ما 655 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لەسویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

زیاتر لە ٦٠٠٠ زمان لە دونیادا هەیە کە مناڵان فێری دەبن، یان لانیکەم ئەو زمانانەی وا هەر لە کاتی لەدایکبوونیانەوە  بەردەنگی دەبن و، گوییان لییدەبێت. ئەوان چۆن دەزانن کە کام دەنگ لە نێو ئەو زمانەی دەیبیستن، زمانی دایکی، دەنگێکی سەرەکی و ناوەندییە.

 

دەروونناسی مناڵان (١٤)

لەسویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

 

فێربوونی ئاماری لە ئولگوە دەنگییەکاندا

 

ئاهەنگداربوون و پارچە پارچە کردنی وشەکان، ئاسانکاری بۆ فێربوونی مناڵان لە زماندا دەکات. شتێکی تریش کە یارمەتیدەرە ئەوەیە مناڵان بەهرەیێکی تریان هەیە، یانی دەتوانن دەرک بەوە بکەن دەنگەکان چۆن چۆنی لەگەڵ یەک جووت دەبن و یەک دەگرن بۆ ئەوەی وشەکان دروست بکەن. ئەمە لە رێگەی گوێگرتنەوە بە شێوەی ئاماری فێردەبن. بۆ نمونە لە زمانی ئینگلیسیدا ئێحتمالی ئەوەی کە دەنگەکانی a، n و t بە شێوەی ant بەدوای یەکابێن و دەرکەون زۆرترە تا ئەوەی بە شێوەی atn ریزبگرن. ئەمە لە زۆر زماندا وایە و تەنانەت لە کوردیشدا هەمانە. ئەمە بەو مانا نییە کە ئەم دەنگانە (a و t,n ) قەت بە پێچەوانە لە وشەدا نابیندرێن، بەڵکو بە شێوەی بەرچاو نابن یان زۆر نەرم و هەست پێنەکراو دێن. لە زمانی ئینگلیسیدا زۆرتر ئەم دەنگانە بەم شیوە بەدوای یەکدا دێن (nt) هەتا پێچەوانەکەی. ئەمە لە کوردیشدا هەمانە و بە سەرنج دەتوانین بیاندۆزینەوە. فێربوونی ئاماری تەنانەت لە رێگەی هەستەکانی تریشەوە روودەدات. بەڵام بۆ باسی زمان پێویست بە هاندەرێکی تایبەت نییە. بۆ مناڵی هەشت مانگانەی ئینگلیسی زمان لە تاقیکردنەوەیێکدا یەک ریز پیت و دەنگیان ریز کردووە و بە ئەندازەی یەک دەققە بە بەردەوامی و بێ پچران بەدوای یەکدا بۆیان خوێندونەتەوە. (bidakupadotigolabubidaku). دواتر سەیریان کرد کە ئەم مناڵانە مەجموعە دەنگی bidaku دەناسنەوە بەڵام dapiku لایان ئاشنا نییە. سەرنجراکێش ئەوەیە کە لەم فێربوونی ئامارییەدا کاتێ ریزە دەنگەکە بەشێوەی گۆرانی ئاسا بخوێنرێتەوە مناڵەکان پیانخۆشترە و خێراتر فێری دەبن. یان ئەو سەرەداوانەی کە لە کاتی ئاخافدتنی روولەمناڵدا وەک ریتم و کێش بەکار دەبرێن زۆرتر یارمەتیدەر دەبن بۆ دۆزینەوەی ئاماریی دەنگەکان و ئاسانکاری دەکات بۆ فێربوونی ئاماریی. مناڵ کە خەریکی فێربوونی زمانێکە. هاوکات دەتوانێت وەرگری هەموو ئەمانە و سەرەداوەکانی زمانەکە بێت بۆ گەشە پێدان و فێربوونی.

وەرگربوون بۆ دەنگە کانی زمانی دایکی

زیاتر لە ٦٠٠٠ زمان لە دونیادا هەیە کە مناڵان فێری دەبن یان لانیکەم ئەو زمانانەی وا هەر لە کاتی لەدایکبوونیانەوە بەردەنگی دەبن و، گوێیان لییدەبێت. ئەوان چۆن دەزانن کە کام دەنگ لە نێو ئەو زمانەی دەیبیستن، زمانی دایکی، دەنگێکی سەرەکی و ناوەندییە. زۆرینەی مناڵان هەر لە کاتی لەدایکبوونیانەوە زیاتر لە یەک زمان فێر دەبن (٩٠ لە سەدی حەشیمەتی رووی زەوی چەند زمانەن)، بەڵام بەهەر حاڵ زۆر زمان هەیە نایبیستن و فێری نابن. وا دیارە حەلی کێشەی فێربوونی زمان لە مناڵانی ساوادا کاری مێشکە و ئەو ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات. مێشک دەنگە گرینگەکان لە نێو ئەو هەموو دەنگەدا کە لە هەموو زمانێکدا هەیە دەستە بەندی و جیایان دەکاتەوە. مێشک لە یەکەم ساڵی ژیانەوە بە کەڵک وەرگرتن لە فێربوون لەرێگەی دەنگەوە هەوڵ ئەدات زۆرینەی ئەو دەنگە سەرەکی و ناوەندییانەی ئەو زمان یان  زمانانەی کە دەیبیستیت و، گوێی لێیاندەبێت بە وردی جیایان بکاتەوە و دیارییان بکات.

ئەمە پێی دەوترێت "دەرکی دەستەبەندیکردن" واتە تێگەیشتن لە دەستەبەندیکردن و جیاکردنەوە. بۆ نمونە دەستەی دەنگی "پ" و دەستەی "ب" کاتێ دەیانلێین حەرەکاتێک ئەنجامدەدەین کە یەک شکڵ و شێوەن، بۆ نمونە لێوەکانمان هەر بە یەک شکڵ دەردێنین و زۆر زەحمەتە بە حەرەکەتی لێوەکاندا بزانی "پ"یە یان"ب"، بەڵام تەنیا لە دەنگەکەدا لێک جیا دەکرێنەوە. ئەوەش بە یارمەتی تارەدەنگییەکانی قورگە کە کەسەکە لە رێگەی لێوەکانیەوە ئاستی هاتوچۆی هەواکە کەم و زیاد دەکات و دەنگەکە دروست دەکات. هەر چەند هەر کەسە و جۆرێک لێو و تارەدەنگییەکان و قوڕگی بەکار دێنێت بۆ دەربڕینی دەنگی "ب" یان "پ"، بەڵام لە ئاکامدا کە دەگەنە گوێی ئێمە دەچنە خانەی "ب" یان "پ" یەوە. زۆربەی دەنگە "ب"کان لای ئێمە وەک "ب" وەریدەگرین و تێیدەگەین، بەڵام هەر تەنیا تۆزقاڵی گۆڕانکاری لە شێوازی داخستنی لێوەکان یان قوڕگمان وای لێدەکات کە بە "پ" لێی تێبگەین. مناڵانی ساوای یەک مانگەش هەر بە شێوەی  ئێمەی گەورەساڵ خانەبەندی و جیاکردنەوەیان بۆ دەنگەکان هەیە. لە راستیدا بڕێک حەیوان هەن توانای جیاکردنەوەی خانەی دەنگەکانیان هەیە وەک چیلچیلور(لە بنەماڵەی کرۆژەنەرانە و وەک مشک و کەروێشک)، توتی و ئوندولات و سیسرک. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم ئاژەڵانە ناتوانن قسە بکەن، وادیارە میشکیان بەرانبەر بە هاندەرەکان بە شێوەی فیزیکی کاردانەوە پیشان دەدات کە پێویستی بە زانیاری و تێگەیشتن لە جۆری زبانەکە نییە کە قسەی پێدەکرێت.

سەرەڕای ئەمە لە یەکەمین ساڵی تەمەندا گرینگترین فێربوونەکان روودەدات. زمانێک وەک هیندی خاوەن سێ دەنگە  لە نێوان دەنگە قسەی "د" بۆ "ت" کە لەمانەدا دەم و لێو وەک یەک حەرەکەت دەکەن، بەڵام لە زمانی ئینگلیسیدا تەنیا دوو دەنگ یان "د" و 'ت" هەیە. مناڵانی ژێر یەک ساڵی بەریتانی و هێندی دەتوانن لە تەمەنی ژێر یەک ساڵدا ئەم سێ دەنگە ببیسن وجیای بکەنەوە، بەڵام کە چوونە سەرووی یەک ساڵ و زمانی دایکییەکەیان مەرجی دەنگی سێهەمی نەبوو و گوێیان لەو سێ دەنگە نەبوو ئیتر تەنیا دوو دەنگەکە دەناسن و دەتوانن بیڵێنەوە واتە دەنگی سێهەمیان لەکیس دەچێت.  بە واتایێکی تر مناڵانی ئینگلیسی سەرووی یەکساڵ کە هەر سێ دەنگەکە فێر نەبووبێتن ئیتر دەنگی سێهەمیان بۆ نایەت. بە عەکسەوە مناڵانی هیندی بەردەوام دەتوانن جیاوازی لە نێوان هەرسێ دەنگەکە دابنێن. بەشێ لە بەشەکانی دروستکەری دەنگ لە سەر لێوەکانە و بەرچاون و دەبیندرێن. وای دابنین تۆ دەڵێیت "بوکس" و "ڤوکس"، لە هەر کامیاندا لێوەکانت حاڵەتێک دەگرێت کە مناڵان زۆر هەستیارن بۆ ئەو جۆرە فورمانە. مناڵانی ژێر یەکساڵ زۆر هەستیارن بە نیسبەت جیاوازی فۆرمەکانەوە لە زمانە جۆراوجۆرەکاندا بەڵام کە زمانی دایکیان فێر بوون ئەو هەستیاریەیان بۆ زمانەکانی تر کەم دەکات. لە زمانێکی وەک ئیسپانیایی بۆ دەربڕینی دەنگی "B" و "V" جیاوازی دانانرێت بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی وشەکە بگۆردرێت. وشە ئیسپانیاییەکانی وەک "vaso" و "bueno" لە کاتی بەیاندا هەردووکیان وەکو یەک و بە یەک دەنگ دەست پێدەکەن. لە راستیدا ئەمە کاتێک زۆر دیارە کە دەبینین دوو جۆر تەلەفوز بۆ یەک وشە هەیە. بۆ نمونە وشەی "cevishe"بە "bevishe"یش بەیان دەکرێت. مناڵی ئیسپانیایی پاش یەکساڵ ئیتر زۆر هەستیاری بە حاڵەتی لێوەکان پیشان نادات تەنانەت بۆ دەنگی "V " و " B" بە گوێ و بیستنیش جیاوازییان بۆ دانانێت و هەردووکیان لە یەک کاتەگۆریدا دادەنێت.

لە کۆتاییدا ئەبێ بڵێین پەیوەندی نێوان مناڵ و گەورەساڵ زۆر گرینگە بۆ ئەوەی مناڵان بتوانن فێربن ئەو دەستەبەندیانە بە شێوەی دروست بناسن و، جیایان بکەنەوە. مناڵ لە رێگای سەیرکردنی تەلەڤزیۆنەوە فێری دەنگە ناوەندییەکانی زمان نابێت. ئەمە لە تاقیکردنەوەییکی زۆر زیرەکانەدا سەلمێندراوە. لەم تاقیکردنەوەدا کۆمەڵێک مناڵی ساوای ئینگلیسی زمانی ئەمەریکایی لەگەڵ خوێندکارانی دوکترای زانکۆی چینی دوان دوان یەک دەخران. ئەم خوێندکارانە لەگەڵ مناڵە ساواکان بە کەرەسەی یاری کایەیان دەکرد و بەردەوام بە زمانی چینی دەیاندواندن. لە حاڵەتی ئاساییدا مناڵەکان ئەو هەستیاریەی بەرانبەر بە دەنگەکانی زمانی چینی کە لە ئینگلیسیدا نییە لە بیریان دەچێتەوە، بەڵام لێرە لەبەر ئەوەی کە ئەم یاری و قسەکردنە بە زمانی چینی هەموو رۆژێک دوپاتکراوەتەوە مناڵەکان هەستیارییەکەیان بۆ ئەو جیاوازییانە راگرتووە. ئەم کاتی یاری و قسەکردنانە فیلمی لێگیراوە و دواتر بۆ کۆمەڵێک مناڵ پیشان دراوە. هەر چەند فیلمەکە لە چاوی مناڵەکانەوە گیراوە و وا نیشان دەدات کە خوێندکارە چینییەکان خەریکن کەرەسەی یارییەکە بە بینەرەکانی دەدات و لەگەڵ ئەوان دەدوێت. ئەم مناڵانە هەر چەند زۆر حەزیان لە فیلمەکە بوو و زۆریشیان پێخۆش بوو کە سەیری بکەن و بەردەوام دەستیان بۆ دەکێشا، بەڵام نەیانتوانیووە کە هەستیاری بۆ جیاوازی دەستەبەندی  دەنگەکانی زمانی چینی لای خۆیان رابگرن. سەرەڕای ئەوەی ئەو مناڵانەی سەیری تەلەڤیزیۆنیان کرد بە ئەندازەی مناڵانی پێشوو لە بەر هاندەرە بیسایی و بیناییەکاندا بوون، بەڵام هیچ فێربوونێک روونادات کاتێ گەورەساڵەکان لە نزیکەوە تێکەڵاوییان لەگەڵ مناڵاندا نەبێت.

مناڵانی بچوک چی دەڵێن

مناڵان هەر زۆر زووتر لەوەی بتوانن تەنیا یەک وشەش بڵێن، لە دواندنەکاندا چالاکی پیشان دەدەن. هەموو دەنگ دەرهێنانێک لە قسەکردن ناچێت، مناڵانی ژێر دوو مانگ زۆر جار لە کاتی دواندنیاندا دەنگێکیان لێوە دێت، بەڵام ئەو دەنگانە لە دەنگی پیتە دەنگدارەکان ناچێت، هەر چەند جار و بار دەنگی واش دەردێنن کە لە دەنگی پیتەدەنگدارەکان دەچێت. مناڵان لە تەمەنی ٢ و ٣ مانگەوە دەست دەکەن بە جۆرێک گڕوگاڵ کە بە دوای یەکدا ریزی دەکەن و زۆرتر لە قسەکردن دەچێت. درێژەدان و تیکراری ئەم گڕوگاڵانە کە لە تەمەنی ٣ تا ٦ مانگی روودەدات زۆرجار وەک خوێندنی باڵندە و جووزە جووزکردن دەچێت کە وردە وردە رەنگ و شکڵی دەنگەکان بەخۆیەوە دەگرێت، بەڵام هیچ مانای وشە و قسەی تێدا بەدیناکرێت. مناڵان لە ٧ مانگ بەرەو ژوور هەوڵ ئەدەن کە گڕوگاڵەکانیان ئیتر دووپاتکردنەوە نەبێت بەڵکو دەست دەکەن بە رێک و پێک کردنی دەنگی گڕوگاڵەکانیان و رێک خستنی دەنگەکانیان بە شێوەیێکی قسەئاسا. بۆ نمونە داداداد، ماماماما. ئەم دەنگە بەنرخانە دواتر دەبنە بەردی بناخەی وشەکان.

 دروست کردنی دەنگی مانادار لە رێگای کارکردی چەند بەشی کاریگەر وەک زبان، گەرو و لێوەکان و ئەمانەیە  کە ئێمە بۆ شکڵدان بە دەنگەکان لەکاتی قسەکردندا بەکاریان دێنین. وا دەرکەوتووە کە مناڵێک کە چەند زمانی جۆراوجۆر فێردەبێت لە گڕوگاڵدا هەر هەمان دەنگ بە هەمان نەزم بەکاردێنێت. زۆر شت ئاماژە بەوە دەکات کە نەزمی رێکخستنی دەنگەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئاسانی تەلەفوزیان. واتە چەندە ئاسان دەکرێت ئەو دەنگە دەربێنیت. بۆ نمونە دەنگەکانی "ب" و 'پ" وهەر وەها ئەو دەنگانەی وا لە لوتدا دروست دەبن وەک "ن" و "م" کە دەرهێنانیان ئاسانترە لە چاو ئەو دەنگانەی کە دەرهێنانیان زەحمەتترە وەک "ف"، بۆیە هەمیشە سەرەتا  بە دەنگەکانی وەک |ب| و |پ| دەسپێدەکرێت و هەوەڵ ئەوان دێن. مناڵانی کەڕیش گڕوگاڵ دەکەن و دەنگ لەخۆیان دەردێنن، بەڵام درەنگتر دەست پێدەکەن (لە ١١ تا ٢٥ مانگی)، هەڵبەت نە دەنگەکان ونە ریتم و شیواز و ئاستی دەنگەکان لە هێ مناڵانی بیسا ناچێت. جێی سەرنجە مناڵانی کەڕ ئەگەر لە ژینگەیێک بژین وا زمانی ئاماژەی تێدا بەکار دێت، بە دەستەکانیان گڕوگاڵ دەکەن. ئەم مناڵانە بە دەستەکانیان حەرەکاتێکی بێ وێنە ئەنجام دەدەن کە مناڵانی بیسا قەت ناتوانن و نایزانن. ئەو حەرەکاتەیان لە دەستورێک  پێڕەوی دەکەن کە لە زمانی ئاماژەدا بەکار دەهێنرێت. وادەرکەوتووە کە مناڵانی کەڕ ئەو حەرەکەتە ریتمدارانەی وا وەک گڕوگاڵ بەکاری دێنن، لە زمانی ئاماژەدا وەک بناخە دەناسرێن. هەر وەک چۆن مناڵانی سالم دەنگە سەرەکییە ریتمدارەکان و بناخەییەکان واتە پیتەکان، لە گڕوگاڵەکەیاندا بەکار دێنن.

مناڵانی ساوای هەموو زمانەکان لە دەسپێکردنی گڕوگاڵیاندا ئەو دەنگانەی سەرەتا بەکاری دێنن وەک یەک وایە، بەڵام ریتم و ئاوازی گڕوگاڵەکەیان جیاوازە. ئەمە بە تاقیکرنەوە سەلمێندراوە. لە ئەزموونێکدا دەنگی کۆمەڵێک مناڵی ساوای شەش مانگە لە چەند زمانی جۆراوجۆر زەبت دەکرێت. ئەم مناڵانە لەوە بچوکتر بوون بتوانن وشەی تایبەت کە ببێتە هۆی جیاکرنەوە و ناسینەوەی زمانەکە. دواتر گەورەکانی ئەو زمانانە گوێ دەگرن لە دەنگە تۆمارکراوەکان. گەورەکان  زۆر بە ئاسانی دەنگی مناڵەکانی زمانی خۆیان دەناسنەوە. بۆ نمونە فەرانسیەکان دەنگی مناڵانی فەرانسە و عەرەب دەنگی مناڵانی عەرەب و... دەناسنەوە. ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە کە لە هەر کلتور و زمانێکدا مناڵە ساواکانیان بەشێک لە دەنگەکان زۆرتر دووپات دەکەنەوە، نمونە مناڵانی فەرانسی زۆرتر لە دەنگی "ب – پ - م" بەکاردێنن تا ئەوەی لە مناڵانی ئینگلیسی زماندا، هەر چەند هەموو ئەو دەنگانە لە هەردوو زمانەکەدا هەیە و بەکاریش دەبردرێت.

درێژەی هەیە...