خوناو سماییل
له قهڵهباڵغییهکه ده‌ستێکم له ناو ده‌ستی دایکم بوو، له تیزێکی کراوه‌ی ده‌رگای ماڵه‌که‌ماندا دارتهونهکهی رابه بێ به‌ن و ریس، بێ هیچ نه‌خش و نیگارێک، رووت و قووت له دوای نه‌خۆشیه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی به لایه‌ک هه‌ڵپه‌سێردرابوو. هێشتا چاوم له‌سه‌ر تیزه کراوه‌که‌ی ده‌رگاکه بوو، که یه‌ک دوو ژنی لایده لاشانێکیان راتهکاندم و پرسیان: ''مه‌یتی کێیه کیژۆکه؟'' منیش به ده‌نگێگی زه‌ق و هاوارێک وه‌ڵامم دانه‌وه و گوتم:: "مه‌یتی رابهی زڕداکمه!" ئا له‌و رۆژه‌وه رۆحه جوانه‌که‌ی ''رابه'' به‌شێک له جوانیی بریسکه‌ی چاوه‌کانمی له‌گه‌ڵ جه‌نازه‌که‌ی خۆی بۆ ده‌ڤه‌ری بادینان بارکرد، رۆیی و ماڵئاواییان لێکردم.
رابە
خوناو سماییل
ئه‌رێ ئێوه‌یش له ته‌مه‌نی منداڵیتان له رۆژێک ژیاون که شه‌وی به‌دوادا نه‌هاتبێ؟ رۆژه‌که درێژتر بووبێ له باڵاتان؟ رۆژێک هه‌رگیز له چاوه‌ڕوانی هاتنی تاریکیدا نه‌مابن بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته ماندووه‌که‌تان بخه‌نه سه‌ر سه‌رینی خه‌و و، خه‌مه‌کانتان بۆ تاوێک پێڵوه‌کانیان بنوقێنن! چاوه‌کانتان وه‌ک کانی بیابان روو له وشکی کا و، تامی ته‌ڕاتی له قوڕگتان نه‌مێنێ؟
وه‌رن! با ئێستا که گه‌وره‌م و نوتقم بۆته‌وه، باسی رۆژ و شه‌وێکی نهحهجما و بێخه‌وی خۆمتان بۆ بکه‌م. رۆژێک، که هێشتا زوو بوو بۆ ناسینم به دونیای خه‌می ماڵئاوایی و کۆچکردنی یه‌کجاره‌کی. که نه‌مده‌توانی به‌رگی ووشه بخه‌مه به‌ر په‌رۆشی سوێیه بێ چرپهکانم. له‌و رۆژه دوایین نیگای چاوه نه‌خۆشه‌کانی ''رابه'' ماڵئاوایی یه‌کجاریان له دونیای من و دونیای بهروتهونی حه‌وشه‌که‌مان کرد و ته‌رمه‌که‌ی له داره‌بازه‌یه‌ک بارکر. که ''رابه'' وون بوو، دڵم چه‌ندین ساڵ بێ ئۆقره به دوایه‌وه شینی ده‌کرد. که رۆژ و ساڵیش ته‌مه‌نمی زیاتر ده‌بڕی، یاده‌وه‌رییه‌کانی ''رابه''م وه‌ک ره‌نگی کۆلکه‌زێڕینه له‌لا شیتر ده‌بوونه‌وه. ئیتر چیتر نه‌مده‌پرسی: ''ئه‌رێ رابه بۆ وا به‌سوێ ده‌گریا؟" به ته‌نیا له ژووره‌که لاوک و سه‌ر دوولکانی ده‌لاوانده‌وه. له‌ژێر په‌نجه‌ره‌که چاوه‌ڕێی ده‌بووم تا ده‌هاته‌ده‌ر. که چاوی پێم ده‌که‌وت به ده‌نگێکی گڕ و سۆزاویی و قوڕگێکی ته‌ڕ هاواری دهکردمێ و ده‌یگوت '' ئه‌ڤه تو دیسا چ دکه‌ی ل ڤێرێ؟ ما من نه‌گوتبی ته جاره‌کا دی ل بن ڤێ په‌نجه‌رێ نهڕینی خارێ؟" به هه‌ڵه تێم مه‌گه‌ن، قه‌سه‌م به هه‌رچی پیرۆزه من هه‌رگیز حورمه‌تی حه‌زی دانیشتنه تهنیاییهکانیم نه‌به‌زاندووه. من ته‌نها به‌رگه‌ی بێ ''رابه''ییم نه‌ده‌گرت. وا راهاتبووم که ''رابه'' هه‌بێ و هه‌ر له ماڵ بێ. چونکه رابه دوای مردنی دایکی و دوای شه‌وی سووتانه‌که‌ی، که ده‌بێ له زه‌مانێکی زووی به‌ر له‌دایکبوونی من بووبێ، هه‌رگیز قاچه‌کانی بۆ دیوی ده‌رێی ده‌رگای حه‌وشه‌که به ناوی سه‌ردان و زیاره‌ت و سه‌فه‌ر تێنه‌په‌ڕاندبوو. راسته خۆی وجاغ کوێر بوو، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر خۆم که گه‌وره‌ی خوشک و برایانم، بگره چواره‌که‌ی تری دوای منیشی له بهروباوهش گه‌وره‌بووه چونکه ''رابه'' ئه‌و بوونه‌وه‌ره بچووکه ده‌یتوانی بارته‌قای باوه‌شی هه‌موو ژنێک سۆز و لاوانه‌وه ببه‌خشێ. هه‌موومان به روخساری ''رابه'' چاوه‌کانمان به دونیای گه‌وران ئاشنا کراوه، بۆیه رۆژی کۆچی دوایی کردنه‌که‌ی تاکو ئێستاش وه‌ک خه‌ونێکی سامناک له یاده‌وه‌رییه‌کانم چه‌قیوه. ئا! له‌وانه‌یه وه‌ک گه‌وره‌کان ده‌یانگوت ''رابه'' سه‌روسیما نه‌رم و نیان نه‌بووبێ. بگره گرژ و تووڕه‌ش دیار بووبێ. که داپیره‌شم له‌و تووڕه ده‌بوو هاواری ده‌کردێ: ''سه‌روکه‌لله ره‌ق! لاملی کانێسه ئه‌ستووری چیایی!." ئا! وا بوو. رابه هیچ جوانییه‌کی به‌رچاوانی نه‌مابوو. له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو چرچولۆچ و بهیهکهوهنووسانهی گۆشت و پێسته و ده‌ماره‌کانی دوای سووتانه‌که‌ی هیچ ته‌نکیی و سپی وسفتییهک له بهروسنگ و مه‌مکه‌کانی نه‌ده‌بینرا. ئێستاش هه‌ر نه‌زاندرا ئایا خۆسووتانی ئه‌نقه‌ست بوو یان وه‌ک رابه خۆی گوتبووی به‌هۆی ته‌قینی پهلهمێزهکه بوو. تێکه‌ڵاوبوون و به‌یه‌که‌وه‌لکانی په‌نجه‌کانیشی کاری له ده‌ستڕه‌نگینیی و وه‌ستایی له چنینی مافوور که‌متر نه‌کردبوه‌وه. هه‌رخۆی بوو فێری چنینیشی کردم! دارتهونه زله‌که‌ی ''رابه'' گه‌وره‌ترین ناونیشان و ناسنامه‌ی بهروحهوشهکهمان بوو که رازابۆوه به ریس و به‌نی ره‌نگاوڕه‌نگ و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی جێگای کۆبوونه‌وه‌ی ژن و کچانی گه‌ڕه‌ک بوو. ده‌نگی ''رابه'' ئێستاش له گوێچکانم ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه که خۆی ده‌کرد به شاجوان و پاڵه‌وان و شێت و که‌چه‌ڵ و پاشا و دێوودرنجی ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی له کاتی ته‌ونکردن بۆی ده‌گێڕامه‌وه. ئه‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی منداڵان منداڵێکی چه‌ند پڕ ئه‌ندێشه بوو. ده‌یتوانی رۆژمان لێ‌بکا به شه‌وێکی بێ نوققه و له‌گه‌ڵ ده‌نگی وشه‌کانی په‌ڕ و باڵمان پێبگرێ و به‌رز و نزم بمانفڕێنێ. له شه‌وه‌کانیش هه‌ردوو باسکی ده‌بوونه سه‌رینی نهرموگهرم و شوێنی حه‌سانه‌وه و ئاسووده‌ییمان. رابه گوتبووی که: ''قه‌ت باوه‌ڕ نه‌کردبی کو دێبته خودان به‌ختێ کوڕهکا ل ڤێ ده‌ڤه‌رێ، یان ژی ل چه‌ند سیچێ دیواره‌کی و کۆلانهکا ته‌نگ و دیر و شاره‌کا بێ شینکاتی ژیانێ ببته سه‌ر". چونکه ئه‌و په‌روه‌رده و گه‌وره‌بووی کێو و دۆڵ و ئاسمانه دراوسێ نزیکه‌کانی شاخ و داخه‌کانی ده‌ڤه‌ری بادینان بوو. روح و جه‌سته‌ی وه‌ک په‌پووله هه‌ڵفڕیوی بست به بستی بان و بناری ئه‌و عهرزوبهرزه بوو. هێنده شاره‌زا و ئاشنای ئه‌و سروشته بوو به شه‌وی تاریکیش رێگا و لاتهڕێگاکانی ده‌دۆزییه‌وه. دڵی مه‌ست و ئالووده‌ی جوانی ره‌نگی گیاوگۆڵ و دار و به‌ردی چۆمه‌کان بوو. دوای مردنی باوکی، به ته‌نیا دایکیان ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ردوو کچه‌که‌ی له ئه‌ستۆ گرتبوو. له خێروبه‌ره‌که‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌ژیان. تاوه‌کو رۆژێکیان گونده‌که‌ی ئه‌وانیش وه‌ک سه‌دان گوندی تر خاپوور کرا و خه‌ڵکه‌که بارکران و په‌رته‌ی ده‌ڤه‌ر و شاری دوور و جیاجیایان کردن. ده‌بووایه تازه له ژووری ره‌ق و ته‌قی کۆمه‌ڵگا زۆره‌ملێکان، له عه‌رزی وشک و برشک و ژێر ئاسمانی بێبه‌زه‌یی ژیانێک پێکەوهبنێن. رابه و سۆلین دوو خوشکی ته‌نک و بێگه‌رد بوون. جوانی سۆلینی خوشکه گه‌وره به جارێ هه‌موو دڵ و چاوێکی ده‌هێنا فڕین. که خه‌ڵکیش ئاشنایه‌تییان نه‌بوو به‌م جۆره جوانییه چیاییه و قه‌دری جوانیش نه‌ببوو به کلتوور، بۆیه هه‌ر زوو سۆلین له ژێر ناوی حه‌یا و شه‌ره‌ف به ده‌ستی خزم و که‌سان کوژرا. ''رابه''ش هه‌ر له یه‌که‌م خوازبێنیی به شوو درا و بوو به قسمه‌تی ئه‌و بهروحهوشهی ئێمه. به‌و بێده‌نگییه‌ی که گه‌وره‌کان حه‌زیان پێی نه‌بوو ژیانی ده‌برده‌سه‌ر. ئاخ و ئۆفی بۆ بادینان و بۆ بێکه‌سی خۆی هه‌ڵده‌کێشا و، سه‌ردوولکه‌ی بۆ په‌رۆشیی بینینه‌وه‌ی ''سۆلین''دا هه‌ڵده‌به‌ست ''رابه!'' به‌و چرچ و لۆچنیهی جه‌سته‌ی دوای سووتانه‌که‌ی، له شه‌وانی ژن و پیاوهتییشدا شۆرابوو! ئیتر ژیانی خۆی بۆ ئێمه‌ی منداڵان و ئیشوکاری رۆژانه‌ی ئه‌و ماڵه و دونیا رازاوه‌که‌ی سه‌ر دارتهونهکه ته‌رخان کردبوو. داپیره‌م زۆر جار ده‌یگوت: ''گه‌ر رابه نه‌بووایه دایکیشت ئه‌و ژنه چاپووکه نه‌بوو شیرێژهی پێنج منداڵ بکا ''. گه‌ر ''رابه'' به مردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ قه‌د و باڵای چیاکانی ده‌ڤه‌ری بادینان، که له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌سه‌ره‌مه‌رگ داوای کردبوو، تامی حه‌سانه‌وه و ئاسووده‌یی کردبێ، ئه‌وا مردنه‌که‌ی گه‌رده‌لوولێکی پڕ بێئۆقره‌یی هێنا و تۆزوخۆڵی رۆژگارێکی پڕ غه‌ریبیی و ته‌نیایی به‌سه‌ر من و حه‌وشه‌که‌ماندا داباراند. به ده‌وری ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی که جه‌نازه‌که‌ی لێ باردهکرا، به بێ ئۆقره وه‌ک مێردهجنۆکه ده‌سوڕامه‌وه. ده‌تگوت روحم له ژێر جاجمی سه‌ر جه‌نازه‌که‌ی داپۆشراوه. که ئۆتۆمبێله‌که رۆیی، قاچه‌کانم چه‌قین و تینی غاردانیان نه‌دام. ته‌نها هات و هاواری گه‌رووه نووساوهکهم نه‌بێ که له‌گه‌ڵ دوورکه‌وتنه‌وه‌ی جه‌نازه‌که به‌رز و به‌رزتر ده‌بۆوه. له قهڵهباڵغییهکه ده‌ستێکم له ناو ده‌ستی دایکم بوو، له تیزێکی کراوه‌ی ده‌رگای ماڵه‌که‌ماندا دارتهونهکهی رابه بێ به‌ن و ریس، بێ هیچ نه‌خش و نیگارێک، رووت و قووت له دوای نه‌خۆشیه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی به لایه‌ک هه‌ڵپه‌سێردرابوو. هێشتا چاوم له‌سه‌ر تیزه کراوه‌که‌ی ده‌رگاکه بوو، که یه‌ک دوو ژنی لایده لاشانێکیان راتهکاندم و پرسیان: ''مه‌یتی کێیه کیژۆکه؟'' منیش به ده‌نگێگی زه‌ق و هاوارێک وه‌ڵامم دانه‌وه و گوتم:: "مه‌یتی رابهی زڕداکمه!" ئا له‌و رۆژه‌وه رۆحه جوانه‌که‌ی ''رابه'' به‌شێک له جوانیی بریسکه‌ی چاوه‌کانمی له‌گه‌ڵ جه‌نازه‌که‌ی خۆی بۆ ده‌ڤه‌ری بادینان بارکرد، رۆیی و ماڵئاواییان لێکردم.