ما 775 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

مرۆڤەکان / بوون بە ڕۆبۆت و

ساڵەکان و وەرزەکان و هەموو گەردوون

 لەنێو بازنەیەکی خوێنین بێپەروا دەسووڕێنەوە

وەرە با زەمەن بگەڕێنینەوە دوا

بەرە و چرکەساتەکانی

یەکەمین ماچ / بۆ عەشق

 

وەرە با زەمەن بگەڕێنینەوە دوا

ناڵە حەسەن

ژیان پڕ بووە لە نائومێدی

شەپۆلەکانی دەریا / سروودەکانییان بیرچۆتەوە

باخچەکان / بوونەتە گۆڕەپانی جەنگ

بیابانەکان / پڕبوون لە ئێسک و پروسک

خۆرەتاو / خەمساردانە بە دەورەی خۆی خول دەخواتەوە

تەمە سپییەکان / بوونەتە ملوانکەیەکی ڕەش بە گەردنی ئاسمانەوە

مرۆڤەکان / بوون بە ڕۆبۆت و

ساڵەکان و وەرزەکان و هەموو گەردوون

 لەنێو بازنەیەکی خوێنین بێپەروا دەسووڕێنەوە

وەرە با زەمەن بگەڕێنینەوە دوا

بەرە و چرکەساتەکانی

یەکەمین ماچ / بۆ عەشق

یەکەمین درەخت / بۆ سەما

یەکەمین دڵۆپە باران / بۆ سەوزایی

یەکەمین زەردەخەنە و 

یەکەمین خەون و یەکەمین فڕینیش / بۆ ژیان

دەوەرە دەی

با بگەڕێینەوە نێو ئەو چرکەساتانەی / کە

تاتوو / لەسەر جەستەی خاک دروست نەدەکرا

بە تاریکیش دەمانتوانی بە ڕێگاکاندا بڕۆین

خوێن هێمایەک نەبوو بۆ مردن

چەمکەکانی دۆڕان و سەرکەوتن نەهاتبوونەتە بوون

وێنەکان لەچوارچێوە نەدەدران و

خەیاڵ و بیرکردنەوەکان نەدەبوون بە دۆگما

ئەو ڕۆژانەی

هەر ڕێگایەک کۆتاییەکەی

دەگەیشتەوە بەردەم دەرگاکانی بەهەشت

هەر ئەستێرەیەک

هێمای شەوێکی سووری زەمەنە گەرمەکانی

عەشق بوو

هەر سەفەرێک لە دەفتەری گەڕان

یاداشتەکانییان تۆمار دەکرا

هەر ماڵێک کونجێک بوو بۆ ئارامی

کۆڵان و گەڕەک ماڵێکی گەورە بوو بۆ هەمووان

دەوەرە دەی / با زەمەن بگەڕێنینەوە دوا

کاتژمێری دەستم و

زنجیری گەردنم ژەنگییان هەڵێناوە

لەسەر سەکۆی بەردەم کەلاوەیەک ڕاکشاوم

با / تادێ لێم دوور دەکەوێتەوە

سێبەر دەموچاوی گرژ و

خۆرەتاویش هەر بەهەوەس مۆڕە دەکات

بازنەی شەو و ڕۆژ و وەرزەکانیش

خوار و خێچ و لینگەو قووچن

وا خەریکە توانای هەناسەدانم نامێنێ

کتێبەکان پڕبوون لە ئاگر

خەیاڵەکان پڕبوون لە ڕەژوو

خەونەکان پڕبوون لەبەرد

پەلکەزێڕینە پرسەی ڕەنگەکان دەگێڕێ

نوور لە چاوەکانی نیشتیمان نابیندرێ

دەوەرە دەی / با زەمەن بگەڕێنینەوە دوا

با ژیان و عەشق و دۆستایەتی

بگەڕێنینەوە سەر ڕێچکەکانی جوانی

دەوەرە دەی / تا هەناسەیەک ماوە بۆ خەون بینین