فەڕۆخ نێعمەتپوور
لەگەڵ ئەوەی خەڵکێکی زۆری لێیە، بەڵام بێدەنگییەکی سەیر زاڵە. گەشتیارەکان خەریکی وێنە و فیلم گرتن و هاوکات قسەکردنیشن. وەک بڵێی لێرە دەنگ دەمرێ. پاش کەمێک روانین لە ناپلیۆن، لەسەر پلیکانەکانی ناو هۆڵەکە دادەنیشم، بە پێڵاوەکان بە تەنیشتمەوە. نیگابانە قات لەبەرە شینەکان بە وردی لە من دەڕوانن. تێدەپەڕن. زیاتر از گەورەیی مرۆڤێک (جا چ بە باشی یاخود خراپی)، فەزایەکی قورس بەسەر دۆخەکەدا زاڵە. وەک بڵێی زەمەن تووڕەیە لەوەی یەکێک لە بەخشێنەرانی مانا و رووداو بە مێژوو، لێرە بێدەنگ و بێوەی بۆ هەمیشە راکشاوە و وازی هێناوە. لەگەڵ ئەوەی چەند وێنە و چەند گرتە فیلمێکم گرتووە، بەڵام دەیانسڕمەوە. وێنەکان چەند بەدوور لەوەی لێرە راستەوخۆ دەیبینم و، هەستی پێدەکەم خۆ دەنوێنن!
ناپلیۆن
فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەمڕۆ لە پاریس بووم. بەناو کۆڵان و شەقامەکانی تەنیشت رووباری سێندا گەڕام. لە بەیانییەوە هەتا دووانیوەڕۆ. ئەگەرچی یەکەم جار نیە سەردانی پاریس دەکەم، بەڵام دەڵێی یەکەم جارە. سەیرە، هەمان هەستی جاران تیاما چەکەرە دەکاتەوە. رووباری مێژوویی سێن بە بینا کۆن و مێژووییەکانی دەوروبەرییەوە چەند سەرنج راکێشن! تیایا ماوم ئەم خەسڵەتی مێژوویی بوونە داخۆ لە رووبارەکەوە دێ، یان لە خانوو و بەرەکانەوە. دێتەوە بیرم سێن تەنیا رووبارێک نیە. ئاوەکەی تێکەڵە بە دەقەکان. من زیاتر لە ئاوەکە، رۆمانەکان دەبینم. کلیسای نۆتێردام لەدوورەوە چاوشارکێم لەگەڵ دەکا.
کە دەگەمە تاوەری ئیفێل، قاچەکانم دێشن. تێدەگەم، پێڵاوی باشم لەپێدا نیە. پێڵاوەکانم هی کۆیەن. پێڵاوی تورکی بۆ جلی قات، نەک بۆ گەشتیاری، ئەویش بۆ یەک رۆژی تەواو گەڕان لە شەقامە درێژ و کورتەکانی پاریسدا.
لەژێر ئیفێل رادوەستم. لەگەڵ ئەوەی لەقەڵافەتی بەرز و بەهەیبەت و ترسناکی دەڕوانم، بەری پێیشم دەکزێتەوە. بروسکەکانی ژان پێچ و لوول دەخۆن و، بە جەستەمدا پڕژ و بڵاو دەبنەوە. قاچەکانم کۆڵەوارن. لەچەند جێگاوە. بلۆقێک بەتەنیشت قامکە گەورەی قاچی راست و، یەکیش لە بن پێمدا. سێ بلۆقی دیکەیش لە قاچی چەپمدا. رێگا رۆیشتن دژوارە. دادەنیشم، پێڵاو و گۆرەوییەکانم دادەکەنم و قاچەکانم بەر هەوا دەدەم. نیو کاتژمێرێک دەحەسێمەوە. پێم وابێ دوو سێ جگەرەیەکیش دەکێشم.
کە رادەبم و، پێڵاوەکانم هەڵدەکێشمەوە تێدەگەم رێکردن دژوارە. قاچەکانم لەو کۆڵەوارترن بیرم لێدەکردەوە. بەناچار سەرپێیان دەخەم. ئاوا باشترە. بیری فیلمی قەیسەر دەکەومەوە. بە شەلە شەل ملی رێگا دەگرمەوە بەر. مەیدانە خۆڵاوییەکە بە چیمەنەکانییەوە جێدێڵم و، دەگەمە خیابان. ئارام و بەلارە لار. بە هەنگاوی کورت و کاوەخۆ.
چەند شەقامێک بە رێستوران و چاخانەکانییەوە تێدەپەڕێنم و، دەگەمە مۆزەخانەی 'لیز ئینوالیدێز'، ئەو کلیسایەی دەڵێن تەرمی ناپلیۆنی لێیە. گۆڕێک لەژێر قوبەیەک ئاڵتون. بەدەستی راستمدایە. حەزی سەردانی دەمگرێ. بچم، یان نەچم! تیایا ماوم. سەرئەنجام لەگەڵ ئەوەی قاچەکانم بریندارن و رێگاکردن دژوارە، بڕیار دەدەم سەردانی بکەم. دیتنی پیاوە مێژووییەکان بە مردوویی و لەناو گۆڕدا سەرنجڕاکێشە. رێ دوور و درێژە. پێڵاوەکانم دادەکەنم، بەدەستییانەوە دەگرم و بە پێخاوس وەڕێ دەکەوم. بلۆقەکانی بن پێم بە زەویی رەق و وردە زیخەڵەکانی سەر ئیسفاڵتەکە دەکزێنەوە. جۆرێک لە ئازار و لەززەت پێکەوە لەخۆیانم دەگرن!
سەرئەنجام دەگەم. لەبەر دەروازەکە، جانتا دەپشکنن. کەوشەکانم لەپێ دەکەمەوە. وەک بڵێی لەبەر رێز. جوان نیە بە دەستمەوە بن. لەحەوشەکە چەندین تۆپی کۆنی شەڕی لێیە. هی سەردەمی ناپلیۆن. بەخۆم دەڵێم بەستەزمان ئەو ئەسپانەی ئەم تۆپە قورسانەیان هەتا مۆسکۆ پێ راکێشاون! لەناو گڕ و خوێن و سەرما و گەرمادا. لەناو قوڕ و ئاو و بەرزی و نزمیدا. بێ هەدادان. کلیساکە و کۆشکەکانی دەورووبەری لە نزیکەوە ئەوەندەی تر مێژوویی و مەزن دەنوێنن. لەگەڵیا جۆرێک لە خەمیش دامدەگرێ. شتە مەزنەکانیش چەند ئاسان دەبن بە هیچ! گەر من لێردا نەبام، ناپلیۆن کێ بوو؟
بەحەوشە گەورەکەدا، پێڵاو بە دەست تێدەپەڕم. لە هەموو شوێنێک ئاپۆرای گەشتیارەکانە. لەشوێنێک بلیت دەبڕم، بەپلیکانەکاندا سەردەکەوم و دەچمە ژوورەوە. لەناو هۆڵەکەدا کونێکی گەورەیە بەقەدەر مەیدانێک کە بەسەر قاتی ژێرەوەدا دەڕوانێ. لە قاتی ژێرەوە سندووقێکی یەکجاری گەورەی لێیە بەسەر سەکۆیەکی گۆڕئاساوە. ناپلیۆن سەد و هەشتا و پێنج ساڵە لەوێ راکشاوە و، بۆ هەمیشە هەموو ئەو شەڕانەی لەبیر کردووە وا بە درێژایی تەمەنی بەناویاندا تێپەڕیبوو.
لەگەڵ ئەوەی خەڵکێکی زۆری لێیە، بەڵام بێدەنگییەکی سەیر زاڵە. گەشتیارەکان خەریکی وێنە و فیلم گرتن و هاوکات قسەکردنیشن. وەک بڵێی لێرە دەنگ دەمرێ. پاش کەمێک روانین لە ناپلیۆن، لەسەر پلیکانەکانی ناو هۆڵەکە دادەنیشم، بە پێڵاوەکان بە تەنیشتمەوە. نیگابانە قات لەبەرە شینەکان بە وردی لە من دەڕوانن. تێدەپەڕن. زیاتر از گەورەیی مرۆڤێک (جا چ بە باشی یاخود خراپی)، فەزایەکی قورس بەسەر دۆخەکەدا زاڵە. وەک بڵێی زەمەن تووڕەیە لەوەی یەکێک لە بەخشێنەرانی مانا و رووداو بە مێژوو، لێرە بێدەنگ و بێوەی بۆ هەمیشە راکشاوە و وازی هێناوە. لەگەڵ ئەوەی چەند وێنە و چەند گرتە فیلمێکم گرتووە، بەڵام دەیانسڕمەوە. وێنەکان چەند بەدوور لەوەی لێرە راستەوخۆ دەیبینم و، هەستی پێدەکەم خۆ دەنوێنن!
بەپێڵاوەکان بەدەستمەوە رادەبمەوە. لەهۆڵەکە دەچمەوە دەرەوە و، بە پلیکانەکاندا دادەگەڕێمەوە. دەگەمەوە رووباری سێن. بەشەقامەکاندا بەرەو هوتێل دەبمەوە. ئێوارە داهاتووە و، پاریس زیاتر دەخرۆشێ. من هەتا زیاتر لە 'لیز ئینوالیدێز' دوور دەکەومەوە، زیاتر هەست بە بێدەنگیی ژیان و بوون دەکەم.
لە چەندین شوێن بۆ پشوو، دادەنیشم. بنی گۆرەوییەکانم رەش و چڵکنن، کونیان تێبووە. ورد لێیان دەڕوانم. دێتەوە بیرم گۆرەوییەکان هی هەولێرن.
راستی مرۆڤ بۆ مێژوو دەخوڵقێنێ!؟
کە دەگەمەوە هوتێل، ئەوەندە ماندووم بەخەیاڵدا نایەت. لەکاتێکدا لەسەر پێخەڤەکانم راکشاوم، بیر لە دووش گرتن و خواردنەوەی پەرداخێک شیر و هاوکات کێشانی جگەرەیەک دەکەمەوە. بزەیەک لێوم دەتەنێ.
کتوپڕ بیری شتێک دەکەومەوە. وێنە یاخود فیلمێک کە ساڵانی ساڵ لەوەبەر بینیبووم. بیری ئەو شیعانەی وا لە ئێرانەوە سەردانی کەربەلایان دەکرد. پێخواس و گریان و تەژی لە تامەزرۆیی.
پێکەنینێکی شێتانە دەمگرێ.
یەکەم شت کە دەبێ بەیانی بیکەم، کڕینی جووتێک پێڵاوە.