رەسوڵ سەفەریانی
هەوراز کە لە حەوشەکە هاتە دەر، ئیتر دڵەراوکی و ترسەکەی لەگەڵ خۆی نەبرد و هەر لەوێ توڕی دا. بەڕێگادا دەڕۆیشت و جەستەی لەسەر زەوی بوو، بەڵام فکر و خەیاڵ و دەروونی هێشتا لە سەر فەرشەکەی ماڵی سەمیرا بوو. هێشتا تامە نوێ و نەناسەکەی لە جەستەدا دەهێنا و، دەیبرد. نەیدەویست قەت لەبیری بباتەوە، هەڵبەت لەبیریش قەت نەدەچووەوە. ئەمە ئەو تام و چێژە نامۆیە بوو کە هاتبووە نێو ریزی تامەکانی ژیان و دڵی هان دەدا بۆ دووبارە بوونەوەی. هەنگاوەکانی خێرا و رووخساری گەش تر لە سەرخۆشی ئارەقەکە دەینواند.
یەکەم تام
رەسوڵ سەفەریانی
لە شەوی پێشترەوە ماڵەکە پڕ بوو لە هاتووچۆ و، خۆئامادەکردن. باوک و دایکی بە تەلەفون بەردەوام لەگەڵ خزم و دۆستانێک کە قەرار بوو بەیانی پێکەوە بچن بۆ زیارەت، خەریکی قسەکردن بوون. بە هۆی دووریی شوێنەکەوە ناچار بوون کە پێکەوە مینیبوسێک بگرن کە بیانبات و، بیانهێنێتەوە. تەلەفوونەکەی باوکی هەر تاوێک بۆ رەقەمێک و کەسێک وەسڵ دەکرا و، قسە لە سەر کات و سات و شوێنی یەکگرتنەوەکان بوو. دایکیشی خەریکی ئامادە کردنی خواردنی ناو ڕێگا و رۆژەکەیان بوو. تەلەفونی دەکرد بۆ کەسەکان و، قسەی جۆری خواردنەکانیان دەکرد. ئەمیش بێدەنگ چووبووە ژوورەکەی خۆی و تەلەفونی دەکرد بۆ هاوڕێکانی تا بزانێت کامیان بەیانی دەتوانێت بێت بۆ لای ئەم و، پێکەوە رایبوێرن. ئاخر ئەمە یەکەم جار بوو هەلی وای بۆ برەخسێت کە تەنیا خۆی لە ماڵەوە بێت. لە هاوڕێکانی تەنیا یەک کەسیان وەڵامی ئەرێنی پێداوە. ئەوانی تر هەر یەکە و بە شتێکەوە سەرقاڵ بوو. ئەڵبەت لەبەر ئەوەی نزیکترین هاوڕێی وەڵامی ئەرێنی پێدابوو ئیتر زۆری لا گرینگ نەبوو کە ئەوانی تر ناتوانن بێن. لەگەڵ ئەو هاوڕێیە رێکەوتن بەیانی لە کاژێر دەی پێش نیوەڕۆ لە بەردەمی بازاری دەسفرۆشەکان یەک ببینن. ئەم قەرارە خۆشحاڵی کرد و، کەوتە خەیاڵات بۆ رابواردنی بەیانی و دڵخۆش بوو بەوەی کەس لە ماڵەوە نەبوو. بەدەم خەیاڵەوە وردە وردە خەو بە سەریدا زاڵ بوو.
بەیانی زوو بە دەنگە دەنگی خێزانەکە خەبەری بووەوە. هێشتا زۆر زوو بوو. باوکی هاتە ژوورەکەی و بە ئارامی بانگی لێکرد و وتی خەبەریت؟ ئەمیش بە دەم خەوەوە وەڵامی دایەوە. باوکی وتی ئەوە ئێمە دەڕۆین، تۆیش بڕێک وریا بخەوە نەوەک کەسێک وابزانێت هەموومان ماڵەکەمان بەجێ هێشتووە و خۆیانی پیا بکەن و کەل و پەلەکانمان بدزن. ئەمیش وتی دڵنیا بە ئاگام لێیەتی. باوکی وتی زۆر باشە و پاش ئەوە رووی وەرگێڕا و لە ژوورەکە چووە دەرەوە،... درگاکەی بە ئارامی داخست. ئەمیش کە هەر چاوی نەکردبووەوە خێرا خەوی لێکەوتەوە. ماڵ بێدەنگ و خەویش وەک مۆتەکە قورس و قایم خۆی دابوو بەسەریدا. کات هەست پێنەدەکرا. وەها بێدەنگیەک لە وەها کات و ساتێکی بەیانی لای ئەم نامۆ بوو بۆیە وەک لە دونیا دابڕاوێک لەشی دابووە دەست خەو و، هۆشیشی بە دەستی خەو سڕ کرابوو. زڕەی زەنگی موبایلەکەی وەک دەنگی شەیپورێکی دوور دەگەیشتە گوێکانی. هەتا دەهات شەیپورەکە نزیکتر دەبووەوە، تا گەیشتە پەنا دەستی و سەیتەرەی خەوی شکاند و چاوەکانی پێکردەوە،... وردە وردە هۆشیاری گەیشتە مێشکی. لەپڕ راچڵەکی و بێ ئیرادە دەستی برد بۆ موبایلەکە و بردی بەرەو گوێی راستی. دەنگی ئەلەو وتنەکەی لە زاریدا وەک دەنگی تەپڵێکی شڕ هاتە دەرەوە. دەنگی هاوڕێکەی کە لە وەڵامدا وتی ئەلەو و زەهریمار ئەوە های لە کوێ!؟ وەک گورزێکی کاری دای لە مێشکی بەتەواوەتی وشیاری کردەوە. هەر ئەوەندەی پێکرا کە وتی ئەوە هاتم. تێلی داخست، بە خێرایی هەستا و پانتۆڵەکەی لەپێ کرد، بە ژێرکراسەکەیەوە بەرەو درگاکە هەڵات، پێی بە پێڵاوەکانیدا کرد، بەڵام پێش ئەوەی بەتەواوەتی قاچەکانی لە پێڵاوەکاندا دانیشن درگاکەی کردەوە و هەڵات. شوێنی قەرارەکەیان لە ماڵەوە زۆر دوور نەبوو. پاش چەند دەققەیەک هەڵاتن گەیشتە شوێنەکە و، لە دوورەوە هاوڕێکەی بینی و دەسی بۆ هەڵهێنا و رایگەیاند کە ئەوا هاتم. پاشان کەمێ خاوی کردەوە، کە گەیشتە بەردەم هاوڕێکەی بڕێک هەناسەی ئارام ببووەوە. هەڤاڵەکەی پاش بڕێک گاڵتە پێکردن وتی ئێستا ئەتەوێت چی بکەین؟ ئەمیش وتی راستت دەوێت وتم ئەمڕۆ خۆمان حسابین و کەس لەماڵەوە نییە با وەک دوو پیاوی راستەقینە پێکەوە دانیشین شتێک بخۆینەوە و بە خۆشی رابوێرین. ئەزانم تۆش حەمە کەچەڵ ئەناسیت و، شتت لێکڕیوە. بۆیە وتم بچین بۆ لای ئەو بزانین چی هەیە. هاوڕێکەی وتی وادیارە پارەت زۆرە وا بیر لە حەمە کەچەڵ دەکەیتەوە. هەتیو ئەو ویسکی و ڤۆدکا و بیرە و شتی وای هەیە کە هەموویان زۆر گرانن، من قەت بۆ خۆمم نەکڕیوە تەنیا جار و بار کاکەم پارەم پێدەدات کە بۆی بکڕم. ئەمیش وتی ئەی باشە چی بکەین. هاوڕێکەی وتی من کەسێکی تر دەناسم دەچین بڕێک ئارەقی لێدەکڕین و دەیخۆینەوە. من پێم وانەبێت جیاوازی لە نێوان نەتیجەکەیاندا ببێت. گرینگ پێکەوە بوونەکەمانە. باشە؟ ئەمیش بە سەر وەڵامی ئەرێنی پێدا و وەڕێ کەوتن. بەڵام هاوڕیکەی راوەستا و، رووی لەم کرد و وتی لە کوێ بیخۆینەوە؟ ئەم وتی لە ماڵی خۆمان، مەگەر پێم نەوتی کەس لە ماڵەوە نییە؟ با بڕۆین بە دەم رێگاوە بۆت باس دەکەم.
ئارەقەکەیان کڕی و، بەرەو ماڵەوە وەڕیکەوتن. درگاکەیان کردەوە، ماڵ بێدەنگ و فێنک. هەر دووکیان پێکەوە وتیان ئای ماڵەوە چەند فێنکە خۆ پیاو لە دەرەوە دەپڕوکێت. هەر کە گەیشتن، هەوراز بە دڵقەکەی دەستییەوە چوو بەرەو ئاشپەزخانەکە و پاش چەند دەققەیەک بە تۆنگێکی شوشەییەوە کە ئارەقەکەی تێکردبوو هاتەوە بۆ ژووری دانیشتنەکە و لەگەڵ دوو پەرداخی شوشەیی لە سەر مێزە دارییەکەی نیو ژووری دانیشتنەکە داینا. هاوڕێکەی کە زۆری توونی بوو، دەستی دا تۆنگەکە و ویستی پەرداخەکە پڕ کات، هاوکات وتیشی دەستت خۆش بێت زۆرم توونی بوو! هەوراز وتی کوڕە نەکەیت ئەوە ئاو نییە ئارەقەکەیە. ئێستا ئەچم ئاویش دێنم. هەوراز لەگەڵ ئاوەکە پیاڵەیەکی پڕ لە خەیارو ماستیش هێنا و، لای ئارەقەکە داینا. سەیرێکی شتەکانی سەر مێزەکەی کرد و، لە هاوڕێکەی پرسی چیترمان پێویستە؟ ئەویش سەیرێکی مێزەکەی کرد، وتی هیچی ترمان ناوێت. وەرە دانیشە با دەست پێبکەین.
خۆیان بەلادا خستبوو و خەریکی قسەی خۆش و گاڵتە جاڕی بوون و جار بە جارێکیش نیوە ئیستکانێک لە ئارەقە سەگییەکەیان دەکرد بەگەروودا و لێوەشەوە بەرەو گەدەیان بەردەبووەوە. کەوچکێک خەیارماستیشیان بەپەلە بە شوێنیدا دەکرد. ئارەق سەگی ئارەقێکی دەستساز بوو کە کەسانێک لە ماڵەوە بەدزییەوە دروستیان دەکرد و، دەیانفرۆشت. ئەم ئارەقە لە ناو دەڵقی فریزێردا دەیانفرۆست. لەبەر مەمنوع بوونی دەیانئاڵاند لە بڕێک رۆژنامە و کاغەزی لەو بابەتانە و دەیانخستە نێو دڵقێکی دەسکدار یان دەیانچەپاند بە گیرفانی پاتۆڵەکانیاندا. ئەمانیش زۆر هەلیان بۆ نەدەڕەخسا کە بتوانن بە ئارامی بیخۆنەوە. زۆرتر دەیانبرد بۆ دەشت و نێو باخ و دارستانی دوور لە شار دەیانخواردەوە. ئەویش لە ترسی ئەوەی کە نەوەک خەڵک بیانبینێت یان نەکا پاسدارەکان بەسەریدا بکەون و بیانگرن، هەر زۆر بەپەلە و بە بێ مەزە و ئیستکان و کەرەسەی پێویست هەر بە دڵقەکەوە دەیاننا بەسەریانەوە. ئەمان هەردووکیان گەنج بوون و ماڵی خۆیان نەبوو، لە ماڵی باوکیشیان خواردنەوەی مەشروبات تابۆ بوو. ئەمە یەکەم جار ىوو هەلی وەها هەڵکەوتبوو ئەوان لەماڵەوە ئارەق بخۆنەوە و دایک و باوکی ئەم واتە سامان هەموویان چووبوون بۆ زیارەت و خوشک و بڕاکانیشی لەگەڵیان رۆیشتبوون.، بەڵام ئەم وتبووی من حەز ناکەم بێم. ئەو شوێنە بڕێک دوور بوو و، ماڵی باوکی و خزمەکانی تریان پێکەوە مینی بوسێکیان گرتبوو کە بیانبات و بیانهێنێتەوە. لەوانەیە باوکی حەزیشی کردبێت کە ئەمیان لەگەڵ نەبێت، چونکو پارەی کڕێکەی ئەمیان بۆ دەمایەوە. جیا لەوە باوکی بیری لەوەش دەکردەوە باشترە یەکێکیان لە ماڵەوە بێت با ماڵەکە چۆڵ نەبێت. زۆر جار بۆ دراوسێ و کەس و کاری خۆیان روویدابوو لە کاتی وەهادا دزیان لێکرابوو.
ئەوەندە نەبوو دانیشتبوون و، تەنیا چەند پەیکی بچووکیان خواردبووەوە کە تەلەفوونەکەی سامان دەنگی لێبەرز بووەوە. پێش ئەوەی هەڵیبگرێت، وتی ئەها بە خوا باوکمە دەیەوێت بزانێت لە کوێم و چی دەکەم. ئەم کابرا لە قەبریشدا دەستم لەکۆڵ ناکاتەوە. زۆر بە بێ مەیلی بە پاڵکەوتنەوە دەستی کێشا بۆ شوێنی دەنگی موبیلەکە و پاش چەند چرکە دەستکوتان هەڵیگرت. کە سەیری کرد باوکی نەبوو. بەڵام هیچی بە هاوڕێکە نەوت و، خێرا خۆی کۆکردەوە، هەستا سەر پێ و چوو بەرەو ژووری خەوەکەی. بەدەم رێگاوە دەستی نا بە دوگمە جوابدانەوەکەدا و نای بە گوێەوە. گەیشتبووە بەر درگای ژوورەکە لەوێدا وتی ئەلەو! دەنگی ئەلەوەکەی بە کپی گەیشتە گوێی هاوڕێکەی. هاوڕێکەی واقی وڕما و، لای سەیربوو کە وەها لەپڕ هەستاسەر پێ و خۆی کێشا بۆ ژووری خەوەکە کە چەند مەتر بە دەستی راستیدا بوو. لەبەر خۆیەوە وتی لەوانەیە بابەتێکی نهێنی یان کەسێکی تایبەت بێت وا لێرە وەڵامی نەداوە. ئەگینا ئێمە ئەو شتانەمان لە بەیندا نییە و، هیچێکمان لە لای یەک شاراوە نییە.
نزیکە دەدەققەیەکی خایاند تا لە ژوورەکە هاتە دەرەوە. گووپەکانی گوڵیان کردبوو و، خۆیشی زۆر دڵخۆش دیار بوو. سەر و چاوی پێکەنینی لێدەباری... شادمان بوو. بە پەلە پەرداخێکی تێکرد و، خێرا بە بێ ئەوەی چاوەڕێی هاوڕێکەی بێت کە لەگەڵی بخواتەوە و وەک هەمیشە وشەی بەخۆشی و ئەم بابەتانەی کاتی خواردنەوە بەکار بێنێت. خێرا نای بەسەریەوە، کەوچکێک خەیاروماستیشی کرد بە دوایدا و وتی من دەبێ بڕۆم! هاوڕێکەی وتی:
ـ بۆ کوێ؟
ـ ئێستا دێمەوە.
یانی من بە تەنیا لێرە جێدێڵیت؟ ئەی ئەگەر کەسێک هەواڵتی پرسی بڵێم چی؟
خەم مەخۆ کەس هەواڵم ناپرسێت. ماڵی خۆشمان لێرە نین. تۆ دانیشە بە کەیفی خۆت بخۆرەوە. تەنیا چارەکێکم پێدەچێت. دواتر بۆت باس دەکەم.
هاوکات لەگەڵ قسەکردنەکەی، خۆی رێک و پێک کرد و شەرواڵە لییەکەی کە شینێکی کاڵ بوو لەبەرکرد، لەبەر ئاوێنەکەدا دەستێکی بە سەر و قژە رەشەکەیدا هێنا، ئاوێکی لە دەمی ڕادا، بە پەلە پێڵاوەکانی لە پێکرد، درگاکەی دەرەوەی کردەوە و دەرچوو. هاوڕێکە سەرسووڕماو مابووەوە، هەر چی بیری لێدەکردەوە بە هیچ نەدەگەیشت. جار جار بە خۆی دەگوت لەوانەیە هاوڕێ و شتی تری ببێت کە مەشروباتی هەبێت، ئێستا بەشی دەدات و دەیهێنێتەوە و من سورپرایز دەکات. بەڵام ئەم بابەتانە شاردنەوەی ناوێت و، بەدزیشەوە قسە ناکەن. یان لەوانەیە... لە کۆتادا بە خۆی وت کوڕە راوەستە ئیستا دێتەوە هەموویت بۆ دەردەکەوێت. جیا لەوە بە تۆ چی، تۆ دانیشە و ئارەقە سەگییەکەی خۆت بخۆرەوە... هیچی بۆ مەهێلە! ئەمجار بە خۆی دەگوت نا نابێت هەمووی بخۆمەوە، ئەگینا ئەوەندە سەرخۆش دەبم کە لە بیرم نامێنێت چی رووی داوە و هەوراز لە کوێ بووە و چی کردووە.
هەوای گەرمی هاوین، هەمووانی کردبووە کون. کۆڵانەکان چۆڵ بوون. سەیری موبایلەکەی کرد کاژێر ١٣:١٣ خولەکی پیشان دەدا. سەرەتا بیری لە کاتەکە کردەوە و، وتی بە قسەکەی خۆم تەنیا دوو دەققەی ماوە بۆ ئەوەی لەوێ بم. بەڵام موشکلە نییە تەنیا ئەم کۆڵانە تێپەڕێنم ئیتر ماڵی ئەوانم لێدەردەکەوێت. هەنگاوەکانی خێراتر کرد و، خۆی گەیاندە ئەوسەری رێگاکە کە تەسکە شەقامێک بوو. پاشان بە شانی چەپیدا کۆڵانێک دەمی دەکردەوە. هەر لەسەر تەسکە شەقامەکەوە دەتتوانی تا ئەوسەری راستەکۆڵانەکە ببینیت. خۆی کرد بە نێو کۆڵانەکەدا و، پێش هەموو شتێک چاوەکانی گرتە درگا پان و بەرینەکەی ئەوان. لەدوورەوە کەس لە بەر درگاکە نەدەبیندرا، بەڵام هەست دەکرا درگاکە بە تەواوەتی دانەخراوە، یانی جووت نەبووە. زەردەیەک وەک پەپولەیەکی وێڵ لەسەر لێوەکانی نیشتەوە. وتی وادیارە سەرەڕای قسەکەی خۆی درگاکەی کردووەتەوە بۆم. بە خۆشحاڵی بەرەو ماڵەکەی ئەوان، کە کەوتبوە دەستی راست، خۆی بەرەو لای راست کێشا. هاوکات سەیری هەموو کۆڵانەکەی بە یەکجاری کرد و، پاشان چاوێکی بە پەنجەرەکانی روو بە کۆڵانەکەشدا خشاند. دڵی قوڵتەی دەهات و بزە لێوەکانی وەها قورس کردبوو کە بۆی کۆ نەدەبوونەوە. لە درگای ماڵەکەی ئەوان نزیک بووەوە، بۆی دەرکەوت درگاکە دانەخراوە و کەسێک لە پشت درگاکە لە درزی بەینی تای درگا داخراوەکە تا دانەخراوەکەیەوە دیار بوو. تەنیا یەک یان دوو مەتری مابوو بۆ درگاکە کە تای درگاکە بە قەد جەستەی پشت درگاکە کرایەوە. خۆی بوو. خۆشحاڵیەکەی ئەم وەک درگاکە زۆرتر ئاوەڵا بوو و گەشەی کرد. کە گەیشتە بەردەم درگاکە، درگاکە پتر کەوتە سەر پشت، بە دەنگێکی نزمی پچەئاسا وتی مەوەستە... زوو بێ ژوورەوە! ئەمیش بێدەنگ خۆی پیاکرد. دەنگەکە ئارامتر وتی مەوەستە یەکسەر بڕۆ بۆ ژوورەوە! کچەکە کە بەردەوام چاوی بە کۆڵان و پەنجەرەکانی دراوسێکەیاندا دەخشان کە بەسەر حەوشەکەی ئەماندا دەیانڕوانی، بە حاڵەتێکی زۆر بێدەنگ و خشکەئاسا بەدوای ئەمدا چوو بەرەو درگاکەی ژوورەوە. ئەم بەشەی ماڵەکەیان بڕێک لە چاو ماڵی دراوسێکەیان لە دواترەوە بوو، بۆیە ئیتر مەترسی بینینیان لە لایەن جیرانەکەیانەوە نەمابوو. هەوراز لەبەر درگاکە وەستا تا ئەو هات و کەوتە پێش، پاشان هەورازیش بە دوایدا چووە ژوورەوە. هەرچەند بە رووخسار ئارام و بێدەنگی دەنواند، بەڵام دڵی لە خێراترین لێدانیدا بوو. درگاکە ئاوەڵا بوو. چوونە ژووری دانیشتنەکە. لەوێ سەمیرا وەستا و، رووی لە هەوراز کرد و وتی بۆ هاتی؟ ناترسیت ئێستا دایکم بێتەوە؟ هەوراز وتی تۆ وتت چووە بۆ سەردانی دایکی ئیتر چۆن وا خێرا دێتەوە. جیا لەوە ئەمە باشترین هەل بوو کە بتوانین لە ژوورێکدا یەک ببینین و بۆنت پێوە بکەم. هەوراز باسی ئەوەی نەکرد کە ئارەقی خواردوەتەوە و هەستێکی تایبەتی نەترسانە و بێشەرمی تێدا دروست بووە. پاشان وتی باشە خوشکەکەت لە کوێیە؟ سەمیرا بە سەر ئاماژەی بە درگای دیوی خەوەکەی کرد کە لەلای راستی ئەوەوە بوو. هاوکات لەگەڵ ئەم وت و وێژە هەوراز چوو بەرەو سەمیرا و خۆی لێ نیزیک کردەوە بە جۆرێک کە وەک خۆی دەیویست بۆنی ئەو دەهاتە لوتی و بەجوانی هەستی پێدەکرد. لەبەر دەمیدا راوەستا،... چاوی بڕێیە چاوەکانی. بێدەنگ بە چاوەکانی حەزەکانی دەگواستەوە بۆ ناو نیگاکانی سەمیرا. سەمیرایش خوێندیەوە و گەرمایەک تەواوی جەستەی داگرت. وەها گیرودەی چاوەکانی هەوراز ببوو کە توانای قسە و حەرەکەتی لێبڕا. سامان کە تەنیا چەند سانتێک دوورتر لە جەستەی سەمیرا وەستا بوو، وەک جەستەیەکی بێ ئیرادە، مەگناتیسی جەستەی سەمیرا رایکێشا بۆ لای خۆی. هەموو جەستەی بەربووەوە بە سەر سەمیرادا. دەسەکانی کەوتنە سەر شانەکانی سەمیرا کە تۆزقاڵێک باڵای لە هەوراز کورتتر بوو. دەستەکانی خستە سەر هەردوو شانی و لە پشتەوە یەکیان گرت، سەمیرایان راکێشا و نووسانیان بە جەستەی خۆیەوە. سەمیراش هاوکات دەستی لە دەوری کەمەری هەوراز توند کرد و بە گەرمی تا ئەو رادە راکێشی خۆی کرد کە گەرمای سک و سنگی بە تەواوەتی هەست پێدەکرد. ئەم حاڵەتە وایکرد کە لاقەکانیان توانای راگرتی جەستەیانی نەما. بە نەرمی و بێدەنگ بەربوونەوە بۆ سەر فەرشەکەی ژێر پێیان. دوو جەستەی بە یەکبوو، دوو هەناسەی تێکەڵ بە یەک و وردە ناڵە ناڵێک هەست و هۆشی هەر دووکیانی برد. هەردوو چوونە خەڵسە. جەستە وەک مۆمی گەرما لێدراو خاو و بێ هێز. دوو چڵە لاولاوی لەیەک ئاڵاو ئارام و بێ ئاگا وردە وردە لەیەک جیا بوونەوە و هەر یەکە و بە بارێکدا کەوتن. درگای بینایی و بیسایی بۆ ماوەیەک داخرا و، خۆشی لەگەڵ سووڕی خوێن بە هەموو جەستەدا دەگەڕا. یەکەم ئەزموون، یەکەم تامکردنی وەها تامێک. تامێک کە دواتر تامەزرۆیی دێنێت.
کات چەندە تێپەڕیبوو نەیاندەزانی. لای ئەوان تەنیا چرکەیەک بوو، بەڵام دەنگێک هەستەکانی وەخەبەر هێنا و مێشکی سووک بووی خستەوە گەڕ،... وزە هاتەوە خوێن و جەستەکان جوڵان. بێ ئیرادە لە جێگاکەی خۆیاندا قنج بوونەوە. هەوراز روو لە سەمیرا دەپرسێت ئەوە چییە؟... کێیە؟ دەنگەکە بۆ ئەو نەناسراو و، نامۆ بوو. بەڵام سەمیرا هاوکات کە گوڕی دابەر خۆی و بە نیوە سوڕێک هەستا سەر پێ، وتی خێراکە ئەوە خۆشکەکەمە هەستاوە ئێستا دێتە دەرەوە، با نەتبینێت. هەورازیش کە لەگەڵ سەمیرا هەستابووە سەر پێ، بەپەلە بەرەو درگاکەی دەرەوە وەڕی کەوت. ترس و دڵەڕاوکێ خەریک بوو جێگەی خۆشییە هەڵفڕیوەکانی پڕ دەکردەوە. سەمیرا وتی راوەستە بۆ کوێ!؟ هەوراز وتی دەبێ خێرا بڕۆم! سەمیرا وتی هەر وا نابێت! با من بڕۆم سەیرێک بکەم نەوەک کەس لە جیرانەکان چاوی پێت بکەوێت، یان لەوانەیە دایکم هاتبێتەوە و لە کۆڵانەکەدا بێت. سەمیرا بە پەلە چوو بۆ حەوشە و، هەورازیش لە سوچە نەبینەکەدا وەستا بوو و چاوی لە سەمیرا بوو. سەمیرا سەیرێکی پەنجەرەکەی دراوسێکەیانی کرد و بە ئارامی درگای حەوشەکەی کردەوە. کۆڵان چۆڵ و لە جیرانیش کەس دیار نەبوو. بە سەر ئاماژەی بە هەوراز کرد وەرە! هەوراز خێرا هەڵات و، لە درگاکە چووە دەرەوە،... سەمیراش دەروازەکەی داخست و بە هەڵاتن گەڕایەوە و چوو بۆ ژووری خەوەکە کە خوشکەکەی لێبوو.
هەوراز کە لە حەوشەکە هاتە دەر، ئیتر دڵەراوکی و ترسەکەی لەگەڵ خۆی نەبرد و هەر لەوێ توڕی دا. بەڕێگادا دەڕۆیشت و جەستەی لەسەر زەوی بوو، بەڵام فکر و خەیاڵ و دەروونی هێشتا لە سەر فەرشەکەی ماڵی سەمیرا بوو. هێشتا تامە نوێ و نەناسەکەی لە جەستەدا دەهێنا و، دەیبرد. نەیدەویست قەت لەبیری بباتەوە، هەڵبەت لەبیریش قەت نەدەچووەوە. ئەمە ئەو تام و چێژە نامۆ بوو کە هاتبووە نێو ریزی تامەکانی ژیان و دڵی هان دەدا بۆ دووبارە بوونەوەی. هەنگاوەکانی خێرا و رووخساری گەش تر لە سەرخۆشی ئارەقەکە دەینواند. ئەم سەرخۆشییە زۆر درەنگتر لە سەرخۆشییەکەی ئارەقەکە لە سەر دەردەچوو. کۆڵانەکانی بەدوای یەکدا تێپەڕاند و بێ ئەوەی هەست بە لەسەر زەوی بوون بکات. سووک و بێ کێش و نەرم دەخوشا بە گەروی کۆڵانەکاندا و، مێشک و بیریشی بە ئاسمانەکاندا دەگەڕا. بە دونیای رووداوەکەدا دەهات و دەچوو و، تامە نوێکەی لە هەموو خانەکانی جەستەیدا هەست پێدەکرد،. بزەیەکی نەرم بەردەوام لەسەر لێوی وەک شەوقی تاو لە سەر ئاودا دەلەراوە. بە عەکسی رۆیشتن لە هاتنەوەدا زۆر ئارام و خاو هەنگاوی هەڵدەگرت، وەک ئەوە وابوو کە لە ئەرکێکی قورس هاتبێتەوە و وزە و هێزی پێنەمابێت. دەڵێی هەموو رابردووی لە مێشکیدا بە رووداوەکەی ئێستا پاک کراوەتەوە. نەیدەتوانی بیر لە هیچی تر بکاتەوە. بیری لای هیچ نەمابوو. گەیشتە بەر درگاکەی خۆیان و، دەستی کرد بە گیرفانیدا، کلیلەکەی دەرهێنا و درگاکەی کردەوە. هەنگاوی نایە نێو ماڵەکەی خۆیان. کە چاوی بە هاوڕێکەی کەوت لە نێو هاڵەکەدا درێژ کەوتبوو، بۆ چرکەیەک واقی وڕما. ترسێکی تەزووئاسا بە جەستەیدا هات و خەبەری کردوەوە... هاتەوە دونیای سەر زەوی. هاوڕێکەی بە تەقەی درگاکە هاوکات کە سوڕێکی بە خۆی دا و، رووی لەدرگاکە کرد بە پەلە خۆی گورج کردەوە و دانیشت. بڕێک سەیری هەورازی کرد و، ماتڵ بوو کە هەوراز شتێک بڵێت. هاوکات سەر تا پێی هەورازی بە هەردوو چاو دایە بەر پشکنین و، هەڵسەنگاندن.
هەوراز بە بزەیەکەوە وتی ببورە بەجێتم هێشت، بەڵام زەروور بوو... نەدەکرا نەچم... کارێکی گرینگ بوو، بەڵام خۆ زۆر درەنگ نەهاتمەوە؟... وایە؟ هاوکات چوو بۆ لای هاوڕێکەی، ویستی دابنیشێت کە:
هاوڕێکەی کە بە حەرەکات و بزە و خۆشیەکانی هەورازدا هەستی بە شتێک کردبوو وتی موشکلیک نییە، خۆشت بێت! بەڵام هەروا دامەنیشە، بچۆ شەرواڵەکەت بگۆڕە ناولنگەکەی تەر و لکاوی بووە!