لە فارسی‌یەوە: موحسین ئەمین زاده

لێرەدا ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش دەبینەوە: لەکاتێکدا ڕەنگە مارکسیزمی نەریتی نەتوانێت ڕوونکردنەوەیەکی بەراییدەر لە سەر سەرکەوتنی تاڵیبان بدات، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەوشتانە ڕوون بکەینەوە کە فۆکۆ لە ئێراندا بەدوایدا دەگەڕا (و ئەوشتانەی  کە دەبێت ئێمەی لە سوریادا پێ کاریگەر بین). لە سەردەمێکدا کە سەرکەوتنی سەرمایەداری جیهانی ڕۆحی عەلمانی بەشداریی بەکۆمەڵی لە گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا سەرکوت کردبوو، فۆکۆ هیوای خواست نموونەیەک لە بەشداریکردنی بەکۆمەڵ بدۆزێتەوە کە پشت بە بناژۆخوازی ئایینی نەبەستێت. فۆکۆ ئەمەی نەدۆزیەوە.

لە سوریا لە چی تێ‌نەگەیشتین

سلاڤۆی ژیژێک

موحسین ئەمین زاده

ڕووخانی چاوەڕواننەکراوی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، لەلایەن گروپی تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەبو محەممەد جۆلانی، تەنانەت بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن جێگەی سەرسوڕمان بوو. ئەم پێشهاتە پێشبینی هەڵنەگرە زەمینەیەکى لەباری بۆ پێکهێنانی دەستەداو ڕەخساندووە.

ئیسرائیل، تورکیا و ڕوسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان چ ڕۆڵێکیان لەم بوژانەوە کتوپڕدا بینی؟ ئایا ڕووسیا خۆی لە دەست ‌تێ‌وەردان بۆ پشتیوانی‌کردن لە ئەسەد بەدوور گرت تەنها لەبەر ئەوەی نەیتوانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دیکە لە دەرەوەی شانۆی ئۆکرانیا بەڕێوەببات، یان ئەم بڕیارە لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی نهێنیدا بوو؟ ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان جارێکی تر کەوتە داوی پشتیوانی کردن لە گروپە ئیسلامییەکان دژ بە ڕووسیا و وانەی ئەزمونی پشتیوانیکردنی موجاهیدین ئەفغانستان لە ساڵانی ١٩٨٠ پشتگوێ خست؟ ئیسرائیل چی کرد؟ بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل سوودی لە سەرقاڵکردنی سەرنجی جیهانی لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا وەرگرتووە و تەنانەت دەستیشیان بەسەر زەوییەکانی باشووری سووریاش دا گرت.

منیش وەک زۆربەی شرۆڤەکاران وەڵامێکى یەکلاکەرەوەم بۆ ئەم پرسیارانە نییە، بۆیە پێم باشە سەرنجم بخەمە سەر وێنەیەکی گەورەتر. یەکێک لە تایبەتمەندییە گشتییەکانی ئەم سەربردەیە، هاوشێوەی ئەوەی دوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان و هەروەها لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا ڕوویدا، ئەوەیە کە هیچ شەڕێکی گەورە و چارەنووسساز ڕووی نەدا. ڕژیم بە ئاسانی وەک ماڵێک لە پووشوو ڕووخا. سەرکەوتن بەو کەسانە درا کە بەڕاستی ئامادە بوون بۆ خەبات و مردن لە ڕێگەی گەشتن بە ئامانجەکانیان.

ئەو ڕاستییە کە ڕژیم بە شێوەیەکی گشتی گەلی سووریا ڕەقیان لێی بوو، بە تەنیایی شتەکە ڕوون ناکاتەوە. بۆچی بەرخۆدانی سێکولار دژ بە ئەسەد تیاچوو و تەنها بناژۆخوازە موسڵمانەکان توانیان دەرفەتەکە بقۆزنەوە؟ هەمان پرسیارش دەتوانرێت سەبارەت بە ئەفغانستان بکرێت. بۆچی هەزاران کەس ئامادەبوون ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بە فڕۆکە لە کابول هەڵبێن بەڵام شەڕی تاڵیبان نەکەن؟ هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی پێشووی ئەفغانستان چەکی باشتریان هەبوو، بەڵام لە بنەڕەتدا بەو شەڕە پابەند نەبوون.

کۆمەڵەیەکی لەم ڕاستیانە، میشێل فۆکۆی سەرسام کرد ئەو کاتێ کە لە ساڵی ١٩٧٩دا (دوو جار) سەفەری ئێرانی کرد. ئەوەی فۆکۆی سەرسام کرد، بێباکی شۆڕشگێڕان بوو بەرامبەر بە مانەوەی خۆیان. پاتریک گومز ڕوونی دەکاتەوە کە ئەوان بە شێوەیەک لە "حەقیقەت وێژەیى پارتیزانیانەی زۆرەملانە" پابەند بوون. ئەوان بەدوای "گۆڕانکاری لە ڕێگەی شەڕ و تاقیکاری ئەستەم بوون، بە پێچەوانەی فۆرمەکانی ئاشتیخوازانەی، بێهەستکەری و پێوەرسازی دەسەڵاتی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی. خاڵی بنەڕەتی بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە چەمکی ئەو حەقیقەتەیە کە کاری پێدەکرێت و  هەیە، چەمکێک لە حەقیقەتە کەوەک ئەمرێکی باژەکی، هەر ئەو جۆرەی کە تایبەتە بە شەڕکەرەکان".

وەک فۆکۆ خۆی دەڵێت:

"... ئەگەر ئەم سوژەی کە باس لە ماف (یان باشتر بڵێین، لە مافەکان) دەکات، دەربرینی حەقیقەتە، ئەوا ئەو حەقیقەتە چیتر حەقیقەتی گەردوونی فەیلەسوفەکان نییە." ئەم حەقیقەتە تەنها تا ئەو شوێنەی حەزی بە گشتیەتە کە بتوانێ یەکلایەنە لە شتەکان بڕوانێت، بە لاڕێیا بەرێت و لە ڕوانگەی خۆیەوە لێی تێبگات، جێگەی سەرنجی کۆیە. بە واتایەکی تر، ئەمە ڕاستییەکە کە تەنیا لە پێگەی خەباتەوە، لە ڕوانگەی سەرکەوتنی ویستویانەووە، و لە کۆتاییدا، لە سۆنگەی مانەوەی خۆدی سوژەی وێژەرەوە بۆ وتن نەبێت.

ئایا دەتوانرێت ئەم بۆچوونە وەک نیشانەی کۆمەڵگایەکی پێش مۆدێرن و "دەشتەکی" کە هێشتا تاکگەرایی مۆدێرنی بەدەست نەهێناوە، ڕەت بکرێتەوە؟ بۆ هەر کەسێک کە سووکە ئاشناییەکی لەگەڵ مارکسیزمی ڕۆژئاوایی هەبێت، وەڵام ڕوونە. وەک فەیلەسوفی هەنگاری جۆرج لۆکاچ دەڵێت، مارکسیزم "بە شێوەیەکی جیهانگیر ڕاستە" بە وردی لەبەر ئەوەی کە لە ئاست شوێنگەی سوبژکتیڤی تایبەتەوە "باژەکیە". ئەوەی فۆکۆ لە ئێراندا بەدوایدا دەگەڕا - واتە شکڵێک لە زۆرەملێ (یان "جەنگیانە")ی لە حەقیقەت بێژی - هەر لە سەرەتاوە لە مارکسدا هەبوو؛ مارکس کە پێی وابوو بەشداریکردن لە خەباتی چینایەتیدا نەک هەر بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە زانینی "عەینی" لە مێژوودا نییە، بەڵکو پێشمەرج بۆ گەیشتن بەو زانستە عەینیەیە.

چەمکی پۆزەتیڤیستی زانین وەک دەرکەوتنی "بابەتی" ڕاستی - ئەوەی فۆکۆ بە "فۆڕمی ئاشتیخوازانە، بێهەستکەر و پێوەرسازەوەی دەسەڵاتی مۆدێرن ڕۆژئاوا" وەسفی کردووە - هەر ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیا "کۆتایی ئایدۆلۆژیا" یە. لە لایەک، مەعریفەی شارەزامان هەیە کە بڕیارە غیر ئایدیۆلۆژی بێت؛ لە لایەکی دیکەوە، ئێمە تاکی پەرتەوازەمان هەیە، هەریەکەیان سەرنجیان لەسەر پەروەردەی خۆدپێوەر ("خۆچاندن" زاراوەی فۆکۆیە) خۆیانیان هەیە - واتە لەسەر ئەو شتە بچووکانەی کە چێژ بە ژیانی تاک ئەبەخشن.

لەم ڕوانگەی تاکگەرایی لیبڕاڵەوە، هەر جۆرە پابەندبوونێکی جیهانگیر، بە تایبەت ئەگەر مەترسی لەسەر جەستە و ژیانی مرۆڤی تێدا بێت، گوماناوی و "ناعەقڵانی" دەردەکەوێت.

لێرەدا ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش دەبینەوە: لە کاتێکدا ڕەنگە مارکسیزمی نەریتی نەتوانێت ڕوونکردنەوەیەکی بەراییدەر لە سەر سەرکەوتنی تاڵیبان بدات، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەوشتانە ڕوون بکەینەوە کە فۆکۆ لە ئێراندا بەدوایدا دەگەڕا (و ئەوشتانەی  کە دەبێت ئێمەی لە سوریادا پێ کاریگەر بین). لە سەردەمێکدا کە سەرکەوتنی سەرمایەداری جیهانی ڕۆحی عەلمانی بەشداریی بەکۆمەڵی لە گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا سەرکوت کردبوو، فۆکۆ هیوای خواست نموونەیەک لە بەشداریکردنی بەکۆمەڵ بدۆزێتەوە کە پشت بە بناژۆخوازی ئایینی نەبەستێت. فۆکۆ ئەمەی نەدۆزیەوە.

باشترین ڕوونکردنەوە بۆ ئەوەی کە بۆچی ئێستا وادەردەکەوێت کە دین پابندیەتی بە کومەڵ و لە خۆبردویی خستوەتە قۆرغی خۆیەوە، هی بۆریس بۆدن ە. ئەو بەڵگە دێنێتەوە کە ئایین وەک هێزێکی سیاسی ڕەنگدانەوەی داڕمانی پاش سياسەتی کۆمەڵگایە- واتە هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمە نەریتییەکان کە گەرەنتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەردەوامەکانیان دەکرد. ئایینی بناژۆخواز تەنیا سیاسی نییە؛ بەڵکو خودی سیاسەتەکەیە. ئایینی بناژۆخواز بۆ لایەنگرانی تەنیا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پەیکەری کۆمەڵگایە.

بۆیە چیتر ناتوانرێت جیاوازی لە نێوان لایەن خوازی ئایین و دۆری لە ئایین سیاستاوی بکرێت: لە جیهانێکی پاش-سیاسیدا ئایین ئەو دەروێکە کە هەستە شەڕاشۆکانی لێوە دەگەڕێنەوە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە کە پێدەچێت سەرکەوتنەکانی بناژۆخوازی ئایینی بن، نوێنەرایەتی گەڕانەوەی ئایین بۆ سیاسەت ناکەن، بەڵکو تەنها گەڕانەوەی ئەمری سیاسیە بەگشتی.

کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە، چی بەسەر سیاسەتی سێکولاری ڕادیکاڵ (واتە دەستکەوتە گەورە و لەبیرکراوەکەی مۆدێرنیتە ئەوروپی) هاتووە؟ نوام چۆمسکی دەڵێت ئەگەر ئەو سیاسەتە نەبێت، ئێمە بەرەو کۆتایی کۆمەڵگەی ڕێکخراوە دەڕۆین- خاڵێک کە تەنانەت ناتوانین ڕێوشوێنی عەقڵانیش بگرینەبەر بۆ "ڕێگریکردن لە تیاچوونی کارەساتبارانەی ژینگە". چۆمسکی تیشک دەخاتە سەر بێ‌باکیمان بەرامبەر بە ژینگە، بەڵام من بۆچوونی ئەو ئەگشتێنم بۆ بێ مەیلی هەمووان لە هاوبەشی‌کردن لە خەباتی سیاسی. بڕیاردانی بەکۆمەڵ بۆ ڕێگری‌کردن لە کارەساتی پێشبینی‌کراو پرۆسەیەکی ئاشکرای سیاسییە.

کێشەی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە بە تەواوی خۆ دەپارێزێت لە خەبات لە ڕیی ئامانجێکی هاوبەشی مەزن. بۆ نموونە "ئاشتی‌خوازەکان" کە دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بهێنن، لە ئەنجامدا ئامادەن ئۆکرانیا بکەنە قوربانی بۆ داکۆکی‌کردن لە ژیانی ڕاحەت و سەحەتی خۆیان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کە دەیانەوێت. فرانکۆ بێراردی، فەیلەسوفی ئیتاڵی،  ڕاست دەکات. ئێمە خەریکین سەیری"داڕمانی جیهانی ڕۆژئاوا" دەکەین.

گەڕان بۆ بابەت