حەشری نێرەکەر
شێخ رەزای تاڵەبانی لە سەدەی نۆزدە لە دایک بوو و لە سەرەتاکانی سەدەی بیست کۆچی دووایی کرد. ئەو لە سەردەمێکدا ژیا هێشتا نە ماشین هەبوو، نە راگەیەنێرە گشتییەکان بە مانای ئەمڕۆیی و نە رادیۆ و نە تەلەفزیۆن. ئیتر هەر لە جیهانی نێت گەڕێ کە لە خەیاڵیشدا نەدەگونجا.
هەر لەو سەردەمدا لە شیعرێکی هەزەلیدا نووسی: "شاعیر زۆر بووە لەم عەسرەدا / بووەتە حەشری نێرەکەر لەم حوجرەدا". جوان دیارە شێخ رەزا لە زۆر و بۆریی شاعیر دڵگرانە و حوجرە کە ئەو سەردەمە شوێنی فێربوونی خوێندەواری و ئایین و ئەدەب بووە وەها فەقێ یان خوێندەوارەکانی روویان کردووەتە شێعر و ئەوەندە نەزانانە و نەشیاوانە رەنگە دەستیان داوەتێ کە بووتە مایەی کاردانەوەی ئەم شاعیرە و، ئەمیش بەم شێوەیە هەڵوێستی خۆی نواندووە.
بەڵام ئەگەر لەو سەردەمەدا و بەو رادە کەمەی لە دەرفەتی خوێندەواری و پێوەندی، ئاوەها قەرەباڵغییەک لە رووکردنە شێعرنووسین روویداوە، داخۆ لەم سەردەمەی ئێمەدا دەبێ چ باس بێ! داخۆ گەر شێخ رەزا مابا و ئەم سەردەمەی ئەزموون بکردایە چ هەڵوێستێکی دەبوو و چۆن چۆنی لە شیعرێکدا باسی لێدەکرد؟
دیارە لەو سەردەمەدا شاعیران فێری وەزنی کلاسیکیش دەبوون و، بۆیە بەشاعیر بوون رەنگە دژوارتر بووبێ، بەڵام لە چاخی ئێمەدا کە شیعر خۆی لە هەر چەشنە وەزنێک داماڵیوە و خەیاڵی رووت تەنیا پێناسەی شیعر و بە شاعیربوونە، شاعیربوون رەنگە کارێکی زۆر دژوار نەبێ و لێرەوە زۆر کەس بە ئاسانی خۆی تێدەهاوێ! ئەمە جگە لەوەی کە تەنیا نێرەکان دەرفەتی حوجرەچوونیان هەبوو و مێینە بە گشتی لێی دوور بوو.
بۆیە 'حەشری نێرەکەر' لە مانای هەزەلیی خۆیدا نە تەنیا لە ئاست وەسفی ئەم سەردەمەدا نیە، بگرە یەکجار کورتیش دێنێ. لە جیهانێکدا لە جیاتی حوجرە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پانتایی جیهان بوونەتە مەیدانی رمبازێن، داخۆ چ وەسفێک بۆ ئەم دۆخە شک دەبرێ!
سایتی قەڵەم
٢٠ی ئۆگۆستی ٢٠٢٢