ما 551 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەحمەد رەزا

مەبەستی سەرەکیی ئێمە لەم باسەدا، زیاتر ستایل و پێکهاتەی گۆرانییە. بابەتەکەش دروست لەسەر تەواوی گۆرانییەکانی هونەرمەند عادل عەزیزە، کە بۆ ئەم باسە گۆرانیی "ناڵەی شەوگار" دیاریکراوە، بەڵام باسەکە بە گشتیی، سەرجەم گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەیە.

 

عادل عەزیز، ڕووبەرێکی دەنگیی فراوان

کاتێ گوێ لە گۆرانییەکی ئەگرین، یان بەیادماندا ئەگوزەرێ و ئەیڵێینەوە، ڕاستەوخۆ هەستتێک ئەمانخرۆشێنێ، هەستکردن بێ بە جۆش یان غەمباریی، وەک ئەوەی چێژ لە دەسکەوتنی یەکێک لە پێداویستیە گرنگە بیۆلۆژییەکان وەرگرین و غەریزەیەکمان تێر ببێت. ئەو چێژ وەرگرتن و گوێگرتن لە موزیک یان گۆرانییە، لە کۆمەڵە بازنەیەکی دەماری مێشکەوە سەرچاوە ئەگرن، کە لێکۆڵەرە فسیۆلۆژییەکانی مێشک ئەیگێڕنەوە بۆ ئەو بازنە دەمارییانەی مێشک، کە بەشداریی ئەکات لە هەڵسەنگاندن و هاندان و پاداشتی مێشک، بە تێپەڕین بە چەند کەناڵێکدا، ئەمەش واتە ئەو گۆرانیی و میوزیکە ئەو بازنانە چالاک ئەکەن، بە جۆرێک کە مرۆڤ هەست بە خۆشیی بکات، تەواو وەک هەر تێرکردنێکی فسیۆلۆژیی تر. لە ئێستاشدا کاری سەرەکی پزیشکە ئەنترۆپۆلۆژیی و بیۆلۆژییەکان، گەڕانە بەشوێن سەرچاوەی ئەو کارتێکردن و هاندانەی لەسەر مێشکەو بەهۆیەوە چالاک ئەبێت و دەرەنجامی باشیشیان دەستکەوتووە.

 گۆرانیی یان موزیک، ئەو کاریگەرێتیانەی لەسەر هەستی مرۆڤ هەیە.. کەواتە پێش هەر شتێک یەکگرتنەوەیەتی لەگەڵ چەشنی ئەو بابەتەی لەگەڵ هەر کەسێکدا وێک دێتەوە.

مەبەستی سەرەکیی ئێمە لەم باسەدا، زیاتر ستایل و پێکهاتەی گۆرانییە. بابەتەکەش دروست لەسەر تەواوی گۆرانییەکانی هونەرمەند عادل عەزیزە، کە بۆ ئەم باسە گۆرانیی "ناڵەی شەوگار" دیاریکراوە، بەڵام باسەکە بە گشتیی، سەرجەم گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەیە.

لە پێناسە دەروونزانییەکەیدا گۆرانیی و موزیک: ئامرازێکن بۆ گوزارشتکردن لەو هەڵچوونە دەروونییە جیاوازانەی مرۆڤ، کە پیایدا تێپەڕ ئەبێت و جۆرێکن لە جۆرە دەروونییە خۆڕسکەکانی، کە لە هەندێک ورتەی کاردانەوەو ڕستەو دەستەواژە پێکدێت، بۆ گوزارشتکردن لە بیری خۆی."

گۆرانیی دەرپەڕاندنی دەنگ و ئاخاوتنە بەشێوەیەکی ڕێکخراو.. میوزیک لە گۆرانیدا پابەندە بە هەستە وتراوەکەوە. واتە میوزیک و دەنگی گۆرانیبێژ، کە هەندێجار جێی میوزیک ئەگرێتەوەو هەم ڕیتم و وتراوەکە، هەموو پێکەوە پابەندن و پێکەوە بەرهەمێک ئەگەیەننە دواپلەو کۆتایی بەرهەمهێنراو.

 تایبەتمەندێتییە سەرەکییەکانی گۆرانیی بریتین لە:

* گرنگترین ڕەگەزی بەربڵاو "میلۆدی و گونجاندن و کێشەکان و تۆن و مەقام و پەیژە میوزیکیەکان، کە لە زانستی میوزیکی کوردیدا لەبری مەقام"ە.

* ڕیتم و ئەو چەمکانەی لەگەڵ خۆیدان، وەک خێرایی ڕیتم/تیمپۆو نوارو کرۆش و باڕەکان و وتنی میوزیکی/ النطق الموسیقي.

* جوڵەی دەنگ: قەراو جەواب، یان ڕیزبەندییەکەی خۆی، کە دواتر باسی ئەکەین.

* سیفەتە دەنگییەکانی چنراوە میوزیکیەکە، لە زۆرباردا بە چەشن یان بە ڕەنگی دەنگەکە ئەناسرێتەوە.

بەڵام ئەوی دەربارەی چینەکانی دەنگی مرۆڤە، بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بوون و ئەو پۆلینکردنە ئامرازی گۆرانیبێژو کۆمپۆزەرەکان و شوێن و تەنانەت ئامادەیی وەرگریشە. بەمجۆرەش دابەش ئەبن:

دەنگی ژنان:

soprano

mezzo soprano

contralto

دەنگە پیاوانەکانیش بەسەر چوار جۆردا دابەش ئەبن:

countertenor

tenor

baritone

bass

 ئەم ڕوونکردنەوانە تایبەتن بە پێرفۆرمانس/ أداء ی گۆرانبیژەوە، کە لە ڕاستیدا یەکێک نییە لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی موزیک و ڕەگەزەکان بریتین لە: ئاوازو ڕیتم و گونجاندن، یان هاوئاوازیی.. بەڵام دەنگی گۆرانیبێژ گرنگترین کاریگەرێتیی هەیەو بەلانی وەرگرەوە ڕەگەزی یەکەمینە لە پێکهاتەی گۆرانییدا. " هەرچەندە هەموو ڕەگەزەکانیترو بە ئامێرە میوزیکییەکەشەوە ئەکەونە پێش وتن، لە دروستبوونی ماددە میوزیکیەکەدا"

 هیگڵیش لە بارەی پێرفۆرمانسەوە ڕای وایە: دوو چەشنی هەیە، یەکێکیان پڕاوپڕی ئەو کارە ئەدای خۆی ئەکا، کە ڕەنگڕێژ کراوەو وەزیفەی سەرەکیی ئەو تەنها وتنەوەیەو لەوە بترازێ بەهیچ جۆرێک گوزارشت لە هیچ شتێکیتر ناکات، هەرچی چەشنی دووەمە، هونەرمەندەکە تەنها بەو ئەدایە ڕازیی نابێت کە بۆی دیاریکراوە، بەڵکو لە گوزارشتە میوزیکیەکەوە نەک تەنها لە مانایەوە، بەڵکو لە ماناکانی خودی خۆشیەوە ئەیەوێت بە ڕێگە تایبەتییەکانی خۆی ژیان پەخش بکات".. بەڵام ئارۆن کۆبلاندو دواتریش سەعید تۆفیق کە هەمان ڕای کۆبلاندی هەیە، پێیانوایە " پێرفۆرمانسی گۆرانیبێژ پەیوەندیی بە سەبکی دەنگییەوە هەیە، پوختەی چەمکی کردە میوزیکییەکە لە میانەی کردەی چێژی میوزیکییەوە ئەگەیەنێت، بە گونجاندنی لەگەڵ ئەو ئامێرە میوزیکیانەی بەکارئەهێنرێت بۆ کارەکە"

 بەڵام تەکنیکی هونەرمەند خۆی، کە جووڵە دەنگییەکانی ڕێک ئەخا، ئەوەش یەکێکە لە پێکهێنەرە بنەڕەتیەکانی ئەداو شارەزایی خۆی لەوێدا ڕۆڵی گرنگی هەیە، ئاوازەکە جوانتر ئەکا بە بێ ئەوەی لە ڕەوتی بنەڕەتی ئاوازەکەش دەربچێت.

 بۆ نمونە گۆرانیی " ناڵەی شەوگار" ی هونەرمەند عادل عەزیز، لە بنەڕەتدا ئاوازێکی فۆلکلۆریی ناوچەی لوڕستانە، بەڵام لە وتنەوەو شێوازی ئەدا کردنیدا، بە جۆرێک جوانکاریی تیاکراوە، کە کەمێک ئەستەمە ڕەخنەگر بە خێرایی ئەو ئاوازە بناسێتەوە.. هەڵبەت دیارە لە ناوچەی لوڕستاندا زۆرترین گۆرانیی و ئاواز لەسەر مەقامی " عەجەم" دانرابێت و ئیشی تیاکرابێت.. لە کاتێکدا ئەم گۆرانییە، لەسەر مەقامی " نهاوەند"ەو بە گوێرەی وتەی ڕەخنەگرانیش وەک " محمد صابر عبید" یەکێکە لە مەقامە قورسەکان بۆ ئەدا کردن، بەڵام بۆ هەردوو جۆر لە گۆرانی شادو غەمگین ئەشێ سوودی لێوەرنگیرێت.

 لەم گۆرانییەو زۆرینە ئەگەر نەڵێم تەواوی گۆرانییەکانی هونەرمەند عادل عەزیزدا، بە گشتی جۆرێک لە غەمگینیی ئەبینرێتەوە، کە دروست پەیوەستە بە بارودۆخی ژیانی خەڵکەوە.. هەرچەند هەوڵ بدرێت دۆخەکە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕیی نیشان بدرێت و کاریکاتێرو گۆرانیی سەیروسەمەرەی بۆ بەرهەم بهێنرێت، لە هەمانکاتدا ئەو هونەرمەندانەی لەگەڵ خەمی خەڵکیدا یەکانگیرن، ڕێچکە ڕاستەقینەکە ئەگرن و بە بیانووە جۆراوجۆرەکان لە خشتە نابرێن.

ڕەنگە دەنگی عادل عەزیزو شارەزایی لە لەرە دەنگییەکەیدا، ئەو ئەتمۆسفیرە بخوڵقێنن، کە بەردەوام وەرگر توشی شۆک بکات و لەگەڵ بیستنی هەر گۆرانییەکیدا بەر واقیعی حاڵی خۆی بکەوێتەوە.. لە بوارە دەنگییەکەی خۆیدا زەخرەفەیەکی هونەریی تەواوی بەکارهێناوە، بەڵام لە ڕووی هەڵبژاردنی ماناوە، دەست بۆ شیعری لیریکیی ڕاستەقینە ئەبات، کە هیچ گرێ و گۆڵێکی تیانییەو وەرگر بە ئاسانیی لێی تێ ئەگات.. ئەمەش بۆ خۆی یەکێکیترە لە پێکهێنەرەکانی گۆرانیی و کۆمپۆزەر یان گۆرانیبێژ، پێویستە کاتێ شیعرێکی لیریک هەڵئەبژێرێت، بنەماکانی ئەو جۆرە شیعرەش لەبەرچاو بگرێت.

ناڵەی شەوگار، شیعری محمد پاکژی شاعیرەو بە زمانێکی شیعریی باش و مانای سادە، چەمکی حاڵەتەکە ئەگەیەنێت، لەگەڵ ئاوازەکەشدا بە کارامەییەکی باشەوە، عادل عەزیز توانای بەسەر ئەوەدا هەبووە، هەم بیگونجێنێ و هەم بیکاتە ڕووبەرێکی فراوان بۆ گەمەی لەرەو جووڵە دەنگییەکانی:

     شەو کە ناڵەی زامی سەختم دەشت و کێو ئاوا دەکا

     بولبولی سەرچڵ لە داخـــــا تەرکی باخ، سەفا دەکا

من کە دیلی داوی زوڵف و زامداری تیری ئەبرۆم

بمکوژە نامەوێت بژیـــم دەروێشی ڕێی خاڵی تۆم

                       تۆ کە ناپرسی لە حاڵم بۆچییە وا زاریـدەکەی؟

                       شاهیــــــدن یارو یاوەران تۆ بریندام دەکـــــــەی.

چینی دەنگیی عادل عەزیز، ڕووبەری فراوانەو لە گۆرانییەکانیدا جیاواز نیشانی ئەدات تا ئەگاتە ئاستی تینۆر، لە سەرەتاوە وا ئەناسرێت کە bass بێت، بەڵام بەپێی پێداویستیی ئاوازەکە، لە گۆرانییەکانی " کۆنە هەواران و مەخلوق و لەیلی و هەندێکیتردا، چینیتر بەر گوێمان ئەکەوێت و هەمان ئەو هەستەشمان لادروست ئەکاتەوە، کە تەواوی گۆرانییەکانی ئەوی گرتووەتەوە.. ئەمەش پەیوەندی بە ئیمپرۆڤیزەیشن/ ارتجال ی هونەرمەندەکەوە هەیە، کە لە هەندێباردا پەنا ئەباتە بەر پاشخانی ئاوازی خۆی کاتێک ڕێچکەو ڕستەکانی ئاوازەکە پێکەوە ئەبەستێتەوە، " چونکە کۆمپۆزەر/ "ئاوازدانەر" لە توانایدا نییە بە تەواوەتی مەودای دەنگە سروشتییەکان بچەسپێنێ، بەوجۆرە گۆرانیبێژ ئەبێتە هۆی دەرخستنی جوانکاریی کەسیی خۆی لە ئاوازە بڕیار لەسەردراوەکەدا.. بەهۆی ئەوەشەوە کە لە گۆرانیی کوردییدا دووبارە کردنەوە زۆرە، ڕووبەرێکی بەرفراوانتر هەیە بۆ دەرخستنی تەکنیکی گۆرانیبێژو ئەتوانێت لە دینامیکیەتی گوزارشتی دەنگیی و شیرینکردن و زەخرەفەی ئاوازەکە، بە پشوودرێژییەوە کار بکات" عادل عەزیز بەم چەشنە سوودی لە مەوداکانی ڕووبەری وتن و پێرفۆرمانس وەرگرتووەو بە کۆی گشتیی، لە دەرەوەی ئەو کۆدەنگییەدایە، کە گۆرانیی کوردی وەک بنەمایەک سەقامگیر وەریگرتووە.

 بەشبەحاڵی خۆم، لەگەڵ هەر گۆرانییەکی عادل عەزیزدا، شیعرەکەی گۆران داگیرم ئەکات و پڕ ئەبم لە حوزن و ماتەم و بەر تەواوی ڕەهەندەکانی ژیان ئەکەومەوە:

بە رەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمــشاڵی کزا، دەروێـــش

حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بـێ

لە سیماتا بەدیم کرد هەیــــــکەلی عومرێکی حەسرەتـکێـش

وەهــا دیارە کــــە بەختــت ئاشـــیانی بولــبولی خەم بــــێ!

                   ـــــ گۆران ــــــ

دەنگی عادل عەزیز، لە قەرارو جەوابدا بە ڕەوانیی جێی خۆی کردووەتەوەو وەرگر هاوسەنگ ئەکاتەوە لەگەڵ ترپەو ئاراستەکانی گۆرانییەکانیدا، لەبەرئەوە پێگەی لە گۆرانیی کوردیدا جێگیرە.

 کلیپ کردنیش بۆ خۆی یەکێکیترە لە پێداویستیەکانی سەردەم و ئەبێتە پێکهێنەرێکی لاوەکیی لە گۆرانیی تەلەفزیۆنیدا.. لە هەردوو گۆرانیی " کۆنە هەواران و مەخلوق" دا کلیپەکان لە ئاستی نوێگەریدان و بە خێرایی سەرنج لەسەر خۆیان کۆئەکەنەوە، بەو هیوایەی لە داهاتووشدا، سیناریۆی گۆرانییەکانی ببێتە بەشێک لە گرتە سینەماییە مۆدێرنەکان.

سەرچاوەکان:

1- محمد منصور- علم الاعصاب/ الموسیقی تحفز دوائر الدماغ- موقع للعلم- ٢٩/ ٣/ ٢٠٢١

2 – علي بدر- تعریف الغناء- موقع مقالة- ١٨/ ٥/ ٢٠٢١

3- أساسيات الغناء ومقامات وطبقات وخصائص الصوت | دليل شامل لعلم الموسيقى والغناء- قسم الدراسة والتعلیم لموقع مسار انثی-

4- انواع ونطاقات الصوت- موقع- التقدیر الموسیقي Lumenتصنیف الاصوات البشریة- موقع

5- طارق حسون فرید- تأریخ الفنون الموسیقیة- وزارة التعلیم العالي- بغداد

6 - هیگڵ- فن الموسیقی- ص٩٧

7- ارون کوبلاند- کیف تتذوق الموسیقی- ت: محمد رشاد بدران- الشرکة العربیة للطباعة والنشر- القاهرة- ط٤ سنة ٢٠٢٢

8- محمد پاکژ- کۆمەڵە شیعری " ئیمپراتۆری ماچ"

9- قەسیدەی دەروێش عبدالله- دیوانی گۆران.

10- أ.م.د. میسم هرمز توما- عناصر تکوین الموسیقی والغناء- مکتب الفتح- بغداد- 2018- ص٦٧