وەرە خوارێ ئەی خواکەی غەریبان لە کلکەی ھەوری ئاڵەوە وەرە خوارێ)ی (ئەنوەر قادر محەمەد) بوو، کە زۆر ھونەرییانە حیکایەت لە نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول دەکات، (سەباح ڕەنجدەر)یش لەم شیعرەیدا ھاتووەتە مەیدانی سیاسەت و ھونەرمەندانە شەڕی ناوخۆی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) راڤە دەکات.

 

سێیەم:

شاعیر لە پاڵ شیتەڵکردنی سیاسەتدا، یان بە شیعرگوتن سیاسەتی ساڵانێکی بۆ داڕشتووین، کەچی ھەروەکو بەناوونیشانی شیعرەکەدا دەردەکەوێ و تا گەیشتن بەھەندێ وشە و دەستەواژە رۆحێکی سۆفییانەی تێدا دەدرەوشێتەوە، واتە: قەسیدەکە سێکوچکەیییە (سیاسەت، سۆفیگەری، ھونەری داڕشتن) ئەمەش وای کردووە، کە شیعرەکە تای تەرازووی سەنگینتر بێت لە شیعرە سیاسییەکانی دیکە.

 

چوارەم:

لە خوێندنەوەی قەسیدەکەدا شاعیرمان وەک کەسێکی گیرخواردوو دێتە پێش چاو لە نێوان (ئومێد و نائومێدی)دا. ھەندێ جار رەشبینە و دڵ بە ئازار، ھەندێ جاریش گەشبینە و خەندان. بەوەشدا دەردەکەوێ، کە بە دڵەڕاوکەوە قەسیدەکەی نووسیوە، لەم بارەوە با خوێنەریش لەگەڵمان بن و بڕیاری خۆیان بدەن.

سیاسەت بۆ خۆی پڕە لە دڵەڕاوکە، چونکە ھەر رۆژەی بە ھەوایەک سیپاڵی خۆی دەگۆڕێ، واتە: بەتایبەتی سیاسەتی گەلانی رۆژھەڵاتی ناوین، کە ھێندەی شارەزاییمان لەسەری ھەیە، ئەو دڵەڕاوکە و ناسەقامگیری و گۆڕانی ئاراستە لە بارێکەوە بۆ بارێکی دی بوونی ھەیە. ئەمەش راستەوخۆ کاری لە ھزری شاعیر کردووە و بۆیە شیعرەکەی دووفاق دەبینرێ.

 

پێنجەم:

ئەمە سێیەمین جارە لەبارەی شیعری ئەم شاعیرەمانەوە دەنووسم. لەگەڵ دڵبەندیم بە شیعرەکانیەوە، شتێکم لەلا بۆتە گرێ، ئەویش ئەمەیە، کە ھەندێ جار لە نووسیندا دووچاری گرفت دەبێت، کە بریتییە لە ساتمەی زمان. واتە دانانی ھەندێ وشەی زیادە، کە ھونەر لە چنگ شیعرەکە ھەڵدەپڕووکێنن، یان ھەندێ جار وشەیەک دادەنێ، کە لە جێگای خۆیدا نییە و ئاڵۆزییەک دەخەنە ناو شیعرەکەوە. وەکو دەڵێ:

                      (گوێڕایەڵە و دان لەسەر دەستی نانی نانی دەخوات)

گوێڕایەڵ بۆ کەسی ژیر بەکاردێ، شاعیر لەو دێڕە و دێڕەکانی پێشەوەدا تووتی دادەشۆرێ، کەواتە (گوێ لە مشت) راستە، بە واتای گوێی لە مشتی کەسانی دیکەدایە و خۆی ھیچی پێ نییە.

یان دەڵێ:

                                            (سەر لەڕێیە و رووگەنمای دادەخا)

رووگەنما = قیبلەنما، ئەم ئامێرەش دادەنرێ، داناخرێ. بەرماڵ دادەخرێ.

یان دەڵێ:

                                            (بۆنی ھەڵووژەی ترش و مزر)

ترش و مزر زیادەیە، چونکە کە گوترا ھەڵووژە ئیتر ترش و مزر ئامادەیییان ھەیە.

یان دەڵێ:

                                            (تەمەنی جوانوویی لەناو دڕکی دەم تیژ و...)

(دەم تیژ) نەگوتنی باشە، چونکە ھەموو دڕکێ نووکی تیژە و دڕکی دەم کول نییە.

یان دەڵێ:

                                            (ژیان رووی خۆش کرد و بزەیەکی نواند)

رووی خۆش کرد زیادەیە (ژیان بزەیەکی نواند) دروستە. چونکە بزە لە رووی خۆشدا دروست دەبێت ئیتر وتنی (رووی خۆش کرد) دەبێتە بار بەسەر شیعرەکەوە.

یان دەڵێ:

                                            (ئێمە ھەموومان بێدەنگی خودامان نووسییەوە

                                            ئێمە ھەموومان بێدەنگی خودامان نووسی)

بۆ دەست پێوەگرتنی ئیجاز ئەو دوو دێڕە بەم شێوە داڕێژرێ ھونەر لە خۆی دەگرێ:

                      (ئێمە ھەموومان بێدەنگی خودامان نووسییەوە و نووسی)

بە دوایدا دەڵێ:

                                            (ئێمە ھەموومان بێدەنگی خودا دەنووسینەوە

                                            ئێمە ھەموومان بێدەنگی خودا دەنووسین)

لێرەشدا بە پێوانەی سەرەوە (ئێمە ھەموومان بێدەنگی خودا)ی دووەم زیادەیە و دوورن لە کورتبێژییەوە.

ساتمەی زمان لای زۆر لە شاعیرانی کۆن و نوێمان ھەیە، ئەز لەو لێکۆڵینەوەیەمدا قسەم لەبارەی شاعیرە کەڵەکان کردووە و دانەبەزیوم بۆ سەر شاعیرە کەم دەستەڵاتەکان، چونکە لای ئەمان ھێندە زۆرە کتێبی سەربەخۆی دەوێ، ھەروەھا لە لێکۆڵینەوەکەمدا دەستم لەسەر شاعیرانی کلاسیک داگرتووە و نەھاتووم بەلای شاعیرانی نوێدا. وا بۆ روونکردنەوەی مەبەستەکە دوو نموونە لەبارەی دوو شاعیری کۆن و نوێ پێش چاو دەخەم تا دەربکەوێت، کە دانانی وشەیەک لە رستەیەکدا و جێگا نەگرێت چەند زیان بە پەیکەری شیعرەکە دەگەیەنێت. (مەحوی) دەڵێ:

                      پیری نەمامی باغی جوانیمی کردە پووش

                      تازەم درەختی گوولی ئەمەل دەردەکا چرۆ(٨).

لەم بەیتەدا وشەی (پووش) جێگای خۆی نەگرتووە، چونکە نەمام، کە وشک بوو دەبێتە چیلکە. ئەوە گیایە دوای وشکبوون دەبێتە پووش. (لەباتی جوانیمی، جەوانیمی راستە بە واتای لاوی، گەنجێتی، جەوان فارسییە).

خۆ ئەوانەی، کە (مەحوی)مان بە وردی خوێندووەتەوە، دەزانین چەند بە خەمی داڕشتنی وشە و تەرکیبات و رستەسازییەوە بووە، کەچی دەبینین لێرەدا ساتمەی زمان بەرۆکی گرتووە.

لە شیعری نوێشماندا لە (گۆران)ەوە تا بە ئێستا گەلێک جار رووبەڕووی ئەم گرفتەی زمان دەبینەوە.

وا برووسکە شیعرییەکانی (نەژاد عەزیز سورمێ) بەرچاوم ڕووناک دەکەنەوە. ئەم شیعرە ھایکۆییانەش چێژی خۆیان ھەیە، چونکە شاعیر تێیدا بەکەمترین ڕستە، واتایەکی جوان و مەزن دەدات بە دەست خوێنەرەوە. قسە لەبارەی ساتمەی زمانە و سەیرم لێھات شاعیر نووسیویەتی:

 

کولێرەیەک

بەسەر کەللەسەرەکانەوەیە

کەس لە ھاواری باران ناچی

باران لە مەیدانی شەڕدا بەتەنێیە

کلیلی دڵیان ڕفاندووە...

چاوە خومارەکان چاوەڕێی چین؟

چاوە خومارەکان بە دیار چییەوە دانیشتوون؟

باران لەمەیدانی شەڕدا بەتەنێیە.

 

لەم شیعرەدا(چاوە خومارەکان)ی دووەم زیادە و لە چڕوپڕی شیعرەکەی کەم کردووەتەوە. شیعرەکە زۆر شاعیرانەیە و پڕ شیعرییەتە، بەڵام ئەم وشە زیادەیە زیانی بەجەستە و ھێزی زمانی شیعرەکە گەیاندووە.

(نەوزاد ڕەفعت)یش، لە ھەندێک شوێندا وشەی لێ دەبینین، کە ھونەریان لە چەنگ ھەڵپڕووکاندووە و شیعرییەتیان لە دەست داوە. نموونە:

١ – شەماڵی فێنکی چەمی ڕامووسان

(فێنکی) زیادەیە، چونکە بای شەماڵ بۆ خۆی فێنکی بەخشە. واجوان بوو لە شێوەی (دژیەکدا) وشەیەکی دیکەی لە جێگا دابنایە.

٢- دەنگی دوعا و نزایەکی لە تاوێر بە تەمەنتر و

دوعا و نزا یەکێکن، ئەو عەرەبی و ئەم کوردی.

٣- لق و پۆپ و چڵی عیشق

لق و چڵ یەکێکن. لق و پۆپی عیشق دروستە.

٤- سەرپەلکە گیایەکی سەوز

گیا ھەر سەوزە، کە وشک بوو، زەرد دەبێت و دەبێـتە پووش، واتە: ناوەکەی لە گیاوە دەگۆڕێت بۆ پووش. کەواتە خەسڵەتی سەوز لەوێدا جێی نابێتەوە.

لەم پاشکۆیەدا، کە قسەمان لەبارەی ساتمەی زمان کرد، وام پێ چاک بوو، بۆ خزمەتکردنی (سەباح ڕەنجدەر) یش چاوێک بە ھەموو لاپەڕەکانی ئەم کۆشیعرەیدا بەسەر ناوی (سروودی زەوی) بخشێنمەوە، بە ھیوای سوود لێوەرگرتنی لە کاری ئایندەیدا. ساتمەی زمان لە شیعرەکاندا دەبنە دووبەش:

 

 

 

 

یەکەمیان:

دانانی وشەیەک، کە لە شیعردا جێی نابێتەوە و زیان بە ھونەری دەربڕین دەگەیەنن.

نموونە:

(کووچە و کۆڵان و شار چی بەسەر دێت) ل٢٦

 

دووەمیان:

دوو وشەکەی سەرەتایە. یەکێکیان زیادە، بۆ شاعیرێکی چڕبێژی وەک (سەباح ڕەنجدەر) ناشێت. یان دەڵێ:

                                            (کەوی پەڕ و تووک خۆڵەمێشی بە شاڕێدا ناڕوات) ل٤٠

خۆڵەمێشی رەنگێکی سەپیوە بۆ پەڕ و تووکی ئەو باڵندەیە، ئەوە ھونەر بوو لە شێوەی پارادۆکسدا وشەیەکی ھونەریی بەکاربھێنایە.

یان دەڵێ:

                                            (مەترسیی سروشت

                                            ئاگر کەوتنەوە

                                            بوڕکان

                                            ھەڵبزڕکانی مانگ) ل٥٢

قسە لەبارەی وشەی (بوڕکان)ە کە ئەمیش ئاگری لێدەکەوێتەوە، کەواتە لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەدا واتایەک کۆیان دەکاتەوە، پێموایە لە جێگایدا (بوومەلەرزە، یان وشکە ساڵی) ھونەریترە. چونکە ئەمانیش لە مەترسییەکانی سروشتن.

یان دەڵێ:

                                            (گۆرانی ئێسکی لەشی ئەو مرۆڤە دەتوێنێتەوە) ل١٠٢

وشەی (لەش) زیادەیە.

یان دەڵێ:

                                            (لە ناسینی خودا و لە ناسینی تۆدا) ل١٠٣

(ناسینی) دووەم زیادەیە، بەتایبەتی، کە دوای خودا پیتی (و) ھەیە.

یان دەڵێ:

                                            (دەمەوێ بۆ شوێنێک بڕۆم

                                            شوێنەکە تۆی ئەی شیعر) ل١٠٤

لە جێگای (شوێنەکە)، (ئەوێش) باشتر جێگا دەگرێ. دەربڕینی (شوێنێک) و (شوێنەکە) زەوقی تێدا نییە. لە لاپەڕە (١١٠)دا دووبارە کراوەتەوە.

یان دەڵێ:

                                            (ھەوری سەر ئاو بێ پەروا و سەرگەرمانە دەگرمێنێ) ل١٠٧

(ھەور - دەگرمێنێ) لە شیعری گەورەوە دوورە، بۆیە لەباتی دەگرمێنێ دەکرا وشەیەکی دیی ھونەری دابنرێ. وەک (دەچڕێ، دەپرمێنێ، دەنرکێنێ، دەبۆڵێنێ...) بەمەبەستی لادان لە حاڵەتی سەپیو و باو. چەند جوانە لەم دێڕەدا نووسیویە:

                      (زمان لەناو بڵێسەی گشت دەستەڵاتەکان داگیرسا) ل١٠٩

لەباتی (داگیرسا) و پەیوەند بە زمانەوە بینووسیایە (پژا، ھاتەگۆ، پەیڤی) ئەوە ھونەری لەخۆی نەدەگرت و وەک (ھەور) و (دەگرمێنێ)ی لێدەھات.

یان دەڵێ:

                                            (زەوی رووی گرژ کرد و دەموچاوی بەیەکدادا) ل١١٣

(گرژکردن و دەموچاو بەیەکدادا)ن یەک شتن و یەکێکیان زیادەیە.

یان دەڵێ:

                                            (بەردی چلەمی ھێلانەی دانا) ل١١٣

(بەرد) و (ھێلانە) بێ تەناسوبن. لەجیاتی بەرد پێموایە (جریوە) گونجاوترە.

وشەی زیادە، کە کورتکردنەوەیان زمان چڕتر دەکەنەوە و دوور دەبێ لە زیادەڕۆیی.

نموونە وەکو:

                      (ئەی ئەفسوونی دڵ چاوت ھاوتای ھێلانەی ئاوەدانی باڵندەیە

                      ئەی ئەفسوونی دڵ چاوت ھاوتای ئاوێنەی دەستگێڕی بەردەمی بووکە

                      ئەی ئەفسوونی دڵ چاوت ھاوتای بەردەنووسی وێنەداری باپیرانە) ل٤١

(ئەی ئەفسوونی دڵ چاوت ھاوتای) دووەم و سێیەم زیادەن. لام وایە بەم شێوەیە بوایە ھونەریتر دەبوو.

                      (ئەی ئەفسوونی دڵ چاوت ھاوتای ھێلانەی ئاوەدانی باڵندەیە و

                                                                 ئاوێنەی دەستگێڕی بەردەمی بووک و

                                                                 بەردەنووسی وێنەداری باپیرانە)                                

 

یان نووسیویە:

 (گۆرانییەک بۆ ئاکاری ئەم ژوورە

 گۆرانییەک بۆ تیشکی ناو دەنووکی باڵندەی راھێندراو بۆ خۆشخوانی

گۆرانییەک بۆ حیکمەتی یەکەم سڵاو

گۆرانییەک بۆ لاو لاوی رەنگ مردووی سەر دیواری ماڵێکی بڕدراو)              ل٥١.

سێ (گۆرانییەک)ی دوای یەکەم دووبارەکردنەوەیە، کە خۆش بەگوێ ناخوات. وا بنووسرایە چاکتر بوو:

                                            (گۆرانییەک بۆ ئاکاری ئەم ژوورە

                                            بۆ تیشکی ناو دەنووکی باڵندەی راھێندراو بۆ خۆشخوانی

                                            بۆ حیکمەتی یەکەم سڵاو

                                            بۆ لاولاوی رەنگ مردووی سەر دیواری ماڵێکی بڕدراو)

یان دەڵێ:

                                            (پێغەمبەرێک رووەو ماڵی خۆی دەڕوا

                                            دڵی بەخێرایییەکی سەیر لێدەدا

                                            کەروێشکێک رووەو ماڵی خۆی دەڕوا

                                            دڵی بەخێرایییەکی سەیر لێدەدا

                                            نەھەنگێک رووەو ماڵی خۆی دەڕوا

                                            دڵی بەخێرایییەکی سەیر لێدەدا

                                            لەبیرکراوێک رووەو ماڵی خۆی دەڕوا

                                            دڵی بەخێرایییەکی سەیر لێدەدا)            ل٦٤

چەند پاتکردنەوەی ئەو رستانە لە تەبعی شەکەرباری (سەباح ڕەنجدەر)ەوە دوورن. ئایا ئەگەر کۆپلەکە بەم شێوەی خوارەوە دابڕێژرایە ھونەری و چڕوپڕتر نەدەبوو؟.

                                            (پێغەمبەرێک، کەروێشکێک، نەھەنگێک و لەبیرکراوێک

                                            بەرەو ماڵی خۆیان دەڕۆیشتن و

                                            دڵیان بە خێرایییەکی سەیر لێیدەدا)

یان نووسیویە:

                                            (گوڵدان

                                            لەسەر لێوی پەنجەرە

                                            لامپا

                                            لەسەر لێوی پەنجەرە

                                            دیوان

                                            لەسەر لێوی پەنجەرە

                                            شەمێ

                                            لەسەر لێوی پەنجەرە) ل٧٢، ٧٣

ئەگەر بەم شێوە دابڕێژرایە ئەوا ھەناسەی شیعرەکەی سوار نەدەکرد.

                                            گوڵدان، لامپا، دیوان و شەمێ

                                            لەسەر لێوی پەنجەرە.

بە ھەمان شێوە ئەم دوو کۆپلەی خوارەوەش دەتوانرێ چڕبکرێنەوە.

یەکەم:                                    

 (چۆنت ویست ئاوھا رێگات لەژێر پێدا کشا و سێبەری دەستم لەسەر سەر راگرتی

                                            چۆنت ویست ئاوھا ماڵئاواییم لێ کردی

                                            چۆنت ویست ئاوھا تۆڕم ھەڵدایە ناو ئاو) ل٧٩

دووەم:

                                            (ئەو دارەی تەمبووری لێ دروست کرا

                                            ئەو دارەی تابووتی لێ دروست کرا

                                            ئەو دارەی پەیژەی لێ دروست کرا

ئەودارەی فەلاقەی لێ دروست کرا)      ل٩٥

 

 

 

پاشکۆی

 (٢)

 

ناوی حاجی لەق لەق و شەھیدکردنی لە قەسیدەکەدا ھاتووە، ھەروەھا لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا بایەخی زۆر پێدراوە و بە گرینگی وەرگیراوە. دوای ڕووداوەکە لە ھەموو کۆشیعرەکانی بەتاسەوە برین کولانەوەوە دووبارە دەبێتەوە و وەک کاردانەوەیەکی چارەنووسساز ھەمیشە بەشێوەی جیا جیا دەگەڕێتەوە سەری، کاتی خۆی منیش بەزەیی و سۆزێکی زۆرم بۆ ئەو باڵندە خۆشەویستە ھەبوو. ئەوکاتە ھەر ئەوەندەم پێکرا کردمە چیرۆکێک بۆ منداڵان و لە ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠٠٧) لە گۆڤاری (گۆران) کە بۆ منداڵانمان دەردەکرد، بڵاوم کردەوە، وا لێرەشدا بۆ ھاوسۆزیی من و سەباح بۆ ئەو باڵندەیە بە پێویستی دەزانم جارێکی دی لەم پاشکۆیەدا بڵاوی بکەمەوە.

 

حاجی لەق لەق

ھەموو ساڵێ لە سەرەتای بەھاردا حاجی لەق لەقێک دەھاتەوە کوردستان و لە شاری ھەولێر بە ھێلانەکەی، کە لەسەر منارەکەی مزگەوتی شێخەڵڵا ھەڵی بەستبوو، شاد دەبوویەوە.

ئەم حاجی لەق لەقە کوردستانی زۆر خۆش دەویست، ساڵانە باس و ھەواڵی وەرزە خۆشەکانی بەھار و ھاوینی لەگەڵ خۆیدا دەبردەوە بۆ باشوور و لەوێ بەشێوەیەکی جوان دەیگێڕایەوە بۆ باڵندەکانی تر. رۆژانە ھەموو باڵندەکان لە دەوری کۆدەبوونەوە و پێیان دەگوت: حاجی لەق لەق گیان دەی قسەی خۆشمان بۆ بکە، حاجی لەق لەقەکەش گەردەنی ھێندەیتر بەرز دەکردەوە و دەندووکی دەدا لە یەک و دەستی دەکرد بە گێڕانەوەی باسەکانی و دەیگوت: ھەوای کوردستان زۆر خۆشە، گەلێ چیا و کوێستانی دڵگیری تێدایە، پڕیەتی لە باخی پڕ لە میوە و سەوزە و ھەموو جۆرە گیایەک، بەڵام بەداخەوە ئەو نیشتمانە ئاگری شەڕی ناوخۆی تێدا ھەڵگیرساوە. باڵندەکان گوتیان: شەڕەکەیان لەسەر چییە؟ حاجی لەق لەقەکە گوتی: رۆڵەکانم دەستی فیتنە لەناویاندا ھەیە، خودا دەستی ئەو فیتنەیە ببڕێ و منیش ئەو ھێلانە خۆشەم لێ نەشێوێ، کە چەندان ساڵە لەوێ دروستم کردووە. ئێستا ئێوە ھەڵسن بڕۆن با منیش پشوویەک بدەم.

ئەو ساڵە کە بەھار نزیک بوویەوە، حاجی لەق لەقەکە بێ دواکەوتن گەڕایەوە بۆ کوردستان، بەڵام دیتی شەڕەکەی ناوخۆ گەورە بووە، ھەموو شەو و رۆژێ رووی دەکردە میحرابی مزگەوتەکە و لەخودا دەپاڕایەوە، کە ئاو بکات بەسەر ئاگری ئەو شەڕە نەگریسەدا.

نزای دەکرد و دەیگوت: خودایە گیان غەزەب لە فیتنەبازان بگری و تۆویان نەھێڵی. حاجی لەق لەقەکە بەم شێوە بە دڵگرانییەوە رۆژی بەڕێ دەکرد. رۆژێکیان شەڕ گەرم بوو، زرمەی ئاڕبیجی و گیزەی گوللە لە ھێلانەکەی ئەو نزیک بوونەوە، ئەمیش ھەر لە خودا دەپاڕایەوە و نزای دەکرد، تاکو گوللەیەک لە دوورەوە ھات و سەرسنگی پێکا. حاجی لەق لەقەکە گیانی سپارد و خوێن لەسەر سنگ و پشتی فوارەی بەست. بۆ رۆژی دوایی مجێوری مزگەوتەکە چووە سەر منارەکە و تەرمی حاجی لەق لەقەکەی ھێنایە خوارەوە. خەڵکەکە لە دەوری کۆبوونەوە، کە سەرنجیان دا دیتیان خوێنەکەی لەسەر سنگی نووسیویەتی (خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دڵگیر و شیرینە.)

 

پاشکۆی

 (٣)

لە شیعری کلاسیکیماندا خەرمان بەرەکەت شاعیرمان زۆرن، بەڵام نابینین کەسیان ناویان لە پارچە شیعرێکیان نابێت. تەنیا ئەوەندە ھەیە لەناو دەستنووسەکاندا دەبینین ھەندێ شیعر لەسەریان نووسراوە (مرپیە، ترجیح بند، بھاریات، مخمس، رباعی، فرد، مستزاد)، کە ئەمانەش ھیچیان ناونین بۆ شیعرەکە، بەڵکو دیاریکردنی شیعرەکەیە بەپێی ئەو بەشانەی سەرەوە.

لە شیعری کلاسیکیماندا یەکێتی بابەت دەگمەنە دەگمەن. ئەگەر شیعری یەک بابەتیشیان تێدا بێت، ئەوا ھەر بەیتە و سەربەخۆیی خۆی ھەیە. لەم رووەوە ھەروەک (سەباح ڕەنجدەر) خۆی ئاماژەی پێداوە لە شیعرەکانیدا سوودی لە شاعیرانی کلاسیک وەرگرتووە. واتە لادان لە یەک بابەتی، یان ئەگەر بابەتەکەش یەکێک بێت ھەر کۆپلە و رەنگێکی ھونەریی خۆی ھەبێت. واچاک بوو ناوی لە شیعرەکانی نەنایە و لەمەشدا پەیڕەوی شاعیرانی کلاسیکی بکردایە.

ناولێنانی شیعر لە قۆناخی دوای کلاسیکەوە، واتە: گواستنەوە بەرەو نوێخوازی، ھاتە کایەوە، لەم بارەوە ئەگەر ناوی شیعرەکانی (گۆران)ی مەزن بێنینەوە یاد، ئەوا دەتوانین قسە لەبارەی ئەم خاڵانەوە بکەین.

 

 

 

یەکەم:

ھیچ یەکێ لە ناوی شیعرەکانی (گۆران) بە ئەندازەی دوو شاعیری ھاودەورەی خۆی زەوق و شەوق و رەونەقی ھونەرییان تێدا نییە ئەوەش وەکو (ڕنشودە المگر = سروودی باران)ی- (بدر شاکر السیاب)ی عەرەب و (ێدای پای آب = خوڕەی پێی ئاو)ی (سھرابی سپھری)ی فارس.

 

دووەم:

ناوی لە شیعر ناوە بۆ ئەوەی شیعرەکەی بێناو نەبێت، بەڵام ھەندێ جار لەناو شیعرەکاندا تەرکیبی ھونەریی وەھایان تێدایە، کە جوان جوان بۆ ناولێنانی شیعرەکە دەشێن، ئەوانیش کەمن، بۆ نموونە: مەلی دڵ/ شیعری سکاڵا، ل٢٤. ئاسکە نیگای چاو/ شیعری جوانی لە لادێ، ل٣٣. کانیی سیحر یا دەریای عیشوە/شیعری لە درزی پەچەوە، ل٣٥. دۆزەخی غوربەت/شیعری بۆ گەورە کچێک، ل٤١. نموونەی دیکەی لەم چەشنە ھەن و ھەموو خوێنەر بە (دیوانی گۆران) ئاشنان.

 

سێیەم:

ھەندێ ناوی دیکەی لە شیعرەکانی ناوە، کە ھەر بە خوێندنەوەی ناوەکەدا زۆرێک لە ناوەرۆکی شیعرەکەت دەداتە دەست. نموونەش وەکو شیعری لە سەرەمەرگی ھیوادا، ل٩٣. خۆزگەم بە پار، ل٢١. لە درزی پەچەوە، ل٣٤. ناڵەی بێکار، ل١٩٩. قالە مرد، ل٢١٢. ئەنجامی ئەژدەھاک، ل٣٥٢.

(سەباح)یش ھەندێ لە ناو و ناوونیشانەکانی شیعرییەتیان تێدا نییە. وەکو (شەڕی چل ساڵە)، (جەنگنامەکان)ی کۆنمان وەبیر دێنێتەوە. (سەد و یەکشەوە)، (الف لیلە و لیلە) دێنێتە یاد. ئەمانە لە کوێ؟ و ئەو ناوە ھونەرییانەی دیکە لەکوێ؟ وەکو (مردوویەک ئاگای لە ھەمووانە)، (زمان و دڵی مانگ)، (کووپە لە میوانداریی ماسیدا)... نازانم ھەر شیعرە و ناوی لێدەنرێت، رەنگە لە کۆی شاعیرانی نوێماندا ناو ھەبێت لای چەند شاعیرێک دووبارە بووبێتەوە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە شیعر ئەگەر ناونرا، زۆر پێویستە شەوقێکی ھونەریی وای تێدا بێت، کە دڵ و ھەناوی خوێنەر بگرێت، نەک ھەندێ ناوی سادە و ساکاری ناشاعیرانە.

لە شیعری نوێماندا دوای سەرھەڵدانی (روانگە:٢٥/٤/١٩٧٠، ژمارە (١٥  )ی ڕۆژنامەی ھاوکاری: شێرکۆ بێکەس، حوسێن عارف، جەلالی میرزا کەریم، کاکەمەم بۆتانی، جەمال شارباژێڕی.)، (فەرید زامدار) وازی لە ناولێنانی شیعر ھێنا، ئەمە جگە لەوەی کارێکی باشی کرد، ئەوەشمان پێدەڵێت، پێویستە شیعر ئەوەندە فرەچین بێت، خۆی لای خوێنەر ناو دروست بکات. دوای ئەمە لە کوردستانی رۆژھەڵاتیش (ئازاد رۆستەمی) ئەو سیستەمەی پەیڕەوکردووە و ناوی لە ھیچ شیعرێکی نەنا. ئایا ئەم دوو شاعیرە بەو کارەیان ھیچ زیانێکیان بە شیعرمان گەیاند؟ لە وەڵامدا دەبێ بڵێین نەخێر، بەڵکو خستنیانە سەر ئەوەی، کە شیعر گیانلەبەر نییە ناوی لێ بنرێت، شیعر رۆحلەبەرە، بەڵام لە سکەوە نایەتە دەر، بەڵکو زادەی خەیاڵ و تێفکرینە و ئیتر ئەوە دەبێ خوێنەر لە خەیاڵ و فیکریدا ناوی بێتە دەست. ناونان لە کۆشیعر، یان دیوان کارێکی پێویستە: ئەمیش بە دوو شێوە، یان ناو بنرێن دیوانی فڵان، یان ناوێکی ھونەرییانەی سەردەمییانەی واتادارانەی لێ بنرێت، کە خوێنەر رێنوێنی بکەن بۆ ناو شیعرەکان. لە شیعری دوای (گۆران)ەوە ھەندێ ناوی شیعریی درەوشانەوە، پێویستە لە (شێرکۆ بێکەس)ەوە دەست پێبکەین، کە لە (تریفەی ھەڵبەست) و (کەژاوەی گریان)ەوە، گەیاندی بە (من تینووێتیم بەگڕ ئەشکێ)، یان (لەتیف ھەڵمەت) لە (خودا و شارە بچۆلەکەمان) و (ئەو ھۆنراوەیەی کە تەواو دەبێ و تەواو نابێ) ەوە، گەیاندی بە (گەردەلوولی سپی)، یان (عەبدوڵڵا پەشێو) لە (فرمێسک و زام) و (بتی شکاو)ەوە، گەیاندی بە (شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم)، یان (فەرھاد شاکەلی) لە (پرۆژەی کوودەتایەکی نھێنی) و (ھەموو رازی من ئاشکرایە و ھەموو ئاشکرای تۆ راز)ەوە، گەیاندی بە (ئەم چرایە دڵم رووناک دەکاتەوە و تەمەنم دەسووتێنێ)، یان (رەفیق سابیر) لە (پشکۆکان دەگەشێنەوە) و (سووتان لەبەر باراندا) گەیاندی بە (روونبوونەوە) .....تاد.

(سەباح ڕەنجدەر)یش شیعرەکانی پڕن لە رەمز و راز، بە زمانی کۆد قسە دەکەن و کلیلەکەیان لای خوێنەری نموونەیییە، بۆیە ھەر بەبێ ناو بوونایە چاکتر بوو، چونکە شیعرەکان بەو چڕوپڕیەی خۆیان ھەندێ ناو دێننە زەینی خوێنەرەوە. شیعر کە ئەوەی لەباردا بێت ھونەری باڵادەست ببەخشێ، ئیتر چ پێویست بەناو ھەیە؟

زۆرێک لە ناوەکانی شیعر، وەک ھەندێک مانشێتی وتاری سیاسی وان، بە خوێندنەوەی مانشێتەکە ناوەرۆکی شیعرەکەت لەلا بەرجەستە دەبێت و تێدەگەی مەسەلە و ڕووداوەکە چییە. بۆیە بە تایبەتی ناوی لەم جۆرە زیان بە شیعر دەگەیەنێت. بۆ نموونە شیعرێکی (نەوزاد ڕەفعت) بەسەر دەکەینەوە بەناوونیشانی (مەھاباد).

 

ھەموو شەوێکی سی و یەکی مارت

برووسکەی دەنگێک

شاری مەھاباد ڕادەھەژێنێت:

((با پاش مەرگی من

کچان چاوی جوان بەگریان نەشۆن

خەمم بۆنەخۆن

با لەجێی شین و پرچ کردنەوە

خۆڕنینەوە

ھەڵسن وڵاخان بۆ سواران زین کەن

بۆ ھەمان ھەوار بەڕێیان بخەن))

سبەینێش ھەموو خەڵک دەبینن

شار دار و بەردی

کووچە و دیواری

بەخوێن پاراون

بە زەبر و زەنگی ئەرتەش تەنراون

لە خوێندنەوەی شیعرەکەدا گەز و پێوانەی ئەدەب پێمان دەڵێت: ئەو ناولێنانە زیادەیە و جۆرێک کەم زانیاریییە لەبارەی ھونەری شیعرەوە، چونکە:

 

یەکەم:

شەوی ٣١ی مارتی ھەموو ساڵێک دەزانین، کە لەو شارەدا چی ڕوویدا.

 

دووەم:

ڕستەکانی ناو کەوانەکان بە شیعرکردنی وەسیەتنامەکەی شەھید پێشەوا (قازی محەمەد)ە و ئەو وەسێتنامەش لەڕووپەری مێژووەکاندا ھەیە و زانراوە.

 

سێیەم:

لە دوا دێڕدا وشەی (ئەرتەش) بەکارھاتووە، کە وشەیەکی فارسییە بە واتای سوپا، یان سەرجەم ڕێکخراوی سەربازی، کە ئەمانەش ئەم کارە نامرۆڤانەیان ئەنجام داوە.

ئیتر نازانم لەم شیعرەدا ناوەکە چ شیعرییت و ئێستێتیکایەکی تێدایە و دەیەوێ چیمان پێ بڵێت؟ ئایا ناوی وا نەبوونی باشتر نییە، لە ھەبوونی.

 

٢٠١٤ ھەڵەبجە

 

 

 

سەرچاوە:

١-                   ھفتەنامە، اوای غرب- شمارە ێفر، ل٣-١٣٧٠، کرمانشاە. شعر= بھرام مھدوی.

٢-                   گۆڤاری (واتە) چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەحمەدی شاملوو، سازدانی بەڕۆژ ئاکرەیی، ژمارە (٢٢)، ل٣٧٥.

٣-                   دیوانی مەولەوی، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و لەسەر نووسینی: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، چاپخانەی النجاح، بەغدا، ١٩٦١، ل٥٣٨.

٤-                   عاشق ھەمیشە تەنیایە، ژیان و شیعری سوھراب سپێھری، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی، چاپی نوێ، چاپخانەی تاران، تاران، ل٢٢، ٢٣.

٥-                   ترجمان الاشواق، ابن العربی، وەرگێڕانی بۆ فارسی: دکتور گل بابا سعیدی، ل٤٨٥.

٦-                   سرسپردگان، سەیید محەمەد خواجەدین، چاپ دوم، ١٣٥٩ تھران، ل٧٤.

٧-                   ناوی شاخۆشێن لە ھەموو سەرچاوەکانی یارسانیدا ھاتووە و تەمەنی وا دیاری کراوە (١٠١٥ - ١٠٧٦ زایینی). بابا تاھیر لە شیعرێکیدا کە بە شێوە زاری لەکی نووسیویەتی دەڵێ:

م تاھیر لەکم ئیعجاز دیرم

م شاھێ چو خۆشێن ھەمڕاز دیرم

م مەعشوقێ وەنامی فاتمە لوڕ

سنەوبەر قامەتێ پڕ نازدیرم

لەم چوارینەدا دڵبەندبوونی بابا تاھیر بە شاخۆشێنەوە باش دەردەکەوێت.

٨-                   دیوانی مەحوی، لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، چاپی دووەم، ئۆفسێتی حسام، بەغدا، ١٩٨٤، ل٢٥٤.

٩-                   نەژاد عەزیز سورمێ، تاڤگەی مەند و ئەوانی تر (کۆبەرھەم)، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر ٢٠٠٥.

١٠-                 نەوزاد ڕەفعەت، پەرییەکان ھەڵدەفڕێنمەوە (کۆبەرھەم)، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر ٢٠٠٤.

 

١١- سەباح ڕەنجدەر، سروودی زەوی (کۆشیعر)، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، چاپخانەی ھێڤی، ھەولێر ٢٠١٢.