ما 407 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

مرۆڤ بوونەوەری ناو گەمە سروشتی و ناسروشتییەکانە. جاری وایە دەگاتە یاریی "سەرکەوتن ـ سەرکەوتن" بۆ هەر دوو لا، بەڵام زۆربەی کات لە یاریی "سەرکەوتن ـ شکست" دا دێت و دەڕوا. وەک گوترا دەبێ بەم حاڵەتە رابێین. راهاتن بە شکست دەتوانێ هەوێنی ورەی دووبارە هەستانەوە بێت و، هەر بۆیە شکست ببێ بە هەوێنی شادی. ژیان خەڵاتێکە بەم تایبەتمەندییانەوە. 

 

شکست و شادی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بیری دوالیستی مێژوویەکی دێرینەی هەیە. هەر لە بیرە کۆنە ئایینییەکانەوە بگرە هەتا فەلسەفەی نوێ. بۆ وێنە بڕوانە ئایینی زەرتۆشت کە دووانەی تاریکی و رووناکی، رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.

لە بیری دوالیستی دا دوو شتی دژ بەیەک، بەڵام لە هەمان کاتدا وابەستە و گیرۆدەی یەکتر پێکەوە رێدەکەن. دوو شت کە بە بێ یەکتر بوونیان نیە و لە هەمان کاتدا سڕینەوەی هەر کامیان بە مانای لەناوچوونی ئەوی تریانە. بڕوانە بیری مارکس کە دەڵێ لە ئەگەری تێداچوونی سیستمی کاپیتالیستی، بە لە ناوچوونی چینی بۆرژوا، چینی کرێکاریش مانای نامێنێ.

بیری دوالیستی تەنیا لە بیر و لە ئایین و فەلسەفەدا بوونی نیە، بەڵکوو لە زۆر بواری تریشدا خۆی نیشان دەدا. بۆ وێنە لە بواری شادی و خەمەکانماندا.

سەیری یاری فوتباڵ دەکەین. ئەو تیمەی دەیباتەوە، خۆشحاڵە. نەک هەر خودی تیمەکەیش، بەڵکوو لایەنگرەکانیشیان. لە بەرامبەردا، ئەوەی خەمگینە، تیمەکەی تر و لایەنگرەکانیەتی.

نەک تەنیا یاریی فوتباڵ، بەڵکوو زۆر شتی تری ناو ژیانیش ئاماژەن بەم راستییە رەنگە تاڵە، کە خۆشحاڵیی لایەک هەمیشە هەڵگری خەمگینی و ناخۆشحاڵیی لایەکی ترە.

بەڵام ئایا ئەمە دەبێ وابێ؟

لە سروشتدا کاتێک مارێک مشکێک دەخوا، مارەکە خۆشحاڵ و رازییە و مشکەکە خەمگین. بەڵام بڵێی داخۆ وابێت؟ یان ئەمە تەنیا تەعبیرێکی ئینسانییە لە رووداوی خورانێکی ناو سروشت؟ کەس نازانێ مارەکە بە تەعبیری ئەخلاقیانەی مرۆڤ خۆشحاڵە یا نا، بەڵام بە تەعبیری دامرکاندنی حەزی برسیەتی بێگومان مورتاحە.

لە کۆمەڵگادا، خێری بازرگانێک جاری وایە زەرەری بازرگانێکی تری لێدەکەوێتەوە. واتە خۆشحاڵی یەکێک و خەمگینی ئەوەی تر، رێک وەک کایەی فوتباڵ.

وا دەردەکەوێ کە مرۆڤی ئاقڵ و راستی بین بەرە بەرە فێری ئەوە دەبێ نەک تەنیا سەرکەوتنەکانی، بەڵکوو شکستەکانیشی لە ژیاندا قبوڵ بکا. ئەو، ئەمە وەک راستییەکی بێ ئەم لاولای ژیان سەیر دەکا. لە راستیدا بەشێکی گرینگی سیستمی پەروەردە لە سەر ئەم فاکتە راوەستاوە.

بەڵام داخۆ دەبێ سەرکەوتنی لایەک هەمیشە بە مانای شکستی لایەکی تر بێت؟

لە ژیاندا بە تایبەت لە بەشی سیاسەتدا جاروبار دەستەواژەیەک دەبیستین کە باس لە "یاریی سەرکەوتن ـ سەرکەوتن" دەکا، واتە کایەیەک کە هەر دوو لا بە جۆرێک تێیدا سەردەکەون. وەک لە خودی دەستەواژەکە دەردەکەوێ ئەم یارییە بە جۆرێک "شکست ـ شکست" یشە. چونکە وادەردەکەوێ کە هەر دوولا لە بەشێک لە داواکانیان کشاونەتەوە. کەواتە لە "راستیدا شکست ـ شکست" ێکە کە بە "سەرکەوتن ـ سەرکەوتن" ناودەبرێ (هەروەها بە پێچەوانەوە). کە یاریچییەکانی ئەم گەمەیەیش کاتێک لە راگەیەنێرە گشتیەکاندا دەردەکەون، بە سیمایانەوە هەم نیشانەکانی شکست دیارن و هەم سەرکەوتن.

"ئەلکساندر دوما" نووسەری فەڕەنسی، لە رۆمانی "کنت مونت کریستو" لە زمانی یەکێک لە پاڵەوانەکانییەوە دەڵێ: "ناخۆشە، بەڵام لە راستیدا جارێکی تر روودەدات. ئەو خۆشبەختییەی رووی لە من کرد، نەهامەتی و خەمی بۆ خەڵکی تر لە گەڵ خۆی هێنا. کاپتەن مرد..."

وا دەردەکەوێ کە لە گەمەی ناو سروشتدا مرۆڤ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە بۆ سەپاندنی یاریی "سەرکەوتن ـ سەرکەوتن"، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگادا یانی لەو ئاستەیدا بۆ خۆی بە جۆرێک بڕیاردەرە، دەتوانێ بوارەکە بگۆڕێ. هەڵبەت پرسیار ئەوەیە لە کۆمەڵگادا کە یەکەیەکی گشتییە، مرۆڤ تا چەندە دەتوانێ باس لە هێزی بڕیاردەری خۆی بکا. تەنیا چاوخشاندن بە دەیان و سەدان میلیۆن کوژراوی مرۆڤ لەم یەک دوو سەدەیەی رابردوودا بە جوانی ئەم گومانەمان لا بەهێز دەکا.

با وایدابنێین کە مرۆڤ دەتوانێ ئەم جۆرە لە گەمە چێ بکا، بەڵام ئایا گەمەیەک کە تێیدا هەموو کەس هەست بە سەرکەوتن (یاخود شکست) بکا تێیدا، رێگایەک بۆ بەرەوپێشچوون یان کێبەرکێ دەمێنێتەوە؟

مرۆڤ بوونەوەری ناو گەمە سروشتی و ناسروشتییەکانە. جاری وایە دەگاتە یاریی "سەرکەوتن ـ سەرکەوتن" بۆ هەر دوو لا، بەڵام زۆربەی کات لە یاریی "سەرکەوتن ـ شکست" دا دێت و دەڕوا. وەک گوترا دەبێ بەم حاڵەتە رابێین. راهاتن بە شکست دەتوانێ هەوێنی ورەی دووبارە هەستانەوە بێت و، هەر بۆیە شکست ببێ بە هەوێنی شادی. ژیان خەڵاتێکە بەم تایبەتمەندییانەوە. گەر دەمانەوێ بژین، دەبێ بە هەموو ماناکانییەوە بژین. هەڵبەت نەک بەو مانایە کە وەک هەر مانایەکمان لێ بێت، بەڵکوو بەو مانایە کە دەتوانین لێیان تێبگەین و ببنە هەوێنی رەوڕەوی ژیانمان.