موحسین ئەمینزادە

لێرەدا بۆچوونی ئارێنت لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی 'کانت'دایە کە دەڵێت نیشاندان و دەرکەوتن واتە بوون! ئەو کەسەی کە دیارنیه، ونه! تەنانەت ئەگەر لە ڕووی بایۆلۆژیشەوە بوونی هەبێت! ئارێنت دەڵێت ئێمە دەستمان بە جەوهەری شتەکان نەگەیشتووە، ئەوەی دەبینرێت ڕەهەندەکانن، بۆ نموونە ڕەنگی شتێک یان ڕووکارەکەی! بۆیە بە بڕوای ئارێنت، جیهان کۆمەڵێک لەم پەیوەندییە، لەم بوارانەدا، کە ناسنامەی تاکیش دەپارێزێت. ئێمە بە پاراستنی ناسنامەی تاکەکەسی خۆمان، شوناسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدۆزینەوە.

 ئەندێشەکانی هانا ئارێنت (٢)

موحسین ئەمینزادە

ئەوەی ئارێنت هەوڵیدا بیکات ئەوە بوو کە فۆرمول و چوارچێوەیەکی عەلمانی بە قسەکانی ئۆگستین بدات. هەربۆیە چەمکی خۆشەویستی لە ڕوانگەی ئۆگستینەوە لە چەمکە ئایینییەکان جیادەکاتەوە. ئارێنت دەڵێت: "عەشق قورسایی ڕۆحە، لە خۆشەویستیدا سێ رەگەز هەیە: یەکێکیان خۆشەویستە، یەکێکیان ئەو کەسەی که خۆش دەویستریت، ئەوی تریان خودی عەشقە". خۆشەویستی سۆزێک نییە کە لە دڵتدا هەستی پێبکەیت بەرامبەر بە شتێک یان کەسێک، بەڵکو خۆشەویستی جۆرێکە لە کاریگەریی دەروونی کە جێپەنجەی خۆی لەسەر ڕۆحت بەجێدەهێڵێت. ئەو جێپەنجەیە دەگۆڕێت بۆ شتێکی عەقڵانی کە نە خۆشەویستە و، نە ئەو کەسەیه که خۆش دەویستریت، بەڵکو خودی عەشقە. ئەو شتەی دوو خۆشەویست بەیەکەوە دەبەستێتەوە و لە ڕاستیدا ئیرادە بەم شێوەیە دەگۆڕێت بۆ خۆشەویستی و ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەمێنێتەوە، هێزی ئیرادەیە. بە واتایەکی تر ئارێنت دەڵێ خۆشەویستی سەرچاوەیەکی ئەبەدییە کە بە ئیرادەی بەهێزی هەناوت ژیان دەبەخشێت و یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی ئیرادەت هەبێت. کەسێک کە عاشق بێت، کەسێکە کە بە بڕوای ئارنێت ئیرادەیەکی بەهێزی هەیە که له هیچ کەسێکی تردا نادۆزرێتەوە. بەم ئیرادەیە که دەڵێت، خۆشەویستی، دەتوانێت شاخەکان بجوڵێنێت. کەواتە تەنها خۆشەویستییە کە دەتوانێت مانایەکی هەبێت کە عەقڵ بەدەستی نەهێنێت. کام هێنان؟ ئەگەری سەقامگیری و ڕزگاربوون! ئارێنت دەڵێ ئەمە ئەو ڕزگارییە مەزنەیە کە بۆ مرۆڤایەتی مومکینە!

بەم شێوەیە تیۆری خۆشەویستی ئۆگستین لەلایەن هانا ئارێنتەوە بە تەواوی عەلمانی کرا. بەڵام بۆچی خۆشەویستی بۆ ئارنێت ئەوەندە گرنگە؟ چونکە ژیان لای ئەو گرنگە! لای ئارێنت ژیان ڕەسەنایەتی هەیە؛ پیرۆزە. ئەی کێشەی ئارێنت؟ ئەوە بوو کە ژیان و مانەوەی مرۆڤ مومکین نییە، مەگەر بە سیاسەت! سیاسەت ئەوەیە کە یارمەتی بەردەوامی ژیانی مرۆڤ دەدات لەسەر گۆی زەوی.

بۆیە لە ساڵی ١٩٣٠، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەگەڵ گونتەر ستیرن ئاشنا بوو و هاوسەرگیریان کرد، بابەتی لێکۆڵینەوەکانی بە تەواوی لە خۆشەویستییەوە گۆڕا و چووە سەر کێشەی "ئاسیمیلەکردن"ی جولەکەکان لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا، کە بە شێوەیەکی سروشتی پرسێکی سیاسی بوو کە لە منداڵییەوە ناوبەناو یەخەی دەگرت. هۆکاری گۆڕینی ئەم بابەته لە خۆشەویستییەوە، سێبەری قورسی هایدگەر (ڕاهێنەری ستێرن) بوو لەسەر پەیوەندییەکەی نێوانیان. بۆیە ئارێنت بڕیاریدا برنامەکەی بگۆڕێت. لێرە بەدواوە نووسین و بیرکردنەوەکانی ئارێنت وردە وردە ڕەنگ و بۆنی زانستی سیاسی وەردەگرن. بەڵام هەرگیز وەک دایک و باوکی بیری چەپگەرایی نەبووە، بەڵکو تەنها ویستویەتی چالاکوانێکی سیاسی جوولەکە بێت. با پەلە نەکەین! لە کوێیا بووین؟ بۆیە ئارێنت دەیوت "ژیانی مرۆڤ و مانەوەی لە ڕێگەی سیاسەتەوە نەبێت، مومکین نییە"!

بە بڕوای ئارێنت، سیاسەت پێناسەیەکی تایبەتی هەیە. ئارێنت دەڵێ سیاسەت ئامرازێکە کە یارمەتیمان دەدات لە ژیانی سروشتی و سەرەتایی خۆمان دەربچین و بگەینە پێگەی مەدەنی!

باری شارستانی کاتێکە کە بتوانین لە کەسێکی ڕەوەیی بگۆڕین بۆ کەسێکی کۆمەڵایەتی - واتە دەتوانین کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین! پێناسەی خۆمان بکەین وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا، ئەندامی ڕێکخراوێکی مەدەنی بە ناوی کۆمەڵگە! مرۆڤەکان دەتوانن بە ئازادی لە شوێنانەی کە پێیان دەوترێت "فەزای گشتی" کۆببنەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. ئارێنت ئەمە بە سیاسەت ناو دەبات.

ئەرستۆ دەڵێت "سیاسەت هونەری پێکەوە ژیانە". ئەو مرۆڤ وەک ئاژەڵێکی سیاسی پێناسە دەکات. بەو مانایەی مرۆڤ بەبێ سیاسەت ناتوانێت بژی! تاکە شتێک کە یارمەتیمان دەدات لە ژیاندا بژین، ژیانە لە کۆمەڵگادا! ئەگەر کۆمەڵگا بوونی نەبێت مرۆڤ لە بەرامبەر مەترسیە سروشتییەکان و ئەو مەترسیانەی کە لە مرۆڤەکانی ترەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەناو دەچێت! وەک چۆن ئەم وتە بەناوبانگەمان لە هۆبز و 'یۆنگ'مان بیستووە که "مرۆڤ دەبێتە گورگی مرۆڤ "! بەو مانایەی ئەگەر کۆمەڵگا نەبێت، مرۆڤەکان خۆیان یەکتر لەناو دەبەن! (ئەگەر لەبارەی تاقیکردنەوەکانی زانکۆی ستانفۆردەوە بزانن، کتێبەکەی لوسیفەر) هیچ سنوورێکیان نییە بۆ توندوتیژیی دژ بە یەکتر. هەر کۆمەڵگایەک وا دەکات توندوتیژی سنووردار بکرێت و، ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار بکرێت و خەڵک بتوانن درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن.

سیاسەت بە واتای "ئەگەری بەشداری چالاکانە و ئازادانە لە "دۆمەینی گشتی" بۆ دیاریکردنی بەکۆمەڵ چارەنووسی هاوبەش". هەر بۆیە ئارێنت دەڵێت هەر شتێکی گشتی و باو گرنگە! چونکە ڕەگی وشەی community بە واتای کۆمەڵگا، لە وشەی " common"ەوە ، بە واتای "باو" هاتووە! هەر لەبەر ئەمەشە هەموو "شتێکی باو" - وەک "چاکەی گشتی" یان "چاکەیەکی به کومەل"، "هەستی گشتی"، "تێگەیشتنی هاوبەش" و ئەمانه - لە "کۆمەڵگە"دا گرنگە، چونکە بنەمای پێکهاتنی کۆمەڵگایە! ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆمەڵگایەک کە هەستی گشتی و تێگەیشتنێکی هاوبەشی تێدا نەبێت، یان "چاکەیەکی گشتی" لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگاوە قبوڵکراو نەبێت، ناتوانێت بەردەوام بێت.

ئەمانه بۆ ئارنێت گرنگن. هانا ئارێنت تەمەنێکی بەسەر برد لە بیرکردنەوە لەوەی چۆن پاسەوانی و پاراستنیان بکات!

شەڕ، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، هەموو ئەوروپا و جیهانی سووتاند - بەهۆی ئایدۆلۆژیا و سیستمە تۆتالیتارییەکانەوە- دژە کۆمەڵگایە. ئامانجی تۆتالیتاریزم جیاکردنەوەی مرۆڤەکانە لە یەکتره! هەموو هاوڵاتییەک بکا بە مرۆڤێکی تەنیا! کەسێکی تەنیا، کەسێکی بێدەسەڵات و بێ بەرگری. بە ئاسانی دەتوانیت هەرچییەکت بوێت لەگەڵ کەسێکی بێ بەرگریدا بیکەیت. مرۆڤی بێ دیفاع بە ئاسانی دەکری مرۆڤایەتی خۆی لێ بسەندرێتەوە! وە ئەو مرۆڤایەتییەی کە لەناو خۆیدایە لەناوببریت! هەر بۆیە تەواوی میکانیزمی ماشێنی تۆتالیتاریزم ئەوەیە کە چۆن کۆمەڵگایەک دروست بکرێت کە "جەماوەری" بێت؟ لە کۆمەڵگایەکی جەماوەریدا مرۆڤی تەنیای زۆرمان هەیە، ئەوەی هەموویان لیی هاوبەشن تەنیایی! گۆشەگیری و دورکه وتنه وه یه! هەموو فۆرمەکانی هاو شێوەن! وە تاکە شتێک کە بوونی هەیە پەیوەندی ئەوانە لەگەڵ سەرکردەی تۆتالیتار! پێویستە هەموو کەسێک گوێڕایەڵی ئەو "برا گەورەیە" بێت. ئەم گوێڕایەڵییە ئەرکی هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگایە! بەڵام نابێ خەڵکی کۆمەڵگا پەیوەندییەکی سەربەخۆ لە سیستەمی تۆتالیتاری هەبێت، بەهۆی ئەمەشەوە، هەر جۆرە ڕێکخراوێک، هەر ڕێکخراوێک کە سەربەخۆ لە سەرپەرشتی و کۆنترۆڵکردنی سیستەمی تۆتالیتاری بنیات نراو و بوونی هەبی، دەتوانرێت بە هەڕەشە و مەترسییەکی ئەگەری(بالقوه) و تەنانەت مەترسییەکی ڕاستەقینەش (بالفعل) هەژمار بکرێت. هەر بۆیە دەبێت لەناوببرێت! بۆیە پێویستە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بشکێنرێت و، مرۆڤەکان تەنها لەو چوارچێوەیەدا کە سیستەمی تۆتالیتاری دەیەوێت قسە و پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بکەن.

بۆیە کارەساتی تۆتالیتاریزم، لە سەدەی بیستەمدا، جگە لەوەی کە بووە هۆی مردنی ملیۆنان کەس، ئەوانەیشی لە ژیاندا بوون کردە کۆمەڵێکی "تەنها"! بەم شێوازە بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆمەڵگای چەوساندەوە. بەڵام بۆ هانا ئارێنت خاڵی پێچەوانە گرنگە: "چۆن دەتوانرێت بەرگری لە کۆمەڵگا بکرێت؟" چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەم کارەسات و مەترسیانە بپارێزرێت؟ بە بڕوای هانا ئارێنت، تاکە ڕێگە بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگا و بۆ مانەوەی کۆمەڵگا، لە ڕێگەی چالاکی سیاسییەوەیە!

چالاکی بەو مانایەی ئارێنت مەبەستییەتی ئەوە نیە مرۆڤ دەتوانێت کردەی جۆراوجۆر ئەنجام بدات. بۆ وێنە خواردن بخوات، ئارەزووی سێکسی خۆی تێر بکات و... هتد. ئەمە چالاکی نییە. ئەمانە ئەو کردانەن ئێمە ئەنجامی دەدەین، ئاژەڵەکانیش ئەنجامی دەدەن. ئەگەر شتێک بۆ کۆمەڵگا بکەیت ئەوە بە چالاکی دادەنرێت، بۆ چاکەی گشتی، لە ناوچەی گشتیدا، بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەوانی تر و بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هاوبەش بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ ئەوانی تر. ئەمە بە چالاکی دادەنرێت. چونکە ئامرازێک نییە بۆ ئامانجی تر. خۆی ئامانجە! هەربۆیە بە چالاکی دادەنرێت. ئامانجمان لە بنیاتنانی کۆمەڵگا چییە؟ مەبەست لە پاراستنی کۆمەڵگا چییە؟ هیچ، کۆمەڵگا خۆی ئامانجە! کۆمەڵگا خۆی ئایدیاڵ و ئامانجە. هیچ شتێک بۆ کۆمەڵگا نییە، بەهۆیەوە دەمانەوێت کۆمەڵگا بپارێزین! کۆمەڵگا خزمەت بە هیچ شتێک ناکات! هەمووی لە خزمەت کۆمەڵگادایە! بۆیە بە گوێرەی ئارێنت چالاکی بە واتای چالاکیی سیاسییە!

هەروەها دەڵێ زۆر گرنگە ئەگەرەکان که بۆ چالاکی هەیه بدۆزینەوە. لە سیستەمی تۆتالیتاریدا ئەگەری چالاکی نامێنێت، یان زۆر سنووردارە. خەڵک بەزەحمەت دەتوانن ئەگەری "چالاکی ئازاد" و "دەرفەتی یەکسان لەگەڵ ئەوانی دیکە" بدۆزنەوە. کاتێک دەڵێین شوێنی گشتی، مەبەستمان ئەو شوێنەیە ئەم چالاکیانە تێیدا ئەنجام دەدرێن. ئەمە دوو لایەنی هەیە: وەک شوێنە فیزیکیەکان (کۆمەڵە جۆراوجۆرەکان، ڕێکخراوە بازرگانی و مەدەنییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان و...)؛ یەکێکی تریش، ئەوەیە کە زۆر گرنگە بتوانیت شوێنێکت هەبێت، خەڵکی تر لەوێ ببینیت، قسە بکەیت، پێکەوە بیربکەیتەوە و بەشداری بکەیت لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆت. لە سیستەمی تۆتالیتاریدا شوێنەکە قۆرخ دەکرێت. شتێکی زۆر باو لە سیستەمی تۆتالیتاریدا ئەوەیە سیستەم ڕێگە بە خۆی دەدات بە بەردەوامی دەست بەسەر شوێنەکاندا بگرێت. مافی دەستبەسەرداگرتنی هەیە! (هەمان شت کە فرێدریک باستیا لە کتێبی "یاسا"دا بە "داگیرکردنی یاسایی" ناوی بردووە!) بۆیە سیستمە تۆتالیتاریەکان ئەمە بە مافی خۆیان دەزانن کە خەڵک لە هەبوونی شوێنێک بێبەش بکەن.

دەبینیت شوێنەکان هەموویان لەلایەن حکومەتەوە داگیرکراون، وەک جۆرج ئۆروێڵ و ئاڵدۆس هاکسلی وتوویانە شاشەی تەلەفزیۆنەکان دوولایەنەن بۆ ئەوەی حکومەت کۆنترۆڵ و چاودێری بکات. شوێنێک نییە چاوی چاودێری و کامێرای تۆقاندنی ڕژیم تێدا نەبێت. کۆبوونەوە، پێکەوەبوون و داگیرکردنی شوێنی گشتی هەموو ماف و ئیرادەی حکومەتە. بۆیە شوێنی گشتی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی سیستمە تۆتالیتارییەکاندایە! بەم شێوەیە هاوڵاتیان لە هەبوونی شوێنی گشتی بێبەش دەکرێن.

بەڵام شوێنی گشتی تەنیا فیزیکی نییە. لایەنێکی فیزیکییە، بە واتای place. لایەنێکی تری space، واتە ئەو فەزایەیە کە لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە! ئەم فەزایە فەزایەکی بەرجەستە نییە، فەزایەکە مرۆڤەکان لە ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ یەکترەوە دروستی دەکەن! بۆیە لەم فەزایەدا "قسەکردن" ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕێت! وەک چۆن من کتێبێک دەنووسم و تۆ دەیخوێنیتەوە، بەم شێوەیە پەیوەندییەک لە نێوان نووسەر و خوێنەردا دروست دەبێت. ئەم پەیوەندییە ئیتر فیزیکی نییە، مەجازییە! بەڵام لە ڕێگەی "وشە"ەوە دامەزراوە و مرۆڤەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەتوانین "قسە" لەگەڵ یەکتر بکەین، دەتوانین یەکتر لە ئازار و ناخۆشیەکانمان ئاگادار بکەینەوە. ئەم پەیوەندییەی نێوان مرۆڤەکان فەزایەک دروست دەکات کە هانا ئارێنت ناوی دەنێ شوێنی گشتی.

هۆڵێک بیهێنە بەرچاو کە فەزای گشتی بێت. پێویستە ئەم هۆڵە ڕووناک بکرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک یەکتر ببینن. لە تاریکییەکی ڕەهادا ناتوانن یەکتر ببینن، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی جەستەییەوە لە یەکترەوە نزیک بن. بۆیە پێویستە گڵۆپەکانی شوێنی گشتی داگیرسێن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان یەکتر ببینن و، پەیوەندییەکە مانای هەبێت. حکومەتی تۆتالیتار هێزێکی زۆرەملێیە کە ئەگەری کوژاندنەوەی گڵۆپی فەزای گشتی هەیە، بۆ ئەوەی خەڵک نەتوانن یەکتر ببینن. من و تۆ لە یەک شار و شوێن و تەنانەت لە یەک بیناشدا دەژین، بەڵام هیچ هەواڵ و زانیارییکم لەسەر تۆ نییە. نازانم برسی بووی و خەوتبووی، یان باشیت. هیچ هەواڵێکم لەسەر ژیانی تۆ نییە. ئەمەش ئەوەیە کە لە سیستەمێکی تۆتالیتاریدا مرۆڤەکان وا دەردەکەون لە یەک شوێن و لە وەڵاتیکدا و خاکەکەیدان، بەڵام بە یەکتری نامۆن. چونکە گڵۆپی شوێنی گشتی کوژاوەتەوە و، کەس کەس نابینێت. لە شوێنی گشتیدا کۆبوونەوە گرنگە. مرۆڤەکان دەبێ بتوانن یەکتر ببینن و، بۆ یەکتر دەربکەون. من دەبێ بتوانم خۆم پیشانت بدەم، دەنگی خۆم بە تۆ بگەیەنم، تۆش بتوانی هەست بە بوونی من بکەیت. بەم مانایە، شوێنی گشتی، شوێنی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی هەستەکانە. هانا ئارێنت دەڵێ ئەگەر نەتوانم خۆم بۆ ئێوە نیشان بدەم و، دەرکەوم لە ڕووی سیاسییەوە بوونم نیه. من لە شوێنی گشتیدا ونم.

لێرەدا بۆچوونی ئارێنت لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی 'کانت'دایە کە دەڵێت نیشاندان و دەرکەوتن واتە بوون! ئەو کەسەی کە دیارنیه، ونه! تەنانەت ئەگەر لە ڕووی بایۆلۆژیشەوە بوونی هەبێت! ئارێنت دەڵێت ئێمە دەستمان بە جەوهەری شتەکان نەگەیشتووە، ئەوەی دەبینرێت ڕەهەندەکانن، بۆ نموونە ڕەنگی شتێک یان ڕووکارەکەی! بۆیە بە بڕوای ئارێنت، جیهان کۆمەڵێک لەم پەیوەندییە، لەم بوارانەدا، کە ناسنامەی تاکیش دەپارێزێت. ئێمە بە پاراستنی ناسنامەی تاکەکەسی خۆمان، شوناسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدۆزینەوە.

سەرچاوەکان:

۱. کتاب انقلاب نوشته هانا آرنت

۲. کلاب‌هاوس، کلاب آرنت خوانی، اتاق گزارشی از کتاب “خاستگاه‌های توتالیتاریسم” اثر هانا آرنت

۳. کانال یوتیوب هانا آرنت سنتر در باره کتاب انقلاب

درێژەی هەیە...

 

گەڕان بۆ بابەت