موحسین ئەمینزادە

ئارێنت دەڵێ، پێویستە تێبگەین کە چۆن پرسێکی بچووکی وەک دژە جوولەکەیی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نازیزم و هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی و دروستکردنی کارگەی مەرگ، یان ڕیالیزمی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان دەبێتە هۆی دەربازبوونیان لە واقیع. ئارێنت دەڵێ "سەرکەوتنی تۆتالیتاریزم بە واتای لەناوبردنی مرۆڤایەتییە! تۆتالیتاریزم دەستی بە لەناوبردنی سروشتی مرۆڤ کردووە." هەر بۆیە ناتوانی بیری لێ نەکەیتەوه و پشتی تێکەی، چونکە "وەرگەڕان لە هێزە تێکدەرەکان سوودێکی ئەوتۆی نییە!"

ئەندێشەکانی هانا ئارێنت (٣)

موحسین ئەمینزادە

چۆن دەتواندریت ئومێد بە داهاتوو بخوازرێ، کاتی بریاره من بمرم؟ نائومێدی بەرەو شەرمەزاریکی تایبت دەتبات. چونکە وا بیر دەکەیتەوە کە هەموو شتێک کۆتایی دێت. بەڵام جیهان - ئەوەی مرۆڤەکان پێکەوە دروستی دەکەن - ئەوە نەمرە و بوونی ئەم دونیایەیە کە سەرەڕای مردنمان، مانا بە ژیانمان دەبەخشێت. بۆیە ئەم دونیایە مانا بە ژیانت دەبەخشێت و، دەبێتە مایەی هیوا بۆ داهاتوو. چونکە دەزانی ئەم ژیانە بە مردنی تۆ ناوەستێت و، بەردەوام دەبێت. واتای ئەم ڕستەیە بریتییە لە "سبەی خۆر هەڵدێت، لە خەو هەستی یان نا". ئەوەی باورت هەبێت، ئیمانت هەبێت کە سبەی خۆر هەڵدێت، ئه مه هێز و ئومێدت پێدەبەخشێت که بتەوێت سبەی لە خەو هەڵسیت و بە هەر شێوەیەک لە تواناتدا بێت، بژیت. کەواتە خۆشەویستی بۆ ئارێنت واتە خۆشەویستی جیهان! جیهان بە هەمان پێناسەی گوتمان. ئەوەی توانی لە چەمکەکانی 'ئۆگستین'ەوە بەیتی خۆشەویستی دروستی بکات، چەمکێکی نوێی خۆشەویستییە کە لە ناویا تو ئەو بەشانەت خۆشبووێ وا لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانەوە دروست دەبێت! خۆشەویستی ئیرادەی ژیان لە تۆدا دروست دەکات و، ئەم ئیرادەیە وا دەکات به شێوەیەکی سەرسووڕهینەر، سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و پیسییەی کە لە زەوی و ئاسمانەوە به سەرتدا دەبارن، ئەم دونیایە بە ماڵی خۆت بناسیت. خۆت بە هی ئەو بزانی؛ دونیا به هی خۆتە بزانه و، مەهێڵە خراپە لەم دونیایە وات لێبکات هەست بە نامۆبوون و غریبی بکەیت و وەک پەنابەرێکی بێدەسەڵات هەست بەخۆت نەکەیت.

لە ساڵی ١٩٣٣، ژیان بۆ دانیشتووانی جولەکە لە ئەڵمانیا مەترسیدار بوو. ئەدۆلف هیتلەر لە مانگی یەکدا بوو بە "سەرۆک" و لە مانگی دوواتردا کەنیسەیەکی گرنگی جولەکەکان ئاگری تێبەردرا. ئەم کردەوەیە بووە هۆی ڕاگرتنی ئازادییە مەدەنییەکان.  هێرشەکان بۆ سەر گرووپە چەپەکان دەستی پێکرد و، ئەندامانی حزبی شیوعی ئەڵمانیا (کە بە KPD ناسراوە)، لەنێویاندا 'ستیرن'، هەڵهاتن بۆ پاریس، بەڵام ئارێنت بۆ ماوەیەک لەوێ مایەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە چالاکی هەبێت. دەیزانی کاتەکەی سنووردارە.

بەڵام وەک جولەکەیەک تامەزرۆی ئەوە بوو جیهان ئاگادار بکاتەوە لەوەی لە ساڵانی ١٩٣٠دا بەسەر گەلەکەیدا هاتووە. بۆیە دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لە سه ر دژە جوولەکەیی. ئارێنت لە ڕێگەی ناسیاوەکانییەوە بۆ کارەکانی دەستی بە کتێبخانەی دەوڵەتی پرۆسا دەگەیشت. ئەم لێکۆڵینەوەیە لەو سەردەمەدا نایاسایی بوو. لە ئەنجامدا ئارێنت و، دایکی لەلایەن پۆلیسی نهێنی نازییەکانەوە (گێشتاپۆ) دەستگیرکران. هەشت ڕۆژ لە زیندان مانەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەفتەر و نووسینەکانی کۆد کرابوون و، گێشتاپۆ نەیتوانی بیانکاتەوە، ئازادکران تا چاوەڕێی دادگاییکردنیان بکەن.

دوای ڕزگاربوون، ئارێنت و دایکی کە درک بەو مەترسییە دەکەن وا چاوەڕێیان بوو، شەوانە لە ئەڵمانیا هەڵهاتن بۆ ئەوەی بچنە چیکۆسلۆڤاکیا و پراگ و دواتر بە شەمەندەفەر گەیشتنە جنێڤ. کەمێ دوواتر دایکی ئارێنت گەڕایەوە بۆ پروسیا بۆ لای هاوسەرەکەی. هەروەها ئارێنت چووە پاریس بۆ ئەوەی پەیوەندی بکات بە ستێرن و ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی پەنابەرەوە.

ئارێنت ئێستا کۆچبەر، دەربەدەر، بێ دەوڵەت، بێ بەڵگەنامە و پشتی لە ئەڵمانیا و نازییەکان کردووە. زمان نازانێت و لەگەڵ کولتوری ناموی فەرەنسی ناگونجێت و، هەموو ئەمانەش لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە لەسەرهانا کاریگەرییان دەبێت.

لەگەڵ لکاندنی نەمسا بە ئەڵمانیا لەلایەن نازییەکان و لەشکرکێشییان بۆ سەر چیکۆسلۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٣٨، پاریس پڕ بوو لە پەنابەر.

لەم ماوەیەدا ئارێنت لە پاریس چاوی بە شاعیری بەرلینی و فەیلەسوفی مارکسیست هاینریش بلوشەر کەوت. بلوشەر کێ بوو؟ یەکێک بوو لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا (KPD). کاتێک ئارنێت و ستیرن بڕیاریان دا جیاببنەوە، ئارنێت دوای ساڵێک هاوسەرگیری لەگەڵ بلوشەر کرد. ئیسته لەناو چ سالێک داین؟ 1940. لێرە بەدواوە ئەوە ژیانی سیاسی درێژخایەنی بلوشەر بوو کە دەستی کرد به ئاراستەکردن بۆ بیرکردنەوە ئارێنت بەرەو چالاکی سیاسی.

لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ کاتێک ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر فەرەنسا، پارێزگاری سەربازی پاریس بەیاننامەیەکی دەرکرد کە ئاراستەی هەموو "دوژمنە بێگانەکان" بوو کە تەمەنیان لە نێوان ١٧ بۆ ٥٥ ساڵدا بوو. ئێستا ئەم دوژمنانە کێن؟ ئەوانەی کە زۆربەیان جولەکە بوون و لە ئەڵمانیاوە هاتبوون. تا پارێزگاری پاریس، ئەوانەی وا لەم تەمەنەدان، ژن و پیاو بۆ کەمپی جیا بنێرن. بۆیە بلوشەر ڕەوانەی کەمپێک کرا و ئارێنتیش هەروا، بەڵام دایکی ئارێنت کە تەمەنی لە سەرووی ٥٥ ساڵەوە بوو، ڕێگەی پێدرا لە پاریس بمێنێتەوە.

لە ٢٢ی حوزەیران کە فەرەنسا تەسلیم بوو و، ئاگربەست واژۆ کرا، وڵاتەکیان دابەش کرد. ئارێنت لە نووسینەکانیدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن لەو ئاژاوەگێڕییەی کە بەدووایدا هات، توانی لە کەمپەکە دەربچێت. لە لایەکی ترەوە ئەو کەمپەی کە بلوشەر تێیدا بوو بەهۆی پێشڕەوی ئەڵمانیاوە چۆڵکرا و توانی بە پێ هەڵێت. زۆر زوو پەیوەندییان بە دایکی ئارێنتەوە کرد و بەبێ بەڵگەنامەی فەرمی، بەزەحمەت توانیان لە فەرەنسەش هەڵێن. بەم شێوەیە ئارێنت و بلوچەر و مارتا، دایکی ئارێنت، چەند مانگێک پێش داخستنی سنوورەکان بۆ ئەمریکا دەربازبوون.

هەمیشە لە هەر شوێنێک بیت، تەنانەت ئەگەر وەک ئارێنت وڵاتەکەت بەجێبهێڵیت یان ئاوارە ببیت و بە تێچووی هەزاران مەترسی دەریا و زەریاکانت بەزاند و وەک ئارێنت گەیشتیە ئەمریکا و لە خاکێکی بێگانەدا ژیایت، ئەگەر بتوانیت خۆت لەو دونیایەی کە هی تۆیە، بدۆزیتەوە و بەسەر ئەم هەستەی بێ ماڵ و حاڵیدا زاڵ بی، ئەوا لە هەر شوێنێک بیت خۆت لە نیشتماندا دەبینیتەوە، چونکە جیهانت خۆشدەوێت. جا چیتر خراپە ناتوانێت بێ ماڵ و حاڵت بکات!

ئارێنت دەڵێت خراپترین شت کە دەتوانێت بەسەر مرۆڤدا بێت، دەرچوونە لە تۆڕی پەیوەندییەکانی مرۆڤ و بێ دونیایی. ئەمەش بە مانای مردنی سیاسی دێت، واتە کەسێک کە توانای ئەنجامدانی هیچ چالاکێکی نییە و، لە ئەنجامدا ناتوانێت هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئەوانی تردا دروست بکات. کەسێک کە نەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا دروست بکات، ناتوانێت شتێکی هاوبەش لەگەڵ کەسدا بنیات بنێت و ناتوانێت جیهانێک دروست بکات. لەبەر ئەوەی ناتوانێت جیهانێکی هاوبەش دروست بکات، لە گۆشەگیرییەکی کوشندەدا دەژی. کێشەی ئارێنت لە هەموو ژیانیدا ئەوە بوو کە چۆن ئەم جیهانە هاوبەشە بنیات بنێت؟ چۆن دەتوانی لە خراپە خۆت بپارێزری؟

چونکە، ئارێنت دەڵێت هۆلۆکۆست نیشانیداین کە سنووری خراپەکاری دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرفراوان و دوورله بیرکردنەوە بێت. ئێمە تێگەیشتین کە مرۆڤەکان زۆر خراپترن لەوەی بیری لێدەکەینەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێمە وەک مرۆڤ خۆمان "پابەند بە ژیان" دەزانین و بە گوێرەی کانت "بەختەوەر بوون به ئەرکێکی ئەخلاقی" دەزانین، یان ئێمە "پابەندین که دڵخۆش بین". ئارێنت دەڵێت ئەرکی سەر شانمانه جیهان بپارێزین. پاراستنی ئەم دونیایەیش بەبێ خۆشویستنی ئەو پەیوەندییانە و هەوڵدان بۆ زیادکردنیان مومکین نییە. لەڕاستیدا ئارێنت بەم شێوەیە لە چەمکی وشەی مەسیحی "دراوسێکەت خۆش بوێت" تێدەگات و، ڕوونی دەکاتەوە دراوسێ لێرەدا دەتوانێ "هەر مرۆڤێکی تر" بێت. واتە خەمخۆری پاراستنی کۆمەڵگا و ئەو پەیوەندییە مرۆییانە بێت. لەبەردەم ئەو مەترسیانەی کە ڕەنگە هەڕەشە له جیهان بکەن، هەستیاربە و گوێبگرە. هیچ شتێک بە شتێکی ئاسایی مەزانە. هەر ساتێک خراپە دەتوانێت سەرهەڵبدات و، هەموو شتێکی ئەم دونیایە لەناو ببات؛ بۆیە دەبێت لەوە زیاتر کە بیری لێدەکەیتەوە بۆ ئاگاداریکردنی ئەم دونیایە هەوڵبدەیت.

ئارێنت لە پێشەکی کتێبی "مرۆڤ لە سەردەمی تاریکیدا" دەڵێت:

"ئەم باوەڕە کە تەنانەت لە تاریکترین کاتەکانیشدا، مافی خۆمانە چاوەڕوانی تەماشای درەوشانەوەی روناکی بین، دەتوانێت هیوامان پێ ببەخشێت و ڕووناکییەک بێت لەسەر ڕێگامان. بوونی کەسانێک کە لە تاریکیدا ژیان و به خراپه نەدۆڕان و شەڕیان نەویست. بە پێچەوانەوە، ژیان و باشبوونیان ویست، وای لێکردن لە تاریکترین کاتەکاندا بژین و هەڵگری قورسترین ئازارەکانیش بن، بەڵام ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ژیان و بۆدۆزینەوەی پاراستنی پەیوەندییەکان".

ئەو کەسانەی لەم کتێبەدا ژیانیان لەلایەن هانا ئارێنتەوە باسکراوە، ئەو کەسانەن کە بە قووڵی ئازار دەچێژن و ئازاریان پێدەگات، بەڵام تەسلیم بە خراپە نابن. توانیویانە بە قسەکردن و نووسین و بە دروستکردنی وشە، کۆمەڵگایەک پێکبهێنن - کۆمەڵگایەک کە هی خۆیانە! بە بڕوای کانت گرنگ نییە ئەندامانی ئەم "کۆمەڵگە ئەخلاقییە" تا چەند لە ڕووی جەستەییەوە لەیەکتر جیابن، ئەوەندە بەسە باوەڕیان بە بەها هاوبەشەکان هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگایەکدا بن! ئەمانە ئەو کەسانەن کە لە سەختترین کاتەکاندا توانیویانە لە ئیرادەی مرۆڤ بێ هیوا نەبن و نکۆڵی لە بەرپرسیارێتی خۆیان نەکەن! نەچنه دۆخی قوربانییەک! ناچالاکی و بێکرداری پاساو نەدەن و، بە چارەنووسی خۆیان نەزانن. ئەوان ئەو کەسانەن کە توانیویانە لە هەر بارودۆخێکدا چالاکی بکەن، توانیویانە بەرپرسیار بن و بەشێک بن لەو جیهانەی هەم دروستی دەکەن و هەم ئاگایان لێیە.

***

کاتێک لە ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ دایکی و هاوسەرەکەی بلوشەر هاتنە ئەمریکا و، گەیشتنە بەندەری نیویۆرک کەمتر لە ٥٠ دۆلار لە گیرفانیدا بوو. ماوەیەک لە ماڵێکدا وەک خزمەتکار کاری کرد تا فێری زمانی ئینگلیزی بێت. ئەو کەسەی لە خێزانەکەدا ئینگلیزی دەزانی ئارێنت بوو. دوو ژووریان هەیە بۆ ژیان لەگەڵ دایکی هانا. دایکی و هاوسەرەکەی پێکەوە نەدەسازان. ئەمە هەمان ئەو کاتەیە ئارێنت "سەرچاوەی تۆتالیتاریزم" دەنووسێت. گرنگترین کتێبی ئەو. ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە بۆ ئەم کتێبە کردوویەتی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە.

بۆیە کتێبێکی گرنگی دیکە کە هانا ئارێنت بەهۆیەوە زۆر بەناوبانگ بوو، کتێبی "سەرچاوەی تۆتالیتاریزم"ە. تۆتالیتاریزم، ئیدیۆمی سیاسییە بۆ ئاماژەکردن بە یەکێک لە جۆرەکانی پاوانخوازی (بەدووای دەسەڵاتدا گەڕان)کە بە مانای جیاواز بەکاردێت و تیۆری جیاواز لەسەری هەیە. تیۆری هانا ئارێنت سەبارەت بە تۆتالیتاریزم تەنها یەکێکە لەو تیۆریانە و جیاوازە لەوانی تر! بەکورتی ئەگەر بمانەوێت بڵێین ئارێنت تۆتالیتاریزم بە جۆرێک لە حکومەت دەزانێت کە تێیدا "ترس" پرەنسیپی ڕێنمایی و ئاراستەکردنی کردارەکانە! ئەمەش لە سەرەتادا دژ بەیەک دەردەکەوێت، چونکە ترس بەتەواوی بەهۆی نائومێدیەوە دروست دەبێت! هەروەها لە بێتوانایی لە چالاکی و کرداردا! هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەکرێت ترس بە تەواوی دژە سیاسی هەژمار بکرێت. ترس تەنها دەتوانێت بە یەک ڕێگا ئاراستەی چالاکی بکات، ئەوەیش کاتیکه که ببێتە هۆی لەناوچوون. بۆیە هانا ئارێنت پرەنسیپی حکومەتە تۆتالیتارییەکان بە ترس دەزانێت و، ئاڕاستەکەی ڕوو لە لەناوچوون! ئارێنت دەڵێت "باوەڕبوون بە بێدەسەڵاتی خۆ و ترس لە دەسەڵاتی ئەوانی دیکە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناوی دەنێت 'ئیرادەی خۆسەپاندن'. لە حکومەتە تۆتالیتارییەکاندا ئیرادەیەک نییە جگە لە ئیرادەی دەسەڵات. واتە فۆرمێک لە ئیرادەی دەسەڵات هەیە و ئەویش ئیرادەی خۆسەپاندن"ە!

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تیۆری تۆتالیتاریزمی هانا ئارێنت ئەوەیە کە حکومەتە تۆتالیتارییەکان وەک فۆرمێکی نوێی حکومەت دەناسێنیت کە پێشتر بوونی نەبووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​تۆتالیتاریزم بە پچڕانێکی یەکلاکەرەوە لە نەریت دەزانێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە دەڵێت بۆ تێگەیشتن لە تۆتالیتاریزم پێویستمان بە چەمکی نوێ هەیە، چونکە چیتر چەمکە نەریتیەکان ناتوانن ئەم دۆخە نوێیە ڕوون بکەنەوە. تۆتالیتاریزم جۆرێکە لە حکومەتی تاکڕەو، جۆرێکە لە حکومەتی خۆسەپێن، بەڵام جیاوازە لەوانی تر. لەم کتێبەدا جیاوازی نێوان ئەم جۆرە سیستمە تۆتالیتاریانە و جۆرەکانی حکومەتی خۆسەپێن (بۆ نموونە پاشایەتی موتلەق و جۆرەکانی تر)، ڕوون دەکاتەوە. نوسخەی ئەسڵی ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٤٩ تەواو بووە - واتە ٤ ساڵ بەسەر شکستی هیتلەردا تێپەڕیوە و هێشتا ٤ ساڵ تا مردنی ستالین ماوە. چاپی یەکەم کاتێک ئەنجامدرا کە هانا ئارێنت دوای ١٨ ساڵ بێ ڕەگەزنامە توانی ببێتە هاووڵاتییەکی ئەمریکی. ئەم کتێبە یەکەم کتێبی چاپکراوی ئارێنتە. بۆیە وردە وردە کتێبەکە نووسرا و تەرخانکرا بۆ هاوسەرەکەی، هاینریچ بلوشەر. بە تایبەت لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەی زۆر یارمەتی ئارنێتی دا لە پەرەپێدانی بیرۆکە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان.

پێشتر ئارێنت بەشێکی ئەم کتێبەی بە شێوەی وتار بڵاو کردبووەوە، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی بەڵگەنامەی نوێی لە سیستەمی نازی و کۆمۆنیزم، ناچار بوو دەستکاری ناوەڕۆکەکەی بکات، یان فراوانتری بکات. چاپی دووەمی کتێبەکە دوای ٧ ساڵ چاپکرا، بەشەکانی دژە جوولەکە وەک خۆیان مانەوە، بەڵام بەشی تۆتالیتاریزم چاکسازی کرا، ئەمەش وایکرد باشتر لە تیۆری هانا ئارێنت تێبگەین.

کتێبی تۆتالیتاریزم، کۆمەڵە کتێبێکە لە سێ کتێبی: دژە جوولەکە - ئیمپریالیزم - و تۆتالیتاریزم. ئارێنت باوەڕی بە دڵنیایی و دیتەرمینیزمی مێژوویی نییە! دەڵێن، ڕەنگە ناونیشانی "سەرچاوەی تۆتالیتاریزم" ئەوە بگەیەنێت کە ئەوەی لە ئەوروپا ڕوویدا، وەک کۆلۆنیالیزم و دژە جوولەکەگەرایی، بە ناچاری بووە هۆی پیکهاتنی تۆتالیتاریزم! نەخێر! ناچارێک بوونی نییە! ئەگەر لە سەدەی بیستەمدا هەلومەرجەکان جیاواز بووایە، سەرەڕای هەمان کۆلۆنیالیزم و دژە جوولەکەیی، فۆرمێکی جیاوازی حکومەتمان لە ئەڵمانیا و یەکێتی سۆڤیەتدا دەبینی. ئارێنت دەڵێت لەم کتێبەدا "تۆوی تۆتالیتاریزم" نیشان دەدەم نەک "ڕەگ و ڕیشەی". بۆیە دەڵێن ناونیشانی کتێبەکە دەبێت "ڕەسەنایەتی تۆتالیتاریزم" بێت. بە واتای originality of totalitarianism لە جیاتی origins of totalitarianism.

ئارێنت لە وتارەکەیدا کە بۆ چاپی دووەمی ئەم کتێبە پێشکەشی کرد و دەقی هەمان وتاریش لە کتێبێکی دیکەدا کە تاڕادەیەک لەم دواییانەدا بە ناوی "بیرکردنەوە بەبێ پلیکانە" بڵاوکرایەوە، دەڵێت ئەوەی پاڵنەرێک بووە بۆ نووسینی ئەم کتێبە ئەوە بوو کە هەستم دەکرد من ڕووبەڕووی پێکهاتەیەکی ڕوون بوومەوە کە دەبێت دابەشیان کەم بە بەشی هاوشکل، تا لەناو بچن! بەڵام ئەم وێنەیە زۆر بێزاری کردم، چونکە پێم وابوو ئەمە کارێکی مەحاڵە که مێژوو نەک بۆ پاراستن و بیرهێنانەوە، بەڵکو بۆ لەناوبردنی بنووسی! هەربۆیە ئارێنت ئەرکی سەختی نووسینەوەی مێژوویەکی هەڵبژارد کە دەبێت نەمینێت و لەناوببرێت. چونکە لەسەر ئەو حکومەتانە دەنووسێت کە پێویستە لەناوببرێن. دەڵێت دوواجار لەگەڵ خۆمدا ڕێککەوتم و کتێبێکم نووسی کە سیاسییە نەک مێژوویی!

ئارێنت دەڵێت لەم کتێبەدا لە چاویلکەی "ئێستا" سەیری ڕابردووم کردووە. دژە جوولەکە و ئیمپریالیزم ڕەگی تۆتالیتاریزم نین، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە تۆتالیتاریزم ڕوویدا! واتە دوای سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم، ئێستا دەتوانین بڵێین ئەوان هۆکار بوون! بەڵام پێش ئەوە ئیمپریالیزم و دژە جوولەکەیی دەیانتوانی کۆمەڵگا بەرەو ڕێگاکانی تر ببەن، ئەگەری دیکه ش هەبوو! بۆیە تۆتالیتاریزم یەکێک بوو لەو ئەگەرانەی کە لەو فاکتەرانە بەدیهات!

ئارێنت لەم کتێبەدا دوو شت دەکات: یەکێکیان بەڵگەنامەکردنی بەردەوامی تۆتالیتاریزم دەردەبڕێت و، یەکێکیان ئەوەیە هۆکار و نیشانەکانی دەخاته پێش چاومان که بەڵگەی پچڕانێکی مێژوویی گەورە لەگەڵ ڕابردووی خۆیدایه! لوتکەی کتێبەکە لە بەرگی سێیەمدایه. لە هیچ شوێنێکی کتێبەکەدا نابینیت ئارێنت پێناسەی تۆتالیتاریزم بکات، بەڵام هەوڵدەدات جیاوازی نێوان تۆتالیتاریزم و دیکتاتۆری تاک حزبی و جۆرەکانی تری پاوانخوازی و خۆسەپێن ڕوون بکاتەوە. ئەوە نیشان دەدات کە چۆن توانیویانە هەم جەماوەر و هەم نوخبە بەرەو خۆیان ڕابکێشن و هەموو مرۆڤەکان وەک "دوژمنی بابەتیی" objective enemyپێناسە بکەن. تەنانەت ئەگەر هاوڵاتییەکی سەلامەتی بێ روانگای سیاسیش بن! مرۆڤەکان سزا دەدرێن نەک لەبەر تێڕوانینەکانیان، بەڵکو لەبەر ئەندامبوونیان لە گروپێک یان کۆمەڵگایەکدا وەک جولەکەکانی ئەڵمانیای نازی، یان کەسانی سەر بە ڕژێمی پێشوو یان چینێکی دیاریکراوی وەک ئەرستۆکراسی. سەرکردە تۆتالیتارییەکان دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگەی "پلان داڕێژراوی بێ پێکهاتە" بەکاردەهێنن.

ئارێنت لە پێشەکی ئەم کتێبەدا قسەی جاسپەرس وەردەگرێت کە دەڵێت "نە تەسلیم بە ڕابردوو، نە تەسلیم بە داهاتوو!" گرنگ ئەوەیە بە تەواوی لە ئێستادا بمێنێتەوە”. ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە کتێبی "سەرچاوەی تۆتالیتاریزم" دەستی پێدەکات. ئارنێت لەو نامەیەدا بۆ جاسپێرس نووسیویەتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕستەیە زۆر سەرسامی کردووە.

ئارێنت لە پێشەکییەکەیدا ئاماژە بە نەوەیەک دەکات کە لە تەمەنی خۆیدا دوو جەنگی جیهانی بینیوە. دەڵێت ئەم بابەتە بۆ هەمیشە ڕێکخستنی جیهانی گۆڕیوە. دوو دیاردە هەیە کە ئارێنت ئاماژەی پێدەکات، یەکێکیان دیاردەی "بێ ماڵ و حاڵی" و، ئەوی تریان "بێ ڕەگ و ڕیشەیی" کە دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەی کۆچبەری، بۆ پرسی نەبوونی ڕەگەزنامە، مافی پەنابەری، بێبەشکردنی پاراستنی یاسایی وڵاتێک، ئەو پرسانەی کە دوای حکومەتە تۆتالیتارییەکان سەریان هەڵدا. پاشان دەڵێت دوو کۆمەڵە مرۆڤ هەن کە ڕووداوە کارەساتبارەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لەبیر دەکەن: یەکێکیان ئەوانەن کە وەک چارەنووسێکی حەتمی سەیری دەکەن، ئەوی دیکەشیان ئەوانەن خۆیان تەسلیم گەشبینییەکی نابەرپرسانە دەکەن. دەڵێت ئەم کتێبە هەم دژی ئەو گەشبینییە نابەرپرسانە و هەم دژی بێهیوایی نابەرپرسانە نووسراوە. پێی وایە چارەنووس و پێشکەوتن دوو رووی یەک سکەن. دەڵێت دەبێت سەرەتا لە دۆخەکە تێبگەیت. هەرچەندە تێگەیشتنی توڕەییمان لانابات. بە بڕوای ئارێنت تێگەیشتن واتە پشکنینی دۆخەکە و بە ئاگادارییەوە قبوڵکردنی ئەو بارگرانییە کە سەدەی بیستەم لەسەر شانی ئێمەی داناوه. ئارێنت سەبارەت بەم بارگرانییە دەڵێ "نابێ نکۆڵی لە بوونی بکەین، نابێ قورساییەکەشی بە کەم سەیر بکەین. تێگەیشتن واتە ڕووبەڕووبوونەوەی هوشیارانه لەگەڵ هەر شتێکی واقیع!

ئارێنت دەڵێ، پێویستە تێبگەین کە چۆن پرسێکی بچووکی وەک دژە جوولەکەیی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نازیزم و هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی و دروستکردنی کارگەی مەرگ، یان ڕیالیزمی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان دەبێتە هۆی دەربازبوونیان لە واقیع. ئارێنت دەڵێ "سەرکەوتنی تۆتالیتاریزم بە واتای لەناوبردنی مرۆڤایەتییە! تۆتالیتاریزم دەستی بە لەناوبردنی سروشتی مرۆڤ کردووە." هەر بۆیە ناتوانی بیری لێ نەکەیتەوه و پشتی تێکەی، چونکە "وەرگەڕان لە هێزە تێکدەرەکان سوودێکی ئەوتۆی نییە!" ئەگەر ڕاست بێت کە لە کۆتایی تۆتالیتاریزمدا خراپەکاری رەها سەرهەڵدەدات - رەها بەو مانایەی چیتر ناتوانین بۆ هاندانی تێگەیشتنی مرۆڤ بیگەڕێنینەوە. – ئەمەش ڕاستە بەبێ تۆتالیتاریزم، ڕەنگە هەرگیز سروشتی ڕادیکاڵی خراپەمان نەدەزانی.” ئەزموونی تۆتالیتاریزم نیشانی داین کە مرۆڤ چەندە دەتوانێت خراپ بێت. پێشتر هیچ بیرۆکەیەکمان لەم بارەیەوە نەبوو. لانیکەم تۆتالیتاریزم نیشانی داین "خراپەی رەها" یان "خراپەی ڕادیکاڵ" چییە و مرۆڤ تا چ رادەیەک توانای ئەنجامدانی خراپەی هەیە! هانا ئارێنت دەڵێت، پێویستە نەزمێکی نوێ لە جیهاندا بۆ پاراستنی مرۆڤەکان دابنرێت و، سیستەمێکی یاسایی نوێ جێگەی یاساکانی ئێستا بگرێتەوە.


سەرچاوەکان:

۱. کتاب انقلاب نوشته هانا آرنت

۲. کلاب‌هاوس، کلاب آرنت خوانی، اتاق گزارشی از کتاب “خاستگاه‌های توتالیتاریسم” اثر هانا آرنت

۳. کانال یوتیوب هانا آرنت سنتر در باره کتاب انقلاب

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت