ما 310 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

لێرەدا لەبارەی شیعرەوە نادوێین، پێشتر شیعر چۆن بووە و ئێستا دەبێت چۆن بێت. ئەوەی بۆ من گرنگە لەم ڕێیەدا چیم لە شیعر دەوێت و شیعر چۆن من بۆ نێو خۆى بانگهێشت دەکات تا لەو توولەڕێیەدا بزانم چی دەبینم و چۆن ڕۆ دەچم و دەدوێم.

 

دەروازەیەک بۆ شیعرەڕێی گەلدۆزی

پێشەوا کاکەیی

سەرەتا بۆ چوونەناو و تێگەییشتن لە کارنامەی شیعرەڕێی گەلدۆزی، پێویستە خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ کارنەمەی شیعرەڕێیەکەم کە لە پڕۆژەی یەکەم و دووەم (ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر) و ئەوانی تردا باسم كردووه‌.

کاتێک لە کارنامەی شیعرەڕێدا، بە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە بە شوێندا شۆڕ بوومەتەوە، له‌ ڕێدا به‌ر شته‌كان كه‌وتووم، ئەگەرچی شیعرەڕێ گەڕانە بەنێو ئەوانی دیکەدا. شیعرەڕێ، گەڕانە بەنێو ڕێیەکانی جیهاندا و بەرکەوتن و ڕۆچوون و وردبوونەوەیە لە هه‌ر ڕەهەندێک لە ڕێی زمانی شیعرەوە. بەڵام ئەمەیان شیعرەڕێی گەلدۆزییە، نەک شیعرەڕێ. بە واتایەکی دیکە، شیعرەڕێ، توولەڕێیەکی دیکەی بۆ گەلدۆزی کردووه‌تەوە. ئەم کارنامەیەم پاش شیعرەڕێیە. لە شیعرەڕێی گەلدۆزیدا، ڕیشەکان و تایبەتمەندییەکانی شیعرەڕێی تێدایە، بەڵام کارکردنە لە توولەڕێیەکەدا تا ئاسۆی شیعرەڕێ فراوانتر بکات و چوونەنێو ڕێیەکانی تر بەرەو ئامانجێکی تر ببات.

لێرەدا لەبارەی شیعرەوە نادوێین، پێشتر شیعر چۆن بووە و ئێستا دەبێت چۆن بێت. ئەوەی بۆ من گرنگە لەم ڕێیەدا چیم لە شیعر دەوێت و شیعر چۆن من بۆ نێو خۆى بانگهێشت دەکات تا لەو توولەڕێیەدا بزانم چی دەبینم و چۆن ڕۆ دەچم و دەدوێم.

شیعرەڕێی گەلدۆزی، هەم کارکردنە لەسەر شیعر و ڕەگەزەکانی شیعر و هەمیش لەو ڕێیەی خۆیدا کە دەبینێت و ڕۆ دەچێت و دەدوێت، یەکەم كاری ئەوەیە لە ڕێی زمانەوە چۆن بیر بکاتەوە و چۆن بیری لێ بکرێتەوە. لەو ڕێیەدا، توولەڕێیەک هەڵدەبژێرێت کە کار لەسەر گەلان دەکات و لەگەڵ ئەوەيشدا پانتاییەک لە ڕووبەری شیعر بۆ خۆی داگیر دەکات. ئەم پانتاییەش بۆ ئەوەیە چۆن لەم جیهانەدا خۆی بدوێنێت.

بۆچی دەڵێم شیعرەڕێی گەلدۆزی و ناڵێم گەلناسی؟ هەڵبەت گەلدۆزی و گەلناسی دوو دنیای لێك جياوازن. لە شیعرەڕێدا، کاتێک بەر هەر گەل و نەتەوەیەک دەکەویت، وەک دۆزینەوەیەک بەری دەکەویت و لێی ورد دەبیتەوە تا ئاستی ئەوەی چۆن گەلەکە دەناسیت و لە ڕێی زمانی شیعرەوە دەیناسێنیت. گەلناسی، کارێکی ڕژد و مانەوەیەکی زۆر و کاری قووڵتری گەرەکە. وەک ئەوەی چۆن کار لەسەر خودناسی وەک ڕەهەندی دەروونی دەکەیت، ئاوهايش دەبێت کار لەسەر گەلناسی وەک ڕەهەندی کۆمەڵناسی بکەیت. بەڵام لە ڕێی گەلدۆزییەوە دەتوانیت بەر ناسینی گەلەکە بکەویت و بچیتە ناویەوە، بەڵام وەستان لەسەری، هەمان وەستان نییە. لەبەر ئەوە دەبێت لە ڕێی شیعرەوە کنە و پشکنین لە زۆر بواردا بکەین.

لەگەڵ ئەوه‌يشدا «گەلدۆزی» بە واتای «دۆزینەوەی گەلێک لە زۆر بواردا و دواتر ناساندنی.»  یانژی «لە ڕێی شیعرەوە بە دوای هۆز، خێڵ، تیرە، گەل، گرووپی نەتەوە و نەتەوەدا دەگەڕێت و پەیی پێ دەبات.» بۆیە بۆ نووسینی شیعرەڕێی گەلدۆزی، دەبێت بە دوویدا بچین و لێی ورد بینەوە و بیدوێنین، تا هەناوی شیعرەکە دەر بخەین.

بۆ ئەوەی بزانین شیعرەڕێی گەلدۆزی چییە و چۆن دەقەکەی دەناسینەوە، لە چەند خاڵێکدا تایبەتمەندییەکانی دەخەمە ڕوو

(١) گەشتنامەیەکی مەجازییە، لە توولەڕێیەکاندا شوێن وەک بناغەی یەکەم دیاری دەکات، بەڵام کاتێک لە ڕێی شوێنەوە دەچێتە ناو گەلانەوە، ئەو کات لە ڕێی گەلانەوە، شوێن و ڕووداو و بابەت و زمانی خۆی دادەڕێژێت. بۆ ئەمه‌يش دەبێت لە ڕێی شیعرەوە بەرەو ڕووی گەل بچین، گەل بەرەو ڕوومان نایەت؛

(٢) ئەگەر هات گەشتنامەکە کەتواری/ واقیعی بوو، دەبێت ئاستی گەلدۆزی بچێتە ئاستی گەلناسييه‌وه‌. ئەو کات زمانی گێڕەرەوە گۆڕانکاريی بەسەردا دێت. ڕووداو و شوێن و بابەت و زمان، هەمان ئاست و دەربڕینی گەشتنامەی مەجازيی نییە. ئاوێتەبوون لە ناوەوەیە نەک لە دەرەوەڕا. لە گەشتنامەی کەتواریدا، گێڕەرەوە شتە خەیاڵییەکانی دەرەوەی خۆی دەهێنێتەوە ناوەوە و تێکەڵ بە خۆیانيان دەکات. بەڵام لە مەجازیدا، کەتوار دەگوازێتەوە بۆ ناوخۆیی و تێکەڵ بە خەیاڵی خۆی دەکات. بە واتایەکی دیکە، خەیاڵی خۆی دەباتە دەرەوە، بۆ نێو کەتوار و کار لەسەر گەلان دەکات؛

(٣) سەرەتا بۆ دۆزینەوەی گەلەکە، شوێن بە کار دەهێنین تا بەر گەلێک دەکەوین، لەوێوە کولتوور و بیرکردنەوە و دۆخی گەلەکە و خواستی شیعرەکە شوێن دیاری دەکات، بۆ ئەوەی ڕووداو و شوێن و بابەت دەستنیشان بکەین، ئەوسا زمانی گێڕەرەوە خۆی، شیعرەکە لە ڕووی شێوە و ناوەرۆک و هونەرەوە داده‌ڕێژێته‌وه‌؛

(٤) لە شیعرەڕێی گەلدۆزیدا، بەر کولتوور، کەلەپوور، مێژوو، شوێن وەک جوگرافیا، ئەفسانە، ئایین، زمانی ئاخاوتن، جۆری زمان، فۆلکلۆر، بەیت، حەیران، لاوک، بەستە، گۆرانی دەکەوین؛

(٥) دەبێت شاعیر/ گێڕەرەوە هەوڵ بدات ئەو کولتوورە هاوبەشانەی لە نێوان گەلانی وڵاتێکدا هەن، لە ڕێی بابەتەوە نەیانکاتە کەرەستەی شیعری، بەڵکوو بەشێک لە کولتووری جیاوازی هەر گەلێک دەر بخات. ئەگەر لە نێوان دوو گەلدا، چەندان کولتووری هاوبەش هەبوون، چەندان خاڵی جیاوازیش هەبوون، پێویستە شاعیر کار لەسەر لایەنه‌ جیاوازه‌كان بکات، ئەمەيش بۆ ئەوەی شاعیر/ گێڕەرەوە نەکەوێتە دۆخی پاته‌بوونەوەی زمان و ڕووداو و بابەت و گێڕانەوەوه‌. لەگەڵ ئەوەيشدا پێويستە خوێنەریش درک بەوە بکات، لەنێو هەر وڵاتێکدا ئەگەر دەیان گەلی جیاوازی تێدا بوو، کولتوور و زمان و مێژووی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، بۆیە دەوڵەتێکی لەسەر بونیاد نراوە. لەبەر ئەوە شاعیر/ گێڕەرەوە، لەبەر لایەنی زمانی شیعری و خەسارناسيی شیعری دەبێت خۆی لە پاته‌بوونەوەی هەمان بابەت ببوێرێت؛

(٦) دەشێت لەنێو گەلانی دەوڵەتێکدا، لە چەند وێستگەیەکدا لەسەر بابەتێک کە هاوبەش بێت بوەستین، بەڵام دەبێت جیاوازيی زمانه‌ شیعرییەکە لە ڕووداو و شێوە و ناوەرۆکدا دەر بخەین، ئەمەيش بۆ ئەوەی شیعرييەتەکە تووشی خوێنبەربوونی وشە نەبێت و وێنەيش هەمان شت نەبێت؛

(٧) ئەم گەشتنامەیە مەجازییە، لەکاتی بەرکەوتنی (کولتوور، کەلەپوور، فۆلکلۆر، بەستە، بەیت و گۆرانى)ـی ئەوی دیکەدا، ئەوا ئەو زمانەی پێی دەنووسێت، کوردی بێت یان زمانی هه‌ر گەل و نەتەوەیەکی دیکە، لەناو کولتووری گەلانی ئەو دەوڵەتەی شیعرەکە خۆی لەسەر دادەڕێژێت، چەند دێڕێک تێکەڵکێش دەکات، یان چەند دێڕێك لە کولتوورێک وەردەگرێت و ئاوێتەی کولتووری ئەوی دیکەى دەکات. بە پێچەوانەيشەوە هەر ڕاستە؛ 

(٨) شاعیر/ گێڕەرەوە، لە شیعرەڕێی گەلدۆزیدا، دەبێت شارەزای (تیرە، هۆز، خێڵ، گەل، گرووپی نەتەوە، نەتەوە و زمان و زار) بێت، هەروەها شارەزای کولتوور و مێژوو و میتۆلۆژیای ئەوی دیکە بێت و باسی لێوە بکات. لەگەڵ ئەوەيشدا، ڕووبەر و شوێنی نیشتەجێی هەر گەلێک بزانێت تا بابەتەکە دەستنیشان بکات و شیعرەکەی لەسەر بونیاد بنێت؛

(٩) شاعیر/ گێڕەرەوە، پشت بە تەنیا شێوە و ڕەگەزێکی شیعری نابەستێت، بەڵکوو پەل دەکێشێت بۆ دەیان شێوە و ڕەگەزی شیعری. ئازادە و دەستکراوەیە، ئەمەش دەکەوێتە سەر خەیاڵی شاعیر تا کوێی هەموو سنوورەکان دەڕوات و، دوا جار خۆی لەو چوارچێوەيه‌دا ڕێیەکی جیاواز بونیاد دەنێت؛

(١٠) بۆ کەرەستەکانی شیعر، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خاڵی هەشتەم، لەسەر بەرهەم و پێداویستییەکانی ئەوی دیکە، شیعرییەت بەرهەم بهێنين، واتە کاتێک باس لە کولتووری گەلێک دەکرێت کە سه‌ر به‌ كولتوورى ئاژەڵداری، کشتوکاڵی یان هەر كولتوورێكى دیکەيه‌، نابێت بێیت باسی تەکنۆلۆژیا و به‌رهه‌مهێنانه‌كانى بکەیت، یان بۆ خەڵکانێک كه‌ سەرقاڵی پیشەگەرین، باسی بەرهەمه‌كانى دنیاى نوێ بکەیت. دەکرێت خەیاڵ شتێکی دیکە ڕابکێشێت بۆ ئەوەی بیری لێ بکرێتەوە و بەرهەم بهێنرێت، نەک ئەوەی پایەی شیعرەکە لەسەر ئەو خەیاڵە خۆی دابڕێژێت و لە کەتواری ئەو گەلە دوور بکەوێتەوە؛

(١١) کار لەسەر هەموو ڕەنگ و دەنگ و وێنەیەک دەکات کە شیعرەکە بیخوازێت؛

(١٢) بۆی گرنگ نییە، سەر بە شیعری نەریتی بێت یان کلاسیکی یان نوێ و نوێترخواز، یان سەر بە نەریتی تازەگەری بێت، ئەوەی بۆی گرنگە کار لەسەر بابەت، زمان، شێوە، هونەر، خەیاڵ، ناوەرۆک و کۆمەڵێک بابەتی ڕەگەزدۆزيی شیعرى بکات. شیعرییەتی بۆ گرنگە تا قۆناغی شیعری. (لەبەر ئەوە لە خاڵی نۆدا گوتمان ئازاد و دەستکراوەیە بۆ ڕەگەزی شیعری، بۆ قۆناغی شیعرییش ئازاد و دەستکراوەیە.)

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كه‌ لەم دەروازەیەدا کارنامەی (شیعرەڕێی گەلدۆزی)ـم لە چەندان پڕۆژەدا ڕاگەیاندووە کە کات بڕیار لەسەر ژمارەی پڕۆژەکانم دەدات. نامەوێت لێرەدا وەک دەروازەی شیعرەڕێ ناوی پڕۆژەکانم دیاری بکەم کە هەشت پڕۆژەن (و هەتا ساتی نووسینی ئەم کارنامەیە، پێنج پڕۆژەم لە کارنامەی شیعرەڕێ به‌ چاپ گه‌ياندووه‌.) پڕۆژەی شیعرەڕێی گەلدۆزی، پڕۆژەی یەکەم، کە بەرگی یەکەمی تایبەتە بە گەل و نەتەوە و هۆز و خێڵەکانی کینیا و ئەویش لە چەند بەشێک-کتێبی جیاواز پێک هاتووە. هەر بەرگێک تایبەتە بە کولتوور و شوناس و زمان و نەتەوە و گەلانی وڵاتیک، کە هەر کات بەرگی یەکێک لە پڕۆژەکان تەواو دەبێت، لە کۆتایيی بەرگەکەدا پڕۆژەی دوای خۆی و وڵاتەکە دیاری دەکات. کە بەرگی دواتر لەو بوارەدا کار دەکات. بۆ نموونە ئەو بەرگەی لە بەردەستتاندایە، بەرگی یەکەمه‌ کە تایبەتە بە گەلانی کینیا، لە دوايين کتێبی ئه‌م به‌رگه‌دا نووسراوه‌: بەرگی دووەمی تایبەتە بە گەلانی ئووگاندا.**

 

١٨-٤-2022

پێشەوا کاکەیی

شوێنپێ: قەڵادزێ

 

(**) هەڵبەت دوای چەند ساڵێکی دیکە دەست بە نووسینی بەرگی دووەمی گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا دەکەم. لەبەر ئەوەی پڕۆژەی (شیعرەڕێ)يش سێ بەشی ماوە. ئەویش ئەگەر تا ئەو کاتە لە ژیاندا بمێنین، دێتە بەرهەم.