فەڕۆخ نێعمەتپوور
قسە و باسی نێوانیان هەتا دەهات زیاتر پەرەی دەسەند. سێ سەربازەکە کە قۆلیان شل ببوو و هێزیان تیا نەمابوو، بەردەوام چاوەڕووانی ئەوە بوون ئەفسەرەکە ئەمریان پێ بکا. دەیانویست تا جەماعەت بە ئاکامێک دەگەن، دەست داخەنەوە. بەڵام وادیار بوو فەرامۆش کرابوون. سەرئەنجام خۆیان نەگرت و، بە هێواشی لە کاتێکدا یەکجار دەترسان و نادڵنیا بوون بەناچار تفەنگەکانیان هێنایە خوارێ.
رووداوێکی سەیر
مانگێک دەبوو گرتبوویان. خۆشحاڵ لەوەی سەرئەنجام دۆزیبوویانەوە، خێرا لە زیندان دەستیان کردبوو بە لێکۆڵینەوە لێی. بەپەلە بوون هەر چی هەیە و نیە لە زمانی بکێشنە دەرەوە. بۆ ئەم مەبەستە بە تووندیش خستبوویانە ژێر ئەشکەنجەوە. راستییەکەی من نازانم تا چەندە لەمەدا سەرکەوتوو بوون. ئەوەی کە داخۆ قسەیان لە زمان دەرکێشابوو یان نا، ئەوەی کە بە هۆی درکاندنەکانی ئەوەوە کەسی دیکەیان گرتبوو یان نا، هیچ نازانم. هەر ئەوەندە دەزانم لە دووای تێپەڕینی ئەو مانگە، هەر زوو پشتیان نا بە دیواری حەوشەی زیندانەوە، دیوارێکی کۆنی چیمەنتۆیی کە بەهۆی بەردەوامیی خوێنی پژاوە بەسەریدا، رەنگی گۆڕابوو. بۆ ئەوەی ئیعدامی بکەن و، وەک هەموو ئەوانەی تر وا کوشتبوویانن لەدەستی نەجاتیان بێ.
دەستەی تەقە، سیان بوون، ئامادە بە تفەنگەکانیانەوە لەوێ. ئەو ئەفسەرەی وا بەڵێن بوو ئەمری تەقە دەربکا، ئەویش لەوێ بوو. بە مەودایەک لەتەنیشتیاندا. هەروەها بەرپرسی دەزگای ئەمنی، دوو کەسی سەر بە بەشی دادوەری و سەرئەنجام مەلایەک کە دووا گوتەی بە گوێیدا خوێندبوو و سەرەڕای هەموو کردە پڕ لە نەگبەتییەکانی داوای لە خوا کردبوو، بیبەخشێ.
بەڕواڵەت هەموو شتێک بەڕێک و پێکی دەچووە پێش. وەک هەمیشە. ئەوان ئەمەندە ئەم کارەیان دووپات کردبووەوە کە تەواو تیایا شارەزا ببوون. دیمەنەکەیش هەر هەمان بوو. رەنگە بە کەمێک جیاوازییەوە. بۆ وێنە جاری وابوو ئاسمان ساماڵ بوو و، جاری وایش بوو هەور. یان هەندێ جار دەنگی قاڕە قاڕی قاڵاوەکان دەهات و، جاری وایش بوو تەنیا دەنگی با. سەیر ئەوە بوو سەرەڕای قورس بوونی ئیشەکە، ئەوەندە خێرا کۆتایی دەهات کە پیاو سەری لێسووڕ دەما. هەر بە بەرکەوتنی یەکەم فیشەکەکان لە جەستەی نەرم و ناسکی تاوانبار، خێرا خوار دەبووەوە و پاشی چەند چرکە گیانی دەردەچوو. راستە دووافیشەکیشیان بە سەرەوە دەنان، بەڵام لەخۆوە بوو! کێ خۆی لەبەر بارانی چەندین گولەی بەهێزدا رادەگرت! ئەو فیشەکانەی وا خێرا جەستەیان وەها لە ئازار و لە تەکانی خۆیاندا نوقم دەکرد، کە کەسەکە خۆیشی نەیدەزانی چۆن دەگوزەرا و چۆن ئەوەندە خێرا دەگەیشتە کۆتایی.
بەڵام ئەمڕۆ رووداێکی سەیر رووی دابوو! پاش ئەوەی ئیعدامییەکە نەیهێشت چاوی ببەستن و، ئەمانیش وەک دووا داوا بەقسەیان کردبوو، ئەفسەرەکە کاتێک دەستی بەرز کردبووەوە و ویستبووی ئەمری تەقە دەرببڕێ، بە تەعەجوبەوە لە چاوەکانی کابرادا هیچ چەشنە ترسێکی بەدی نەکردبوو. بۆیە زۆر خێرا بە بێ ئەوەی ئەمرەکە دەربکا، دەستی داخستبووەوە و بە تەعەجوبەوە لێی رووانیبوو. سەربازەکان کە قۆنداغی تفەنگ لەسەر سینگ، پەلەپیتکە لەسەر ماشە چاوەڕووانی فرمانی چرکاندن بوون، هەروا بەو حاڵەتە مابوونەوە بە بێ ئەوەی چاو لەسەر ئامانج هەڵبگرن. بێئۆقرە لە ئینتیزاردا بوون. بەرپرسی ئەمنی، دوو کەسەکەی تر و هەروەها مەلاکەیش بە سەرسووڕمانەوە لە کابرای ئەفسەر دەڕوانن. ئەفسەرەکە هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێ، روو دەکاتە بەرپرسەکە و دەڵێ قوربان نابێ! بەرپرسەکە دەپرسێ چییە، چی قەوماوە. ئەفسەرەکە دەڵێ قوربان ئاگات لێنیە، سەیری چاوەکانی بکە،... هیچ ترسی تیا نابینرێ! بەرپرسەکە سەیری قەدی باریک و روخساری تێکقوپاوی کابرا دەکا. ئەوسا لە چاوەکانی ورد دەبێتەوە. راستی دەکرد، ئەوەی ترس بێ تیایا نەدەبنیرا. بگرە دەڵێی خۆشحاڵیش بوو. گوتی:
ـ ئێمە کارمان بەمەوە نەداوە، ترس و بێ ترس، بیکوژە و تەواو!
ـ قوربان، نابێ. من تا ئیستا کەسم بەم شێوەیە ئیعدام نەکردووە.
ـ مەبەستت چیە لە بەم شێوەیە!؟ ئیعدام کە شێوە و مێوەی ناوێ. حوکمی دراوە و تەواو، ئیشی تۆیش ئەوەیە بیکوژی و خەلاس!
ـ قوربان نابێ!
بەرپرسەکە بەرە بەرە تووڕە دەبێ و، خوێن هوروژم دێنی بۆ روخساری روخساری. دەڵێ:
ـ ئەمر دەکەم هەر ئیستا بیکوژی!
ـ قوربان نابێ!
بەرپرسەکە جووڵا. مەلاکە گرتی:
ـ قوربان پەلە مەکە، بەسەرەخۆ حەلی دەکەین. باش نیە لەبەر چاوی دوژمندا دووبەرەکیمان تێکەوێ!
بەرپرسەکە راوەستا. یەکێک لە دووانەکەی تر گوتی:
ـ ئەفسەر بۆی نیە سەرپێچی لە حوکم بکا. ئەمە دژی یاسایە، سزای توندی دەبێ.
هەڤاڵەکەی درێژەی دایە کە:
ـ کاتێک حوکمی بەشی قەزایی دێ، مانای ئەوەیە هەموو شتێک دیاریکراوە.
بەرپرسەکە غیرەتی تێگەڕایەوە. نەڕاندی:
ـ چاوەڕووانی چیت؟ دەی یاڵڵا تەواوی کە! ئەگینا بە تووش سزای گەورەوە دەبی.
ئەفسەرەکە کە رەق و وشک راوەستابوو و، بە قووڵی لە فکر رۆچووبوو، هەڵیدایە:
ـ قوربان! من ئەمە یەکەم جارە شتی وا بە خۆمەوە دەبینم. راستییەکەی پێش ئەوەی کەسەکە بکوژین، دەبێ بەزیبێ. بەو نیگایانەوە ئەو لەوێدا راوەستاوە و سەیری ئێمە دەکا، مانای ئەوەیە نەک نەترساوە، بەڵکو ئەوە ئەوە ئێمە بەدۆڕاو دەزانێ!
ئەفسەرەکە لە کابرای رووانییەوە. راستی دەکرد. بگرە زیاتر لەوەی وا ئەفسەرەکە گوتبووی، جۆرێک لە پێکەنین لە نیگاکانیشیدا هەبوو. بەرپرسەکە بە بینینی، هەستی کرد ئەوەندە تر تووڕەیی رووی تێکرد. قیڕاندی:
ـ دەی... دەی بە چاوییەوە بنێ! بە نیگاکانی. با خوێن بیانشارێتەوە!
ـ قوربان نابێ! یەکسەر دەمرێ.
ـ دەی... دەی چاوەکانی ببەستەوە!
ـ قوربان ئەویش نابێ، راستە ئێمە نایبینین،... خۆ گەمژە نین، دەزانین لە ژێر چاوبەستەکەیشەوە هەر بەردەوامە.
بێدەنگییەک زاڵ دەبێ.
ئەفسەرەکە: پێش مردنی، دەبێ ترسی مردن و هەروەها قورسایی زاڵبوونی ئێمە لە چاوەکانیدا هەبێ، ئەگینا ئەم کوشتنە هەڵەیە، دەبێ بە قارەمان!
بەرپرسەکە: قارەمان! جا خۆ جگە لەئێمە، کێی تر ئاگای لێیە؟ مەوزوعەکە لای خۆمان دەمێنێتەوە و تەواو.
ـ قوربان وا نیە. مێژووت نەخوێندووەتەوە؟ هەمیشە هەواڵەکان رێگای خۆیان دەدۆزنەوە.
دوو نەفەری بەشی دادوەری دەکەونە بیرەوە. یەکیان دەڵێ:
ـ مەگەر جگە لە ئێمە دووانە و لە تۆ و لەو سێ سەربازە و لە مەلا کێی تر لێرەیە تا بیگێڕێتەوە؟ ئێمە باوەڕی تەواومان بە هەموو ئەم جەماعەتە هەیە. لەخۆوە نیە ئەمانە دیاری کراون.
ئەفسەرەکە دەڵێ قوربان هەر ئەمەیش نیە. راستییەکەی من لەوە پێش هەست نەکەم بەسەر دوژمنەکەمدا سەرکەوتووم، ناتوانم بیکوژم. بەتایبەت کە بەردەوام بە چاوەکانی پێم بڵێ هەی دۆڕاو دەی یاڵڵا ئەمرەکەت دەرکە و، بمکوژە!
قسە و باسی نێوانیان هەتا دەهات زیاتر پەرەی دەسەند. سێ سەربازەکە کە قۆلیان شل ببوو و هێزیان تیا نەمابوو، بەردەوام چاوەڕووانی ئەوە بوون ئەفسەرەکە ئەمریان پێ بکا. دەیانویست تا جەماعەت بە ئاکامێک دەگەن، دەست داخەنەوە. بەڵام وادیار بوو فەرامۆش کرابوون. سەرئەنجام خۆیان نەگرت و، بە هێواشی لە کاتێکدا یەکجار دەترسان و نادڵنیا بوون بەناچار تفەنگەکانیان هێنایە خوارێ.
مەلاکە گوتی چۆنە بیبەنەوە بۆ زیندان و، دەورێکی تر لەگەڵی خەریک ببنەوە؛ رەنگە ئەمجارە لەدووای ئەوەی پشتی بە دیواری ئیعدامەوە نراوە، تەواو حاڵ و هەوای بگۆڕێ.
یەکێک لە دادوەرەکان گوتی:
ـ نابێ، هەموو قۆناغەکان تەواو بوونە و، تەنیا ئەوەندە ماوە ئیعدام بکرێ و تەواو. بۆ دوواخستنی ئیعدامەکەیشی تەنانەت دەبێ حوکمی قەزاییمان پی بێ،... کە پێمان نیە.
بەرپرسەکە نەڕاندی: ئەمر دەکەم دەستبەجێ ئیعدامی کەی، ئەگینا خۆیشت ئیعدام دەکەم!
ـ قوربان نابێ! مردن زۆر شتێکی گرینگ نیە، تەنیا رووداوێکی جەستەییە. ئێمە پێش مردنی جەستەیی ئەو، پێویستمان بە مردنێکی تریش هەیە... مردنی رۆحی! بەکورتی ئەو پێش مردن وەک گوتم دەبێ دۆڕابێ. گەر وانەبێ من بۆم دژوارە درێژە بە کارەکەی خۆم بدەم و بەناچار دەبێ وازی لێبێنم. جەنابیشت باشتر دەزانی کە من جگە لەمە کارێکی تر نازانم. ئەمەیش مانای کێشەیە بۆ بنەماڵەکەم و بۆ داهاتووم.
ئیعدامییەکە هەروا پشت بە دیوارەکە بە دەستی بەستراوەوە، لەمانی دەڕوانی. چاوەکانی هەر وا پێدەکەنین. بگرە خراپتر.
ئەفسەرەکە: قوربان! پێم وابێ جەنابت دەبێ وشیارتر بی. وەک عەرزم کردی بەم شێوەیە مانای ئەوەیە ئێمە خەریکین قارەمان دروست دەکەین. جگە لەخۆمان کەس نابێ وەک قارەمان بمرێ. گەر ئەو وەک قارەمان بمرێ مانای ئەوەیە ئێمە کۆتاییمان هاتووە. پێم وانیە جەنابیشت شتی وا لە ژیانتدا قبول بکەی،... وانیە قوربان!
ئەم قسانەی، جەماعەتی هێور کردەوە. بەتایبەت بەرپرسەکە. بە دەستی کەوتە خوراندنی ریشی چڕ و پڕی. تەسبێحەکەی لە پەنجەکانی ئاڵاند و، لە ژێر لێوەوە بۆڵەیەکی لێوە هات.
یەکێک لە دادوەرەکان گوتی پێم سەیرە ئەمجارە وای لێهاتووە... خۆ جارەکانی تر وانەبوو،... وابوو؟
ئەفسەرەکە هەڵیدایە کە نەک تەنیا وانەبوو، بەڵکو دەکەوتنە گریان، پاڕانەوە، جاری وایش بوو میزیان بە خۆیاندا دەکرد. گوتی کوشتنی ئەوانە ئاسان بوو، هیچیان لێ نەمابووەوە، پیاو رقی لێیان هەڵدەستا، خوا خوات بوو زوو دەست بە پەلەپیتکەکەدا بێنی و ئیتر خەلاسیان کەی. دەڵێ قێزەونترین مرۆڤەکانی سەر رووی زەوی ئەوانەن وا دەدۆڕێن، ئەوانەی وا دەڕووخێن و ئامادەن هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی بگەرێنەوە بۆ دۆخی جارانیان، بۆ ئەو زەمانەی هیچ خەون و خولیایەکیان نەبوو و وەک کەر و مانگا دەژیان،... بەڵێ قوربان وەک کەر و مانگا! دەزانی ئەم جۆرە مرۆڤانە شیاوی کوشتنن، هەرچییان بەسەردا بێنی، حەقی خۆیانە. قوربان! لە دووای کوشتنیان من هەمیشە بە ئاسوودەیی و بە خەیاڵی راحەتەوە دەچمەوە ناو جێگاکەم و بەئاسانی خەوم لێدەکەوێ.
مەلا دەنگ هەڵدەبڕێ کە بەڕاستی جوانە! ئافەرین بۆ ئەو خوتبە جوان و رێک و پێکە! قەت بیرم نەدەکردەوە ئەفسەرێکی وەک تۆ کە زۆربەی ژیانی لەناو زیندانەکاندا بەسەر بردووە و بەردەوام خەریکی کاری لەم چەشنە بووە، بەو شێوەیە بتوانێ بیربکاتەوە و ئاوەها جوان بیر و بۆچوونی خۆی شی بکاتەوە،... ئافەرین... مەرحەبا!
دادوەری دووهەم دەڵێ ئیستا کەی وەختی ئەم قسە و باسانەیە. حوکمێک هاتووە، یاسا رای لەسەرە و دەبێ جێبەجێ بکرێ. پێتان وانەبێ هەر ئەمەمان هەیە.
بەرپرسەکە دەنگ هەڵدەبڕێ: بە ناوی یاساوە ئەمرت پێدەکەم هەرچی خێراتر حوکمەکە جێبەجێ کەیت!
ئەفسەرەکە بێدەنگە.
بەرپرسەکە کۆڵتەکەی دەردێنێ. میل دێنێتەوە و، نیشانە لە ئەفسەرەکە دەگرێ. دیسان داوای لێدەکا حوکمەکە راپەڕێنێ. دوو دادوەرەکە بە سەرسووڕمانەوە لە دیمەنەکەی بەردەمیان دەڕوانن و، هەنگاوێک بەرەو دووا دەکشێنەوە. سەربازەکان کە بەردەوام پشتیان لەمانە، نازانن چ باسە. هەر ئەوەندە دەزانن میلهێنانەوەی دەمانچە بەواتای رووداێکی ترە لە چەشنێکی دیکە.
بەڵام ئەفسەرەکە وەک بڵێی هەر هیچ شتێک لە گۆڕێدا نەبێ، لە جێی خۆی بێ جوولە راوەستاوە.
مەلا چاوێک بە دیمەنەکەدا دەخشێنێ. لە کاتێکدا عابا رەش و درێژەکەی بە دەستێک کۆ دەکاتەوە و، بە دەستێکی تریشی مەندیلەکەی دەگرێ، بەپەلە خۆی دەگەیەنێتە بەرپرسەکە و شتێک بە گوێیدا دەچرپێنێ.
پاش چەند خولەک دیسان سەربازەکان بەڕیز دەبنەوە، قۆنداغەکان بە سینگیانەوە دەنێن و سیڕە لە نیشانە پڕ لە خەندەکە دەگرنەوە. بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەی هەمیشە قەرارە تەنیا یەکیان سەرەتا چەند فیشەکێک بە قاچەکانییەوە بنێ بۆ ئەوەی پێش تەقەی سەرەکیی هەر سێکیان چاوە پڕ لە پێکەنینەکان مردبێتن.
ئەفسەرەکە ئەگەرچی زۆری بەدڵ نیە، بەڵام لە هیچ باشترە. هەم ئەو دەتوانێ بەردەوام بێ و، هەمیش بەڵێن نیە مێژوو باس لە قارەمانێتی بکاتەوە.