شێعر و پەخشان

دەقی تەمەن ٢٥

ناڵە حەسەن

من لەنێو بێدەنگی تۆ

پڕم لە بیرکردنەوە

تۆش لەنێو تەنیایی من

بووی بە ئەستێرەیەکی

دوور دووری درەوشاوە

 

دەقی تەمەن ٢٥

ناڵە حەسەن

١

من بە جیاواز لە هەموو خەڵک

تا دێ قژم ڕەشتر دەبێ و

ڕیشی خەونەکانیشم سپی

سپی سپی سپی

سپیتر لە بەفرە غەمگینەکانی

بنار کەژوکێوە سەختەکانی نائومێدی

٢

من / تابلۆیەکم پڕ لە ڕەنگ و خەتخەتۆکەی ئەبستراکتی

ڕۆمانێکم پڕ لە بەسەرهات و چیڕۆکی عاشقانەی نامرادی

کیشوەرێکم پڕ لە دەربەند و جەنگەڵی تاریک / پڕ لە ڕێگا و ڕووبەری نادیار

کتێبێکم پڕ لە وشەی دەمامکدار /  پڕ لە خەون و خەیاڵی ئاڵۆز

بۆیە / لەنێو شیعر و قەسیدەکانم بۆ هەمیشە بەدوای خۆمدا دەگەڕێم

تاکو ئەگەر بکرێت / وێنەیەکی ڕۆشنترم لەسەر خۆمدا دەستبکەوێت

٣

من لەنێو بێدەنگی تۆ

پڕم لە بیرکردنەوە

تۆش لەنێو تەنیایی من

بووی بە ئەستێرەیەکی

دوور دووری درەوشاوە

٣

من کە هێندە لە خۆمەوە نزیکم

چونکە / ئەوە تۆی لەنێو مندا

بە بەردەوامی بوونت هەیە

٤

ڤینۆسێکی چاوگەش

گەشتر لە پرشنگی ئەستێرە درەوشاوەکان

لەنێو خەیاڵە شیعرییەکانی مندا

تابلۆی نائومێدییە تەڵخەکان / ڕەنگ دەکاتەوە

بەردەوام لەنێو

زەردەخەنە خەماوییە زێرێنییەکانیدا

ژیان بەجۆرێکیتر لەنێو مردن / دەنووسێتەوە

٥

ئەلبووم و کتێب و شیعرەکانم

پڕاوپڕن لە وێنەی تۆ

بە هەمانشێوە / منیش حەزدەکەم

دەلاقەی دڵ و

میمۆری و میلۆدییەکانت

خەیاڵ و خەونەکانت

پڕاوپڕ بن لە وێنەی من

ئەی شۆخ / من ئازادیت لێ ناسەنمەوە

وەلێ / تەنها دەمەوێت

چیم چاندووە هەرئەوەش بدوورمەوە

٦

من و تۆ

نائومێدترین مرۆڤی دونیاین

 ڕێنووسە غەمگینەکانی شیعر

خەونە بریندارەکانمان دەنووسێتەوە

٧

 

تۆ / ماڵ و دڵت پڕکردووم لە گەڵا

ئیتر /

پێویستم بە قەڵەم و دەفتەر و لاپتۆپ نییە

بە ماسکارا و بۆیەی نینۆکەکانت

لەسەر هەر گەڵایەک

وردە شیعرێکت بۆ دەنووسمەوە ...!

 

٨

پایزێک لە مندایە

لەسەر گۆنای درەختەکانی

دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک دێنە خوارەوە

لەنیو چاوی گەڵاکانیش

تیشکە زەردە غەمگینەکان دەدرەوشێنەوە

حیکایەتی ئەم برینە قووڵە پایزییەم

پشتاو پشت و سەدە سەدە

عاشقەکان بۆ یەکتری دەیگێڕنەوە

٩

من سەرماو سۆڵ و

شەختەبەندی غوربەت نامترسێنێ

بەڵام / وەرزە ساردەکانی دڵی تۆ

نەک هەر جەستە و پەنجەکانم

شیعرەکان و قەڵەمەکەشم دەتەزێنێ

١٠

ئیتر بەسە

لەنێو شیعر و کتێبەکانم

وەرە دەرەوە

تەپوتۆزی ئەم تەنیاییەت

لە خۆت داتەکێنە

من لە چاوەڕوانیت هەموو شەوێ

لەم غەریبییەم

وردە ئەستێرە دوور دوورەکانی

نێو ئاسمانی نیشیمانم دەژمێرم

١١

من هەموو شەوی سەریساڵێکی نوێ

خۆم مەست دەکەم

مەست مەست مەست

وەکو نێچەش هێندە پەیوەستم بە ژیانەوە

پێمناخۆشە کە دەچمە نێو ساڵکیترەوە

ئیدی نەبادا / ڕۆژێک لەمردن نزیک و

لە شیعریش دوو بکەومەوە

١٢

من لە نهێنی ئەو هاوکێشەیە تێناگەم

تۆ / هەموو ڕۆژێ

گوڵە ڕەشەکانی نێو باخچەی شیعرەکانم

بۆن دەکەی

کەچی / باغە غەمگینەکەی سەر لێوەکانیشت

گوڵی سپی سپی دەردەکەن

١٣

من کە پەنجەکانم لە ئاگر و

قەڵەمەکەشم

لەنێو پەرستگە ڕووناکەکاندا

زیکر و سووتانەکانی عەشق بنووسێتەوە

ئیدی بۆ دەبێت لە دۆزەخ بترسم

١٤

تۆ بۆ من هاتوویت

هەموو ڕەنگە جوانەکانی سروشتت

لە خۆتدا کۆکردۆتەوە

ئەی تریفەی تەمەنی من

تۆ هاتوویت

تا ڕەنگە ڕەنگینەکانت بەبوونم ببەخشیت

بۆ تاهەتایەش

لەنێو مەستبوون و

حەیرانبوون بەخۆت بمهێڵیتەوە

١٥

شەهێنی من

تۆ بێتگوتم

من چای تاڵ دەخۆمەوە

شەکر ژەهرە

لێی نزیک مەبەرەوە

بەڵام / بێئاگا لەخۆت

بزە و نیگا گەرمەکانت

نەک هەر شیلە و شەکرا و

هەموو دەمێ

دڵۆپ دڵۆپ

هەنگوینییان لێدەچۆڕێ ...!

 

                                                    دیسەمبەری ٢٠٢١