دکتۆر نوورى تاڵەبانى
پێشتر کاک عەزیز گەردیمان نەدەناسی، بەڵام ئەو دەیزانى دەستەکەمان خەریکى ئەو ئەرکەیە و کەس هاوکاریمان ناکات، ڕۆژێک سەردانى کردین و ئامادەیى دەربڕِی بۆ هاوکارى کردنمان. هەتا دەستەکە بەردەوام بوو لە کارەکانى، ئەویش بەردەوام بوو لەگەڵمان. هەزار سڵاو لەگیانى پاکى ئەو کوردە دڵسۆزە.
ئەکادیمیستى ناودارى کورد، عەزیز گەردى، ماڵئاوا!
دکتۆر نوورى تاڵەبانى
ئەدیب و نووسەر و وەرگێڕى ناودارى کورد، مامۆستا عەزیز گەردى بە یەکجاریى ماڵئاوایى لێکردین. بەم بۆنەوە بابەتى زۆر بڵاوکرانەوە لەلایەن زۆر لایەنى ئەدەبی و ڕۆشنبیرى و سیاسیی، بە پێویستى دەزانم ئاماژە بۆ ڕۆڵی ئەو کوردە دڵسۆزە بکەم بۆ هاوکاریکردنى (دەستەى قانوونى باڵاى کورد)، کە لە ساڵى هەزار نۆسەد و نەوەت و دوو، بە بڕیاری خولى یەکەمى پەرلەمانى هەرێم دامەزرابوو بۆ هاوکاریکردنى پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان. ئەندامانى دەستەکە سێ قانووونناسى ئەو دەمە بووین، بەندەو خوالێخۆشبوو حاکم ڕەشید عەبدولقادر و دکتۆر عەبدوڕەحمان ڕەحیم. حکومەتى هەرێم جێگاى بۆ دەستەکە دابین نەکردبوو، بۆیە ماڵەکەى خۆم کردبووە بارەگاى ئەو دەستە قانوونیە. ڕۆژانە ئەو دوو ئەندامانەى دى دەهاتنە ماڵەکەمان تا کاتژمێرى دووى پاش نیمەڕۆ دەمانەوە.
کەسێک داواى لە خوالێخۆشبوو مامۆستا عەزیز گەردى نەکردبوو هاوکاریمان بکات، ئەو لەودەمە مامۆستا بوو لە یەکى لە قوتابخانەکانى هەولێر، بە پایسکل دەهات بۆ وەرگرتنى ئەو پرۆژە قانووننانەى دەستەکەمان ئامادەى دەکردن، تا بیانکاتە کوردى. ئێمە لە دەستەکە هیچ توانایەکمان نەبوو تا بیخەینە بەردەستى، بە دەستى خۆم پرۆژەکانم دەنووسییەوە، چونکە کۆمپیوتەرمان نەبوو و کەسێکیان دەستنیشان نەکردبوو هاوکاریمان بکات بۆ نووسین، یان لانى کەم فۆتۆکۆپیکردنیان پێش ناردنیان بۆ سەرۆکایەتى حکومەت و پەرلەمانى هەرێم. کاک عەزیز بێ ئەوەى کەسێک هاوکاریى بکات، بە پایسکلەکەى دەهاتە ماڵەکەمان بۆ وەرگرتنى ئەو پرۆژە قانوونانەى ئامادەمەمان دەکرد، پاش چەند ڕۆژێک خۆى بۆى دەهێناینەوە. ئەویش کۆمپیوتەرى نەبوو، بەدەستى خۆى، پاش وەرگێڕانى بۆ سەر زمانى کوردى، دەینووسییەوە بۆى دەهێناینەوە، لەگەڵ نوسخە عەرەبییەکە، کە بە دەسخەتى من یان خوالێخۆشبوو کاک د. عەبدوڕەحمان رەحیم دەنووسرا.
پێشتر کاک عەزیز گەردیمان نەدەناسی، بەڵام ئەو دەیزانى دەستەکەمان خەریکى ئەو ئەرکەیە و کەس هاوکاریمان ناکات، ڕۆژێک سەردانى کردین و ئامادەیى دەربڕِی بۆ هاوکارى کردنمان. هەتا دەستەکە بەردەوام بوو لە کارەکانى، ئەویش بەردەوام بوو لەگەڵمان.
هەزار سڵاو لەگیانى پاکى ئەو کوردە دڵسۆزە.