چیرۆک

بەیەکداچوونی دوو دیمەن

ئازاد سوبحی

کۆمەڵەپارەکە دەئاخنیتە نێو قووڵایی گیرفانتەوە، دەستی ئاگاداری بە چواردەوردا سەرت پێ بادەدات، ژووری خانووە کۆنەکەتان کە لەمە پەرپووتتر بوو ھاتەوە بیرت، قێزت لە ھەردووکیان کردەوە، پەشیمان بوویتەوە چونکە زانیت ئێوە کرێچی ماڵی مامۆستان.

 

بەیەکداچوونی دوو دیمەن

ئازاد سوبحی

 

دیمەنی یەکەم:

ویست و لێکدانەوەکانت شەو و ناوەختیان بۆ نییە، ھەر بۆیەشە بەم ئەنگوستەچاوەی بەرگی مۆتەکەی ترسی لە خۆی ئاڵاندووە، مۆری بڕیارێکت پێ دەکەن. ھەرچەند خاوەن ھەستێکی بێگەردی، بەڵام ھەر لێی دەسڵەمیتەوە.

حەوش و بانەکە زیاتر لە کەلاوەیەکی چۆڵکراو دەچن، جەستە بچکۆلەکەت لە ناوەڕاستیا چەقی پێت بەستووە و چاوەڕوانی ڕێنوماییت لێوە دەکات، پێپلیکانەکان بە یەکدیت دەسپێرن، سووربوونت لەسەر ھەڵسانت بەو کارەی مەبەستتە، چەند ھەنگاوێکی گورجت پێ تاو دەدات، ترسەکە زیندەبەچاڵ دەکات، خۆت لەبەر لووتی ئەو ژوورەدا دەبینیت کە دەمێکە خولیای کردنەوەی دەرگاکەی لە مێشکتا چەکەرەی کردووە، دەستت ئاراستەی دەسکەکەی دەکەیت، جییییڕڕڕڕ... دەنگەکە لەگەڵ بێدەنگی شەوەزەنگەکەدا لە لەقتەیەکی فلیمە تۆقێنەرەکانی ھیتشکۆک دەچن، گەرووی ژوورەکە واڵا دەبێتەوە، بە قەبارەی خۆی تاریکی لە دڵیدا لەنگەری گرتووە وەک نیازی جێھێشتنی ئەو ھەرێمەی نەبێت. دەستت مارێکی پێنجسەرە و بەرەو سویچی ئەلەتریکەکە بە دیوارەکەدا ھەڵدەگژێت، چرکەیەک و چراخان دڕ بەو تاریکییە دەدات کە نیازی کۆچکردنی نەبوو، سێڵاوی ترس و ڕاڕایی ھوروژمی بۆ ھێنایت، ویستت ڕایماڵی، گوێقوڵاخ بوویت، پەردەی گوێت تۆمارگەیە بۆ ھەر دەنگێک، چرپەیەک بە ھانای گوێتەوە ھات، شتەکانت لێ تێک چوو، شپرزە بوویت، مەبەستەکە وەک فڕندەیەک لە شەقەی باڵی دا و لێت ون بوو، چەند ھەنگاوێکت لەسەر زەوی ژوورەکە کەڵەکە کرد، سەرت لە چوارچێوەی دەرگاکەوە بەرەو دەرەوە تەکانی دا، کەست بەدی نەکرد بۆیە ھێمن بوویتەوە و ترپەکانی دڵت لەگەڵ ھێمنییەکەتدا دوو ڕاستەھێڵی تەریب بوون، ئاوڕێک و تیشکی چاوت کەلوپەلی ژوورەکەیان تاوتوێ کرد. ئا... ئا... دۆزیتەوە.

(بۆ وەک بت ڕاوەستاوی...؟ خۆت نەتوت ھەر بگەمە ئەوێ... ئیتر... کەس دیار نییە و ماڵی مامۆستاش لە میوانیین، بەڵام من ھەرگیز شتی وام لە دەست نەھاتووە).

مێشکت خستە بەر تەوژمی بەگوڕی گەرداوی خەیاڵێکی فێنکەوە، دەتەوێ ئاوڕشێنی ویستە ھەڵپڕووکاوەکانت بکەیت، کە لە سووچ و سیلەکانی ناختا کز ھەڵکوڕماون، بە ھەر نرخێک بێ دەیانەوێ بە ھەورێکی سفت بارانێکی درێژخایەن دابارێنیتە نێو گەرووی شەقاریانەوە. 

(بە ئارەزووی دڵی خۆم بەناو بازاڕ و شەقامەکانا دەسووڕێمەوە، حەز لە چی بکەم بێ سێ و دوو دەیکڕم و لەگەڵ ھاوڕێکانما دەچینە سینەما و چایخانە و... و... و پارەکە ئەکەم بە تف و ئاراستەی ناوچەوانی ئاسۆی دەکەم بۆئەوەی ئیتر نەڵێت: تۆ سواڵکەری و پارەت نییە».

دەستەکانت دوو دڵۆپ جیوەی بەرینن و داناسەکنێن. بەم خامۆشییە ئۆخژنیان نابێت بۆیە دەسکی سنووقێک بە توندی دەگرنە خۆیان. بۆشایی ناوەوەی گورزەتیشکی چاوەکانت ھەڵدەمژن. دەستە چەتوونەکانت ئۆقرە ناگرن بۆیە دەکوتنە سەر کۆمەڵێک دیناری نێو سنووقەکە، بە لەرزەلەرز دەیانگرنە خۆ. ترپەکانی دڵت لە پێوەری لێدانەکانیانا بەرزترین خاڵ دەسنیشان دەکەن.

کۆمەڵەپارەکە دەئاخنیتە نێو قووڵایی گیرفانتەوە، دەستی ئاگاداری بە چواردەوردا سەرت پێ بادەدات، ژووری خانووە کۆنەکەتان کە لەمە پەرپووتتر بوو ھاتەوە بیرت، قێزت لە ھەردووکیان کردەوە، پەشیمان بوویتەوە چونکە زانیت ئێوە کرێچی ماڵی مامۆستان. یادگارییەکی زۆرت لەو خانووە جێ ھێشت کە چوار پێنج ساڵ پێش ئێستا دوای مردنی باوکت، دەستی ناچاری بە دایکتی فرۆشت و بەرە بەرە بەدەم ڕۆژگارەوە لە پارەکەتان دەخوارد تا ئەویش...

-کوڕم سالار... وا خەریکە پارەکەشمان لە بن بێت چار چییە...؟

-...!؟

ئەم وشانەی دایکت وای لێ دەکردیت زیاتر مشووری کارێک بخۆیت. دڵگران بوویت. بڕیارت دا ئەم شوێنە جێ بھێڵیت پێش ئەوەی بە دز بناسرێیت، بۆیە ژوورەکەت ھێنایەوە سەر باری پێشوو. جارجاریش بە گۆشەی چاو سەرەتاتکێی سووچی دینارەکانی گیرفانت بوو.

 

دیمەنی دووەم:

-کچێ ئاخر زەعیفە کە ئابڕووی چوو ئیتر...

وشە بێگەردەکانی شلێری ھاوسێیان لە گوێیدا دەزرنگانەوە، لەکاتێکدا ئەم بە درێژایی شەقامەکە شوێنپێی خۆی دەنەخشان، ویستی وشەکان بە بای گوێنەدان شەن بکات. ئەو ساتەی وەبیر ھاتەوە کە شلێر ھەردوو چاوی ئەبڵەق بوون و بە چوار نینۆکی دەستی ڕاستی، ڕوومەتە ئاڵەکەی خۆی بە شەرمەزارییەوە دەڕنییەوە وەختێ ئەم پێی ڕاگەیاند کە دەیەوێ لە بازاڕی مامەڵەکردنی حەز و لەزەتدا ببێتە ئەندامێکی لێھاتوو و ئاوی ئارەزووەکان بکاتە ھەتوان و زامی نەبوونیشی خۆی پێ ساڕێژ دەکات.

«ئەیەڕۆ کچەکە»ی شلێر زەنگێک بوو و لە کڵێسای مێشکی ئەمدا بانگی چۆکدانەدان و ملشۆڕنەکردنی دەدا، بۆیە ئەمیش جارجار بە ھەڵەداوان و پەلەپڕووزێ، دەیویست بەرەو پیری ئەو دەنگە خێرخوازە بچێت، بەڵام کە کارەساتەکەی شەوەکەی سالاری کوڕی وەبیر دەھاتەوە و تەماشای کراس و دەرپێ و سوخمە و شڕوشاتاڵەکەی خۆی دەکرد، بە «چوک و نەء»ێکی سەرکێشانە کۆتایی بە ھەموو شتێک دەھانی و دەرگای وەڵامی سەرکڵۆم دەکرد، کەچی ئەم شلێری وەک درەختێک دەھاتە بەرچاو کە لەسەر لووتکەتەپۆلکەیەک ڕووابێ و ڕەگی بە زەویدا شۆڕ بووبێتەوە. ھەرچەند گەردەلوولی قاتوقڕی و تەنگی پێ ھەڵچنێت، ئەم ھەر خاوەنی ئەو ڕەگ و زەوییە بێت. 

بەخیلی بەو دەبات کە نایەوێت خۆی بەدەستەوە بدات.

(خۆ شلێریش مێردی مردووە، کەچی وەکوو ھەموو ئافرەتێکی ئاسایی ئەم شارە دەژێت. ئەو ھەرچۆنێک بێت کار دەکات و خۆی و دوو ھەتیوەکەی سەرگەردان نابن).

-شلێر گیان من وەک تۆ نیم، تا ئێستا ھیچ کارێک شک نابەم.

-مەترسە، ھەمووی لەسەر من.

بیرەوەرییەکانی زنجیرەچیایەکی سەرکەشن بە درێژایی ھەرێمی ساڵەکانی ژیانی مارئاسا دەخشێن. ڕابردوو، ئێستای ئەم دەسنیشان دەکەن. ئەمانیش تابلۆیەکن ھەردوو ڕووەکەی نەخشێنراوە.

دیوێکیان: تیایدا ڕەنگی سپی و زەرد دوو ڕەنگی سەرەکین، بەڵام سپییەکەیان زیاتر پەلی ھاویشتووە و بە باڵەکانی ڕووبەرێکی فراوانی ئاسمانی نیگارەکەی تەی کردووە، سەرکردەی جیھانەکەیە و ڕەنگەکانی تر تێکڕا لە دەوری دەگەڕێن، ھەرچەند ڕەنگی ڕەشیش لە سیلە و ئەملاوئەولای ڕووە نەخشێنراوەکە وەک ھەتیوێکی داماو بەدی دەکرێ.

دیوەکەی تریان: سەرتاسەری نیگارەکە ڕەش داگەڕاوە، وەک پاشماوەی بۆردومانی جەنگێکی بێئامان. ڕەنگەکان ھەموو ئاوازی پرسە لێدەدەن. دەڵێی (کۆست)ێکی گەورە کەوتووە. لە ناوەڕاستی ئەو ھەموو ڕەنگە دزێو و ئاوێتەبووانەدا لەسەر جەمسەری توولەڕێگەیەکی درێژخایەن، دایکێک فرمێسکی چاوە گەشەکانی دەچۆڕێنێتە گەرووی دوو کۆرپە و ھەرسێکیان بە پرشنگی چاویان توولەڕێگەکە دەکێڵن. تەمێکی چڕیش کۆتایی بە جەمسەرەکەی تری توولەڕێیەکە دەھێنێت. بەڵێ ئەوا ئێستاش بڕیار دەدات، بگرە دەیەوێ بە کردەوە ئەو بڕیارە بەسەر خۆیدا بسەپێنێت. ئەی ئەوە نییە پێیەکانی بە لەرزەلەرز شەقام و کۆڵانەکان جێ دێڵن.

(خۆشت چاک دەزانیت بەرەو کام زەلکاوی بۆگەن دەخلیسکێی، بۆیە خۆتی تیا دەبینی، لە چڵپاوە خەستەکەیدا مەلە دەکەیت، مەنگی و لەنگەری زەلکاوە بۆگەنەکە دەپێکیت، بڕێ جانەوەری ترسناک دەکەونە سەرت، ونجڕونجڕت دەکەن، مەمکە خڕەکانت ھەڕاج دەکەن. کەس فریات ناکەوێ، نە سالار نە شیرین نە... نە نە. دەڕوانیتە جەستەی خۆت، لێی دەترسیت. دەزانی ئەمە (تۆ)یەکەی جاران نییە، بۆیە دەڵێ: ئەمە تابلۆی ژیانی داھاتوومە).

ترپەکانی دڵی لە یەکتری دەپەڕن و زیاد دەکەن. بە پێچەوانەوە ھەنگاوەکانی قوڕستر دەبن. وەک دژی بڕیارەکە بن، خۆی بە لانەواز و نامۆ تێدەگات چونکە نازانێت سەدان جار بە بارتەقای ژمارەی زۆڵەکانی ئەم جیھانە، ئافرەتی بێچارەی ئەوئاسا ھەن و لە زبڵخانەی ئەم چەرخە ڕووڕەشەدا لەگەڵ خەونە ھەڵواسراوەکانیانا گینگڵ دەدەن.

زۆری نەماوە، ھەمووی چەند کۆڵانێکە و دەگاتە شوێنی مەقسەد (بە کەڵبە شێتەکانی کراس و سوخمە شڕەکانت دادەدڕێت، ماری حەوتسەری ئارەزووە پەنگخواردووەکەی تێت بەردەدات، لە ھەموو ڕووبەرێکی لەشە سرکەکەتدا جێقەپاڵی حەزی شێت دەنەخشێنێت، لاقە سپییەکانت دەبنە سێدارەی ئابڕوو و شەرەف و کۆمەڵێ وشەی لەم بابەتانە. ئەو نرکەنرکێتی، تۆ لە ناخەوە دەناڵێنی. وێنەی ھاوسەرە نێژراوەکەت مەودای بەر دیدەت دەتەنێت. دەبێتە چاودێریکەری بەزمەکەتان. دەتەوێ لە بیری خۆتی بسڕیتەوە و بۆت ناکرێ. سیمای سالار و شیرینیش دێنە مەوداکەوە. لێ دەبنەوە. ئەوەی دەتەوێ وەری دەگریت و وەدەر دەکەویت. کۆمەڵێ لاوی برسی و تینوو و... و... و دوات دەکەون، ڕاوت دەکەن، بۆ جاری دووەم ڕووتت دەکەنەوە و بە بەرچاوی خەڵکەوە لەشت دەکرۆژن، مۆرێکی تایبەتیت پێوە دەنێن و دەیکەنە شوناسنامەی ژیانت).

ھۆڕنی ئۆتۆمبێلێک ڕایدەچڵەکێنێ. بێ ئاوڕدانەوە لاڕێیەکە دەگرێت. وشەکانی شلێر دەبارە و بیستبارە دەبنەوە. وردەجانەوەرن و ئاخنراونەتە کاسەسەری ئەمەوە. لە ھەمان کاتدا دەستی سەبووریشن بە لەشی شەکەتیەوە. خۆی بە سەری دواکۆڵانەوە گرێ دەدات. ھەڵوێستەیەک دەکات. لەپڕ ئاراستەی ڕەوتەکەی پێچەوانە دەکاتەوە.

-دەبێ ھەر کارێک بدۆزمەوە.

 

سەرچاوە: گۆڤاری «کاروان»، ژمارە «٢٥»ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٤