ما 444 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەردی حوسێن

 

ئەوەی پێشەوا کاکەیی دەیکات ڕێکردنە دژی ڕەوت و ڕازی نەبوونە بەو دۆخەی کە لە دنیایی شیعری ئێمەدا دەگوزەرێت بۆیە دەکرێت بڵەین ئەوەی پێشەوا کاکەیی دەیکات دەچنە قاڵبی شیعری داھێنەرانەوە.

 

شیعرەڕێی گەلدۆزیی پێشەوا کاکەیی وەک ڕووداوێکی شیعری نوێ

هەردی حوسێن

 

شیعر یەکێکە لەو ژانرانەی، کە پانتاییەکی فراوانی لە دنیای ئێمەدا داگیر کردووە. بە بەرارود بە ژانرەکانی دیکە.

دەکرێت ئەم بۆچوونەی سەرەوە، لە سەدەکانی پێشوودا بۆ نەتەوەی دیکەش ھەر ڕاست بێت. بۆیە دەبینین، ھەر وەکوو چۆن شیعر نووسراوە ئاواش لەسەر شیعر نووسراوە. 

بە بۆچوونی ئێمەش ھەر وەکوو چۆن شیعرنووسین گرینگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بە ھەمان شێوەش نووسین لەسەر شیعر بۆ بایەخی شیعر باشتر دەنرخێنێت.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شیعر و فەلسەفە بدەینەوە، دەبینین چەندین کتێب لە لایەن نووسەر و فەیلەسووف و ڕەخنەگرانەوە لەبارەی شیعرەوە نووسراون. یەکێک لەوانە ئەفڵاتوون، کە لە گۆشەنیگای خۆی و پێویستییەکانی کۆمارەوە لە شیعر دوواوە. ئەریستۆ و ھۆراسیش ھەریەکەیان کتێبێکیان لەبارەی شیعرەوە نووسیوە.

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، لە دنیای ئێمەدا شتەکان بە بێدەنگییەکی سەیردا تێدەپەڕن. ھەر لە کایەی سیاسییەوە بگرە تا دەگاتە کتێب. کە کتێب لە ھەموویان بێدەنگتر... 

ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا قسەی لەبارەوە بکەم، قسەکردنە لەسەر پڕۆژەیەکی شیعریی، کە ھی شاعیر «پێشەوا کایەیی»ـیە. کە لەم دواییانەدا، مانیفێستۆیەکی ڕاگەیاندوە بە ناوی: «شیعرەڕێی گەلدۆزی» کە بەرگی یەکەمی ئەو پڕۆژەیەی ئاوهایە: 

«گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا، بەرگی یەکەمی لە یازدەکتێبدا چاپ دەکرێت، کە بەسەریەکەوە ڕۆمانەشیعر و بە جیاش ژانری تر ... لە خۆی دەگرت. ئەم پڕۆژانە ... سەر بە کارنامەی [شیعرەڕێی گەلدۆزی]ـیە، کە دووەمین مانیفێستۆی پێشەوا کاکەیییە. لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی چاپ دەکرێت.»

بە بۆچوونی من، شیعری نوێ، سێ بەشە. بەشێکی لای شاعیرە، بەشێکی لەسەر کاغەزە و بەشەکەی دیکەی لای خوێنەر. بۆیە پێویستییەکانی شیعری نوێ زۆر زیاترن لە شیعری کلاسیک. پێویستە خوێنەری شیعری نوێ زۆر ورد و بە ئاگا بێت.

 دەکرێت لەمەوە بڵێین وەک چۆن شاعیر بەرپرسیارە لە بەرھەمھێنانی شیعری، ئاواش خوێنەر بەرپرسیارە لە ڕووانین و تێڕامان لە شیعر. 

 بۆیە ناکرێت ھەر ئاوا شیعر بنووسرێت و بێ ئەوەی تێڕامانی شیعریمان ھەبێت، چونکە ئەم دوانە تەواوکەری یەکترین و دەکرێت ئەمە بۆ ژانرەکانی دیکەش ھەر ڕاست بێت.

ئەوەی پێشەوا کاکەیی دەیکات ڕێکردنە دژی ڕەوت و ڕازی نەبوونە بەو دۆخەی کە لە دنیایی شیعری ئێمەدا دەگوزەرێت بۆیە دەکرێت بڵەین ئەوەی پێشەوا کاکەیی دەیکات دەچنە قاڵبی شیعری داھێنەرانەوە.

ھەر وەکوو ئەدۆنیسیش ئاماژەی بۆ کردووە و دەڵێت: شاعیر کە تێڕوانینی ھەبوو، ئەو کات دەبێت ھەڵوێستی ھەبێت بەرانبەر بە دۆخی ژیان. ھەڵوێستی شاعیر لە ڕازینەبوون بە دۆخی باو، ڕازینەبوون بە بیرکردنەوەی باو، دەبنە زەمینەی بەرھەمھێنانی دید و تێکستی داھێنەرانە بۆ ژیان.

ئەم پڕۆژەیەی پێشەوا کاکەیی پێویستە ھەڵوێستەی لەسەر بکرێت، چونکە لە ڕووبەرێکی بەرتەسکی شیعردا نەماوەتەوە و تولی کێشاوە بۆ ئەفریقا و بە زمان و کولتووری ئەفریقادا گەشتمان پێدەکات. ئاخۆ دەبێت لەو گەشتەدا چەند لە بەر تیشکی خۆرەتاودا بوەستین و چاوەڕێی قومێک ئاو بکەین بۆ خواردنەوە، ئاخۆ دەبێت پێشەوا کاکەیی بۆچی بییەوێت ئێمە ببات بۆ ئەفریقا بۆچی دەیەوێت لەگەڵ ڕەشتاڵەیەکدا کۆمان بکاتەوە و فێرە خواردنی ئەفریقامان بکات؟ ئەمانەو سەدان پرسیاری لەم جۆرە بێ وەڵامن تا ئەو کاتەی پەڕتووکەکە لە بەردەستماندا دەبێت.