ما 585 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٢ لەم رۆژانەی دوایی دا روسیا خەرێکی لەشکەرکێشی یە بۆ سەر سنورەکانی ئوکرانیا، ئەگەری پێکدادان و شەڕ زۆرە وێرای هەوڵی دیبلوماسی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هوشداری جەنەڕاڵی ناتۆ (یەنس ستولتبیرگ) بۆ دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ.

 

ململانی نێوان ئۆکرانیا و روسیا           

روسیاو ئوکرانیا ململانی یەکی میژووییان هەیە، ڕەگی ئەم ململانی یە دەگەرێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، ئوکرانیا بەدرێژایی میژوو بەشیک بووە لەسەرزەمینی ئیمپراتوریەتی روسی، گەرچی ئوکرانیا و روسیا وێرای نزیکایەتییان بەڵام دوو کەلتور و زمانی جیاوازن، وەک ئاشکرایە لە ئاکامی هەڵگیرسانی شوڕشی ئەکتوبەر ئیمپراتوریەتی روسی رووخێندرا، ئوکرانیا بۆ کاتێکی دیاریکراو سەربەخۆ بوونی خۆی وەرگرت بەڵام زۆری نەخایاند یەکیتی سوڤیەت لە رێگای بەکارهینانی سوپاوە داگیری کرد بەم شێوەیە دیسان بووە بەشێک لە خاکی یەکیتی سوڤیەت.

لە دیسەمبەری ١٩٩١ ئوکرانیا یەکی بوو لە کۆمارانەی کە دوا بزماری لە تابووتی یەکیتی سوڤیەتی دا، دوای ئەو ماوەیە حکومەتی ئوکرانیا بەردەوام چاوی لە هاوکاری رۆژئاوایە بە تایبەتی ئەمریکا.

جگە لە ئوکرانیا بیلاروسیاش یەکێک بوو لەو کۆمارانەی کە سەربەخۆ بوونی خۆی وەرگرت بەڵام روسیا توانی هاوپەیمانییەتی پتەوی لەگەڵ دروست بکا بەهەمان شێوە روسیا پێ وابوو لە رێگای ناردنی گازی هەرزانەوە ئوکرانیاش لە ژێر هەژموونی خۆی دەهێڵێتەوە ئەوە بوو ساڵی ١٩٩٧ مۆسکۆ بە شێوەیەکی فەرمی دانی نا بە سنوری دیاریکراوی ئوکرانیا کە تیایدا نیمچە دوورگەی  قەرەم بوو کە زۆربەیان بە زمانی روسی قسە دەکەن.

لەساڵی ٢٠٠٣ لەناکاو روسیا کەوتە دروست کردنی بەنداوی کرتیش بە ئاراستەی دوورگەی کوسا توسلای ئوکرانی بەڵام لە دوای چاوپێکەوتنی هەردوو سەرۆکی روسیا و ئوکرانیا دروستکردنی بەنداوەکە ڕاگیرا چونکە ئوکرانیا پێ وابوو ئەم هەنگاوە سەرلەنۆی دابەشکردنەوەی سنوری ئوکرانیایە.

لەساڵی ٢٠٠٤ کاتێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئوکرانیا، روسیا پاڵپشتی کاندیدی سەر بە روسیای (فیکتور یانوکوفیتش) کرد کە چی هەڵگیرسانی شوڕشی پرتەقاڵی وای کرد کە ناوبراو دەرنەچی لە شوینی ئەو دا کاندیدی سیاسی (فیکتور یو شتشنیکو) دەرچوو، هەر بۆیە لەکاتی سەرۆکایەتیی دا روسیا دوو جار بۆڕی گازەکانی داخست هەروا لە ساڵی ٢٠٠٦-٢٠٠٩  روسیا هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا لە ریگای ئوکرانیاوە ڕاگرت.

لە ساڵی ٢٠٠٨ جورج بوش دەیویست ئوکرانیا و جورجیا بخاتە سەر وڵاتانی ناتۆ کەچی مۆسکۆ ناڕازی بوو دانی بە سەربەخۆبوونی تەواوی ئوکرانیا نەنا.

فەرەنسا و ئەڵمانیا رێگر بوون لە بەردەم خەونەکانی جورج بوش بەڵام لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ناتۆ جاریکی تر ئەندامیەتی ئوکرانیا و جورجیا خرایە بەرباس بەڵام کاتی وەرگرتنیان بەتەواوەتی دیاری نەکرا.

لە هاوینی ٢٠١٣ ئوکرانیا هەوڵی دا پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا پەیدا بکا لە رێگای ریککەوتنامەی هاریکاری لەگەڵ یەکیتی ئەوروپا.

کەچی روسیا فشاری ئابوری خستە سەر لە رووی هاوردەی روسی یەوە.

لە مارتی ٢٠١٤ روسیا بۆشایی دەسەڵاتی کییف ی قواستەوە لە پێناو داگیرکردنی نیمچە دوورگەی قەرەم ئیدی لەو رۆژەوە روسیا کەوتە هاندانی هاوڵاتیانی ناوچەی دونباس کە لە رۆژهەڵاتی ئوکرانیایە و دەوڵەمەندە بە خەڵوز، ئەوە بوو ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئەنجام درا ئاکام دوو کۆماری میللی یان ڕاگەیاند کە ئەوانیش (دونتیسک ولوهانسک) ن کە سەرۆکەکانیان روسە. بەڵام حکومەتی ئوکرانیا ڕاوەستا هەتا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەواو بێ، پروسەیەکی سەربازی دەستی پێکرد بە نێوی (شەڕ لە دژی تیرۆر) بەڵام ئاکام شەڕ لە نێوان هەردوو وڵات بە رێککەوتنامەی (مینسک) کۆتایی پێهات.

لە ساڵی ٢٠١٥ جوداخوازەکان (مەبەست هەردوو کۆماری میللی دونیتسک و لوهانسکە) هێرشێکیان بەرپا کرد بە پاڵپشتی هێزەکانی روسیا لەم هێرشە دا هێزەکانی ئوکرانیا دووچاری شکست بوون تەنانەت لە شاری ستراتیژی دیبالتسیفی هێزەکانی ئوکرانیا هەڵهاتن!

لە ساڵی ٢٠١٩ ئۆمیدیکی ئاشتی هەبوو لە نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە لوتکەی نورماندی لە پاریس بەڵام ئێستا پوتین ڕازی نییە چاوی بە سەرۆکی نۆیی ئوکرانیا بکەوێ کە ئەویش (ڤلودومیر زیلینسکی) یە، روسیا پێ وایە ئەم سەرۆکە پابەندی ریککەوتنامەی (مینسک) نییە.

لە دیسەمبەری ٢٠٢١ سەرۆکی روسیا پوتین بە شێوەیەکی ئاشکرا داوا لە ئەمریکا دەکا کە رێگا نەدا ئوکرانیا بێتە نێو پەیمانی ناتۆ یاخود یارمەتی سەربازی نەدرێ بەڵام ناتۆ ملکەچی ئەم داخوازیانەی روسیای نەبوو.

شایانی باسە ئوکرانیا رێژەی دانیشتووانی چل ملیونە گلاوەتە ئەم شەڕەوە لەگەڵ روسیا قوربانیانی تا ئێستا گەیشتۆتە چواردە هەزار کەس، روسیا دەیەوێ دەسەڵاتدارانی کییف کە پایتەختی ئوکرانیایە ناچار بکا کە ئۆتونومی بۆ ئەم ناوچانانە دابین بکا ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشبوونی رۆژهەڵاتی ئوکرانیا بۆ چەند کۆمارێکی بچوکی نیمچە سەربەخۆ کە روسیا زاڵ بێ بەسەریان دا.

بەم شێوەیە روسیا دەبێتە خاوەن هەژموون و کاریگەر بەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئوکرانیا.

ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٢ لەم رۆژانەی دوایی دا روسیا خەرێکی لەشکەرکێشی یە بۆ سەر سنورەکانی ئوکرانیا، ئەگەری پێکدادان و شەڕ زۆرە وێرای هەوڵی دیبلوماسی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هوشداری جەنەڕاڵی ناتۆ (یەنس ستولتبیرگ) بۆ دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ.