مورتەزا مورادی (ئارما)

گۆزەڵەیەک خۆڵەمیش، بە زمانێکی دیکەوە چیرۆکی کۆچمان بۆ دەگێڕێتەوە؛ نە وەک چیرۆکێکی سەرکەوتن یان شکستهێنان. کۆچەر لەنێو دووبەرەکییەکان، دڵتەنگییەکان و جیاوازییەکاندا خۆی دەدۆزێتەوە، هەڵبەت بە کۆمەڵێک برینەوە کە ڕەنگە قەت‌قەت ساڕێژ نەبن. زمانی نووسینی نووسەر زمانێکی پاراو و ساکارە و بەپێچەوانەی زۆر دەقی دیکە هەوڵی نەداوە بە وشە و دەستەواژەی قورس ناوەرۆکی کتێبەکەی بئاخنێ و گێڕانەوەیەکی پاراو لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بەردەوامە. خاڵێکی بەرچاو و هەرەگرینگی بەرهەمەکە وشیاری شیاوی دەستخۆشیی نووسەرە، ئەگەرچی بۆ خۆی ڕەنگە لە پەنجا یان شەستەکانی ژیانیدا بێت بەڵام چیرۆکەکەی تەمەن ناناسێ و لە گەنجێکی تەمەن بیست ساڵەوە بگرە تا خوێنەرێکی بەساڵاچوو، دەتوانن بیخوێننەوە و لای هەموویان ڕاکێشەر بێت و هەر کەس بەشی خۆی لێ هەڵکڕێنێ و شرۆڤە و تێگەیشتنی خۆی لەسەری هەبێت. وەک دواڕستەیش، ئەم بەرهەمە بانگهێشتێکە بۆ خوێندنەوە، نەک تەنیا بۆ کۆچەران، بەڵکوو بۆ هەموو ئەوانەی تا ئەوڕۆ لەنێو ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا عەوداڵن.

 

بەهەشتی خەونەکان یان دۆزەخی هەتایی

وتارێک لەسەر ڕۆمانی "گۆزەڵەیەک لە خۆڵەمیش"ی فەڕوخ نیعمەتپوور

مورتەزا مورادی (ئارما)

پێشەکی:

لەژێر ئاسمانێکدا کە هێشتا بۆنی خاکی نیشتمانی لێوە نایەت، وەستاوە؛ جانتایەکی بە دەستەوەیە و کۆمەڵێک بیرەوەری کە قورستر لە هەموو جارەکانی دیکە، پشتیان چەماندۆتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەیشتۆتە ئەورووپا کە شەقامەکانی ڕێکوپێکترن بەڵام هیچان نایبەنەوە بۆ ماڵی خۆی. گۆزەڵەیەک لە خۆڵەمیش، گێڕانەوەیەکی ڕێئالیستییە لەم سەفەرە؛ نەک هەر تێپەڕاندنی سنوورەکان، بەڵکوو سەفەرێک بۆ قووڵایی و دەروون، بۆ ئەو شوێنەی شوناس شان‌بەشانی ڕابردوو بۆ جارێکی دیکە پێناسە دەکرێتەوە. ئەم چیرۆکە، ئاوێنەیەکە بەرامبەر بە کۆچەر، کە تێیدا هەم نیشتمان دەبینێ و هەمیش غوربەت. لەم وتارەدا باسی کێشە و ململانێی کۆچەر دەکەین، لەو دووبەرەکی و ناکۆکییەکانەی دەروون دەهەژێنن و لەو دڵتەنگی و تامەزرۆییە کە هێشتا بە دڵ و دەمارەکاندا دەگەڕێ، و لە ژیان لەو جیهانەیدا کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نەناستر دەبێتەوە.

ژیان لە لێواری دیاردە نەناسراوەکان

کۆچ، تەنیا گوازرانەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە نییە؛ دەسپێکی شەڕێکی سارد و بێدەنگە. زمان یەکەم لەمپەرە. ئەو وشانەی کە تا دوێنێ لە شیعر دەچوون، ئەوڕۆ بوونەتە کۆمەڵێک بەرد کە دەبێ بە دەستی لەرزۆکەوە بتاشرێن. کاک ئەسعەد و خێزانی بە فێربوونی ئەو زمانەوە خەریک دەبن، نەک بۆ فێربوون بەڵکوو بۆ مانەوە و بەردەوامبوون. "بە نەوشیروان دەڵێم هیچ شتێک ناخۆشتر لەوە نییە کە بە گەورەساڵی فێری زمان بیت. دەڵێم قەت ئەو شەرمە دەروونییەم لە بیر ناچێتەوە. چەندە بە خۆمدا دەشکامەوە کە دەمبینی بە هەڵە دەدوێم". دۆزینەوەی ئیش و کار، دابینکردنی خانوو و یان تەنانەت بزەیەک کە دادوەریی لەسەر نەکرێت، هەموو دەکەونە گۆڕەپانێکی دیکەوە. کۆچەر لەم مەڵبەندە نوێیەدا، جاروبار لە منداڵێک دەچێ کە پێویستە گاوڵکێ بکا و بۆ جارێکی دیکە فێری ڕێکردن بێت. ململانێی لەم چەشنە تەنیا ماددی نین؛ هەموو هەنگاوێکی ئەم ڕێگایە، پرسیارێکی لەسەر شوناس: "کە ڕەگ و ڕیشەم لەوپەڕی دەریاکانەوەیە، کێم و لێرە چ دەکەم؟"

مشتومڕە کەلتوورییەکان و وەستان لەنێوان دوو ئاوێنەدا

کۆچ، ژیانی نێو دوو جیهانە؛ نە تەواو هی ئەم و نە چیدی پێبەندی ئەویتر. لە کوردستان ئەگەر چای و کۆبوونەوەی هەموو بنەماڵە پێکەوە نیشانەی ماڵ و ژیان بوون، لە ئەورووپا پیاڵەیەک قاوەی سارد، نیشانەی تەنیایین. سەری ساڵ و هاوکات لەگەڵ نەورزۆ بۆ خۆی جێژنی نەورۆز دەکاتەوە، بەڵام لەژێر گڵۆپی ئاپارتمانێکی چکۆلەدا و هەست بەوە دەکات شتێکی لێ ون بووە. کەلتووری نوێ بە ڕیتم و ئاهەنگی خێرایەوە پێی دەڵێ وەرە سەما بکە و کەچی هەنگاوەکانی هێشتا بە کۆڵانەکانی نیشتمانە کۆنەکەیدا دێن و دەچن. گۆزەڵەیەک لە خۆڵەمیش ئەم دووبەرەکی و ناکۆکییە نەک بە دروشم، بەڵکوو بە ئەزموونە ڕاستەقینەکانەوە دەخاتە ڕوو: ئەوکاتەی کاک ئەسعەد پاش ساڵەهای ساڵ و پاش کۆچی دوایی خێزانی و گەڕانەوەی نەوشیروانی کوڕی بانگهێشتی دەکا بۆ چێشتخانەیەکی کوردی، لە ئاوێنەی لای ڕاستی دەڕوانێ؛ و ئەوکاتەی تێیدا ماوەتەوە و نازانێ وەسیەتی خێزانی بۆ سووتاندنی تەرمەکەی جێبەجێ بکات یان وەک لە زێدی خۆی باو بووە، تەرمەکە بگەڕێنێتەوە بۆ خاک و دواجار وەسیەتی خێزانی جێبەجێ دەکا و تەرمەکەی دەسووتێنێ، لە ئاوێنەی لای چەپی دەڕوانێ. ئەم بابەتە و شەڕ و ململانێی بەردەوام لە چیرۆکی فەرەیدووندا بە جۆرێکی دیکە ڕەنگ دەداتەوە، ئەوکاتەی کاک ئەسعەد نازانێ لەنێوان بەرچاوگرتنی یاسا و ئەخلاق و دڵسۆزی و چاوداپۆشتن لەسەر تاوانەکەی فەرەیدوون دەبێ چ بکات و ئەگەرچی دواجار یاسا و ئەخلاق هەڵدەبژێرێ بەڵام دوای تێپەڕینی چەند ساڵ و لەگەڵ گەڕانەوەی چیرۆکەکەی فەرەیدوونی چەواشە بۆ کاک ئاریای هاوڕێی هێشتا گومانی لەسەر خۆی هەیە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەو نیشتمانەکەی خۆی، ئەو وڵاتەی ڕاپۆرتلێدان و سیخوڕی لە هەموو چەشنێکی قیزەونن.

دڵتەنگی بۆ نیشتمان و ئەو دڵەی ئێستا لە تاراوگە لێدەدات

نیشتمان نەک هەر خاکێک، بەڵکوو لەتێکە لە دەروون. کۆچەر تەنانەت لەنێوان بینا بەرز و بریقەدارەکاندا لەدووی بۆنی نانە تازەکانی بەیانی دەگەڕێ. کۆچەر هەموو ئەو شتانەی خۆش دەوێ کە نیشتمانی بیر دەخەنەوە: "بە چرام گوت لەبەر شاخەکانیش بێ، پێم خۆشە هاتووینەتە نۆروێژ نەک سوید. ساڵانی دواتر هاوڕێیەکم کە لە هۆڵەند دەژیا هەمیشە گلەیی لە دەشتاییبوونی ئەو وڵاتەی دەکرد. دەیگوت خەریکە دڵم بۆ کێوێک دەردێ!".

ئاوازێکی غەریب

ژیانی غوربەت بۆ کۆچەر، وەک ئاوازێکە کە هێشتا مێلۆدییەکەی نازانێ. ڕیتمی شار، خێراترە لە کۆڵانە خاکییەکانی نیشتمان. پێوەندییەکان سارد و سڕتر و زەمەن بێ‌بەزەییتر. تەنانەت هەتاویش کە سەردەمێک بە تیشکەکانییەوە دەیلاواندییەوە، ئێستا کەوتووەتە ژێر سێبەری هەورەکان و گوڕوتینی جارانی نییە. جیاوازییەکان هەندێ جار کۆچەر بەرەوپێشێ دەبەن و فێری دەکەن سەربەخۆتر بێ و لەگەڵ یاسا نوێکان شەڕ بکات و یان تەنانەت جوانییەکانی غوربەت ببینێ. بەڵام هەندێ جاریش بەپێچەوانەوە کۆچەر بۆ ساتێک دۆش دادەمێنێ و دەپرسێ: "ئەوەی ئێمە لەوێ شەڕمان بۆ دەکرد لێرە بە جۆرێک ڕابردوو بوو! وەک بڵێی ئێمە هەمیشە بە جۆرێک لە ڕابردوودا بووین و نەدەگەیشتنە زەمەنی ئیستا". یان کە بیر لە داهاتووی دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو شەوە نەمدەزانی کە لەڕاستیدا ئێرە بۆ من دەستپێکردنەوە نەبوو، بەڵکوو درێژەدان بوو، هەڵبەت بەشێوەی تر. من بەڵێن بوو بەناو هەمان ڕێبازدا هەندێ ڕێگای تر تاقی بکەمەوە. من بەڵێن نەبوو دەست لە ڕابردوو هەڵبگرم". پاش ژیانێکی دیکە و تێپەڕینی بیست-سی ساڵ، کاک ئەسعەد کە دەیەوێ خۆی بۆ کوڕەکەی شی بکاتەوە و بەجۆرێک پاکانە بۆ خۆی و شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتی خۆی لەگەڵ کوڕەی کەی بکا، هەموو ئەو شتەی بۆ گێڕانەوە پێیەتی، چوار بیرەوەرییە کە هەر چواری دەگەڕێنەوە بۆ ژیانی پێش کۆچ، وەک بڵێی لەو ڕۆژەوە نیشتمانی جێهێشتووە نەژیاوە.

سەفەری بێ‌کۆتایی

گۆزەڵەیەک لە خۆڵەمیش، بە زمانێکی دیکەوە چیرۆکی کۆچمان بۆ دەگێڕێتەوە؛ نە وەک چیرۆکێکی سەرکەوتن یان شکستهێنان. کۆچەر لەنێو دووبەرەکییەکان، دڵتەنگییەکان و جیاوازییەکاندا خۆی دەدۆزێتەوە، هەڵبەت بە کۆمەڵێک برینەوە کە ڕەنگە قەت‌قەت ساڕێژ نەبن. زمانی نووسینی نووسەر زمانێکی پاراو و ساکارە و بەپێچەوانەی زۆر دەقی دیکە هەوڵی نەداوە بە وشە و دەستەواژەی قورس ناوەرۆکی کتێبەکەی بئاخنێ و گێڕانەوەیەکی پاراو لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بەردەوامە. خاڵێکی بەرچاو و هەرەگرینگی بەرهەمەکە وشیاری شیاوی دەستخۆشیی نووسەرە، ئەگەرچی بۆ خۆی ڕەنگە لە پەنجا یان شەستەکانی ژیانیدا بێت بەڵام چیرۆکەکەی تەمەن ناناسێ و لە گەنجێکی تەمەن بیست ساڵەوە بگرە تا خوێنەرێکی بەساڵاچوو، دەتوانن بیخوێننەوە و لای هەموویان ڕاکێشەر بێت و هەر کەس بەشی خۆی لێ هەڵکڕێنێ و شرۆڤە و تێگەیشتنی خۆی لەسەری هەبێت. وەک دواڕستەیش، ئەم بەرهەمە بانگهێشتێکە بۆ خوێندنەوە، نەک تەنیا بۆ کۆچەران، بەڵکوو بۆ هەموو ئەوانەی تا ئەوڕۆ لەنێو ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا عەوداڵن.

گەڕان بۆ بابەت