و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئەوەتا ئێستا مانگێكی نوێ‌

شەوقی دایەوە

دوورگەی دێرینی جوانی لە باوەشدا

زامدار

خوێنی لەبەر دەڕوا

 چه‌ند شیعرێك له‌ شاعیری گریـكی یـۆرگـۆس سیفیریس 

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

 

(١)

    شیعر‌

 

چیترم ناوێ‌

لەوە بەدەر بە سادەیی بدوێم

جگە لەوەی

ئەم نیعمەتەم پێ‌ ببەخشرێ

چوون ئێمە سترانمان

بە چەندان جوور مۆسیقا

 قورس كردووە و

وردە وردە خەریكە نقووم دەبێ

هونەرمان

بەو هەموو خشڵە ڕازاندووەتەوە

دەم و چاوی بخوا

وەختی هاتووە

وشەی كەم بڵێین

چونكە بەیانی ڕۆحمان

چارۆگەكانی بڵاودەكاتەوە.

 

(٢)

 

چه‌ند ڕۆژێك له‌ حوزه‌یراندا 41 (*)

 

 

ئەوەتا ئێستا مانگێكی نوێ‌

شەوقی دایەوە

دوورگەی دێرینی جوانی لە باوەشدا

زامدار

خوێنی لەبەر دەڕوا

دوورگە  هێمنە 

دوورگە بەهێزە، پاكە  

جەستەیش

وێنەی قەدی تێكشكاو

ڕەگ و ڕیشەی هەڵكێشراون.  

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(*)شاعیر ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی دوای داگیركردنی دوورگه‌ی (كرێت)

    ساڵی 1941 له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌كانه‌وه‌ نووسیوه‌.

 

(٣)

       مرۆڤ كه‌ سێبه‌ریان دزی

 

سێبەری دارانت لێ‌ دەستێنن

لێت دەستێنن

سێبەری دەریات لێ‌ دەستێنن

لێت دەستێنن

سێبەری دڵت لێ دەستێنن

لێت دەستێنن

سێبەری خۆتت لێ دەستێنن  .

5/3/1947                                

 

(4)

         فیلۆكتیتس(*)

 

جەستەیەكی خوێناوی

وڵات خوێناوی  

سەردەم خوێناوی  

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(*) فیلۆكتیتس – قارەمانێكی ئەلیادەی هۆمیرۆسە.

 

·       یۆرگۆس سیفیریس ، یەكەمین شاعیری گریكە  نۆبلی ئەدەبیاتی وەرگرتووە (ساڵی 1963). سیفریس 29/2/1900 لە شاری ئیزمیر لە خانەوادەیەكی ڕۆشنفكر كە بایەخیان بە ئەدەبیات داوە لە دایك بووە. باوكی مامۆستای زانستگە و لە هەمان كاتدا شاعیرێكی لیریكی و وەرگێڕیش بووە.

         سیفیریس لە نێوان ساڵانی 1918 – 1924 لە پاریس بووە، هەر لەوێش بڕوانامەی لە           كۆلیجی ماف وەرگرتووە و لە هەمان كاتدا بایه‌خی بە ئەدەبیاتی فەڕەنسی داوە. ساڵی 1960 زانستگەی كامبریج نازناوی دكتۆرای لە ئەدەب پێداوە و پاشان چەندان خەڵاتی دیكەی وەرگرتووە تا ساڵی 1963 كە نۆبلی ئەدەبیاتی بردووه‌ته‌وه‌.

 

* له‌ (مختارات من اشعار سيفيرس) و بۆ عه‌ره‌بی. بشار عباس ، بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری سووری2005 .

 

گەڕان بۆ بابەت