ما 719 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ!

 

نوێترین کتێبی تازەی «پێشەوا کاکەیی» چاپ و بڵاو کرایەوە

 

کتێبی «لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی»ـی پێشەوا کاکەیی، چاپ و بڵاو کرایەوە. کە ئەم کتێبە کاری ڕێنووس و هەڵەچنی «وشیار عەلی» و کاری بەرگ «ئیبراهیم ساڵح» ئەنجامیان داوە و لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە.

له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:

ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (شیعر و پەخشانەشیعر)دا خۆی دەبینێتەوە. هەندێک شوێن بۆ ڕەگەزی تریش. دەمەوێت خۆم لە پێشەکی ببوێرم. ته‌نيا سەرنجێکی خێرا بۆ خوێنەران به‌ جێ ده‌هێڵم. نالى (مه‌لا خدرى ئه‌حمه‌دى شاوه‌يسى ميكايه‌ڵى 1800-1877) بیانوویەک بوو بۆ من تا بتوانم بدوێم. لە ڕوانگەی: سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی و زمانه‌وانییەوە کارم لەسەر ئەم شیعر و پەخشانەشیعرانە کردووه‌ و دۆخی دوای نالیم پێيان خوێندووه‌تەوە. ئەم شیعرانە بە زمانێکی ڕەخنەیی، کاری توێژینەوەييی خۆيانيان کردووە. چه‌ند نیوەبەیتێكى نالیم هێناوە و ڕەخنە و وەڵام و سەرنجی خۆمم بۆيان هەبووە. ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیڵێم، ئەوەیە کە لە سەرتاپای شیعر و پەخشانەشیعرەکاندا لە ڕوانگەی ڕیالیزمی ڕەخنەیییەوە دوواوم. هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی دوای نالی و هێنانەوەی نالی بۆ ئێستامان کە لە چ ئێستایەکدا دەژین و داهاتوومان لەسەر ئەو ئێستایە چی لێ شین دەبێتەوە.

 

پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:

   نالی! هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ! هەرلخێک ڕاوەشێنیت، هاواری سەدان پەککەوتەی لێوە دێت، کە گۆچانێکی لێ ساز کردووە و ئاخوداخی ئەم تاڵانکارییەی کوردایەتیی حیزبی بۆ باس دەکات کە چلۆن دڵی شەق بردووە.  

 

                     شەقی بردووە، پەمۆ نا، دڵی منداڵ.

                               لە گیرفانی هەموانی بڕیوە، 

                        دز نا، ئەم دووکاندارە سیاسییانە.

 

ئەها ببینن! زمان بەو لینجاوییەی خۆیەوە، شیعرمان بۆ دەنووسێت،

هەموو شتێک دەکشێت و دەشکێت، 

دەلکێت و ون دەبێت. 

 

پێشەوا کاکەیی

پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ ۱۹۸٤، لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ۱۹۹۱ ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی ۲۰۰٥-۲۰۰٦ بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.

 

لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دانەیەکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردرێ بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەندین ڕێزلێنانی وڵاتانی پێ بەخشراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراونەتە چەندین زمانی تر...

 

بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

 

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، ۲۰۰۸؛

٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩؛

٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە، تاران، ۲۰۱٥؛

٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۷؛

٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛

 

٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛

٧. گەردووننامە، شیعر، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۹؛

٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠؛

٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، ٢٠٢١؛

١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۱؛

۱۱. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢؛

۱۲. لە پەنجەرەوە دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی، شیعر- پەخشانەشیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۲.