سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه تازه پێم ده‌كه‌وته سه‌ر ڕێگای مه‌شقی نووسین. كاڵ و خۆڕسك، به په‌له‌په‌ل و هه‌له‌هه‌ل، هه‌ندێك شیعری ڕوخسار خاو و بێ پشت و له هێز كه‌وتووم نووسیون. خولیا و حه‌ز بوون، زمان و هونه‌ر و خۆبوونی و چییه‌تی و چۆنیه‌تیی نه‌بوون، له ڕۆژنامه و گۆڤاردا بڵاوم كردوونه‌ته‌وه. ئه‌م سه‌ره‌تایه ناسینی ڕووكه‌ش و ساویلكانه‌ی من بووه له‌گه‌ڵ شیعردا، به‌ڵام شیعری ئاستدارم نه‌ناسیبوو. (زێوان)، منی بۆ سه‌ره‌تای بوونم گواسته‌وه، له‌ودا تانوپۆی شیعرم له خۆمدا چنیوه و شیعرم وه‌ك زمان و هونه‌ر و خۆبوونی و چییه‌تی و چۆنییه‌تی نووسیوه و ناسیوه.
هه‌ست ڕووگه‌نمای شیعره
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
(زۆریان پێ هه‌ڵگوتم، مه‌منوونیان كردم، به‌ڵام خۆم لێ نه‌گۆڕا. جنێو! به‌ڵێ جنێویان پێدام، به‌ڵام نا‌ئومێد نه‌بووم.)
هێمن
1
شیعری كوردی ڕێنوێنی من بووە و چێژی مشتوماڵ و فراوان و تیژ كردووم، بەڵام من لە هەستەكانی خۆمدا ڕوونییه‌كی زۆرم لێ ده‌ركه‌وت و گەشەم سەند، وزه‌ی نووسینم قاڵ كردووه‌ته‌وه، ئەو شتانەم دۆزییەوە، كە لە شیعری كوردیدا پێویست بوو هەبێت. وردبوونەوە لە هەستەكانی خۆت لە وردبوونەوە لە گەردوون گرنگترە، نهێنی و دۆزینه‌وه و ده‌ركه‌وتنی هاوبه‌ش له نێوان شاعیر و گه‌ردوون و گه‌ردوونناسدا هه‌یه.
شیعری بێگەردیش ڕووناكییەكی گەردوونییە، بە دڵەڕاوكێ و قووڵییەكی زۆرەوە ویستوومە پرسیارە كەسییەكانی خۆم لە جیهان و ژیان و شارستانییەت بكەم. پرسیار لە وزەی ده‌سته‌بژێری و سەرڕێژ و ڕاستەقینەی زمان دووبارە بكەمەوە و زاخاوی بده‌م و به سه‌رنجه‌وه بنووسم.
زمان لە شیعری بێگەرددا تاراوگەكراوە. پێوەندیی بەردەوامی لەگەڵ واقیعە زمانییەكەدا نەبڕاوەیە، كە ئێستێتیكای زمان دروست دەكات، نەك لەگەڵ واقیعییە زمانییەكەی، كە ڕووداو و ستەم بەرهەم دەهێنێت.
لە ناوكی شیعردا, زمان گەیاندنێكی ناكام نییە. بە پاڵپشتیی ڕوونبێژی و ڕەوانبێژی و ناسكبێژی؛ دەبێتە هێمایەكی چڕ و ژیانێكی شایان و ئاوێنه‌یه‌كی هه‌سته‌وه‌ر و دۆخێكی ته‌ندروست. شیعر گوڵ نییە خۆی بۆ بینینی خۆی ههڵبخات و چاوانی بەرانبەر خۆی تیژ بكات. چڕە وەك گوڵاو، ناوكی گوڵ, بۆن بڵاو دەكاتەوە، له ڕێگای هه‌ستیاركردنی زمان و لێكدانی هه‌سته‌كانەوە ده‌گه‌یته بۆنكردن و هەست دادەمەزرێنیت و ده‌یگونجێنی. لەم ڕووەوە خوێنەری كوردم بە لای شێواز و دەربڕینی بۆنكردن وەرگێڕا. ئاسۆیەكم كردەوە، ئاسۆی ئاشنابوون و تانوپۆی وێنه‌ى په‌رشوبڵاو و هه‌ستكردن به بۆشایی ده‌وروبه‌ر.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
2
هەندێك گوڕنه‌ته‌ڵه‌ی ئه‌ده‌بی بە شاعیری نانیشتمانیم دەزانن، ڕووبەڕوویش وەك سه‌رزه‌نشت بە پێوەری خۆیان ڕووشكێنیان كردووم، له‌وەیش زیاتر ڕۆیشتوون. من وەك شاعیر، شاعیرێكی هەستیی و خەونيم و به دوای گرتنی مووچڕك و چركه‌ساتی شیعريیبوونه‌وه‌م, به دواى ته‌قینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی وزه‌ی هه‌ستیشەوەم، به‌دوای پایه و مایه و سایه و ئه‌وه نیم ناوبانگم بگاته هه‌موان, هه‌ر شتێكیش هه‌ستم پێی كردبێت نا، بووبێته هه‌ستم نووسیومه، له هه‌سته‌وه ده‌گه‌م به ئێستێتیكا. لە پێشەكیی دیوانەكەیشم به‌ها و جیهانی ڕۆشنی ئه‌و بڕوایه‌م كردووه‌ته خاڵی سه‌رنج و گرنگی ئه‌ده‌ب، بەڵام وەك هاونیشتمانییه‌كی كورد؛ بڕوای تەواوم بە كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و بنەماكانی شۆڕشی كوردستان هەیە, هه‌میشه‌یش به داگیركراوم زانیوه بە مانای پڕاوپڕی وشە و ده‌مار و گۆشته‌وه بە تەنگییەوەم، به ته‌نگ خواست و هونه‌ری شیعره‌وەیشم. كار بۆ ئەوە دەكەم ببمە هێمایەكی نیشتمانی، نەك شاعیرێكی نیشتمانی، له‌وەیش زیاتر بڕۆم، بچمه فه‌زای قووڵاییه‌كانه‌وه و ببم بە هێمایه‌كی گه‌ردوونی. دەگمەنەكان دوا ئاراسته نین، به‌ڵام هێمای ئاشنا و خۆشڕووی نیشتمانیين، به خاڵی پڕ شانازی گه‌یشتوون. خاڵی داهێنان و جوانیی داهێنه‌رانه، ڕۆژ و ڕۆژگار ئەزموونیان دەكات. زۆرینەیش شاعیری نیشتمانی و بێ مایه و وابه‌سته و پاڵەوانبازین. به دوای پایه و مایه و سایه و ئه‌وه‌ن ناوبانگيان بگاته هه‌موان، ڕۆژان ده‌یانگۆڕێت و ده‌یانهێنێته پێش و پاش و چرووكیشیان ده‌كات.
شیعرم ته‌نیا له سه‌ر شاخی كه‌ڵه‌كێوی و ناوچه‌وانی ئاسك و باڵی په‌پووله و دووگوردی نوێژ نه‌بینیوه، له ده‌می شمشێری جه‌للاد و چاوی ده‌رپۆقیوی دیكتاتۆریش بینیوه, خۆیشی جۆری خوێنه‌ر دیاری ده‌كا.
شیعری بێگەرد بە پێوەری نانیشتمانی بەهای ئێستێتیكیی بۆ دانانرێت. بە هێمای نیشتمانی دەستنیشان دەكرێت. قەت بە مۆرك و ماك و ئاكاری نیشتمانی نەمنووسیوە و نەژیاوم. بە مۆرك و ماك و ئاكاری ئەوەی شیعر هونەرێكی پیرۆزی سەرەتای ژیان و وزەیەكی نەبینراو و گه‌ڕانێكه به دوای نه‌زانراوه‌دا؛ نووسیومە و دەژیم، به سه‌ر ڕه‌ش و سپیشدابه‌ش نه‌كراوم. خه‌باتگێڕێكی بێده‌نگی شیعری بێگه‌ردم، شیعری بێگه‌ردیش له باڵاترین مانایدا به مانا شیعریبوونییه‌كه‌ی نیشتمانییه.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
3
هەر كێشێك جۆرێك ترپه و ئاواز و هاوده‌نگیی وشه‌ی لێ دروست دەبێت. (گۆران) به سه‌رنجه‌وه ده‌ینووسی، بنیادێكی خه‌مڵیو و بنچینه‌یه‌كی زیندووی داڕشت، زۆرینەی كێشە خۆماڵییەكانی بەكارهێناوە. هەر یەكێك جۆرێك ترپه و ئاوازی لێ كەوتووەتەوە، هه‌ندێك جووڵه‌ی زمان و ئێستێتیكا ته‌واوی ده‌ق پڕ ترپه و ئاواز ده‌كه‌ن. ترپه و ئاواز لە دەرەوەی كێشیشدا پرشنگ و كڵپه و حیكمه‌تی خۆی دەگەیەنێت، ده‌چێته ناواخنی چنین و پێكهاته‌وه. زمان هەر پیت و لێكدانی پیت نییە. زمان ترپه و ئاواز و چنین و پێكهاته‌یشه. من جۆرێك شیعر دەنووسم؛ هەوڵم داوە هێڵه سنووریيەكانی ترپه و ئاواز و هاوده‌نگیی وشه و پەخشانی تێدا وه‌ك وزه‌یه‌كی ده‌روونی و ده‌زووی ڕووناكی، پیشان بده‌م. ترپه و ئاواز ماسوولكەی بەهێزی شیعرە، سه‌ره‌تا له جه‌سته و ڕۆحی خۆی، دواتر له جه‌سته و ڕۆحی خوێنه‌ری نموونه‌ییدا.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
4
هەموو ئازارێك هاواری خۆی دەكات، بە دڵنیاییەوە ئازاری مردن لە مژدەی لەدایكبوون كاریگەرترە، به كاریگه‌ریی خوێندنه‌وه‌یش شاعیر نیم، خوێندنه‌وه پاڵپشته و ئه‌زموونم زاخاو ده‌دات.
كاتێك هەستی لاپه‌ڕگه‌یی و نامۆییم بۆ دروست دەبێت و لە ناو شیعردا بزر دەبم، نووسینی شیعرێك سەرقاڵم دەكا و ده‌بێته دایك و باوكم، نابمە بەشێك لە شیعرە نەنووسراوەكە، ده‌بمه ته‌واوی شیعره نه‌نووسراوه‌كه، واتە: كەسێكی شیعری، كە شیعرەكەیش نووسرا، دۆخێكی دیكه‌م دەداتێ و ده‌بمە خوێنەری و پرسیاركار، ئایه كنهی چڕكردنه‌وه‌ی زمان و فراوانكردنی هه‌ستم تێیدا كردووه، یان ده‌ستوپێ سپی و بێ مایه‌م.
نووسینی هەر شیعرێك تەواو نوێبەخشییە، نوێبەخشی ئەو كاتە ڕوو دەدات؛ شیعرە نووسراوەكەی شوێنێكت، شوێنێكی خەیاڵیت بۆ دروست بكات، پێشبینییەكانی تۆی لێ بێت. بەراوردێكی ئەفسانەیی بكەی لەگەڵ شوێنی ژیان و شوێنی پێشبینییەكان و بەخەبەرهێنانی سەرچاوەی یەكەمین ئازار و كۆكردنەوەی بێدەنگی پڕ هه‌ست لە ناخماندا، هەستێك و بەهای خەیاڵمان دەداتێ بۆ زمان و ئێستێتیكا و نه‌وا و ئه‌نوا و له‌ره و چۆنییه‌تی، كە ئەم هەستە پەیدا بوو و جما، شتە كەسی و تایبەتییەكان دەگۆڕێت بۆ وێناكردن و وەسفی ناكات، شوێنی پێ دەدات، هەم دەیپارێزێ و هەم لە سەردەمی وەرچەرخانیشدا بەردەوام پیشانی دەداتەوە و ده‌یكاته خاڵی سه‌رنج.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
5
بە خەیاڵی جڵەونەكراو و نەگەچڵاو و سەربەستی تەواوی كەسییەوە دەنووسم و ناپاكییشم لەگەڵ بەهرەكەمدا نەكردووە، واتە: سارده سارده و خاوی و كه‌مته‌رخه‌می و تەمبەڵیم لە پەروەردەكردنیدا نەكردووە. بەرلەوەی شاعیرانی كلاسیك و (گۆران) بناسم، نووسین لام ئاسانتر و ئەوەندە پڕ ترس و سڵه‌مینه‌وه نەبوو، دامه‌زرێنه‌رانی مێژوو و داهێنان ناسڕێنەوە. كۆڵنەدەر و پرشنگدارن، قه‌واره و شوێن و خۆبوونی خۆیان له بووندا دامه‌زراندووه. لە كاتی نووسیندا خۆم به چێژی نووسین ده‌سپێرم و خۆیشم لە خوێندنەوە لا دەگرم، دەزانم كار لەو جیهانە ده‌كات، كه لە مێشكی خۆمدا دروستم كردووە و خەریكم لە نووسیندا بینای دەكەم، بەڵام لە سەرزەمینێكی بەتاڵەوەیش نەهاتووم، بیری به‌شێك له مرۆڤه كاریگه‌ره‌كانی زه‌مینم خوێندووه‌ته‌وه و زاخاویان داوم، ئینجا ڕێ به خۆم ده‌ده‌م هه‌وڵی بیناكردن بده‌م. ئەو هەست پێكردن و خوێندنەوانەی لەوەوپێش هەمبوونە، بێباكانە بە شێوازی سروشتیی خۆم لە زەینمدا جووڵاون و دەیانجووڵێنم. شاعیر لەو جیهانەدا كارایانە دەژی، كه خۆی دروستی دەكات. ئەو شتانە كۆ دەكەمەوە، كە لە یادەوەریمدا هەڵم گرتوون و ڕۆژ و ڕۆژگاری ژیانی خۆم زاخاو ده‌ده‌م و ئێستێتیكای ڕۆحم بە لاوە لە هەموو شتەكان لەپێشترە، زراویشم لەوە چووە شاعیرێك پێداگری لەوە بكات، كڵپه‌دان و داهێنان تەنیا لای ئەوبێ. كڵپه‌دان و داهێنان وەك هەقیقەتە، كه به‌رده‌وام ناسنامه‌ی خۆی دروست ده‌كات، هەقیقەت تەنیا لای مرۆڤێك نییە، ئه‌گه‌ر لای یه‌ك مرۆڤ بوایه، ته‌نیا یه‌ك پێغه‌مبه‌ر دیاریی سه‌رزه‌مین ده‌بوو. هەر پێغەمبەرێك پێغه‌مبه‌رێكی دیكه‌ی به دوادا هاتووە و لێزیادبوونی هەقیقەتێك لە پەیامەكەیدا بووە، هەقیقەت تەنیا لای مه‌ستیی گه‌ردوونیدایه، نیمچه هه‌قیقه‌تیش لای سروشته، سروشتیش به سۆزێكی خامۆشی گه‌رم ده‌دوێ.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
6
به‌شێكی شاعیران داواكاری نوێبه‌خشین، كه‌مه‌یه‌كی كه‌میشیان به‌دیهێنه‌ری نوێبه‌خشین، به‌دیهێنان پڕۆژه‌یه‌كه بۆ قووڵبوونه‌وه و سه‌رنجدان له پرس و كولتووری نه‌ته‌وه و زمان. به‌شێكیش درێژبوونه‌وه‌ن. خاوه‌نی مێژووی نووسینن، كه‌مه‌یه‌كی كه‌میش خۆبوونی خۆیان هه‌یه و خاوه‌نی ئه‌زموونی نووسینن.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
7
ده‌قی ئاستدار كۆده‌نگی و یه‌كێتیی بۆچوون وه‌رناگرێت و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه. له هێزیدا هه‌یه چه‌ندین بۆچوونی ڕه‌خنه‌یی له بۆچوونی خوێنه‌ر بچێنێت و بیڕسكێنێت. ده‌ق ئه‌گه‌ر چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كی له لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی میتۆد جیاوە بۆ كرا، ده‌قه‌كه به‌ره‌و نیمچه دۆزینه‌وه و ده‌ركه‌وتن و كۆپرسیاری بوونی و گه‌ردوونی ده‌چێت. له شیعری كوردیدا ده‌قی: (بۆ هیوای كوڕم)ی گۆران خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆری له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی میتۆد جیاوە بۆ كراوه، له كاتی به‌راورددا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر یه‌كێكیان ده‌قی نوێ و شێوازی جیاوازتری له‌وی دی پێشكێش كردووه، شێواز بیناكردنی مرۆڤه و بناغه‌ی كاری ئه‌ده‌بی و نیشانه‌ی جیاكه‌ره‌وه‌یه. ده‌قی ئاستدار سه‌رسامییه‌كت له لا جێ ده‌هێڵێت، بۆ ئه‌م سه‌رسامییه ده‌یخوێنیته‌وه، كه خوێندته‌وه به جۆرێكی دی سه‌راسیمه‌ت ده‌كا و سه‌رسامییه‌كی دیكه‌ت له لا جێ ده‌هێڵێت، كه‌واته: ده‌قی ئاستدار سانسۆری زمان و هونه‌ر و خۆبوونیی خۆی كردووه. خۆی كردووه‌ته ناوه‌ند، ئاسۆ به‌رته‌سك ناكاته‌وه و داناخرێت، هه‌موو شتێكی تاقی كردووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌زمووندا ژیاوه، به سه‌ركه‌وتن و به‌خته‌وه‌ریی خۆی گه‌یشتووه، چه‌شنه ئاڵوگۆڕییه‌كی زه‌ینی له هه‌ستی خوێنه‌ردا دروست ده‌كات. زمانیش له هه‌ستدا ئاڵوگۆڕی به سه‌ردا دێ و خۆی به زاده‌ی ئه‌ده‌بی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
8
وڕێنه و واقیعی نه‌ورووژێنراو هیچ ئاسۆ و دوورییه‌كی شیعرییبوونیان لێ دروست نابێ، ئه‌گه‌ر شاعیر نه‌توانێ بیانكاته به‌شێك له هه‌ست و شاره‌زایی، كه كرا به به‌شێك له هه‌ست و شاره‌زایی؛ ده‌بێته بابه‌تی لێكدانه‌وه و ئاسۆ و دوورییه‌كی ئیقاعی و شیعرییبوون. خوێنه‌ر سه‌راسیمه‌ده‌كات، سه‌راسیمه‌یه‌كی سۆفییانه، واته: واقیع نه‌رمونیان ده‌كات بۆ خولیای ناسین و ئاشنابوون و به‌ده‌ستهێنانی به‌روبوومی هه‌ستیی، هه‌ست ڕووگه‌نمای شیعره.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
9
شیعری درێژ فۆڕم به بیركردنه‌وه ده‌دا، شیعری كورتیش فۆڕم به هه‌ست، هه‌ستیش به‌جوانی ئه‌زه‌لی داڕێژراوه و به‌رده‌وام فۆڕمی نوێ تاقی ده‌كاته‌وه، ده‌یكاته نوخته‌ی بینین. دوای چل ساڵ قاڵبوونه‌وه له ئه‌شقی خوێندنه‌وه و نووسین و تاسه‌ی هه‌میشه‌ییم. شیعری درێژ نیگه‌ران و بێزار و ماندووم ده‌كا. ڕه‌نگه دانپێدانانێكی ترسناك و توندبێت بڵێم: گه‌وره‌ترین ناشاره‌زایی نووسینم ئه‌وكاتانه بووه، كه شیعری درێژم تێیدا نووسیوه. ئێستا نیمچه ئامانجێكم لا دروست بووه شیعری كورت و خێرام لا په‌سه‌نده تێیدا بتوانم هه‌ستی سروشت بورووژێنم و تیشكی پڕ ببینم، شیعری كورت به پڕی دێ و له یه‌كه‌م هه‌ڵڕشتنی ته‌واو هێزی خۆی كۆكردووه‌ته‌وه و پێویستی به پێداچوونه‌وه و هه‌ڵڕشتنه‌وه و داڕشتنه‌وه و جوانكاری ناپێویست نابێت، واته: هه‌ر ئه‌وه‌یه، كه هه‌ست نواندوویه‌تی. گوزارشتیش له به‌ها و هێما و هه‌مه‌چه‌شنیی حیكمه‌تی زمان ده‌كات، هێزێكی زۆریش ده‌داته‌وه به هه‌ست، واته: هه‌ست هه‌ستیار ده‌كاته‌وه.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.
10
له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه تازه پێم ده‌كه‌وته سه‌ر ڕێگای مه‌شقی نووسین. كاڵ و خۆڕسك، به په‌له‌په‌ل و هه‌له‌هه‌ل، هه‌ندێك شیعری ڕوخسار خاو و بێ پشت و له هێز كه‌وتووم نووسیون. خولیا و حه‌ز بوون، زمان و هونه‌ر و خۆبوونی و چییه‌تی و چۆنیه‌تیی نه‌بوون، له ڕۆژنامه و گۆڤاردا بڵاوم كردوونه‌ته‌وه. ئه‌م سه‌ره‌تایه ناسینی ڕووكه‌ش و ساویلكانه‌ی من بووه له‌گه‌ڵ شیعردا، به‌ڵام شیعری ئاستدارم نه‌ناسیبوو. (زێوان)، منی بۆ سه‌ره‌تای بوونم گواسته‌وه، له‌ودا تانوپۆی شیعرم له خۆمدا چنیوه و شیعرم وه‌ك زمان و هونه‌ر و خۆبوونی و چییه‌تی و چۆنییه‌تی نووسیوه و ناسیوه. شیعرم هه‌یه ساڵی یه‌كه‌می گڕوگاڵم نووسیومه، هه‌ر ئه‌وده‌م، له سه‌ر ئاو و ئاگر بۆ گۆڤارێكم ناردووه، دوای چوار ساڵ بڵاو كراوه‌ته‌وه، ڕه‌تیان ناكه‌مه‌وه، لێیشیان په‌شیمان نیم. مه‌ودایه‌كی دیاریكراوی من بوونه. له ڕۆژنامه و گۆڤاردا ده‌یانهێڵمه‌وه، به وشیاریی نووسینه‌وه خستوومنه‌ته په‌راوێزه‌وه و خۆم شه‌رمه‌زاری نووسین نه‌كردووه، نه‌مخستووه‌ته دیوانمه‌وه. چ ئێستا و چ دوای ئه‌وه‌ی مه‌رگ به‌ربینگم ده‌گرێ، ده‌مم وشك ده‌بێ و لاق درێژ ده‌كه‌م، ڕێ به هیچ كه‌س ناده‌م، چ منداڵی خۆم و چ كه‌سانی دی ئه‌م كاره‌م بۆ بكه‌ن و كۆی بكه‌نه‌وه و بیخه‌نه دیوانمه‌وه. به قووڵایی و تین‌وتاوی خوده‌وه دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، به وشیاری نووسینه‌وه نه‌مخستوونه‌ته دیوانمه‌وه. وه‌ك له‌م دوایییه‌دا بینرا نابه‌رپرسانی نووسین، كارێكی له‌م جۆره‌ی ناسروشتییان بۆ (هێمن و هه‌ردی) كرد، كه خۆیان به‌شێك له شیعره‌كانیان به وشیاریی نووسینه‌وه نه‌خستووه‌ته دیوانیانه‌وه، شاعیر بریتی نییه له هه‌موو شیعره‌كانی. نموونه: شاعیر هه‌یه چه‌ند شیعرێكی گرنگی هه‌یه. تێیدا گه‌یشتووه‌ته دۆخی شاگه‌شكه‌بوون، به‌م چه‌ند شیعره‌ی گرنگه و ده‌توانی زۆرینه‌ی شیعره‌كانی دیكه‌ی فه‌رامۆش بكه‌یت، كارێكیش له شاعیربوونی نه‌كات.
دروستكردنی درز له كۆشكی داهێنان، جۆره زه‌بروزه‌نگ و به ڕقه‌وه دوانه له باره‌ی كه‌سی داهێنه‌ره‌وه، كه خۆی نه‌ماوه و هیچ بوارێكیشی نه‌ماوه، تا ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بدا و به‌رگری له هه‌ستی ترسناك و به‌هێزی نووسین بكات.
ئاراسته‌ی ئاسایی سه‌رنجی شاعیری نموونه‌یی گه‌وره ناكاته‌وه، زانینی قه‌واره‌ی به‌هره‌ی خۆی و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر نه‌زانراو. ئه‌و وشیاییه ده‌دا، شیعری بێگه‌رد سروشتی زمانێكی پێوانیییه.