ما 672 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

لەگەڵما وەرە، بتبەمە جێگەیەک، ئەو کتێبەی لێیە کە تۆت بە دەستی خۆی نووسیویە، ئەویش تۆ ئەباتە لای خواکان. ئەگەر تەنیا لاپەڕەیەکی لێ بخوێنیەوە، ئاسمان و زەوی بەچیای بەرز و دەرەی قووڵ و دەریاکانیەوە جادوو دەکەی؛ زمانی باڵدارانی ئاسمان و گیاندارانی سەرزەمین تێدەگەی؛ ماسییانی بندەریا دەبینی، چونکە هێزێکی خوایی ئەوانە دێنێتە سەرئاو. 

 

سەتنا و کتێبی جادوو

خاوەن شکۆ شا یوزێرـ مات.را*(رامسێسی گەورە) کوڕێکی هەبوو بە ناوی سەتنا. خا. ئێم. یواست**. ئەم کوڕە نووسیار و زانایەکی گەورە بوو لە نووسینە کۆنەکاندا.

 سەتنا بیستبووی کە کتێبە جادووەکەی تۆت کە پیاو دەتوانێ ئەرد و ئاسمانی پی جادوو بکا و زمانی هەموو پەلەوەرانی ئاسمان و گیاندارانی سەرزەمینی پێ تێبگا، لە گۆڕستانی میمفیس ژێر خاک خراوە. سەتنا و براکەی ئان.هی.هۆر.ئێرو؛ هەستان چوون بە دوای ئەم کتێبەدا. کاتێک گۆڕی نا.نێفر.کا.پتاح کوڕی شا مێر. نێب.پتاح شای  خوارو و ژوورووی میسریان دۆزییەوە، سەتنا دەرکەکەی کردەوە و چووە ژوور.

نا. نێفر. کا. پتاح و کا، رۆحی ئاهورای ژنی لە گۆڕەکەدا بوون؛ ئاهورا خۆی لە کۆپتۆس نێژرابوو، بەڵام چونکە مێردەکەی زۆر خۆشدەویست رۆحەکەی لای ئەو مابۆوە. سەتنا بینی ئەو دوانە لەبەردەم پێشکەشیەکانیاندا دانیشتوون و کتێبەکە لە نێوانیاندایە. نا.نێفر.کا.پتاح بە سەتنای گوت، "ئەتۆ کێی وا دزەت کردۆتە نێو گۆڕەکەم؟ " ئەویش وتی، ''ئەمن سەتنام کوڕی شای گەورە یوزێڕ ـ  مات.را، هاتووم بۆ ئەو کتێبەی لە نێوانتانا دەیبینم. "نا.نێفر.کا.پتاح  وتی، "ئەو کتێبە نادرێ بە تۆ.'' سەتنا وتی، "بەڵام من بەزۆر دەیبەم.''

ئاهورا هاتە قسە و بە سەتنای وت، ''ئەو کتێبە مەبە؛ تووشی کارەساتت دەکا هەر وەک بەسەر ئێمەی هێنا. گوێ  بگرە لەو رەنج و ئازارەی بۆ ئەو کتێبە بەتووش ئێمەوە بووە."

 

       چیرۆکی ئاهورا

"ئێمە دوو منداڵی شا مێر.نێب.پتاح بووین، شا ئێمەی زۆر خۆشدەویست چونکە منداڵیتری نەبوو؛ نا. نێفر. کا. پتاح وەک جێنشینی شا بۆ هەموو وڵات لە کۆشکی شاهانەدا دەژیا. کاتێک گەورە بووین، شا بە شاژنی گوت، 'ئەمەوێ کچی یەکێک لەو سەردارانە بهێنم بۆ نا. نێفر. کا. پتاح و ئاهوراش بدەم بە کوڕی سەردارەکەی تر.' شاژن وتی، 'نا؛ ئەو جێگری تۆیە، با لەگەڵ خوشکیا زەماوەند بکا، وەک جێنشینی شا، کەسی تر شیاوی ئەو نییە.'  شا وتی، 'ئەمە رەوا نییە؛ باشتر وایە لەگەڵ مناڵی سەردارەکانا زەماوەند بکەن.'

شاژن وتی، 'تۆ بەراستی لەگەڵ منا باش ناجووڵێیەوە.' شاش وەڵامی دایەوە، 'خۆ من لەو دوانە زیاتر مناڵم نییە، ئەی ئەمە رەوایە ئەوانە ببنە ژن و مێرد؟ کچی یەک لەو سەردارنە دەهێنم بۆ نا. نێفر، کا. پتاح و ئاهوراش ئەدەم بە کوڕی سەردارێکی تر. لە بنەماڵەی ئێمەدا هەر ئاوا باو بووە.'

"جارێکیان بۆ بەشداری لە جێژنێک لە خزمەت شادا، هاتن منیشیان برد. لەوێ سەرم تەواو لێ شێوابوو، نەمدەزانی چی بکەم. شا رووی لە من کرد و گوتی، 'ئاهورا، کەست لە من راسپاردوە بۆ ئەم قسە ناخۆشە کە دەڵێی، با شوو بکەم بە براگەورەکەم!" منیش پێم گوت، ' باشە با مێرد بکەم بە کوڕی سەردارێک و براکەشم کچی سەردارێکی تر بێنێت، هەر وەک لە خانەدانمانا باو بووە.' ئەمن پێکەنیم، ئەویش پێکەنی. ئەمجا شا بە کارگێڕی کۆشکەکەی وت، با هەر ئەمشەو ئاهورای بەرن بۆ ماڵی نا.نیفر.کا.پتاح و هەموو شتێکی پێویستیشی لەگەڵدا بنێرن.' بەمجۆرە  وەکوو هاوسەر منیان هێنایە ماڵی نا.نیفر.کا.پتاح؛ فەرمانیش درا زێڕ و زیو و کەلوپەلێکی زۆری کۆشکیشم خەڵات بکرێ.

"نا.نێفر.کا.پتاح ژیانێکی خۆشی لەگەڵ منا بەسەربرد، ئەو هەموو خەڵات و دیارییەشی لە کۆشکەوە پێگەیی؛ ئێمە یەکترمان زۆر خۆشدەویست. ئەوکاتەی چاوەڕوانی منداڵم دەکرد، هەواڵەکە بە شا گەیشت، زۆری پێ شاد بوو؛ خەڵاتێکی زۆری لە باشترین زێڕ و زیو و کەتان بۆ ناردم. کە کاتی خۆم هات ئەم منداڵە چکۆلەی بەردەمت هاتە دنیا. ناویان لێنا مێرـ ئاب(Mer-ab) و ناویان لە کتێبی خانەی ژیاندا نووسی.'

"لەو کاتەیدا کە براکەم نا.نێفر.کا.پتاح دەچووە گۆرستانەکەی مێمفیس، کارێکی تری نەبوو بێجگە لە خوێندنەوەی ئەو نووسراوانەی لە گۆڕە ژێرزەوییەکانی شاکان و بەردە نووسراوەکانی خانەی ژیان و ئەو خەتە هەڵکەنراوانەی بەسەر پەیکەرە دێرینەکانەوە دەبینران. بۆ ئەم کارەیش زەحمەتێکی زۆری کێشا. نێسی ـ پتاح ناوی کەشیشێک بوو لێرە؛  رۆژێکیان کە نا.نێفر.کا.پتاح بۆ دۆعا کردن ئەچێتە پەرستگەیەک وا ڕێئەکەوێ لە دوای ئەم کەشیشەوە ئەبێ. لە کاتی خوێندنەوەی نووسراوەکاندا ئەم کەشیشە گاڵتەی پێئەکا و پێی دێتە پێکەنین. بۆیە نا.نیفر.کا.پتاح پێیدەڵێ، 'بۆ پێم پێئەکەنی؟' ئەویش وەڵام ئەداتەوە، 'بە تۆ پێناکەنم، پێکەنینم بەو شێوە خوێندنەوە بێکەڵکەی تۆ دێ. زۆر حەزئەکەی ئەم نووسراوانە بخوێنییەوە، لەگەڵما وەرە، بتبەمە جێگەیەک، ئەو کتێبەی لێیە کە تۆت بە دەستی خۆی نووسیویە، ئەویش تۆ ئەباتە لای خواکان. ئەگەر تەنیا لاپەڕەیەکی لێ بخوێنیەوە، ئاسمان و زەوی بەچیای بەرز و دەرەی قووڵ و دەریاکانیەوە جادوو دەکەی؛ زمانی باڵدارانی ئاسمان و گیاندارانی سەرزەمین تێدەگەی؛ ماسییانی بندەریا دەبینی، چونکە هێزێکی خوایی ئەوانە دێنێتە سەرئاو. کاتێکیش لاپەڕەی دووهەم بخوێنییەوە، ئەگەر لە دنیای مردووانیشدا بی، دەچیتەوە سەر ئەو شێوەی لە سەر زەمیندا بووی. خۆر دەبینی لە لەگەڵ خواکان و مانگی چواردە، لە ئاسمانا دەدرەوشێتەوە.'

"نا.نێفر.کا.پتاح وتی: 'سوێند بە گیانی شا! هەر چی بخوازی بۆت ئەکەم، ئەگەر بمنێریتە ئەو جێگەی ئەم کتێبەی لێیە.' کەشیشەکە وتی: 'نا. نێفر.کا.پتاح، ئەگەر دەخوازی بچیتە ئەو جێگایەی ئەم کتێبەی لێیە، دەبێ سەد سکەی زیو بدەی بۆ پرسەکەم و هەروەک کەشیشێکی سامانداریش ئەسپەردەی خاکم کەن.' بۆیە نا.نێفر.کا.پتاح پیاوەکەی بانگ کرد و گوتی سەد سکەی زیو بدا بە کەشیش و  هەر شتێکیشی پێخۆش بێ یان داوای بکا بۆی ئەنجام بدەن. ئەوسا کەشیش بە نا.نێفر.کا.پتاحی گوت: 'ئەم کتێبە لە ناوەڕاستی چۆمێکدا لە کۆپتۆس لە نێو سنووقێکی ئاسندایە؛ لە نێو ئەم سنووقە ئاسنەدا سنووقێکی برۆنزە؛ لە نێو ئەمیشدا سنووقێکی دارهەنجیرە؛ لە نێو ئەمەشدا سنووقێکی سەدەف و دارخەیزەرانە؛ لە نێو ئەوەشدا سنووقێکی زیوە ؛ لە نێو ئەم سنووقە زیوەشدا سنووقێکی زێڕە، کتێبەکە وا لە نێو ئەم سنووقە زێڕەدا. مار و دووپشک و جر و جانەوەرێکی زۆر دەوری ئەم سنووقە زێرەیان داوە، مارێکی نەمریشی بەلاوەیە.' کەشیش کە ئەمەی گوت نا.نێفر.کا.پتاح لە خۆشیا بە سەر عەرزەوە خۆی نەدەگرت. "کاتێک گەرایەوە ماڵ ئەوەی بۆی پێش هاتبوو گێڕایەوە بۆ من و گوتی: 'ئەچم بۆ کۆپتۆس، دەبێ ئەم کتێبە بهێنم؛ ئیتر لێرە لە باکوور بەند نابم.' منیش وتم، 'ژێوان بەرەوە، چونکا بەمکارە خەم و پەژارە ساز دەکەی و منیش لە تەباید دەخەیتە نێو کێشە و دەردەسەرییەوە. دەستم خستە سەر دەستی بۆ ئەوەی لە چوون بۆ کۆپتۆس پەشیمانی کەمەوە. بەڵام ئەو بەگوێی نەکردم و چوو بۆ لای شا. ئەوەی کەشیشەکە وتبووی بۆ شای گێڕایەوە. شا پرسیاری لێ دەکا، 'باشە چیت دەوێ؟' ئەویش دەڵێ، بفەرموو کەشتی شاهانەم بە هەموو کەلوپەلەکانیەوە بدەنێ، لەگەڵ ئاهورا و کوڕە چکۆلەکەمان مێرـ ئاب ئەچم بۆ باشوور ئەو کتێبە دەهێنم.' بەمجۆرە کەشتی شاهانەی بە هەموو کەلوپەلێکەوە درایە و ئێمە لەگەڵیا چووینە بەندەر و بەرەو کۆپتۆس کەوتینە رێ.

 

ژێرنووس:

میسری کۆن

سەتنا و کتێبی جادوو

نووسەرەکەی نەناسراوە.

١٤٠٠ساڵ پێش لە زایین.

دەستنووسی ئەم چیرۆکە، سەدەی نۆزدەهەم لە گۆڕی مونکێکی میسریدا دۆزراوەتەوە. لە سەر نووسەرەکەی هیچ شتێک نەزانراوە، بەڵام وای بۆ دەچن نابێ زۆر دوای داهاتنی دەستپێکی کورتە چیرۆک لە میسرداژیابی. سەتنا و کتێبی جادوو یەکێک لەو چیرۆکەسەیرانەیە کە لە سەرەتای مێژووەوە هەستی ستایشی خەڵکی دنیا بەتایبەت رۆژهەڵاتیانی جووڵاندوە. ئەمەش کە ئایا میسرییەکان بەڕاستی بەو شتانەی کە لە چیرۆکێکی پەرییاندا گێڕاندوویانەتەوە باوەریان هەبووە یان نا شتێکی بیسوودە: بەڵام لەوە ئەچێ ئەم بەسەرهاتە سەیرانەی لەم چیرۆکەدا هاتوون بۆ زۆر کەسان جێی قبووڵ بووە. تەنانەت ئەمڕۆکە لەم چەرخە زانستییەشدا بڕوا بە سیحر و جادوو لە نێو نەچووە: دەبینین هەندێک لە چیرۆکە مودێڕنەکانی ئەم چەرخەیش لە سەر بڕوا بە باوەڕی ریشەکێشنەکراوی ئەوپەڕی سروشت دانراون.

ویلیام فلیندێرز پێتری  William Flinders Petrieئەم چیرۆکەی کردوە بە ئینگلیزی. سەرچاوە رەسەنەکەیشی ناونیشانی نەبووە. ئەم ناونیشانەی لێرە بەکار هاتووە، وەرگێڕەکەی دایناوە.