شرۆڤە

دەرونناسیی مناڵان (١٣)

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

زیادەرەویی لە ریتمی بوون و عەروزی کردنی (پارچە پارچە) زمانی ئاخافتنی روو لەمناڵ خۆی چەندین باشی و تایبەتمەندی هەیە کە لە فێربوونی زمان بۆ مناڵ ئاسانکاری دەکات. یەکەم ئەوەی کە پارچە پارچە قسەکردن دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە دەنگەکەدا کە مناڵەکە گوێی لێدەگرێت تێدەگات کە لە کوێ وشەیێک دەستپێدەکات و لە کوێدا کۆتایی دێت.

 

دەرونناسیی مناڵان (١٣)

لەسویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

کاپیتاڵی ٣

فێربوونی زمان

 

زمان فاکتۆرێکی گرینگە بۆ گەشەی مناڵ. مناڵ بێ گومان زۆر شت لە سەر دونیا لە رێگەی شتەکان و پشکنینیانەوە فێر دەبێت، بەڵام ئەم پشکنینە هەمیشە و بە تەواوەتی لە بێ دەنگیدا روونادات. مناڵانی ساوا و تۆزێ گەورەتریش کاتێک خەریکی کەرەسەیێکی یاری، یان شتێک دەبێت هەر لەبەر خۆیەوە دەنگی دێت و کاتێکیش شتەکەی دەستی   بەرەو گەورەکان یان مناڵی تر رادەکێشێت، دەنگی دێت. لە نێو بارودۆخی یاریکردنیش لەگەڵ مناڵدا لە لایەن گەورەکانەوە نێوی شتەکە دەهێنرێت و، زۆر جاریش جۆرێک لە زانیاری لەو پێوەندیەدا دەدرێتە مناڵەکە. مناڵ زۆر خێراتر فێری وشەکان دەبێت، کاتێ گەورەیێک ئاماژە بە شتێکی نوێ دەکات و هاوکاتیش دەڵێت ئەمە نێوی ئەوەیە. راستییەکەی وا دیارە کە مێشکی مناڵی ساوا زۆر دەوڵەمەند و بە توانایە و، وشەی نوێ زۆر خێرا دەگرێت و فێری دەبێت. بۆ مناڵانی پازدە مانگ تەنیا یەک جار بیستنی وشەیێک بەسە بۆ ئەوەی فێری بن و رایبگرن لە میشکیاندا. لە بڕێک لە خوێندنەوەکاندا دەرکەوتووە کە مناڵانی دوو ساڵە توانای ئەوەیان هەیە کە رۆژانە تا دە وشەی نوێ فێر بن. ئەمەش لە توانای بێوێنەی مێشکیانەوە ئەنجام دەگرێت.

 

ئاخافتنی روو لە مناڵ

 

دەلیلێک کە مناڵ بە ئاسانی فێری زمان دەبێت ئەوەیە کە ئێمەی گەورەساڵ بە شێوەیێکی تایبەت دەیاندوێنین. ئێمە زمانی روو لەمناڵ بۆ ئاخافتن لەگەڵیان بەکار دێنین. هەرو وەکو لە کاپیتاڵی ١ باسمان کرد وا دیارە کە ئەم شێوازی قسەکردنە لەگەڵ مناڵ شتێکە کە لە وجودی ئێمەدا بە شێوەی بایولۆژیکی لە دەروونی ئێمەدا وەک نەوع،  داڕێژراوە و لە لایەن هەموومانەوە، مناڵ و گەورە، بەکار دەهێنرێت. لە ئاخافتنی روولەمناڵ دا جۆرێک لە مێلۆدی و ریتمێکی گۆرانی ئاسای تێدایە کە وشەکان دەکێشرێنەوە و بە شێوەیێک درێژ دەکرێنەوە و تۆنی دەنگمانی بۆ دەگۆڕین وبە کێش و وەزنەوە بەیانی دەکەین. تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە ئەم حاڵەتی ریتم داربوونە بە جۆرێک وەک مەرجێکی پێویست بۆ گەشەی  زمان دادەنرێت. زمانە جۆراوجۆرەکان شێواز و تایبەتمەندی خۆیان هەیە و لە زمانێکەوە بۆ ئەوی تر ریتمەکە دەگۆڕدرێت. بۆ نمونە ریتمی زمانی عەرەبی لەگەڵ فەرانسە فەرقی هەیە و ریتمی فەرانسەش بەتەواوەتی جیاوازە لەگەڵ ئاڵمانی. لە تاقیکردنەوەیێکدا لە سەر رەفتاری مژینی مناڵ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە تەنانەت مناڵی ساوا کە تەنیا چوار رۆژ تەمەنی بووە توانیویەتی فەرق دابنێت لە نێوان زمانی فەرانسە و ئاڵمانی لە رێگەی رێتمەکانیانەوە .

 زیادەرەویی لە ریتمی بوون و عەروزی کردنی (پارچە پارچە) زمانی ئاخافتنی روو لەمناڵ خۆی چەندین باشی و تایبەتمەندی هەیە کە لە فێربوونی زمان بۆ مناڵ ئاسانکاری دەکات. یەکەم ئەوەی کە پارچە پارچە قسەکردن دەبێتە هۆی ئەوەی بە دەنگەکەدا کە مناڵەکە گوێی لێدەگرێت تێدەگات کە لە کوێ وشەیێک دەستپێدەکات و لە کوێدا کۆتایی دێت. ئێمە خۆمان کە گوێمان لە قسەکردن دەبێت، هەر چەند ئێمە قسەکردن وەک زنجیرە هەست پێدەکەین بەڵام لە ئەساسدا وەک رووبارێک لەدەنگە و وشەکان دەسپێک و کۆتاییان زۆر دیار نییە. ئەمە کاتێک بۆمان بە ڕوونی دەردەکەوێت کە گوێمان لە زمانێکی نامۆ بێت و لێی تێنەگەین. ئەوکاتە هەمووی وەک دەنگێکی بێ پچڕان و یەکپارچە دەبیسین.  بەڵام کە بە زمانی خۆمان قسەدەکەین لەبەر ئەوەی دەزانین رستەکە لە چەند پارچە دروست بووە و وشەکان دەناسین هەست بەو حاڵەتی یەکنەواختی و دەنگێکی بێبڕاننەوە ناکەین. بۆ نمونە ٩٠ لە سەدی نێوە دوو هێجاییەکانی شتەکان لە ئینگلیسیدا لە دوو بەشی درێژ و کورت یان بەهێز و لاواز پێکهاتوون. وەک BA-by، BOTT.le..(لە کوردیشدا ئەم حاڵەتی درێژ و کورتە لە وشەکاندا هەیە، نمونە: خا.نوو، هێل.کە). لە ئاخافتنی روو لە مناڵ دا ئەم شتە تۆختر و بەرجەستەتر دەبێتەوە بۆ ئەوەی مناڵەکە تیبگەێنین کە ئەم وشە لێرە دەسپێدەکات. لە رێگەی ئەم تەرحی درێژ/ کورتەوە مناڵەکە فێر دەبێت کە وشە دوو هجاییەکان لەیەک جیابکاتەوە . بەوجۆرە مناڵەکە چاوەڕوانە کە لە رێگەی کێشاننەوە و تەکید لەسەر وشەکە لە کاتی دەربڕینیاندا رایبگەیێنین کە وشەیێک دەست پێدەکات. کاتێک وشەیێک لەو فۆڕمە دەردەچێت و ئاهەنگەکەی ناگونجێت لەگەڵ ئەو تەرحەدا، مناڵەکە توشی هەڵەی دابەشکردن دەبێت، بۆ نمونە لە زمانی ئینگلیسیدا تاقیکاریێکیان ئەنجامداوە لەسەر ئەم بابەتە و ئەم رستەیان بۆ مناڵەکە بەکار هێناوە (Her guiTAR is fancy) لێرەدا مناڵەکە لە دابەشکردنی وشەکاندا taris ی کردوە بە وشەیێکی نوێ لە رستەکەدا. مناڵی تەمەن دەمانگە ئیتر توشی ئەو هەڵەی دابەشکردنە (تقطیع) نابن.

چاکیێکی تری زمانی ئاخافتنی روو لە مناڵ ئەوەیە کە مناڵانی تازە لە دایک بوو حەزیان لەو شێوە قسەکردنەیە تا ئاخافتنی گەورەساڵانە. هەر بۆیە سەرنجی زۆرتر ئەدەن کاتێک وا دەیاندوێنیت. ئێمە تەنانەت کاتێک لەگەڵ کەسانی بێگانەش کە زمانی ئێمە باش نازانن قسەدەکەین، تا رادەیێک بەرز و تۆندار قسە دەکەین بەڵام ئەوەندە زیادە لە حەد وەک زمانی منالانە نایکێشینەوە. کاتێکیش روو لە حەیواناتی ماڵی قسە دەکەین هەوڵ ئەدەین بە شێوازێکی تایبەت ئاخافتنیان لەگەڵ بکەین بەڵام ئەویش ناگاتە ئاستی زمانی مناڵان. لە زمانی مناڵاندا بڕێک زیادە عەروزی و کێشدار دەدوین و دەنگەکان بڕێک بەرچاوتر دەکەین. واتە ئاخافتنی روو لە مناڵ جیا لە پێخۆشبوونی مناڵەکان، جۆرێک لە رێنوێنی بەرەو ئاسانکاری بۆ گەشەی زمانیشی تێدایە.

 زمانی ئاخافتنی روو لە مناڵ بۆ زانیاری نویش بەکار دەبردرێت. لە تاقیکردنەوەیێکدا کتێبێکی وێنەیان دەدا بە دایکەکان کە بیخوێننەوە بۆ مناڵە ساواکانیان. هاوکات کە ئەوان دەیانخوێندەوە، لێکۆڵەرەکان چاودێریان دەکرد کە بزانن لە کوێدا بە هێزتر وشەکانیان بەیان دەکرد. دەرکەوت کە کاتێ دایکان وشەیێکی نوێیان بۆ یەکەم جار دەخوێندەوە رادەی بەهێزییەکەی دەچووە ٧٦ لە سەد، هەر ئەو وشە بۆ جاری دواتر دەچووە ئاستی ٧٠ لە سەد. بەڵام کاتێک هەر ئەم دایکانە ئەو وشانەیان بۆ گەورەساڵان دەخوێندەوە ئەو حاڵەتی تەئکیدەیان بەکار نەدەبرد.ئەم کاریگەرییە لە کەلتورەکانی جۆراوجۆردا هەیە و دەبیندرێت. دایبابان و کەسانی تری دەوروبەری مناڵان بە بێ ئەوەی خۆیان ئەگادار بن لە ئاخافتن لەگەڵ مناڵەکاندا کاتی  پێدانی زانیاری نوێ شێوە ئاخافتنی روو لە مناڵ بەکار دێنن.

درێژەی هەیە...