ما 595 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

ڕاستە سیگمۆند فرۆید دکتۆرێکی دەروونی و بیرمەندێکی دەروونناس بوو بەڵام، وەک زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسووفەکانی تر وەک / مارکس و نێچە و هایدگەر و کامۆ و ئەدۆنیس و... کاریگەری بێوێنەی بەسەر قوتابخانە ئەدەبیەکان و بەتایبەتیش بەسەر شیعر و شاعیراندا هەبووە.

 

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین

 ناڵە حەسەن

  • شیعر و خودا
  • شیعر و سیگمۆند فرۆید

 

(شیعر و خودا)

ڕەنگە ئەو ناونیشانە کەمێک لەلامان  سەیر و نامۆ بێت، یان بپرسین / بۆچی شیعر و خودا، یان دەبێت چ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە هەبێت؟ ئێمە هەوڵدەدەین بە کورتی هەم ئامانج و مەبەستەکانمان ڕوونکەینەوە هەم وەڵامی ئەم پرسیارانەش بدەینەوە. بە پێی ئایەتەکان و کتێبە ئاسمانییەکان خودا بوونێکە / نە لەکەس دەبێت، نە کەسی لێدەبێت، نە دەبیندرێت، وە لە هەموو شوێنێکیش ئامادەیی هەیە و کەسیش ناتوانێت بیبینێت، هاوکات وەک خالقێک دروستکەری گەردوون و هەموو بوونەوەرێکە. خودا بوونێکی بیندراو نییە، مرۆڤەکان تەنها لەنێو ڕووبەری خەیاڵ و بیرکردنەوەکانییان هەست بەبوونی دەکەن و لە پەیوەندییەکی نزیکدان لەگەڵیدا. واتە / خودا بوونێکە لەنێو رووبەرێکی نادیار دایە، ئایەتە ئاسمانییەکانیش هەرلەنێو ئەو ڕووبەرە نادیارە دێنەبوون. ئەگەر لە شیعر وردبینەوە دەبینین، شیعریش بەهەمان شێوە ، شاعیر لە ڕێگەی بەردەوامبوون لە بیرکردنەوە دەگاتە قووڵاییەکانی نێو ڕووبەری خەیاڵ، لەوێدا لەنێو ئەو رووبەرە تاریک و نادیارە گەڕان و بەدواداچوونەکانی خۆی دەکات، هەر لەوێدا لەنێو ئەو ڕووبەرە نادیارەدا شیعر دێتەبوون. تەنانەت لە هاوکێشەی (خودا و ئایەتە ئاسمانییەکان و شاعیر و شیعر) پەیوەندییەکی هاوبەش هەیە. ئێمە لە وتاری (پەیوەندی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک) دا گتومانە / لە دەقی شیعریدا ناوەڕۆک بوونێکی نادیاری هەیە و لەڕێگەی خوێندنەوە بەشێک لە مانا و ناوەڕۆکەکەی بەدیار دەکەوێت . دەبینین ئایەتە قورئانییەکان و کتیبە ئاسمانییەکانیش بە هەمانشێوە، ساڵەهایە نووسەران و ڕۆشبیران و بیرمەندە ئیسلامییەکان لە هەوڵی خوێندنەوە و تەفسیرکردنی ئایەتە قورئانییەکانن، چونکە ئایەتەکان / بوونێکی نادیار و لەنێو ڕووبەرێکی نادیار هاتوونەتە بوون، بۆیە هەمیشە، تەفسیر و مانای جۆراوجۆر لەخۆدەگرن، بۆ نموونە / ئیسلامییەکان، بە بیرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیر و هەموو بڕوادارەکان، باوەڕیان بەیەک خودا، یەک کتاب و یەک پەیامبەری خودا هەیە. کەچی لە تەفسیرکردن و خوێندنەوەی ئایەتە قورئانییەکان ناکۆکی و جیاوازیی زۆریان هەیە، هەروەک لەسەرەوە باسمان کرد هۆکارەکەش ئەوەیە کە / ئایەتە ئاسمانییەکان لە ڕووبەرێکی تاریک و نادیار هاتوونەتەبوون، لە پێشتریش باسمان لەوەکردووە کە / دەمێکە بە شاعیرانیان گوتووە، خوداوەندێکی بچکۆڵە، بەو مەبەستەی شاعیریش وەک خودا کەسێکی داهێنەر و دروستکەرە واتە خالیقە. بەمانای / وەکچۆن خودا لەڕیگەی ئەو دەسەڵات و هێزە سەرتاپاگیرییەی کە هەیەتی، دروستکەری گەردوون و بوونەوەرەکان و هەموو شتێکە یان دەسەڵات و هێزی دروستکردنی هەڕشتێک کە بیەوێت هەیەتی، شاعیریش لە ڕێگەی ئەو هێزەی هەیەتی کە (زمانە)، لەنێو ڕووبەری دەق دەتوانێت هەر شتێک بڵێت کە بیەوێت ، لەنێو هەردەقێکی نوێ، لەڕێگەی وشەکان و چەمکە هاودژەکان و هێما و میتافۆرەکان /  قسەی نوێ و ناوەڕۆک و مانای نوێ بدات بەدەستەوە، لێرەدا دەگەینە دوا مەبەست و ئامانجمان کە دەمانەوێت، خاڵێکیتر بۆ ئەو وتارەمان زێدە بکەین کە (شیعر چییە و بۆچی ناتوانین پێناسەی بکەین؟) لەوێدا چەند خاڵێکمان دیاری کردبوو لێرەدە ئەوەشی بۆ زێدەدەکەین و دەڵێین / بەو هۆکارەی خودا بوونێکی نادیاری هەیە بە پشتبەستن بەو کورتە ڕوونکردنەوەی سەرەوە دەتوانین بڵێین / هەموو ئەو چەمک و بوونانەی لەنێو ڕووبەرێکی تاریک و نادیاردا دێنە بوون. ناتوانین پێناسەیان بکەین و بازنەیەکیان بە دەورەدا بکێشین چونکە / بوونێکی گەردوونییان هەیە!

 

(شیعر و سیگمۆند فرۆید)

ڕاستە سیگمۆند فرۆید دکتۆرێکی دەروونی و بیرمەندێکی دەروونناس بوو بەڵام، وەک زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسووفەکانیتر وەک / مارکس و نێچە و هایدگەر و کامۆ و ئەدۆنیس و... کاریگەری بێوێنەی بەسەر قوتابخانە ئەدەبیەکان و بەتایبەتیش بەسەر شیعر و شاعیراندا هەبووە. من دەمەوێت باس لەو ڕووبەرانە بکەم کە فرۆید بەهۆیەوە کاریگەری بەسەر ئاسۆی بیرکردنەوەی نووسین و بەسەر زمانی نووسین و بەسەر پێکهاتە و ناوەڕۆکی دەقدا هەبووە. یان دەمەوێت ئەوە پێشان بدەم لەکوێوە فرۆید بۆ ئێمە گرینگە و دەبێ بیخوێنینەوە. فرۆید بە ئیشکردن لەسەر مێشکی مرۆڤ و دابەشکردنی بەسەر سێ بەش ئەوانیش (من، منی باڵا، ئێد)، هاوکات دۆزینەوەی ڕووبەری ناخودیاگایی و پەیوەندییەکانی ئەو سێبەشەی مێشک و ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی بەسەر باری دەروونی و کەسایەتی و جوڵەی کەسەکان... (ئێد) ئەو بەشەیە تەواو لە نێو رووبەر و یان لەژێر کاریگەری ناخودئاگایی دایە، لە پڕۆسەی نووسین و لەکاتی خەیاڵ و بیرکردنەوەکان ئەوبەشەی مێشک چاڵاکتر و زیتر کاریگەرتر دەبێت. ئەوبەشەش لە تەمەنی منداڵییەوە دروست دەبێت، لەمنداڵ زۆر چالاکە و بۆیە منداڵان لەنێو دنیای خۆیاندا دەژین و کەمتر لەژێرکاریگەری هێزە دەرەکییەکانن. تا ئاستێک نووسینییان بە کارێکی منداڵانە داناوە یان بەکاری شێتی چونکە، لەژێرکاریگەری ئەوبەشەی مێشکن، هاوکات لەژێرکاریگەری ڕووبەری ناخودئاگایین. ڕووبەری ناخودیاگاییش ئەو ڕووبەرەیە شوێنی کەڵەکەبوونی هەست و حەزە چەپێندراوەکان و خەونە لەدەستچووەکان و تامەزرۆ و چەشە بەهێزەکانی مرۆڤە، زۆرجاران لەکاتی بێئاگایی و لەکاتی پێویست و هەندێجاریش لەنێو خەونەکان بوخچەکان دەکرێنەوە و خۆیان نمایش دەکەن و لەکاتی ئاگاییش جووڵەکانی مرۆڤ کۆنتڕۆل دەکەن. بە دۆزینەوەی رووبەری (ناخودئاگایی) کاریگەرییەک و گۆڕانکارییەکی گەورە روویدا بەسەر ئاسۆی نووسین و ئاسۆی بیرکردنەوەی نووسەرەکان . بەتایبەت هەروەک دەبینین لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم بەدوای قوتابخانەی ڕۆمانسیزم واتە لە سیبولیستەکانەوە بەدوا . کاریگەری هەستەکانی ناخودئاگایی بەسەر قوتابخانە ئەدەبییەکان و بەسەر پڕۆسەی نووسیندا هەیە بەتایبەت شیعر و شاعیران. چونکە لەسەردەمی ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم و ئەوانیتریش، ئاراستەی بیرکردنەوەکان و نووسەران ڕووبە دەرەوە بوو، زێتر وەسفی سروشت و خوداوەند و ڕووداو و پاڵەوانە مێژووییەکان و داستان و عاشقەکان و ئەوبابەتە دەرەکییانە بووە، بەڵام لەسەردەمی سومبولیزم و قوتابخانەکانی دواتر زێتر پەیوەندییەکان ڕوو لەناوەوە بووە ، واتە نووسەرەکان ئیشیان لەسەر ناوەوەی خۆیان کردووە ، هەست و حەز و خەونەکانی خۆیان نووسیوەتەوە. زێتر ئیشیان لەسەر ناوەوەی خود کردووە ، ئەوەش لەژێر کاریگەری ڕووبەری ناخودئاگایی فرۆید بووە. بەتایبەت قوتابخانەی سوریالیزم تەواو لەژێر کاریگەری فرۆید و ڕووبەری ناخودئاگایی و نووسینەوەی خەونەکاندا بوون. بۆیە تابلۆکانی سلفادۆر دالی سەیر و سەمەرەبوون، چونکە ئیشی لەسەر خەونەکانی دەکرد و ئەو شتانەی ڕەسم دەکردن کە لە خەوندا دەبیندران . قوتابخانەکانی تری دەورانی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەش بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەری ڕووبەری ناخودیاگایی فرۆید دابوون. خاڵێکیتر کە دەمەوێت باسی بکەم کە بەهۆیەوە فرۆید مۆری خۆی دا لە پڕۆسەی نووسین بەتایبەت نووسینی دەقی شیعری ئەویش، کتێبی (لێکدانەوەی خەونەکان) بوو. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەتەی بیست، لێکدانەوەی خەونەکان و هێماکانی خەون کاریگەری خۆی هەبوو لەنێو رووبەری مەعریفی و بەتایبەتیش لای نووسەران و شاعیران، لە بەشی دووەمی ئەو کتێبە باس لە میتۆدەکانی خوێندنەوەی خەون دەکات، یەکێک لەو میتۆدانە خوێندنەوەیە بۆ هێماکان، بۆ نموونە وێنەی قووچەک و قەڵەم و چەقۆ و شاخ و ئەمانەی وەک هێمایەک بۆ کۆئەندامی نێرینە بەکار دەهێنا و لەبەرامبەر ئەوە، دەشت و ڕووبار و چاڵ و ئەم دیمەن و وێنانەش وەک هێمایەک بۆ کۆئەندامی مێینە بەکاردەهێنا هاوکات، باری دەروونی و کاریگەرییەکانی پشتی ئەم هێمایانەشی دەخوێندەوە، ئەم میتۆدی خوێندنەوەی خەونەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشە دەروونییەکانی نەخۆشەکانی بەکاردەهێنا. لەو سەردەمانە، لەنێو ڕووبەری زمان هێما گرینگییەکی زێتری پێدرا و تەنانەت قوتابخانەی وێنەیی و هێماش هاتنە ئارا، بەم داهێنانەی فرۆید زمانی ئەدەبی و بەتایبەت زمانی شیعری چووە ئاستێکی باڵاتر و لە ڕووی ئیستاتیکاوەش ڕووبەرێکی فراوانتری داگیرکرد، خاڵێکی تر کە بە گرینگی دەزانم کە توانا و داهێنانی فرۆیدی بەسەرەوە دیارە ئەویش چەمکی (پارادۆکس )ە، واتە دوو جەمکی هاودژ و ناتەبا. فرۆید کاتێک چەمکەکانی ئیرۆس و ساناتۆسی دۆزییەوە لە مرۆڤدا، جگە لەوەی ئیرۆس بەمانای چەشە و لەزەتیش دێت لە هەمانکات فرۆید بە مەبەستی (ژیاندۆستی)ش بەکاری هێناوە، ساناتۆسیش بەمانای (مەرگدۆستی)، ئەم دوو مەیلە و ئەم دوو چەمکە دژبەیەک و ناتەبایە لەنێو بیرکردنەوە و پێکهاتەی مرۆڤ بە بەردەوامی بوونیان هەیە، دوای دۆزینەوەی ئەم دوو چەمکە، پارادۆکس و بەکارهێنانی چەمکە هاودژ و ناتەباکان بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی سەند تا ئاستی ئەوەی لە دەورانی مۆدێرنە و تەنانەت پۆستمۆدێرنەش وەک بەشێکی گرینگی پێکهاتەی زمانی شیعری چاولێدەکرا، بەکارهێنانی چەمکە ناتەباو دژەکان لەلایەک جوانکارییەک و بڕستێکی بێوێنەی بە دەق و دەستەوازە زمانەوانییەکان دەدات، لەلایەکیتریش بۆ مەبەست و مانای تر بەکاردەهێندران، هاوکات لەگەڵ ئەمانەش بۆ خوێندنەوەی چەمک و هێما دەروونیەکان و پێکهاتەی دەروونی دەق. خوێندنەوە و تێگەیشتن لە فرۆید بۆ نووسەران و ڕەخنەگران و بەتایبەت شاعیران گرینگی تایبەتی خۆی هەیە و من پێموایە ئەم گاریگەرییانەی فرۆید بەسەر ئەدەب بەگشتی و بەتایبەتیش بە زمانی شیعری بۆ تاهەتایە بە گەرمی دەمێنێتەوە.