لە فارسییەوە: موحسین ئەمینزادە
کافکا نیشان دەدات کە پڵینگ خەمی ئازادی لەدەستچووی نییە. ڕەنگە لەبەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەک تێگەیشتنی لە ئازادی نییە و نازانێت چی لەدەست داوە. ڕەنگە ئازادی نەبووبێت تاکو بیری لێبکاتەوە. ئازادیی ئێگزیستانسیالیستی دیارییەک نییە بدرێت بە مرۆڤ، بەڵکو دەبێت کەسەکە خۆی بیدۆزیتەوە. مرۆڤەکان زیاتر سەرسامن بە پڵینگەکە تاکو هونەرمەندەکە. پڵینگیش شتێکە کە ئەوان لێی تێدەگەن، چونکە بوونێک نییە لە دەرەوەی بازنەی بوونی ئەوان. تا کاتێک تێنەگەن کە ئەم ژیانەی ئەوان ژیانیکی ڕاستەقینە نییە، هەرگیز ناتوانن لە هونەرمەندی ناو چیرۆکەکە بگەن.
بۆچی بوونمان هەیە؟
بە پێی چیرۆکی "هونەرمەندی برسێتی" فرانتس کافکا (٣ی تەممووزی ١٨٨٣ – ٣ی حوزەیرانی ١٩٢٤) ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووسی چیکی
لە چیرۆکی 'هونەرمەندی برسێتی'ی کافکادا چەمکی برسێتی وەک کردەوەیەک کە دەرئەنجامی بەرگەگرتنی ئازار و خۆڕاگرییە، نەدراوەتە بەر باس، بەڵکو زیاتر وەک ڕووداوێکی حەتمی دەخرێتە روو کە هیچ چەشنە ڕێگەیەکی تری بۆ نابیندرێتەوە. زۆرترین مەودای ڕێگەپێدراو بۆ ئەوەی هونەرمەندێک بەرگەی برسێتی بگرێ، چل ڕۆژە؛ بەڵام ئەم ماوەیە بۆ رەچاوکردنی بارودۆخی هونەرمەندی برسی یان خەمی تەندروستیی ئەو نیە، بەڵکو لەبەر کەمبوونەوەی پێشوازی بینەرانە دوای ڕۆژی چلەم. لە ڕاستیدا تاکە کەسێک کە هەرگیز لە دووبارە کردنەوەی ئەم نمایشە بێزار نابێت، خودی هونەرمەندەکەیە. بۆ کەسێکی وەک ئەو هیچ شتێک لەوە ترسناکتر نییە لە برسێتی بێبەش بکرێت. ئەو پاسەوانانەی شەو و ڕۆژ پاسەوانی قەفەسەکەی دەکەن، هەندێک جار دەرفەتی دەدەنێ دوور لە چاوی ئەوان شتێک بخوات، کەچی بەوەش ئازاری دەدەن! هونەرمەندی برسێتی ئەوەندە بێ ئومێدە، نە دەتوانێت هیوادارتر و نە بێ ئومێدتر بێت. ناخۆشترین سات بۆ ئەو ئەو کاتەیە کە دوای چل ڕۆژ لە قەفەس دەریدەهێنن تاکو جەستەی لاوازی خۆی وەک نیشانەی سەرکەوتن، بە ئامادە بووان نیشان بدات. دوای ساڵانی ساڵ کە تەماشاکردنی ئەم شانۆگەرییە سەرنجڕاکێش نامێنێ، ئەو هەر بەردەوام دەبێ. کاتێک لە دێڕەکانی کۆتایی چیرۆکەکە، کاراکتێرەکەمان لە نێو کا دەکێشنە دەرەوە، بە سەرپەرشتیارەکە دەڵێ: "هەمیشە دەمویست، بە ئیرادەی من سەرسام بی بۆ بەرگەگرتنی برسێتی!" سەرپەرشتیارەکەیش بە نەرمی وەڵام دەداتەوە: هەلبەت پێدەزانین. هونەرمەندی برسی دەڵێ: بەڵام ئەی سەرسام نابیت؟ سەرپەرشتیارەکە دەڵێ: لەو حاڵەتەدا ستایشی تۆ ناکەین. - بەڵام بۆچی نا؟ هونەرمەندی برسییەتی دەڵێت "ناچارم بەرانبەر بە برسییەتی خۆڕاگر بم، لەبەر ئەوەی هیچ بژاردەیەکی ترم نییە". درێژەی دەداتێ کە چونکە ناتوانم ئەو خواردنەی بدۆزمەوە کە حەزم لێیە،... دڵنیابن ئەگەر بیدۆزمەوە، وەک تۆ و ئەوانی تر بێ دڵەڕاوکێ تێر بە سکی خۆمم دەمخوارد.
تەنیایی، برسێتی و شوێنی چۆڵ: شیکاریی ئێگزیستانسیالیزم
– هەست بکە کەسێکی برسیت. تۆ دەچیتە سەر سەلاجە. دەرگاکە دەکەیتەوە، بەڵام دەبینیت بەتاڵە. لەناکاو دەبینیت هەندێک میوە یان خواردن لە گۆشەیەکدا بەجێماوە. دەربازبوون لە تەنیایی بەم شێوەیە کاردەکات: ئەو چەند پارچە میوەیە، یان پاشماوەی خواردنەکە برسێتی تێر دەکات و سەلاجە بەتاڵەکە لەبیر دەکرێت. دڵتەزێنە گەر چاومان لەو پاشماوەیە دابخەین و لە شوێنی چۆڵی سەلاجەدا بمێنینەوە، بەڵام تا لەم بۆشاییەدا نەمێننەوە، کرانەوە بەڕوو ئەگەرەکانی دیکە مەحاڵە.
– بەڵام پەیوەندی نێوان برسێتی و، تەنیایی چییە؟ بەرگەگرتنی برسێتی و تەنیایی چۆن ئەزموون دەکرێت، کاتێک بەردەوام بێت؟ کافکا باسی کەسێک دەکات کە هونەرەکەی نمایشکردنی برسێتییە. کافکا لە بەشێکی چیرۆکەکەدا باس لە دیالۆگەکانی دەرهێنەری شانۆ و هونەرمەندی برسێتی دەکات بەم شێوەیە:
سەرپەرشتیارەکە وتی بۆچی برسێتی تۆ ستایش نەکەین؟
هونەرمەندی برسێتی: "چونکە ناچارم بەرانبەر بە برسیاتی خۆڕاگر بم، هیچ بژاردەیەکی ترم نییە".
سەرپەرشتیارەکە وتی: "بۆچی هیچ بژاردەیەکتان نییە؟"
هونەرمەندی برسێتی: "چونکە ناتوانم ئەو خواردنە بدۆزمەوە کە حەزم لێیە. دڵنیابن، ئەگەر بیدۆزمەوە، وەک تۆ و ئەوانی تر، بێ دڵەڕاوکێ، تێر بە سکی خۆم دەمخوارد."
لەم چیرۆکەدا چون لە تەنیایی دەگەین؟ ئەو تەنیاییە هیچ بژاردەیەکی نییە و دەبێ وەک هونەرمەندی برسێتی قەبووڵی کەین؛ بەڵام دۆزینەوەی ئەو خواردنەی ئارەزووی دەکەین، وەک چیرۆکەکە دەڵێت، وامان لێدەکات هەست بە تێری بکەین، ئەمەش ڕەنگە وا بەکات بەرگەی تەنیایی بەگرین، لەگەڵ پەیوەندییەکدا کە ئارەزووی دەکەین. کاتێک ئێمە بوو کەمکردنەوەی برسێتیمان دەست ئەدینە هەر خواردنێک کە حەزمان لێی نییە، ئەنجامەکەی ناڕەحەتی نییە، بەڵکو زیاتر هەستیار بوونە بە برسێتی؛ کاتێک بۆ دەربازبوون لە تەنیایی بە هەر پەیوەندییەکەوە دەلکێین، کێشەی تەنیایی چارەسەر نابێت، بەڵکو هەستکردن بە تەنیایی زیاتر دەبێت.
– بۆچی برسێتیم لەگەڵ تەنیایی تێکەڵ کرد؟ لێرەدا مەبەستم برسێتی وەک پێویستییەکی فیزیۆلۆژی نییە، بەڵکو هەستی دەروونی و تێگەیشتنی دیاردەکەی، بۆ من گرنگە. هەر دەروونناسێک یان کەسێک کە قسەی لەگەڵ کەسێک کە تووشی نەخۆشی دڵنەبردنی دڵەڕاوکەیی "Anorexia" کردبێت، تێگەیشتووە کە بنەڕەتیترین تەوەری جیهانی دەروونی ئەوان، هەستکردن بە بۆشایە کە بە هیچ شتێک پڕ نابێتەوە. هەروەها تەنیاییش هەستکردنە بە بۆشایی، بەڵام بۆشایی لە فەزای دەروونیدا.
– مێرلۆ پۆنتی (1965) وتەیەکی هەیە: “تێگەیشتنی ئاسایی، فەزای تاقیکردنەوەی ڕاستیەکانی ئێمەیە”. لە برسێتی و تەنیاییدا ئەم فەزا بەتاڵ دەبێتەوە و قورسترین شت بەرگەگرتنی ئەو فەزا چۆڵ و پووچەڵەیە کە لە تاقیکردنەوەی ڕاستیدا شکست دەهێنێت. ئەگەر لە کاتی برسی بووندا سەلاجەکە بکەینەوە و هەر شتێک دەربهێنین و بیخۆین، کاتێک هەست بە تەنیایی دەکەین، پەنا بۆ هەر پەیوەندییەک دەبەین بۆ دەربازبوون لەم شوێنە چۆڵە. یالۆم لە کتێبی چارەسەری دەروونی وجودیدا ژمارەیەک لەو ستراتیژیانەی ناساندووە؛ وەک توانەوە لە یەکێکی تردا، مەجبووری و وەسوەسەی سێکسی، و یەکڕەنگ بوون.
– بەڵام بۆ کەسانی وەک هونەرمەندی برسێتی لە چیرۆکی کافکادا، هونەرەکەیان هەر دەبێت خۆڕاگرییە تا ئەو خواردنەی ئارەزووی دەکەن، دەدۆزنەوە. لە کۆتاییدا لە هونەرمەندی برسێتی کە ناتوانێت ڕوونکاری لە سەر برسێتی بدات، دەبیستین: ڕونکردنەوەی هەر هەستێک بو کەسێک کە خۆی نەێچێشتبێت، مەحالە. لێرەدا پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین مانەوە لە ناو تەنیاییدا ئەستەمە، لەوەش قورستر ڕونکردنەوەی تەنیاییە بۆ کەسێک کە تەنیا نەبووبێت.
پێداچوونەوە بە کورتە چیرۆکی هونەرمەندی برسێتی
ئەوە زەینی ناوشیار و پاڵنەرە شاراوەکانن کە ئەنگیزە ئەدەن بە فەیلەسوف، زانا، پزیشکەکان، تەنانەت بە مرۆڤی ئاسایی بۆ تێگەیشتن و ناسینی زەینی مرۆڤەکانی تر و هەروا زەینی خۆشیان. ئێگزیستانسیالیزم دوکتورینێکی فەلسەفییە کە هەوڵدەدات لۆژیک و چەمکی خۆ و هۆشیاری لەسەر ئەم بابەتانە ڕوون بکاتەوە. ژیان گڕی نەدراوە بە پێوەرەکانی کۆمەڵگا، یان ئەوەی کە لای کۆمەڵگا قبوڵکراوە. ڕێنمایی یان ڕاستی زیاتر بڕیارە نەک کەشفکردن. هەر لەبەر ئەمەشە کە وازهێنان لە حەقیقەت لە بنەڕەتدا بڕیاری دڵ و ئیرادەیە. کورتە چیرۆکی هونەرمەندی برسێتی لە نووسینی فرانتس کافکا لە دوو توخمی بنەڕەتی ئێگزیستانسیالیزم دەکۆڵێتەوە: بوون پێش جەوهەر و، هەروەها گرنگیی ئازادی.
بوون بە تاک، ئامانجی کۆتایی ئێمەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێستادا. بەم مانایە، ئێگزیستانسیالیزم وەڵامی ئەو پرسیارە کۆنە دەداتەوە: ئایا کەسایەتی هەڵوێستێکی زگماکییە، یان پەروەردە کراوە؟ وەڵامەکە وەک یاسایەک دەبێ جەوهەر بێت. چەمکی "بوون پێش جەوهەر" بەو مانایەیە کە بە تاک بوونی مرۆڤ دەرئەنجامی بڕیارە کەسییەکانیەتی. بە گشتی مرۆڤ دەبێتە ئەو کەسەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت، نەک دەرئەنجامی ڕابردوویەکی نەگۆڕاو. زۆرجار مرۆڤەکان چ لە جیهانی ئەدەب و چ لە جیهانی واقیعدا، ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە دەگەڕێننەوە بۆ فاکتەری سەرەکی لە داڕشتنی کەسایەتی ئێستایان. ئەم پاساوە بە تایبەتی بۆ سیفەتە نەرێنییەکان زۆرتر بەکاردەهێنرێت. بەڵام ئێگزیستانسیالیزم (بوونگەرایی)، پێی وایە نییە کە مرۆڤ قوربانی ڕابردووی خۆی بێت.
بەڵام لە چوارچێوەی سرف هەستیدا ، هیچ شوێنێک بۆ ئەخلاق و ڕابردوو و داهاتوو نییە. گابرێل مارسێل لە کتێبی فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیزمدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە مرۆڤ هەم قوربانیی هەستیە و هەم لە هەمان کاتدا بەشێکە لەم کۆی هەستی. هەر مرۆڤێک دوو بەشی هەیە: دەروون و جەستە. جەستە، وەک میکانیزمێکی نائیرادی، فیزیکی لەش دەپارێزێت و سەربە بیرکردنەوە نییە. بەم شێوەیە مرۆڤ پشت بە جەستەی خۆی دەبەستێت و زەین و هەستی سرف هیچ پەیوەندییەکی پێوە نییە. ئامانج لێی تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان ئەو دووانەدا، بەبێ ئەوەی ڕێگە بدەین تایبەتمەندییەکانی جەستە ببنە ڕێگری بیرکردنەوە.
کارەکتەری سەرەکی هونەرمەندی برسێتی نموونەیەکی سەرەکی ئەو باوەڕەیە کە بوون پێش جەوهەر دەکەوێت. هەرچەندە لە سەرەتای چیرۆکەکەدا ستایشی لێدەکرێت لەسەر توانای خۆی، بەڵام لە کۆتاییدا سزا دەدرێت لەسەر ئەو شێوازە ژیانەی کە گرتویەتە بەر. لە کاتێکدا لە قەفەسەکەیدا بە بێدەنگی و بە کەرامەت دانیشتووە، بەسەر بوونی خۆیدا دەڕواتەوە. خەڵک لە دەوری کۆدەبنەوە، بەڵام بۆ خەڵک ئەم پیاوە تەنها ئامرازێکە بۆ کات بەسەربردن. ئەوەی پاڵەوانی چیرۆک وەک دەستکەوتێک سەیری دەکات، بۆ نمونە برسیبوون بۆ ماوەی چل ڕۆژ، زۆر زوو بینەر بێزار دەکات. لە کۆتاییشدا، مردنەکەی هەر هیچ سەرنجێک بۆ لای خۆی ڕاناکێشێت، چونکە حەز و ئارەزووی خەڵک بۆ ئەم جۆرە کارە هونەریانە دوای ماوەیەک کاڵ دەبێتەوە، چونکە لە گرنگی کارەکانی پاڵەوانی چیرۆکەکە تێناگەن.
هونەرمەندی ناو چیرۆک کە فێری ژیانکردن لەگەڵ خۆیدا بووە، ژیانێکی بەڕێوە بردووە کە زۆر کەس بە بێ نرخ و ڕەنگە تەنانەت بە شەرمەزاریشی دەزانن. دەتوانێ چەندین سەعات مێشکی خۆی پاک بکاتەوە و، تەنیا بیر لە بوونی خۆی و فەلسەفەی بوونی خۆی بکاتەوە. لایەنی نەرێنیی نیهیلیزمی بۆ هاتووە. ئەو لە گرنگی ئامادەبوون و بوون، زۆر زیاتر لە مرۆڤی ئاسایی تێدەگات. توانیویەتی جەستەی خۆی لە مێشکی جیا بکاتەوە. لەکاتێکدا کە پێویستی جەستەی بۆ خواردن پشتگوێ دەخات، بەڵام توانای بیرکردنەوەی خۆی پەرەوەردە دەکات. بە بۆچوونی خۆی ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتێکی گەورەیە. ئەوەی ڕەزامەندی پێدەبەخشێت، هونەر یان بینەرەکانی نییە کە پاڵ بەوەوە دەنێ، بەڵکو گەیشتن بەو توانایەیە کە لە بوونی خۆی چێژ وەربگرێت و کاری بە سەر شێوازی ژیانی دڵخوازی کۆمەڵگاوە نەبێت. هەرچەند هونەرمەند گرنگی بەوە نادات کە بینەران تا چ رادەیەک لە کارەکانی تێدەگەن، بەڵام هێشتا چاوەڕێیە کارەکەی ستایش بکرێت. قسەکانی کۆتایی بۆ سەرپەرشتیارەکە، لەبری ئەوەی پەشیمانی نیشان بدات، پیشان دەدات کە تەنیا ویستوویەتی لە بەر چاو بێت.
ڕەنگە سەیرترین وتەی هونەرمەند ئەو پاساوە بێت کە بۆ نەخواردنی دەری دەبڕێت: هەر خواردنێک کە تا ئێستا خواردبێتی رازی نەکردووە. ئەمە بەو مانایە نییە کە خواردنەکە بە تام نەبووە یان حەزی لێ نەبووە، بەڵکو وەک هێمایەک بەکاری هێناوە. بۆ مرۆڤی ئاسایی خواردن ئامرازێکە بۆ مانەوە و هەندێک جاریش تەنها بۆ چێژ وەرگرتنە.
هونەرمەند گەیشتووەتە بەو دەرکە کە بۆ مانەوە پێویستی بە شتێک زیاتر لە خواردن؛ تێگەیشت وردبوونەوەش پێویستی بە خواردن هەیە، بۆ ئەو شتە گرینگانەی کە لە مێشکدا هەیە، پێویستییەکانی جەستەی خۆی پشتگوێ دەخات تاکو بوونی بە ڕەزامەندی بگەێنێت. بوونی ئەو لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو بە شێوەیەکی فیزیکیدایە.
کافکا بۆ وەسفکردنی چالاکییەکانی ڕۆژانەی هونەرمەند، لە سیمبۆلیزم کەڵک وەردەگرێت: "لە خۆیدا بوو و هیچ گرنگییەکی بە مرۆڤەکان نەدا، تەنانەت بە دەنگی ساعەتە تاکە ئامێری ناو قەفەسەکە، کە هەبوونی بۆ ئەو چەن گرینگ بوو ، بەلایەوە هیچ گرینگ نەبوو". کات دەتوانێت چەمکێکی بەرجەستە بێت. مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان و ژیانێکی ڕێکوپێک، کات بەکاردەهێنێت. هونەرمەند لە ژیانی خۆیدا هیچ پەیوەندییەکی بە کات نییە. ساڵ، مانگ، ڕۆژ، کاتژمێر یان چرکەیەک بۆ ئەو هیچ مانایەکی نییە. هەموو ژیانی بە بیرکردنەوە بەسەر دەبات. پڕۆگرامێکی دیارکاوی نیە کە هەست بە بارگرانی لەسەر شانی بەکات و کاتی بە کاری بێ بایەخ بەفیڕۆ بدات.
لایەنێکی گرنگی دیکەی ئێگزیستانسیالیزم، ئازادییە. پێناسەی گشتی ئازادی، ئەو ڕێگایەیە کە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ناسنامەی خۆی، بەبێ گوێدان بە پێوەرەکانی کۆمەڵگا و فشاری ئابووری، دەگرێتەبەر. ئازادی واتە جیاوازی نێوان ئەوەی لە مڕۆڤ چاوەڕوان دەکرێت و ڕاستی بوونی ئەو. ئازادی لە مڕۆڤی دەۆێت هەوڵ بدات بوو دروستکردنی بەهاکانی خۆی. ڕێگەی پێدەدات بەدوای ئەو بوونەدا بگەڕێت کە کەسی تر ناتوانێت پێی ببەخشێت. ئازادی نابێت بە بیروباوەڕ و سیاسەت سنوردار بکرێت. ئازادی ڕاستەقینە لە بنەڕەتدا چەمکێکی دەروونیە کە ڕێگە بە مرۆڤ دەدات بەو شێوەیە بژی و بیربکاتەوە کە بۆخۆی بە گونجاوی دەزانێت. بوون هیچ پەیوەندییەکی بە جیهانەوە نییە، ئینتێزیک یان بەبیناوھێنانێکی تاکە کەسییە. ئازادی ڕاستەقینە ڕزگاربوونە لە هەموو ئەو بەربەستانەیە کە وەک هێزێکی دەرەکی مامەڵە دەکەن و "بوون" تێکدەدەن.
هونەرمەندی ئەم چیرۆکەش نیشانەی جۆراوجۆری ئەم جۆرە ئازادییە ئێگزیستانسیالیزمی هەیە. هونەرمەند، بە شێوەیەکی ئیرۆنی، پێی باشە لە قەفەسێکدا زیندانی بکرێت. ئازادی مرۆڤ وا لی دەکات بەدوای خاوەندارێتی شتەکانی تردا نەبێت. زۆر کەس پێیان وایە هونەرمەند سنووردارە و گیری خواردووە و حەزی لەم قەفەسە نییە. بەڵام ئەمە هەڵبژاردەی خۆیەتی. لەوانەیە لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد نەبێت، بەڵام لە ڕێگەی ئەم بێدەنگی و برسێتییەوە ئازادیی فیکریی بەدەستهێناوە. تەنانەت لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، کاتێک نمایشەکانی جێ سەرنج نەماون، هەر بەردەوامە لە برسێتی. پێدەچێت بتوانێت، بەم ئازادییە کە بۆ هەمیشە برسی بمێنێتەوە، دڕێژە بدات. ئەوەی هەمیشە بەدوای برسێتی زیاتردا دەگەڕێت، هەرگیز ڕازی ناکات. تا زیاتر برسی بێت، زیاتر لە خۆی دەپرسێت بۆچی بەردەوام نەبێت؟ هەست دەکات توانای برسی بوونی هیچ سنوورێک ناناسێت.
لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، دوای مردنی هونەرمەندەکە، بە خێرایی لە قەفەسکە دەیهێننە دەرەوە و قەفەسەکەی دەدەنە پلنگێکی گەنج و سەر زیندوو. خەڵک پێشوازی لێ دەکەن چونکە تامەزرۆی شتێکی نوێ و ورووژێنەرن. کافکا، پلنگ دەکاتە هێمای مرۆڤێکی ئاسایی. پلنگ هەر خواردنێکی بدەنی، قبوڵی دەکات و بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک دەیخوات. وەک هەموو ئەو کەسانەی کە هەرشتێکیان بەنی، بەبێ ئەوەی ساتێک بیری لی وەکەن، دەیخۆن. ئەم کەسانە خەمی تێگەیشتن و هەرسکردنی چەمکەکانی وەک تاکگەرایی و بوونیان نییە.
کافکا نیشان دەدات کە پڵینگ خەمی ئازادی لەدەستچووی نییە. ڕەنگە لەبەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەک تێگەیشتنی لە ئازادی نییە و نازانێت چی لەدەست داوە. ڕەنگە ئازادی نەبووبێت تاکو بیری لێبکاتەوە. ئازادیی ئێگزیستانسیالیستی دیارییەک نییە کە بدرێت بە مرۆڤ، دەبێت کەسەکە خۆی بیدۆزیتەوە. مرۆڤەکان زیاتر سەرسامن بە پڵینگەکە تاکو هونەرمەندەکە. پڵینگیش شتێکە کە ئەوان لێی تێدەگەن، چونکە بوونێک نییە لە دەرەوەی بازنەی بوونی ئەوان. تا کاتێک تێنەگەن کە ئەم ژیانەی ئەوان ژیانیکی ڕاستەقینە نییە، هەرگیز ناتوانن لە هونەرمەندی ناو چیرۆکەکە تێبگەن.
کافکا بە ئێگزیستانسیالیزم توانی سەرکەوتوانە ئەوە نیشان بدات کە مروڤ بە چ شێوەیەک بە هیوای شتێک زیاتر لەو خۆیەی ئیستای خۆی، چۆن بوون و نەبوونی خۆی قبوڵ دەکات. نووسەر سەرکەوتووە لە دەربڕینی ئەو بنەمایەی کە بوون پێش جەوهەر و ئازادییە، بوو وروژاندنی ئەم پرسیارە لە مێشکی خوێنەردا: بۆچی بوونمان هەیە؟
سەرچاوە: UK Essays