ناڵە حەسەن
بێ ئاوڕدانەوە ڕۆیشتم
بێوچان و بەبێ وەستان
هەر ڕۆیشتم و ڕۆیشتم
تا گەیشتم بە ئەوپەڕی دووریەکانی دووری
لەوێندەرێ سەرنجمدا و بینیم
هەموو / درەخت و گەڵا و خاک و تاڤگە و ڕووبار و با
بۆنی قژی تۆیان لێدێ و تۆش لەوێ نیت
هەناسەم پێ ببەخشەوە
ناڵە حەسەن
جۆگەلەی خوێن و دوکەڵی جەنگ
تەمە ڕەشەکانی تەنیایی تەمەن و
تاریکایی نێو نائومێدییەکانی عەشق
خەون و خەیاڵەکانمیان پڕکردووە
لە چیڕۆکی بێزارکەر و
لە شەوەزەنگی بێ تریفە و
لە باخچە و سروشتی بێ ڕەنگ و بێ گژوگیا
نیگاکان و دڵۆپە فرمێسکەکانم ڕەش هەڵگەڕاون
ڕەش وەک پارچە خەڵووزەکانی نێو خەمەکانم
لەوپەڕی یاخیبوون و بێزاریمدا ویستم
لە ژیان و لە جەنگ و لە مرۆڤ و لە هەموو شتێک دوورکەومەوە
بێ ئاوڕدانەوە ڕۆیشتم
بێوچان و بەبێ وەستان
هەر ڕۆیشتم و ڕۆیشتم
تا گەیشتم بە ئەوپەڕی دووریەکانی دووری
لەوێندەرێ سەرنجمدا و بینیم
هەموو / درەخت و گەڵا و خاک و تاڤگە و ڕووبار و با
بۆنی قژی تۆیان لێدێ و تۆش لەوێ نیت
گەڕامەوە
بەرەو بەرزاییەکانی ئاسمان بەرزبوومەوە
تا گەیشتم بە وردە ئەستێرەیەکی دوور دوور
لەوێندەرێش هەمان بەزم
هەرچی ئاگر و ڕووناکی هەبوون
لە ڕووناکی نێو چاوەکانی تۆ دەچوون و تۆش لەوێ نەبوویت
ئیدی لەوێوەش
بە دەڵتەنگی و هەناسەسوارییەوە خۆم گەیاندە سەرسینگی مانگ
ئەمجارەشیان
هەمان کارەسات و هەمان قەدەر
زەردی جەستە و زەردی مەمکۆڵەکانی مانگ
لە زەردی زەردەخەنەی سەر ڕوخساری تۆ دەچوون و تۆ لەوێش نەبوویت
بێ بیرکردنەوە هەمدیسان دوورکەوتمەوە
ماندوو و ماندوو و ماندوو
تا لە ناوەڕاستی بیابانێکی بەرین خۆمدۆزییەوە
ئەژنۆکانم هێزییان تیا نەمابوون و
چیتر نەمتوانی ڕێبکەم و کەوتم
لەنێو ترۆپکی نائومێدیمدا
دەستەکانم بەرزکردنەوە و گوتم
ئێ تۆ لە کوێی
هەر دەگەڕێم و ناتدۆزمەوە
دەوەرە دەی دەستم بگرە و هەڵمسێنەوە
هەڵمسێنەوە و بەرەو باوەشی خۆت بمگەڕێنەوە
بمگەڕێنەوە و زیندووم کەرەوە
زیندووم کەرەوە و هەناسەم پێ ببەخشەوە!