شرۆڤە

جێگۆڕکێی دال و مەدلول

ئارام سدیق

ئەگەر بە کورتی لەسەر تایبەتمەندی ھایکۆ بدوێین شیعری ھایکۆ، لەو شیعرانەیە، کە لە ١٧ بڕگە پێکھاتووە و بنەمای ناوەڕۆکەکەی سروشتە. ئەو دوو بنەما سەرەکییەیە کە ھایکۆی پێدەناسرێتەوە. ئەم ئەزموونەی موتەڵیب لەگەڵ ئەوەی بنەمای ناوەڕۆکەکەی سروشتە، بەڵام سەد لە سەد (بەتەواوی) پەیڕەوی لە بەکاربردنی ١٧ بڕگەیی نەکردووە، ھەر بۆیە لەمەدا شاعیر کورتی ھێناوە، بەڵام لاموایە دەکرێت فۆرمی ھایکۆی کوردی فۆرمێکی نوێ بێت و ئەوەندە بەو رێسایانەوە خۆی بەند نەکات. 

 

جێگۆڕکێی دال و مەدلول

لە کتێبی "لەبەر با، لەبەر باران"ی عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

ئارام سدیق

 

سەرەتا

پرسیاری ئەوەی شیعر و شاعیر چۆن کۆدەبنەوە؟ پرسیارێکە بەردەوام بیری لێدەکەمەوە و ھەر کە کتێبێکی شیعری شاعیرێک دەخوێنمەوە پاش ئەوە ناتوانم سەرنج لە ژیانی ئەو شاعیرە نەدەم. ھەرچەندە ئەگەر بمەوێت لەسەر بەرھەمی نووسەر، یان شاعیرێک بنووسم ژیانی لەبەرچاو ناگرم و ھەوڵی ئەوە دەدەم، کە دەقەکە بخوێنمەوە نەک نووسەر، بەڵام بۆم گرنگە بزانم شاعیران شاعیرانە دەژین، یان خاوەنی ژیانێکی ترن لە دەرەوەی تێکستەکان. لەم چەند ساڵەدا، کە سەرقاڵی خوێندنەوەی بەرھەمی شاعیران و نووسەران بووم بەر سێ جۆر نووسەر و شاعیر کەوتووم، کە رەنگە جۆری تریش ھەبێت و من پەیم پێ نەبردبێ. جۆری یەکەم ئەوانەن، کە نووسین و ژیانیان وەکو یەکە و دەتوانیت لەرێی نووسینەکانیانەوە خۆشیان بناسیت. واتە ئەو ھێمنیەی لە دەقی شاعیرێکدا بەدی دەکەین لە ژیانیشدا بەھەمان شێوە دەیدۆزینەوە و بەری دەکەوین. بەڵام جۆری دووەم ئەو شاعیرانەن، کە لە دەرەوەی تێکستەکانیان دەژین. تێکستەکان لە مەملەکەتێکن و خۆشیان لە مەملەکەتێکی تر. ھەرچی جۆری سێیەمیشە، کە بەلای منەوە سەیرترین جۆرە ئەوانەن کە خاوەنی زۆرترین ماسکن. لەم جۆردا نووسین لە شوێنێکە و شاعیر، یان نووسەر لە دەیان جێگا. واتە نووسەر یاریکەرێکی شارەزایە و ھەر رۆژە و لەسەر پەتێک یاری خۆی دەکات و شیعر و نووسینەکانیشی دونیایەکن دوور و نزیک پەیوەندییان بە ژیانی شەخسی (شاعیر/ نووسەر)ەوە نییە.

من لێرەدا نامەوێت حوکمی ئەوە بدەم، کە کام لەو شاعیر و نووسەرانە باشن و لای من پەسەندن، چونکە ئەمە کاری ئەم نووسینە نییە، تەنھا ویستم لەم سەرەتایەوە دەروازەیەک بکەمەوە بۆ قسەکردن لەسەر یەکێک لەو شاعیرانەی کە من بە راستگۆییەوە دەیبینم و دەیخوێنمەوە. خۆیشی زۆرجار لەبەرچاومدا دەبێتە تێکستێک. بە جۆرێک رستە و وشە و پیتەکان پێکەوە وێنەیەکی گەشی ئەم مرۆڤە دەکێشن، ئەو شاعیرە (عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا)یە. شاعیرێتی موتەلیب لە جۆری یەکەمە و ئاوێزانە لەگەڵ ئەو وشانەی دەینووسێت. بە جۆرێک خوێنەر بە وردبوونەوە لە وشەکان ھەست بە بەشێک لە رۆحی ھێمنی ئەم شاعیرە دەکات.

ئەم نووسینە ھەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی دوا کتێبی شیعریی ئەم شاعیرە بەناونیشانی  "لەبەر با، لەبەر باران"، کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وێژەیی ھەولێرەوە چاپ و بڵاوکرایەوە.

 

رەگەزی ناونیشان

سەرەتا دەمەوێت سەرنج لە رەگەزی ناونیشان بدەم لای عەبدولموتەڵیب، چونکە یەکێکە لە رەگەزە گرنگ و کاریگەرەکانی تێکستەکانی ئەم شاعیرە و ئەو بە گرنگییەوە ئەم رەگەزەی بەکار بردووە. ناونیشان دەستەواژەیەکی زمانەوانی سیمیولۆجیە بە زۆری لەسەرەتای دەقدایە، وەزیفەی دیاریکردن و واتاو ناوەڕۆکی ھەیە، وەزیفەیەکی ئاماژەپێدەری ھەیە لە کاتی گەیشتن بە دەق و چێژ وەرگرتن پێی و بە قبوڵکردن و کارلێککردن.

توێژەری عەرەبی "د. جەمیل حەمداوی" لەبارەی پێناسە و گرنگی ناونیشانەوە دەڵێت: "ناونیشان لە گرنگترین توخمەکانی دەقی تەریب و پاشکۆ ناوخۆییەکانی دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی کە دەروازەیەکی بنچینەییە لە خوێندنەوەی داھێنانی ئەدەبی و خەیاڵکردن بە شێوەیەکی گشتی و چیرۆکبێژی بە شێوەیەکی تایبەتی، ھەروەھا ئاشکرایە کە ناونیشان پلەی بایەخداری سەرەتای دەق و ئاماژەی یەکەمیەتی، نیشانەیەکە کە نوسراو، یان دەق ناو لێ دەنێت و  لە غەیری خۆی جیای دەکاتەوە، ھەروەھا ناونیشان لەو توخمانەیە، کە پەیوەستە بە دەقی سەرەکی و لەگەڵ پەراوێزو پێشەکی وەرگیراوەکان و بەڵگە وێنەییەکان". ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لە کۆندا ھیچ گرنگییەکی ئەو تۆ بە رەگەزی ناونیشان نەدەدرا، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکاندا ناونیشان بایەخی خۆی پەیدا کرد و ساڵانە چەندین لێکۆڵینەوەی جۆراو جۆری پەیوەست بەم رەگەزە گرنگ و سەرەکییەی دەق ئەنجام دەدرێت. بەڵام تا ئێستاش وەکو پێویست لەنێو ئەدەبی کوردییدا بە گرنگییەوە لەم رەگەزە نەڕوانراوە و ھاوکات لای توێژەرانیش نەبۆتە جێگەی باس و توێژینەوە. وەلێ لای عەربدولموتەڵیب ھەست بەوە دەکرێت، کە بە گرنگییەوە لەم رەگەزەی روانیوە و ناونیشان تاڕادەیەک وەکو دەروازەیەکی گرنگ و رێنیشاندەرێکە بۆ دەق، بەتایبەت لەم کتێبە شیعرییەی دەمانەوێت لەبارەیەوە بدوێین.

"لەبەر با، لەبەر باران"، ناونیشانێکە خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی. بەو پێیە لەنێو سەرجەم تێکستە شیعرییەکانی ئەم کتێبەدا (با و باران) دوو ڕەگەزی بەردەوام و بەکاربراو و کارلێککراوی نێو جیھانە شیعرییە خولقێنراوەکەی موتەڵیبن. بە جۆرێک ئەگەر لە ناونیشانی شیعرەکان وردبینەوە دەبینین، کە ئامادەیی و بەرکەوتنەکانی ئەم دوو رەگەزە لەگەڵ یەکتریدا زۆر زۆرە و کۆی دیوانە شیعرییەکەش تەرخانە بۆ فۆرم و وێنە جیاوازەکانی ئەم دوو رەگەزە، یان نمایشە بەردەوام و سەرسوڕھێنەرەکانی ئەم دوو پێکھاتەیەی سروشت. واتە ناونیشان لەم تێکستە شیعریانەی موتەڵیبدا بە توندی بە دەقەوە گرێدراون و دەق بە ناونیشانەکانەوە خۆی تەواو دەکات. واتە جیاواز لەو دەقانەی دەتوانرێت بەبێ ناونیشانیش بوونی خۆی بپارێزێت. بەڵام شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە ناتوانن بەبێ ناونیشانەکانیان خۆیان تەواو بکەن. 

 

بەرەو شیعری مینیماڵی

شیعر یەکێکە لەو ژانرە ئەدەبیانەی کە بە زوویی بە گۆڕانکارییەکان کاریگەر دەبێت. ھەر لێرەشەوە کە دونیای نوێ و دەرکەوتەکانی ئەم دونیایە تا دێت زیاتر کاریگەریی لەسەر ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی دروست دەکات و رۆژ دوای رۆژ ئەو کاریگەریانەش لەسەر ھەموو کایەکانی ژیانمان بە ئەدەبیشەوە رەنگدەداتەوە. شیعر زمانی گوزارشتکردنی ھەنووکەییە و لە ھەر سەردەمێکدا زمان و فۆرمی ئەو سەردەمە لەگەڵ خۆیدا دادەھێنێت و خۆی لەگەڵدا دەگونجێنێت. بۆیە شیعری نوێ گرێدراوی دونیای نوێ و مۆدێرنەیە و موفرەدەکانی ئەم دونیایەش راستەوخۆی و ناڕاستەوخۆ لە ھەناویدا دەتوێنێتەوە.

شیعری نوێ لە ھەوڵی ھەنگاوناندایە بۆ مینیماڵبوونەوە و کورتکردنەوەی دەربڕین و ھاوکات نزیکبوونەوە لە شیعری نانۆ. جان بارت لەبارەی ئەدەبی مینیماڵەوە دەڵێت: "زمان بۆ زۆر بڵێی نییە، بەڵکو کەرەستەیەکە بۆ نیشاندان، تا خوێنەر بەسەرھاتەکان بە چاوی خۆی ببینێت. نووسین واتە بینین و کاری نووسەریش وێناکردنی ئەو بینینانەیە". نووسینی مینیماڵی لەگەڵ ئەوەی بە گەڕانەوە بۆ پێشینە مێژووییەکانی لە دایکبووی سەردەمی مۆدێرنە نییە، بەڵام گەشەسەندن و بەربڵاوبوونەوەی بە شێوەیەکی فراوان لەدایکبووی سەردەمی مۆدێرنە و دونیای پڕ جەنجاڵیەکەیەتی. مینیماڵیزم لە ئەدەبیاتدا شێوازێکی نوێیە، کە لەسەر بنەمای کورتکردنەوەیەکی لە رادەبەدەر بونیاد دەنرێت و کە کاکڵی دەق پیشانی خوێنەر دەدرێت، واتە لە کورتکردنەوەدا ئەوەندە دەستداگیریی دەکرێت، کە تەنھا وشە پێویست و زۆر گرنگەکان دەنوسرێت و چڕکردنەوەی رستە و وشە تا گەیشتن بە رۆحی وشە.

لە کتێبی بونیاتی زمانی شیعرییی ھاوچەرخدا د. ئازاد ئەحمەد مەحمود دەڵێت: لە زانستی شێوازی رەخنەی ھاوچەرخدا، قەسیدە تا کورت تر و چڕتر بێت، زمانی شیعریی بۆ دۆزینەوەی چەقی واتا و ئاشکرابوون بێ ئەرکتر دەبێت. تێکستی شیعری کورت لە بەراییدا، ماوەیەکی سنووردار بۆ چالاکی خۆی دەستنیشان دەکات، پاش لە دایکبوونی لە ئاقارێکی بچووک و تایبەتدا زمانی شیعر دەلالەت و ئیستاتیکای خۆی ئاشکرا دەکات.

دواتر باس لەوەش دەکات، کە لە چەمکی قەسیدەی کورتدا، وشە بەپەلە مانا دەبەخشێ و وێنەش بە خێرایی بەرەو رەمز دەڕوات بابەتەکانیش لەناو سیستمی خۆیان ناواخنی دەلالەت دەکەن. لە قەسیدەی کورتدا زمانی شیعر جووڵەیەکی خێرا و ئەندازەیی رووە و واتا دەبێت، زۆرجاریش چییەتی دەقەکە، بە چەند وێنەیەکی ئاسۆیی رێک خۆی ئاشکرا دەکات. زۆرجارانیش مانای گەورە و فراوان لە دوای وشەدا دەبێت. واتە لێرەدا زمانی شیعر چالاکییەکی دوو جەمسەری ھەیە. یەکەم شێوازی کورت و چڕ. دووەم: لە دەلالەتدا واتای فراوان و بەربڵاو دەبەخشێت.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کتێبی "لەبەر با، لەبەر باران"ی موتەڵیب کە لە بەرھەمەکانی تری جیای دەکاتەوە ئەوەیە کە تێستەکانی نێو ئەم کتێبە کە ١٢ تێکستە بە ھەناسەی مینیماڵی نووسراون، یان رەنگە دروسترە بڵێین بە ھەناسەی "نانۆ شیعر" نووسراون. ئەگەر سەرنج لە کتێبە شیعرییەکەی پێشتری شاعیر بدەین کە لە ساڵی ٢٠١٠دا بەناونیشانی "میوانی ئاو" بڵاوی کردۆتەوە دەبینین گۆڕانکارییەکی زۆر لە فۆرمی شیعری ئەم شاعیرەدا بەدی دەکەین بە شێوەیەک کە فەزای مینیماڵیزم بەتەواوەتی بەسەر کتێبی "لەبەر با، لەبەر باران" زاڵە و ھاوکات ھەست بە چڕکردنەوەی بیرۆکە و وشە و رستەکان دەکەین. بە جۆرێک تا دوا ئاست شاعیر ھەوڵی داوە وشەکان بگوشێت تا خوێنەر بەر رۆحی وشەکان بکەوێت. ھەر بۆیە دەکرێت ئەم ئەزموونە نوێیەی موتەڵیب وەکو ئەزموونێکی شیعری مینیماڵی، یان "نانۆ شیعر" سەیر بکەین. بەڵام مینیماڵگەلێک کە درێژکراوەی ئەزموونەکانی پێشووتری شاعیرە و کارکردنە لەو دونیا تایبەتە شیعرییەی کە شاعیر لە ٢٠ ساڵی رابردوودا کاری لەسەر کردووە. بە گشتی ئەگەرچی موتەڵیب فۆرم و کەرەستەی نوێی بۆ گوزارشتکردن دۆزیوەتەوە، بەڵام دونیای شیعری ھەر درێژکراوەی ئەو ئەزموونەیە کە پێشتریش کاری لەسەر کردووە.

 

جێگۆڕکێی دالەکان و مەدلولەکان

زمان وەکو دەسەڵاتێک و دیاردەیەکی ھونەری لە شیعری ھاوچەرخدا بە وێنەی بنەمایەک و ھەبوونێکی نوێ بەرچاو دەکەوێت. ئەدۆنیس لە کتێبی زەمەنی شیعردا دان بەوەدا دەنێت، کە خۆی لێڵی دەکاتە کۆڵەگەی پەیامی شیعریی و دەسەڵاتەکەشی بۆ لادانی زمانی شیعر دەگەڕێنێتەوە و خوێنەر لە بەرامبەر نەگەیشتن بە ئاستی دەلالەت دەربڕین بەرپرس دەکات. لە دواتر دا ئەدۆنیس دەڵێت: زمانی شیعر زمانی رەمزە و پێویستە لە روونی دوور بکەوێتەوە، بۆ بەدەستھێنانی واتاش، پێویستە خوێنەر ئاستی رووناکبیریی و ھونەری بەرز بێت.

ئەگەر سەرنج لەم کتێبە شیعرییەی موتەڵیب بدەین دەبینین رەمز بە شێوەیەکی تۆکمە و بە وریاییەوە کاری لەسەر کراوە و ھاوکاتیش زمان تا ئاستێکی زۆر چڕکراوەتەوە و کار بۆ گوشینی رستەکان کراوە بۆ ئەوەی لە کەمترین وشەدا وێنە بگەیەنن و وێناە شتەکان بکەن. ئەگەرچی ھەست بە سادەبوونەوە و سادەکردنەوەی وێنەکان دەکرێت، بەڵام شاعیر بە تەواوەتی و بەڕوونی واتا بە دەستەوە نادات، بەڵکو چنگخستنی واتا بۆ خوێنەر بە جێدەھێڵێت، کە ئەم جۆرە کارکردنەش موتەڵیب بە ئەدۆنیسەوە دەبەستێتەوە، کە ئەویش دەخوازێت ئاستی ھونەری و رووناکبیری خوێنەر بەرز بێت بۆ ئەوەی بە واتای شیعر بگات.

ھایدگەر لە کتێبی بوون و کاتدا باس لەوە دەکات کە ھێما (دال) ئەو شتە نییە لە پەیوەندی نیشانەکردندا بە شتێکی دیکەوە بەسترا بێت، بەڵکو ئامێرێکە ئاشکرا ھەموو لایەنی بابەت لەنێو تەماشاکردنی دەوروبەرماندا بەرجەستە دەکات و لەگەڵ خەسڵەتی جیھانێتی بابەتی بەردەستدا بانگەشە بۆ بوونی خۆی دەکات. بەپێی خوێندنەوەکەی ھایدگەر بۆ دال دەبینین ھەموو دالێک ئەگەر گوزارشتکەریش بێت لە حاڵەتێک، یان ھێما بێت بۆ شتگەلێکی تر، بەڵام دواجار بانگەشەش بۆ بوونی خۆی دەکات و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە خۆنمایشکردندایە. لای موتەڵیب ھەردوو بەکاربراوی سەرەکی کە (با، باران)ن، لەگەڵ ئەوەی ھێمان بۆ زۆر لایەنی ژیان و بوون. بەڵام ھاوکات داماڵراو نین لەوەی بانگەشە بۆ خۆشیان بکەن.

یەکێک لە تایبەتمەندی و جوانییەکانی ئەم کتێبە شیعرییە ئەو کارکردنە ورد و چڕەی موتەڵیبە لەو دونیا شیعرییەی کە لەسەرەتای ئەزموونی شیعر نووسینییەوە کاری لەسەر کردووە و لەم کتێبەدا ھەوڵی ئەوەی داوە بە جۆرێکی تر مامەڵە لەگەڵ وێنە و زمان و وێناکردنە شیعرییەکاندا بکات و ھاوکات جێگۆڕکآ بە دالەکان و مەدلولەکان بکات. واتە لە تێکستێکدا "با" دالێکی شیعرییە و "باران" مەدلولە، بەڵام لە تێکستی دواتردا "با" دەبێتە مەدلول "باران" دەبێتە دال. دەکرێت سەرنج لە شیعری (با دەبارێ) بدەین. لەم شیعرەدا "با" دالی شیعرەکە و مەدلوول "باران"ە. ئەگەر ھەر لە ناونیشانەکە وردبینەوە دەبینین شاعیر وەزیفەیەکی تری بە"با" بەخشیوە، کە وەزیفەکە ھی ئەو نییە و ھی "باران"ە، کە ئەو وەزیفەیەش بارینە.

لە شیعری "بێ خەوی با"دا جێگۆڕکێی نێوان دالەکان و مەدلولەکان بە وردی کاری لەسەر کراوە "با" وەکو دالێکی شیعریی لە تێکستەکەدا دەردەکەوێت و "باران" وەکو مەدلولێکی شیعریی دەبینرێت. با سەرنج لەم پارچەیەی شیعرەکە بدەین:

"لەبەر ئەوەیە ھەمیشە با دێ

دەشێ باران ببارێ"

وەکو لەسەرەتاشەوە ئاماژەم بۆ کرد (با، باران) ئەو دوو رەگەزەن، کە تەواوی ئەم کتێبەی بۆ تەرخان کراوە و وەکو دوو موفرەدەی شیعریی کاریان لەسەر کراوە. لە بەشێکی تر لە دەقەکانی نێو ئەم کتێبەدا شاعیر ھەوڵی ئەوەی داوە ھاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە باران بکاتە دال و با وەکو مەدلولێکی شیعریی دەربخات. با سەرنج لەم نموونەیە بدەین:

"چاوەڕوانی چەند کاتژمێرێکی دیکەم

ئەگەر باران نەبارێ

دەچینە دیدەنی سروشت

لەگەڵ با ئاشتدەبمەوە"

لەم نموونەیەشدا بە تەواویی جێگۆڕکێی نێوان دال و مەدلول دەبینینەوە، کە شاعیر توانیویەتی لەو چەند وشە کەمەدا و لەرێی چڕکردنەوەی شیعرییەوە مانایەکی نوێ لەنێوان ئەو دوو بەکاربراوە شیعرییەدا بخاتەڕوو و کاری جێبەجێکردنی کرداری سەرخان و ژێرخان لە زمانی شیعریی تێکستە شیعریەکەدا بەرجەستە بکات. بەگشتی ئەم جێگۆڕکێییەی نێوان دالەکان و مەدلولەکان، یەکێکە لە خاڵە دیارەکانی ئەم ئەزموونە شیعریەی موتەڵیب و لاموایە ئەمە ھەنگاوێکی ترە لە تۆکمەکردنی داھێنانی شیعریی و دۆزینەوەی زمانێکی نوێی شیعریی بۆ گوزارشتکردن.

 

بەرەو ھایکۆی کوردی

بە گەڕانەوە بۆ ئەزموونی شیعریی موتەڵیب، خاڵێک سەرنجمان رادەکێشێت ئەویش موفرەدەکانی نێو دونیای سروشتە و بەتایبەتیش "ئاو"، یەکێکە لەو رەگەزانەی بەردەوام لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا کاری لەسەر کراوە و ھەر جارە و لە گۆشە نیگایەکەوە ئەم موفرەدەیە خراوەتەڕوو. بەڵام ئەگەر سەرنج لەم ئەزموونە نوێیەی موتەڵیب بدەین، دەبینین لەم کتێبەدا، کە ١٢ تێکست خراونەتەڕوو سەرجەم ئەم تێکسانەش  بە ھەمان شێوەی ئەزموونەکانی پێشووتری شاعیر رەنگدانەوەی موفرەدە سروشتییەکان تێیدا بەرجەستە بووە و لەنێویشیاندا "ئاو"، بەڵام ئەم جارە لە فۆرمێکی تردا کە "باران"ە، ئاو ئەگەر لە ئەزموونەکانی پێشووتری موتەڵیبدا ئاماژە بوبێت بۆ بەردەوامی ژیان و ھێما بووبێت بۆ پاکی و روونی، ئەوا لەم ئەزموونەدا "باران"، کە دەتوانین وەکو فۆرمێکی تری ئاو ناوی بەرین ھێمایە بۆ ژیانەوە و دووبارە دروستکردنەوەی ژیان، یان رۆح بە بەرداکردنەوەی شتەکان. لەم کتێبەدا موتەڵیب کاری لەسەر دوو رەگەزی گرنگ و بەرچاوی سروشت کردووە، کە ئەوانیش رەگەزی (با، باران)ە. ئەمە بێجگە لەوەی چەندین موفرەدەی تری سروشتیش لەگەڵ ئەم دوانەدا رەنگدانەوەیان ھەیە. ئەگەر لە "با"ش بدوێین، ئەگەر با لە بینینێکدا ھێما بێت بۆ وێرانکاری، ئەوا لە بینینێکی دیکەدا ھێمایە بۆ پاکبوونەوەی سروشت و دەکرێت لە بینینێکی تردا دروستکردنی ھارمۆنیا و ژەنینی رۆحی سروشت بێت بە پەنجەی درەختەکان. دەکرێت چەندین خوێندنەوە و تەفسیری دیکە بۆ ھەردوو رەگەزی (با، باران) بکەین.

ھەر لێرەوە دەکرێت سەرنج لەوە بدەین کە گەڕانەوەی بۆ رەگەزەکانی سروشت یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شیعری ھایکۆی ژاپۆنی، ئەم جۆرە شیعرە بنەماکەی ئەوە بووە، کە وێنەکانی سروشت بگوازێتەوە و لەوێوە وێنای شتەکان بکات. موتەڵیبیش چ لەم ئەزموونەدا و چ لە ئەزموونەکانی پێشووتردا بەتەواوی پەیڕەوی لەم سروشتگەراییە کردووە. بەڵام زیادەڕەوی نابێت ئەگەر بڵێین لەم ئەزموونەدا موتەڵیب فۆرمێکی نوێی بە قەسیدە درێژەکانی بەخشیوە و تەنھا لەرێی بەکاربردنی موفرەدەوە لە شیعری ھایکۆی ژاپۆنی سوودمەند نەبووە. بەڵکو ئەو بە چڕکردنەوەی ھەناسە شیعرییەکانی و دەستکاریکردنی فۆرمی شیعرەکان و بڕگە بڕگەکردنی قەسیدەکان ھەوڵی زیاتری نزیکبوونەوەی لە شیعری ھایکۆی ژاپۆنی داوە. یان دروستتر بڵێم زیادەڕەوی نابێت کە ئەم ئەزموونەی موتەڵیب بە شیعری ھایکۆی کوردی ناوبەرین.

ئەگەر بە کورتی لەسەر تایبەتمەندی ھایکۆ بدوێین شیعری ھایکۆ، لەو شیعرانەیە، کە لە ١٧ بڕگە پێکھاتووە و بنەمای ناوەڕۆکەکەی سروشتە. ئەو دوو بنەما سەرەکییەیە کە ھایکۆی پێدەناسرێتەوە. ئەم ئەزموونەی موتەڵیب لەگەڵ ئەوەی بنەمای ناوەڕۆکەکەی سروشتە، بەڵام سەد لە سەد (بەتەواوی) پەیڕەوی لە بەکاربردنی ١٧ بڕگەیی نەکردووە، ھەر بۆیە لەمەدا شاعیر کورتی ھێناوە، بەڵام لاموایە دەکرێت فۆرمی ھایکۆی کوردی فۆرمێکی نوێ بێت و ئەوەندە بەو رێسایانەوە خۆی بەند نەکات. بەگشتی پابەند نەبوونی تەواوەتی شاعیر بەم لایەنەوە بە نەنگی نابینم، بەڵکو دەکرێت وەکو فۆرمێکی پێشکەوتووتری ھایکۆ سەیری ئەم ئەزموونە شیعریە بکەین.

 

کۆتایی

زمانی شیعر بیردۆزێکی ئەندازە و یاسایەکی بیرکاری نییە، شرۆڤەی سەلمێنراوی نەگۆڕ لە خۆ بگرێت، سنووری دیاریکراوی ھەبێت، بەڵکو چییەتی زمانی شیعر بۆ کار و چالاکی دەلالەتگەیاندن، ھەڵگری بارگە و سیفەتی گۆڕان و ناجێگیرییە. ھەر بۆیە ئەگەر لەم نووسینەدا ئەم ئەزموونەم لە چەند قاڵبێکدا بینیبێت و خوێندبێتەوە بۆ ئەوە بووە کە ئەو نزیکییە دەربخەم کە لەنێوان ئەو جۆرە لە شیعر و ئەم ئەزموونە شیعرییەدا ھەبووە. بەر لەوەی کۆتایی بەم نووسینە بھێنم کۆی سەرنجەکانم لەم خاڵانەدا چڕ دەکەمەوە:

١- ناونیشان لەم تێکستە شیعریانەی موتەڵیبدا بە توندی بە دەقەوە گرێدراون و دەق بە ناونیشانەکانەوە خۆی تەواو دەکات. واتە جیاواز لەو دەقانەی دەتوانرێت بەبێ ناونیشانیش بوونی خۆی بپارێزێت. بەڵام شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە ناتوانن بەبێ ناونیشانەکانیان خۆیان تەواو بکەن. 

٢- ئەگەرچی موتەڵیب فۆرم و کەرەستەی نوێی بۆ گوزارشتکردن دۆزینەوەتەوە، بەڵام دونیای شیعری ھەر درێژکراوەی ئەو ئەزموونەیە، کە لەسەرەتاوە کاری لەسەر کردووە.

٣- جێگۆڕکێی نێوان دالەکان و مەدلولەکان، یەکێکە لە خاڵە دیارەکانی ئەم ئەزموونە شیعریەی موتەڵیب و لاموایە ئەمە ھەنگاوێکی ترە لە تۆکمەکردنی داھێنانی شیعریی و دۆزینەوەی زمانێکی نوێی شیعریی بۆ گوزارشتکردن.

٤- موتەڵیب ھەوڵی زیاتری نزیکبوونەوەی لە شیعری ھایکۆی ژاپۆنی داوە. یان دروستتر بڵێم زیادەڕەوی نابێت، کە ئەم ئەزموونەی بە شیعری ھایکۆی کوردی ناوبەرین، بەو پێیەی لە زۆر باردا لە بنەماکانی ھایکۆی تێدا پەیڕەوکراوە.

٥- چڕکردنەوەی زمان، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە شیعرییە و ھاوکات لەگەڵ ئەمەشدا سادەیی ون نەبووە. واتە ئەگەرچی زمان چڕبۆتەوە، بەڵام سادەی لەنێو قەسیدەکاندا ئامادەییان ھەیە کە بەلای منەوە ئەمە یەکێکە لە خاڵە قورس و جوانەکان کە شاعیر کاری لەسەر کردووە.

٦- ئەم کتێبە وەکو سەرەتایەکی نوێ بۆ ئەو گەڕانە دەردەکەوێت، کە موتەڵیب لە دونیای شیعرییدا بۆی دەگەڕێت، ھەر بۆیە دەکرێت لەم سەرەتایەوە جیھانێکی نوێی شیعری ببینین. 

 

سەرچاوەکان:

*د. جەمیل حمداوی، ێورە العنوان فی الروایە العربیە، بڕوانە ئەم لینکە:

 http://www.arabicnadwah.com/articles/unwan-hamadaoui.htm

* عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا، لەبەر با، لەبەر باران- شیعر، لە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرێتی چالاکی وێژەی ھەولێر ٢٠١٣

*د. ئازاد ئەحمەد مەحمود، بونیاتی زمان لە شیعری ھاوچەرخی کوردیدا، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی-چاپی دووەم، ھەولێر ٢٠١٢

*مارتن ھایدگەر، بوون و کات، وەرگێڕانی: د. محەمەد کەمال، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ٢٠١٣