شێعر و پەخشان

گیانێك له‌ودیو دیواره‌که‌وه‌

 

 

سۆران محه‌مه‌د

 

شه‌و به‌ هیواوه‌ به‌ڕێده‌که‌ن

له‌ چاوه‌ڕوانی سبه‌ینێدا

ده‌ستی خۆری باڵابه‌رز

چه‌پکێ به‌خته‌وه‌رییان تێگرێت

 

وه‌كو جاران گه‌ش ببنه‌وه‌

 

 

گیانێك له‌ودیو  دیواره‌که‌وه‌

 

سۆران محه‌مه‌د

 

ئه‌و  کاتانه‌ی به‌ مرۆڤبوون

ده‌بێته‌ گیایه‌کی ماندووی

ده‌م جۆگه‌له‌یه‌کی لێڵ

لاولاوه‌کان توندتر

خۆیان له‌ قه‌دی دره‌خته‌ ‌بێده‌نگه‌کان

ده‌ئاڵێنن.

له‌ قوڵایی شه‌وه‌ ماته‌کان

ته‌نیایی ئامێزی بۆ گه‌ڵا سیسه‌کان

واڵا ده‌کات

شه‌و به‌ هیواوه‌ به‌ڕێده‌که‌ن

له‌ چاوه‌ڕوانی سبه‌ینێدا

ده‌ستی خۆری باڵابه‌رز

چه‌پکێ به‌خته‌وه‌رییان تێگرێت

وه‌كو جاران گه‌ش ببنه‌وه‌

*

ئه‌وان بێباك

ئاگادار نین:

ته‌په‌ی دوو پێ-

 به‌ره‌و لات دێن!

وه‌ك زریکه‌ی

چه‌کوشی مسگه‌ری گوزه‌رێکی چۆڵ

له‌ گوێتا  ده‌زرنگێته‌وه‌

له‌ نێوان خه‌ون و ئاگایی

سه‌ری بۆ لات شۆڕده‌کاته‌وه

لێت ورد ده‌بێته‌وه‌‌

دڵنیاده‌بێ لاشه‌ی ئه‌و نییه-

له‌ جێگاکه‌یدا نوستووه،‌

وه‌ك سه‌ربازێکی هه‌ڵاتوو

به‌ره‌و گۆشه‌ی ژووره‌که

به‌ ئه‌سپایی دوور ده‌که‌وێته‌وه

*

‌کاتێ به‌ مرۆڤبوون ده‌بێته‌ خێو

گیاکان چڕتر هه‌ڵده‌چن

گوڵه‌کان سوورتر

ئارایشتی ڕوومه‌تیان ده‌که‌ن.

گیانه‌کان بێده‌نگ

له‌ جه‌سته‌یان ده‌ترازێن

که‌س ڕۆژمێری

ڕۆژه‌ تاڵه‌کانیان ناخوێنێته‌وه‌-

ته‌نانه‌ت ناشزانن به‌ چ  ئاراسته‌یه‌کدا‌

له‌گه‌ڵ کزه‌ سارده‌کانا هه‌ڵدێن؟

پێش ئه‌وه‌ی یه‌ک له‌ دوای یه‌ك

په‌نجه‌کانیان  ببێته‌

ته‌باشیری یاداشته‌کان و

هه‌ڵبوه‌رێن.