شرۆڤە

دەروونڕۆشنیی شیعری

سەباح ڕەنجدەر

نووسین ژینگەیەکی جوان و ئارامە بۆ ژیان و ئەشق، ئەشقیش باشترین بارودۆخی مرۆڤە بۆ نووسین. ئەشق سەرچاوەی بوونی دەروونییە. بەملا و ئەولا نایەتەدی، بەڵکو دەبێت شاعیر لەم دۆخی بوونی دەروونییەدا بژێت و بتوێتەوە و خۆی دابڕێژێتەوە و ببێتەوە دڵۆپە و بێتەوە ناو سەرچاوەی خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنییەوە.

 

لە شیعردا بیرێک ھەیە، تایبەتە بەشیعر خۆی. نە فەلسەفەیە. نە زانستە. نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێکھاتەکانی شیعری ھەموو تێدا ڕسکاوە.

نووسین ژینگەیەکی جوان و ئارامە بۆ ژیان و ئەشق، ئەشقیش باشترین بارودۆخی مرۆڤە بۆ نووسین. ئەشق سەرچاوەی بوونی دەروونییە. بەملا و ئەولا نایەتەدی، بەڵکو دەبێت شاعیر لەم دۆخی بوونی دەروونییەدا بژێت و بتوێتەوە و خۆی دابڕێژێتەوە و ببێتەوە دڵۆپە و بێتەوە ناو سەرچاوەی خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنییەوە. ئەوجا ئەشقییەتی شیعری خۆی دابڕێژێت. ھەر ئەشقییەتی شاعیرانی ڕۆشن دڵیشە شیعریان بە ڕووناکی ھێشتووەتەوە، شیعریش لە دەرکەوتنی خۆی بەردەوامە و بە ھەموو شانازییەکەوە ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگیرێت. من ئەگەر بیرێک و ئامادەیی زەینیم نەبووبێ و ڕووداوێک لە ھەستم ڕووینەدابێت، بەھیچ شێوە و شێواز و بەھانەیەک شیعرم نەنووسیوە، کە خولیای نووسینیش دامدەگیرسێنێت و دۆخم بۆ دەڕەخسێنێت لەگەڵ دەروونی خۆمدا زۆر تەبادەبم و بەئارامی ھەڵدەکەم. ھێزی خود ھەموو ھاوسۆزییەکانم بانگھێشتی ڕەخسانی دۆخەکە دەکات. من سەرەتای شیعر بە کۆمەکی سرووشێکی نیمچە ڕوون، بەسادەیی دەکەمەوە و گرانایی و بەھای شێواز و ڕەگەزی کتوپڕی دەخەمە ناوەند و وەک ناوەندێک دایدەمەزرێنم، دووبارە سادەیی سەرەتاکە دەخەمەوە دوا وێنەشەوە.  بڕواشم وایە شیعردێت و خۆم پیشان دەدات. ئەوجا بەدوایدا دەچم و دەگەڕێم و کۆششی بەرجەستەبوونی بۆ دەکەم و وشە زاخاو دەدەم و خوازیاری گەشەسەندن و نوێبەخشی دەبم و ھێڵێکی یەکگرتووی شێواز و زمانی تێدا دەخەمڵێنم. شیعری بێگەرد تەنیا لەسەر بنەمای جیھانبینی ڕووناکی خۆتدا. خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی، کە لە ئەزموونی ژیانەوە پێی دەگەین دێتە بەرھەم، دوای ھاتنە بەرھەم بەڕەنگ و ڕوخساری خۆتەوە تێکەڵ بە ڕەنگ و ڕوخساری ئەوانی دیکە دەبێت. واتە کولتووری کۆمەڵگای خۆت. ئەم جۆرە دۆخگۆڕین و گواستنەوەیە خەسڵەتی ئەدەبی ئێستێتیکییە و ھێزی دەروونی بە مرۆڤ دەدات. ھەنگاو بەھەنگاو خەسڵەتەکانی خۆی لەدەروونی مرۆڤدا دەپارێزێت و بۆ قووڵترین گۆشەی دڵ دەگەڕێت و باری ھەستیاری دەخەمڵێنێت، گۆڕانیش لەباری کامڵبوونەوە ڕوودەدات.

شیعر جەنگێکی سحرییە و بە ھۆیەوە گەیشتم بە ماڵی گەورەی ژیان، زیاتر لە بۆچوون و شێواز و حاڵ و بارەکانی تر، ئارەزووم بۆ خوێندنەوەی ئەو شیعرانە گەرم دەبێت و پێیان دەدرەوشێمەوە و بەجۆر و جوانیان دەزانم، کە شاعیرەکانیان لەحاڵ و باری ناڕێکیی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات لەناو کۆمەڵگای خۆیاندا دووچاری نامۆیی بوونە و پەنایان بردووەتە بەرتاراوگەی ناخ و پەناگا و مەئوای ناخ، ئەم پەنابردنە ئازادییە. ئازادی تەواوی نووسین. لەم حاڵ و بارەدا دەچنە قووڵایی بەسەرھاتەوە و گۆڕانێکی قووڵی نیمچە ڕیشەیی فیکری و ڕۆحی لە شاعیردا خۆدەردەخات. بەشێک لەخوێنەرانیش پێش ھەموو شتێک بابەتی ئەدەبی بۆ ناوەرۆک دەخوێننەوە، بەڵام من پێش ھەموو شتێک ئەدەب بۆ ئێستێتیکای زمان و ئێستێتیکای ئەدەب دەخوێنمەوە و دەنووسم. ھێزی ئەدەب ھەر لە ناڵە و ھاوار و دەنگی بەرزبوونەوەی کارەسات و نزمبوونەوەی کارەساتدا ھێزی زرینگانەوەی پەیدا ناکات و دۆخ وەرناگرێت، ھەروەھا مانا بەباری یەکئاستی ناخەمەڕوو، بەڵکو خوێنەر دەتوانێت لە ترپە و ئاوازی شیعرەکەدا، بە دەروونڕۆشنیی شکۆی شیعرییەوە بۆی بگەڕێت.

لە شێوەی دەربڕیندا، ڕووداو و حاڵەت ھێزی زمان وەردەگرن و دەیگوازنەوە بۆ ھێزی ئێستێتیکای ئەدەبی. ھەوڵدەدەم داوا و داخوازیی شیعر لە زمان بزانم و لە زمانی دێرینی کوردییەوە وشە و دانەپەیڤ بدۆزمەوە و ئەزموونی خۆمی پێ بەڕێوەببەم و لەگەڵ پێکھاتەی ڕێزمانی نوێشدا بیگونجێنم و ڕایەڵیان لە نێوان دروست بکەم. بە تایبەتی زمانی بەیت و شیعری کلاسیکی، مەرجیش نییە وەک ئەو ھەبووەی بەکارھاتووە بەکاری بھێنمەوە، بەڵکو دەیکەمە سرووشی ھێزی زمان و بنچینەی پێکھاتە، دەتوانێت قووڵترین خاڵی ژیان بدۆزێتەوە و بەھرەی لێ وەرگرێت. شیعری بێگەرد لە پێکھاتەی زماندا خۆی دەخاتەڕوو، زۆر بە کەمی لەناوەندی شیعری کوردیدا ڕێکەوتی شیعرێک دەکەیت، شیعرییەتی تێدا بێت و بە ئاستێکی کەمی زمان خۆی خستبێتەڕوو، ھەروەھا بەشێکی ھەرە زۆری شیعری ئەمڕۆی کوردی ناشێت بە کاری ئەدەبییان دابنێین.

ھەموو وشەیەک توانا و ھێزی ئێستێتیکیی شیعری تێدایە بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردن. وشە لەخراپ بەکارھێنانیدا ھێزی ئێستێتیکی دەکەوێت و لەباش بەکارھێنانیشیدا ھێزی ئێستێتیکی دەردەکەوێت. زمانی کوردی زمانێکی شیعریی دەوڵەمەندە و شاعیری لێزان و باڵا بەرانبەری لارەمل و  دەستەوەستان نابێت، ھەروەھا وشەش ناڕەنجێنێت، وشە ھێزی شیعر دەپارێزێت و شیعرییەت دەبەخشێت. ھەستی زمان فریای شاعیر دەکەوێت و ھێزی خەیاڵی دەدرەوشێنێتەوە. زۆر پابەندم بە ھێزی ھەست و زمان و ڕێکخستنی پێوەندیی نێوان وشە و دەستەواژە و ڕستەوە، ھەروەھا بنچینەی شیعر ھەست و زمان و مۆسیقایە، ھەست و زمان و مۆسیقاش واتای نوێ لە واقیع و خەیاڵ دروست دەکات. لە ھەندێک ڕستەمدا دەنگی مۆسیقا بەئاسۆیی دێتە گوێ، لە ڕستەی ترمدا بەستوونی دەبیسترێت. ئەو مۆسیقایە بەدڵێکی تەواو کوردییەوە لە ناخی خەڵک و قووڵایی زەوییەوە ترپە و ئاوازی وەرگرتووە و ھاوخەمی و ھاوشادیی جیھانی پێکدەھێنێت و فۆرم دەگرێتە خۆی.

ھەست، وزە و تینی کارای نووسینی ئەدەبییە و بنەڕەتی ھەموو چالاکییەکانی شیعرە. شیعری ھەستیش ڕەنگی ژیان دەداتەوە. ھەموو مرۆڤێک خاوەنی ھەموو ھەستە سروشتییەکانی، یان لانی کەم بەشێک لە ھەستە سروشتییەکانی خۆیەتی، بەڵام ھەموویان توانای باش بەکارھێنانیان نییە. جیاوازیی داھێنەر لێرەدا دەردەکەوێت. ئایا بەباشی و سادەیی ئەو ھەستانەی دەھێنێتە ناو نووسین و دۆخێکی گونجاوی بۆ دروست دەکات. شیعری کوردی بەچەندین ناو، کە ھەستە سروشتییەکانی خۆیان باش و بەسادەیی بەکارھێناوە درەوشاوەیە. شیعری سادە وەک شەپۆلێکی ھەستی دەبێت زۆر داھێنەرانە لە دۆخی ھەستیاردا بنووسرێت و خۆی دابمەزرێنێت، زمان و ھەستیش بگەیەنێتە ئەوپەڕی، دەنا ئاسۆ و دوورییەکی نابێت بۆ لێکدانەوەی جیاواز و ئاستدار. نموونە: دوونامەکەی (نالی) و (سالم)، یان دوو گەشتەکەی ( گۆران)، یان (وەرە خوارێ ئەی خواکەی غەریبان لە کلکەی ھەوری ئاڵەوە وەرە خوارێ)ی ئەنوەر قادر محەمەد، یان (بتانەوێ و نەتانەوێ ڕۆژێ لە ڕۆژان نالی ھەر بۆ شارەزوور دەگەڕێتەوە)ی لەتیف ھەڵمەت، یان (گورگ)ی محەمەد حەمە باقی، یان (کۆست و چرا)ی شێرکۆ بێکەس، یان (ھەولێر لەیەکی شوباتا)ی عەبدوڵڵا پەشێو. لە دەربڕیندا پڕاوپڕن لە تووڕەیییەکی ئاشکرا و سادەن، بەڵام لە دۆخی ھەستیاری و داھێنەرانە بە سەرچاوەی ژیان و دڵپڕی کۆمەڵگاوە نووسراون و لێکدانەوەی جیاواز و ئاستدار وەردەگرن و ڕوخساریان شکۆی شیعرییەتی تێدا خەمڵیوە. بەوەی ھەم لەسەر زەینییەت و ھەم لەسەر واقیع وەستاون و خوێنەریش ڕووداو و وێنە زەینییەکان قبووڵ دەکات. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و پێویستی بەئاگایییەکی قووڵ ھەیە، لەسەر دوو ئاراستەدا کاربکەیت و خوێنەریش ناچاربکەیت ھەردوو ئاراستەکە وەربگرێت و بینینی خۆی لەناویدا ڕوون بکاتەوە، ئەم نموونانە بە شێوەیەکی بیندراو و نەبیندراو دەربڕین لەناوەندی نەتەوایەتی دەکەن و ڕۆحی نەتەوە تێیاندا ڕەنگی داوەتەوە، واتا شیعری ناو ڕووداون. خوێنەریش زۆرتر بە ھەستی نەتەوایەتی. نەک ئێستێتیکی لەگەڵیاندا دەخرۆشێت. من بەتەواوی ھەستەکانم ئاوێتەی ئەو دەقانەبووە، بەمەش خۆم بەشێوەیەک لە شێوەکان بە نووسەریان دەزانم. بەھا و جوانییەکی پێویست و نایاب ھەیە خۆت بە نووسەری دەقی شاعیری جگە لە خۆت بزانیت. ئەو دەقانەی شاعیرانی تر خۆزگەیانە خۆیان بە نووسەری بزانن بەھا و جوانییەکی بێھاوتایان بەخشیوە و بوونەتە ئەفسوون و زایەڵەیەکی سەیر لەبوونی ڕۆشنبیریدا. ئەوە گەوھەری داھێنانە دەبریسکێتەوە شاعیران بۆی غاردەدەن بیگرن و بەھی خۆیانی بزانن. ئەو شاعیرەی گەرمایی ئەو خۆزگەیەی لەدڵدا خاوبووبێتەوە شاعیرێکی کلۆر و مردۆخ و پووخە و لەپەلوپۆ کەوتووە.

لای ئێمە ژمارەیەکی کەم و دیارکراو شاعیرە ھەرە نوێیەکانمان و چەند سەد کەسێکیش بەرھەمی شاعیرە کۆن و ناسراوەکانمان دەخوێننەوە. من باوەڕم بەوە نییە ھونەر بۆ ھونەر، یان ھونەر بۆ  دەستەبژێر، یان ھونەر بۆ کۆ و کۆمەڵگا، یان ھەرشتێکی لەم بابەتە و لەمە نزیک. ھونەر، یان دەبێت نەبێ، یان ئەگەر ھەبوو، دەبێت ھونەرێکی پاک و بیرکردنەوەیەکی بنەڕەتی ئێستێتیکی پەتی بێت. ھونەری پاک و پەتیش لەخۆیدا لەخزمەت و پێناو کولتوور و کۆمەڵگای تەندروستە. ئەویتر جۆرێک ڕووپۆشکردن و لەخشتەبردنە. بە ھیچ شێوە و شێواز و بەھانەیەک بەئاسانی خوێنەر گیرۆدەی شێواز و گیرۆدەی مانا ناکەم، دەمەوێت خۆی، خوێنەری نموونەیی، ھەڵکۆڵین لە دەق و شێوازی نووسیندا بۆ گیرۆدەیییەکانی خۆی بکات. شاعیری ڕاستەقینە سەربەلایەنێکی سیاسی، یان ڕەوتێکی سیاسی کار ناکات، بەڵام دژی ناپاکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ئێستێتیکی کاری ئەدەبی خۆی بەڕێوە دەبات. لەناو جەنگەی ئاڵۆزی سیاسەتدا، لایەنگیری ئاشتی و لێبووردەیی دەکات. شیعری من بەتین و تاوی ھەمەچەشن دەربڕینی لە شەڕی ناوەکی کردووە و لە زۆربەی زۆری ئەزموونیشمدا تیشکدانەوەی ھەیە، بەڵام لە ھەموویان دەرکەوتووتر دەقی (مەرگی ئاوێنە)یە. ھۆکارەکەشی ئەوەیە، کە شەڕی ناوەخۆیی وێرانکاری لە ڕۆح و فیکری کۆمەڵگای کوردی دروست کرد و ناخی کەواند. ھەمیشە بەو بارەشدا کارم کردووە وێرانکارییە ڕۆحی و فیکرییەکان لە ئێستێتیکای ئەدەبدا گەش بکەمەوە و دۆخی ئاشتی و لێبووردەیی وەک خاڵی بینین بھێنمە ناوەوە.

لە شیعردا بیرێک ھەیە، تایبەتە بەشیعر خۆی. نە فەلسەفەیە. نە زانستە. نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێکھاتەکانی شیعری ھەموو تێدا ڕسکاوە.

دەسەڵات، دەسەڵاتسالاری، یان دەسەڵاتسەروەری یەک شتی لە شیعر و شاعیرە ڕەسمییەکان داوایە، کە لەبەرژەوەندی ئەودابن و ئەدەبێکی مەبەست سیاسی بەرھەم بھێنن. ئەدەبی مەبەست سیاسیش کاردانەوەیە بەرانبەر ھۆکار. شیعری بێگەردیش یەک ئەرک کرۆکی بێگەردی دەستنیشان دەکات، کە لە پێناو ئێستێتیکای زمان و ئێستێتیکای پەتیدا کاری خۆی بەڕێوەببات. ھێزی ھەستی مرۆڤانەی بەھۆی ھێزی زمان لە ھێزی وێنەدا پێشان بدات. زمان و مۆسیقا و وێنە سێ گۆشەی ڕووناک و گرینگن بۆ شیعری بێگەرد و خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنیی شاعیر. دەسەڵات زۆر بەڕێکوپێکی و لێزانانە و بەمەرام کار لەسەر ھەڵکۆڵینی کرۆکی شاعیری ملنەرم دەکات بۆ مەرام و ئەو تێگەیشتنەی خۆی. ھەر شاعیرێک خراپ بنووسێت و زمان خراپ بەکاربھێنێت خیانەتکارە لەگەڵ خاک و کولتوور و کۆمەڵگادا، چونکە زمان تاکە بەروبووم و سەرچاوەی خاک و کولتوور و کۆمەڵگایە. شاعیری داھێنەر ڕووداوە ورد و دیاردەکانی ڕۆژانە دەگوازێتەوە ناو ھەستیاریی زمان و لە شیعرییەتدا دایدەمەزرێنێت. لە ئەدەبی ئێمەدا زۆر شاعیر ھەن زۆر ملنەرم و دەسەڵاتین. بەوەی لە پۆستی بەرز داندراون. ئەگەر ئەو پۆستە بەراورد بکرێت بەوەی ئایا بەھۆی ئاست و توانای ئەدەبی وەری گرتبێت. ئەوەت بۆ دەردەکەوێت سەدا سەد لە جێگای شیاوی خۆیدا نییە و زۆر لاسەنگە، چونکە شاعیری لەو زۆر بەتواناتر، لە ڕووی ئێستێتیکای زمان و ئێستێتیکای پەتیدا ھەن لە پێچانەوەی دەسکە سڵقێکیشدا جێگایان نابێتەوە. ئەم کردە و کار بۆکردنە، بوونەکەی لەسەر شێوازی تاکتیکی سیاسەت و دەسەڵاتسالاری، یان دەسەڵاتسەروەری وەستاوە و بەڕێوەدەچێت. نەک ڕۆشنایی بەرھەم و بوونی ئەدەبی. بڕواشم بەو شاعیرانەی شیعری مەبەست سیاسی دەنووسن، نییە کە دەڵێن: ئەگەر گۆڕانێک لەناو کۆمەڵگا ڕوونەدات و ژیان بەرزی و نزمی تێنەکەوێت، شیعر شتێکی نابێت بیدۆزێتەوە. ئەدی لەم حاڵ و بارەدا کاردانەوەی ھێزی نامۆکردنی زمان و ھێزی خود و ھێزی خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی چییە.

لەدنیادا تەنیا یەک شت نایەتە دی. ئەویش ئەو شتەیە، کە لە دڵەوە کۆششی بۆ ناکەیت. مرۆڤ گەردوونێکی بچووکە لە نووسیندا کۆمەڵگا گەردوونەکەی دەناسێت و دەیکاتەوە. لەو کاتەوەی ڕاست و چەپی خۆمم ناسی و ھەستم کردووە چی دەمخاتە سەر دۆخی خۆ دەستنیشانکردن. دەسەڵاتی ڕووناکیی شیعر بانگی ناوخۆی کردم و ھەستم کرد مانەوە لەناو ئەو ڕووناکییەدا، مانەوەی بوونی منە وەک مرۆڤێکی ھەستی و خوداناس و خۆناس و دەروونڕۆشن. بۆیە تەواوی وزەی خۆم بۆی تەرخانکرد و ھەموو شتێک و خولیا لاوەکییەکانم پەراوێزخست و چوومە ناو دەسەڵاتی نووسینی بێگەردەوە.

ئەم بڕیارە و چرکەساتی ئەم بڕیارە، ئاکام و ڕووداوێکی زۆر گرینگە بۆ نووسین و خۆدەستنیشانکردن و بەردەوامی و خستمیە سەر دۆخی نووسین و مانەوە و جۆرێک بەرپرسیاریەتی ئێستێتیکیی ئەدەبی. ھەموو شیعرێکی ئێستێتیکی جۆرێکە لە بیرکردنەوە و ئاکامی بیرکردنەوە، بیرکردنەوەش وەک ناوەندێک وەردەگرێت و ھەست دەخاتە جێگای ھێما و مەجاز، ھەروەھا ئەدەبی ئێستێتیکی دەربڕین لە دڵەڕاوکێ دەکات و ڕووبەڕووی بوون دەبێتەوە، دڵەڕاوکێ بەرانبەر بەرزی و نزمییەکانی ژیان، لە ھەندێک حاڵ و باردا مانا لە ژیان وەردەگرێتەوە و دەیکات بەشتێکی ھیچ و پووچ و بێبایەخ، لە ھەندێک حاڵ و باریشدا دەیکات بەسەرچاوەیەک و پلەیەکی درەوشاوەی شیعرییەت و دۆزینەوەی گەوھەری نادیاری. ئەگەرچی دڵەڕاوکێ لەئەدەبی کارادا پرسێکی دێرینە و بەردەوام لە بوونی شاعیردا بەرانبەر شتێکی نادیاریکراو، یان ئایندەیەکی میتافیزیکی دووبارە دەبێتەوە، ھەروەھا ھانا و پەنایەکی ئەزەلییە بۆ شاعیری ھەستی. من زۆر لەگەڵ دەقەکانمدا دەمێنمەوە. لێرە وشەیەکی دەگۆڕم و لەوێدا جێگۆڕکێ بەڕستەیەکی دیکەی دەکەم و پێکەوەیان دەبەستمەوە و بیر لە ھێزی زمانەوانییان دەکەمەوە. پاشان بیر لە پێوەندیی وێنەکان دەکەمەوە و بیر لەوەش دەکەمەوە بزانم ئەوەی بیرم لێی کردووەتەوە ئەم دەقە ئەوەیە، یان دەقێکی ترە و ئەفسوونی زمان و ھەست لە کاتی خورپەی نووسیندا خۆی زاڵ کردووە، بەڵام دامەزراوەکە ئەو بناغەیەیە، کە یەکەم خورپە لە شیعردا بە ڕوونی ھەست پێدەکرێت و وەک ناوەندێک دەمێنێتەوە و ڕەگ بە تەواوی جەستەی دەقەکەدا شۆڕ دەکاتەوە و وەک ھێزێکیش ڕایدەکێشێتەوە ناوەوەی خۆی و زاخاوی دەدات.  ڕەشنووس لە سەرمێزی نووسینمدا زۆر دەمێنێتەوە و کەڵەکەدەبن، چەند بمێننەوە ڕەنگیان جوانتر دەخەمڵێ و ھۆگریم بۆیان زیاتر دەبێت. دەقم ھەیە دەجار زیاتر نووسیومەتەوە. لەدوا پاکنووسدا بە ھەموو ڕەشنووسەکاندا دەچمەوە، بەیەکیان دەگرم و سوودی زۆر لەم پێداچوونەوە و پێکگرتنەدا وەردەگرم. وێنە ھەیە دوای ئەم ھەموو ئاڵوگۆڕییە، وێنەی یەکەم ڕەشنووس دەھێنمەوە و لەسەر ئەو سەقامگیر دەبم و ئەوانی تر دەخەمەلاوە، بۆشم دەردەکەوێت یەکەم داڕژان لە شیعردا زۆر گرینگە، پێداچوونەوە و پێکگرتنی دەقیش بۆ مشتوماڵکردن و جوانکاریی ھێندەی نووسین گرینگە. نووسین خۆی پێداچوونەوەیە بە خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی، ھەروەھا پێداچوونەوە پشووی دوای نووسینە و خۆشیبەخشترین چرکەساتی شاعیرە و ھەموو خۆشحاڵییەکانی تێدا کۆدەکاتەوە.

زیاتر لە پەنجا ساڵ بەسەر مەرگی (گۆران)دا تێپەڕیوە، کە (١٨/١١/١٩٦٢)ە. تا ئێستاش لێتۆژینەوە گرینگەکانی لەبارەی شیعری نوێی کوردی پێشکێش کراون. ئەوانەن، کە لەبارەی گۆرانەوە نووسراون، ھەروەھا خوێنەریش. یەک لەوانە من بەتەواوی ھەستەکانمەوە گوێ لە ترپەی دڵ و ناخی بەھێزی دەگرم و سرووش لە ڕۆحی گەرمی وەردەگرم. کەواتە تاکو ئێستا ڕێبازی گۆران، ڕێبازێکی دان پێدانراوە و قۆناخی حەفتا و ھەشتاکان و ئەوانی دیکە بە شێوەی دامەزراوی گۆران دان پێدانراو نین، یان خەسڵەتە گرینگە زمانی و ئێستێتیکاییان دەستنیشان نەکراون، یانیش شاعیرێکی گۆڕانکار و بەزەبر لە کێشی گۆران پەیدانەبووە، یان قۆناخەکان قۆناخی بەکۆن و چەند کەسانێک لە بنیادنان و سیما داڕشتنیان ھاوبەشن، بۆیە بایەخدانەکە دابەشبووە بەسەر کەسە ھاوبەشەکان و تاک وەک دیاردە و ڕووداو دەرنەکەوتوون.

ئەگەرچی من بڕوام وایە شیعری بێگەرد سەر بە ھیچ قۆناخ و قوتابخانە و ڕێباز و بزووتنەوەیەک نییە، بەرھەمی ئەزموونی تایبەتی شاعیری ڕاستەقینەیە لە بەھرەی ئەدەبی و چێژی ئەدەبی و دۆزینەوەی ئێستێتیکای ئەدەبی و نامۆکردنی زمان، ھەروەھا بڕواشم بەوەیە دەبێت شیعرێکی تر، واتا شێوازێکی تر لە شیعری کوردیدا سەرھەڵبدات. شیعرێک ببێتە سەرکێشییەکی درەوشاوە بۆ ئەو جۆرە شیعرەی ھەیە و لەناخەوە ڕایوەشێنێت و ئاگایییەکی ئێستێتیکی و نامۆکردنی زمانی بداتێ. ئەم سەرکێشییە پێویستە لە ھەموو سەردەمەکان سەرھەڵبدات و بەردەوامی ھەبێت. زۆر لەگەڵ ئەوەدام سەرکێشییەک سەرھەڵبدات و شیعری نەوەی ئێمەش ڕاوەشێنێت. ببێتە ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاریی شیعری. ھەڵبەتە ئەم گۆڕانکارییە بە چێژی زمان و چێژی ئەدەب دێتە ئاراوە. نەک وەک گۆڕانکارییەکی مەبەستدار و نەخشە و پلان بۆ دانراو. واتە ئەزموونی ئەدەبی زاخاوی بدات. شاعیری گۆڕانکار لە خۆڕا و بەڕێکەوت و ئەڵڵاخودایی  نابێتە گۆڕانکار، بەڵکو پێویستی بە ڕێکخستنی سیستەمی ناخ ھەیە. من جیاوازیی زۆر جوان لەنەوەی دوای خۆم دەبینم. لە ھەندێکیان وەک جیاوازی و لە ھەندێکیشیان وەک داھێنان. ھەمیشە بەبینینی ئەم جۆر و جیاوازییانە دڵخۆشدەبم. بەھیوام ئاگریان بەتینتر بێت بۆ بەخشینی ڕووناکیی شیعرییان و مستەکۆڵەیەکی ئێستێتیکیش بن بۆ ئێمەمانان. شاعیری جیاواز (ئاریان ئەبووبەکر) لە ساڵی ٢٠١٣ لە سلێمانی لە حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا شیعرێکی بە سەرناوی (قاچ، ئوتۆمبێل) خوێندەوە (من و ئیسماعیل حەمەئەمین) لە شکۆی ئەم شیعرەدا لەناو جەماوەر ھەستاینەوە و بەپێوە وەستاین تا شاعیر لەسەر شانۆکە ھاتەخوارەوە لەناو ھۆڵدا لەسەر کورسی خۆی دانیشت.

بەدرێژایی ئەو سی و چەند ساڵەی سەرقاڵی شیعرم، خۆم لە دووشت بەدوورگرتووە و لێیان دەسڵەمێمەوە.

یەکەم: چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی.

دووەم: وەڵامدانەوەی ئەو نووسینانەی بەھەڵە لە ئەزموونی من دواون.

تەلیسمی ئەم نھێنییەشم بۆ ناشکێت. باشیش لەوە گەیشتووم ھەڵەی کوشندەی نووسەر ئەوەیە خۆی سەرقاڵی ھەڵەی نووسەرێکی تر بکات. ڕەنگە ھەر ئەم تێگەیشتنەشم بێت تەونی نھێنیی ئەم ترسەی بۆ چنیبم.

یەک لە چێژە ئەدەبییەکانم بێ ئەوەی خۆم ھیچ ویست و دەسەڵاتێکم تێیدا ھەبێت، ھەڵدەبزڕکێت. بەوەی ھەرکاتێک شیعرێک بۆ گۆڤار، یان ڕۆژنامەیەک دەنێرم، دوای ماوەیەک بڵاودەکرێتەوە. ھێندە بە بڵاوکردنەوەکە دڵخۆشدەبم و دەکەومە حاڵ و باری ئارامییەوە. ھێندەی تریش دڵگران و سەغڵەت دەبم بەوەی دەبینم وەک ھاوتایەک ھێڵکاری لەگەڵ بڵاوکراوەتەوە. ھەندێکجاریش ھێڵکارییەکە زۆر نایابە و وەک بابەتێکی سەربەخۆ چێژی لێ وەردەگرم و لە ھێڵ و ھێمای ورد دەبمەوە و دەچمە ناو کەشێکی ئێستێتیکیی تایبەتەوە.

من بڕوای تەواوم بەوەیە شیعر خۆی ھێڵکارییەکی ھەستییە و تێیدا خودێکی خوداناس و خۆناس و دەروونڕۆشن دەردەکەوێت. نەشیاوە ھێڵکارییەکی تری بخرێتە پاڵ و قەرەباڵغ بکرێت و لەبەریەکیان ڕابگریت، چونکە ھیچ پێوەندییەکی گرینگ و جووڵە و ژیانێکی تازە و ئاشکراکردنی ھێڵ و ھێمایەکی شاراوە نادەن بە شیعرەکە. شیعر و ھێڵکاری ھەریەکیان خاوەن گۆشە نیگایەک و ھەست و فامکردنی خۆیانن، بەھۆیەوە زمان و ئاخاوتن و ھێڵ، کە بوونەتە بابەت دەستنیشان دەکەن.

لەھێزی دەربڕینی خۆیاندا، ھەریەک سەربەخۆیی خۆیان لە پێشکێش کردندا دەپارێزن. ھیچیان بەھۆی ئەوی تریانەوە ھێزی دەربڕین و ئێستێتیکی وەرناگرن و ڕووناکییان داناگیرسێت. ھەرچەندە بۆچوونم بەرانبەر ھێڵکاری ڕوون و ڕەوانە و پەنھان و شاراوە نییە، بەڵام ڕۆشن دڵ دەبم بزانم شێوەکارەکە تێگەیشتنی بۆ شیعر چییە و چ پێوەندییەکی پێیەوە ھەیە و شیعر لە چاوی ئەودا چۆن دەردەکەوێت.  شیعر ھەیە لە چەندان وێنە و دەربڕین و بیروبڕوادا پێکھاتووە. ئایا ھێڵکارییەک دەتوانێت ببێتە دەربڕینی بیروبڕوا و ئێستێتیکیی ھەموو ئەو وێنانەی شیعرەکەیان پێکھێناوە تکام وایە لەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی شیعریان تێدا بڵاو دەکەمەوە، تا بکرێت ھێڵکاری لەگەڵدا دانەنێن، چونکە نەشیعر و نەھێڵکارییەکە دنیا ناخەنە ناو لەپی دەستمانەوە، بەڵکو نیشانەکانی ئەم دنیایەن.

لە شیعردا بیرێک ھەیە، تایبەتە بەشیعر خۆی. نە فەلسەفەیە. نە زانستە، نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێکھاتەکانی شیعری ھەموو تێدا ڕسکاوە.        

                    

 

                                                           ئەیلوولی ٢٠١٤ ھەولێر