چیرۆک

ناحاڵی

سامان حسینی

هەر بۆیەشە ئەگەرێکی زۆر لەئارادایە کاتێک ئەگە بەردەوام هەر پێی دەڵێن لێ ببورەو بەسەریا تێ پەڕە، یان فەرامۆشی کەو لەبیر خۆتی بەرەوەو بچەسپە بە کێلە گۆرنوسیەکەی خۆتەوە پێ یان بڵێ: - حەی حەی لێبوورم، حەی بە گۆڕی ماڵی خێوتانەوە... بۆ ئێوە چی دەزانن و ئاگاتان لەچی من هەیە؟!

 

ناحاڵی

سامان حسینی

هەموو شتێک بۆ کوتن نابێ، هەموو شتێکیش بۆ کردن، هەر بۆیەشە بە دەگمەن کەسێک لێت تێ ئەگاو تۆش بەڕێکەوت دەتوانی مەبەستەکەت لەکەس بگەیەنی، یان ڕەنگە هەر قەت ناتوانی لەکەس بگەیەنی یان ڕەنگە قەت ناکرێ لە کەس بگەیەنی. ئەرێ ناتوانی لەکەس بگەیەنی، ئاخر هەموو شتێک بۆ کوتن نابێ، تەنانەت ئەگە بۆ کوتنیش ببێ ڕەنگە کەس بڕوات پێ نەکاو بڵێن حەی جا شتی وا چۆن دەبێ...؟! یان ڕەنگە نەوێری قسەی دڵت بکەی و مادام بتهەوێ تەواو بەڕاشکاوی حەقیقەتێک ئاشکرا کەی و لێفە لەسەر هەتیوان هەڵدەیتەوەو لە بنی کولەکەکەی بدەی دوور نیە ئابڕوو حەیات پێوە نەهێڵن و بتکەنە بنێشتە خۆشەی کۆڕو کۆمەڵان و تەنانەت زۆر نزیکە گیان و ژیانیشت تا سەدی نەوەدوو نۆ بکەوێتە مەترسیەوە. وەک کێ؟ وەک سەمیرای کاک حەیدەر...

جارێکیان سەمیرای کچی کاک حەیدەر بە دزی لەلای دادە شکۆفی پوری کە زۆر لێی نزیک بوو متمانەی تەواوی پێی هەبوو گێڕابوویەوە کە کاتی خۆی ئەو کات کە لە زانکۆ بووە متمانەی بە کوڕێک کردبوو، لەگەلیا چووبوە ماڵێکی چۆڵ، کوڕێک کە بەڵێنی ژیانی هاوسەری پێ دابوو، بەڵام کوڕە پێشتر لەگەڵ چەند دۆست و برادەری خۆی هاودەنگی کردبوو کە کاتێک کە خەریکی سیکس بوو لەگەڵی، بەسەریان دا بچن و بەمجۆرە هەموویان پێکەوە دەسدرێژی بکەنە سەری و ئەوە بوو کە بەوجۆرە بەڵایەکیان بەسەر هێنابوو، با بە دەواری شڕی نەکردبوو...

 ئەو کارەساتە جەرگبڕە بۆ سەمیرای کا حەیدەر وای کردبوو کە لەوە بەدوا کچەی بەسزمان تووشی فوبیایەکی گەورە ببێ لە توخمی بەناو پیاو نێرینەو، ئەو کیژە دەم بە بزەو زەنوێر و گەشاوەیە ئەوەتا ئێستا بەردەوام خەمۆک و سەرشۆڕو دوودڵ و ڕەش بینە.

ئەمە حەوت ساڵ زیاترە کچە لە زانکۆ گەڕاوەتەوە بەڵام لەو دەیان خوازبێنی یەی کە لێی کراوە وڵامی یەک دانەشیانی نەداوەتەوەو بەردەوام دەڵێ:

- خۆ زۆری نیە، بشمکوژن هەر شوو ناکەم...

کاک حەیدەر لە چنگ کچەکەی و شوونەکردنەکەی قەپاڵ لە دارو دیوار دەگڕێ و، دەڵێ:

- بەدیار کێوە دانیشتووی چەتیوە حیزە، ئابڕوو حەیات پێوە نەهێشتووم لەنێو خەڵکا، بە لاایلاهە ئیلەڵڵا ئەم جارەیان شو نەکەی ئا بەم پەنجانەی خۆم ئەتخنکێنم و لەنێو خەڵکا قاو دەکەم کە خۆی خنکاندوە.

سەمیرا لە دڵی خۆیا دەڵێ:

- واش نەبێ ئاخری هەر دەمخنکێنی، چونکا کچەکەت پەردەی کچێنی نیەو ئابڕوو شەرەفی تۆش بەندە بەو قامکە توێژەوە کە لە نێو عەیبەی کچەکەتا داندراوە، بۆیە مادام بێ پەردەیە یان دەبێ بەشانازیەوە سەربەنیستی کەی و وەک بۆخۆت دەڵێی چنگ لە هەناسەی گیر کەی و ڕۆحی تەڕی لێ ببڕی یان نا بۆهەمیشە لەنێو دنیادا بە سووکی و سەرشۆڕی و بێ شەرفی بمێنیەوە.

کاکە لاسی دووروڵات و حاجی شێخ وریای هەڵەمووت و میرزمناکۆی دیواندەرەو ماموەستا قالەی قوتابخانەو پیرشالیاری کورتەبنەو مەلا فەلەک و فەرماندە کەریم خان و چیا سوورو ڕۆژانۆ هاوکات لەگەڵ ئەوەی خزم و کەس و هاوڕێی مام یاسان بە هاوڕێ و برادەرو کەسی زۆر نزیکی کاک حەیدەریش دێنە ئەژمار...

ئەوەیە کە هەر کامەیان بەجیاو بە زمانی سۆزو ئامۆژگاری و تەنانەت هەڕەشەش لەگەڵ سەمیرا قسەیان کردوە تاکوو ملزەم بە شووکردنی بکەن ، بەڵام ملزەم نەبوو کە نەبوو هیچ، هەنوکە پڕیشە لە بێزاری و نەفرەت لە هەموو ئەو ئادەمیزادە نەجیم زادانە...

دادە شکۆفی پوری کە تەنیا کەسی نێو جەرگ و دڵی خۆشکەزاکەیەتی دەڵێ:

-: ئەیەڕۆ ئەوە بۆ ئەم هەموو سەگ و سەگبابابە لە کۆڵ ئەو کچە هەژارە نابنەوە، شێتیان کردوە ئەمجا دەیانهەوێ ناچار بە خۆکوشتنیشی بکەن...

سەمیرا بۆخۆشی دەڵێ: دە ئاخرلە توخمی پیاو گڵاوتر هەیە؟! لە هەزارئاو ئەیەن جارێک قولیان تەڕ نابێ، لە هەزاریان یەکیان بەحاڵ ویژدان وڕەوشتی هەیە، شووکردنم بۆچیە جا، پیاو هەردەزانێ کە تەمات تێ کاو ئەمجا وەک درندەیەک سوارت بێ و ئەتکت کاو بتگێ، بۆ ئەوانەی پیاویان هەیە چ گوڵێکیان بەسەرەوەیە ؟!

سەمیرا دەڵێ: خۆ ئیشەڵڵا ناچم لە نێو کۆڕو کۆبوونەوەی خوازبێنیەکەم دا هاوارکەم کە کاکەگیان چوار پیاوی بەڕێزو پایەبەرزی وەک ئێوە لە دڵسافی و ساویلکەیی و هەستی خۆشەویستیم کەڵکی ڕابواردن و خۆشگوزەرانی خۆیان وەرگرت و هاتن بۆماوەی هەشت کاژێر بە تاق و بەکۆ دەستدرێژیان کردە سەرم و دوای تێرخواردن بە برینداری و زەبوونی بەجێ یان هێشتم، تا ئەوەش نەڵێم کەس تێ ناگا کە ئەوە کام زام و برینی دەمکراوەیە بڕیاری پێ داوم کە هیچکات شووکردن بە غایلەما گوزەر نەکاو بۆهەتا هەتایە بەکردەیەکی بێزراوو قێزەون بمێنێتەوە لەلام...

مامە یاسا کە خزمێکی دوورو نزیکی دایکی سەمیرایە ئەگەرچی هیچ ئاگادار نیە لەم چیرۆکەی کە بەسەر ئەو کچە نەگبەتە هاتوە، بەڵام هەمیشە دەڵێ:

  • لەخۆوە نیە شوو ناکا، مسۆگەر کە دەردێکی بێ دەرمانی هەیە...

جا مام یاسا کێیەو ئەم هەموو لاوو گەنج و پیرو شێخ و مەلاو خان و سوورو زەردەی هاوڕێی کێن و چ کارەن؟ وڵامەکەی بۆخۆی ڕۆمانێک نا شانامەیەکە... چون ئەوی هەر ئەم بەزمەی لەگەڵ ئەم کوێخاو دەمڕاستانە هەیە...

هەر بۆیەشە ئەگەرێکی زۆر لەئارادایە کاتێک ئەگە بەردەوام هەر پێی دەڵێن لێ ببورەو بەسەریا تێ پەڕە، یان فەرامۆشی کەو لەبیر خۆتی بەرەوەو بچەسپە بە کێلە گۆرنوسیەکەی خۆتەوە پێ یان بڵێ : - حەی حەی لێبوورم، حەی بە گۆڕی ماڵی خێوتانەوە... بۆ ئێوە چی دەزانن و ئاگاتان لەچی من هەیە؟!

 کاکە لاسی دووروڵات و حاجی شێخ وریای هەڵەمووت و میرزمناکۆی دیواندەرەو ماموەستا قالەی قوتابخانەو پیرشالیاری کورتەبنەو مەلا فەلەک و فەرماندە کەریم خان و چیا سوور جگەلە ڕۆژانۆ بە تاق و بە جووت هاوکات لەگەڵ ئەوەی بە درێژخایەن درگای قسەیان لەگەڵ سەمیرا کردۆتەوە کە پێملی شووکردنی بکەن هەرکامەشیان ڕێگە چارەسەرێک و ئامۆژکاریەکیان کردوە بۆ ڕازی کردنی کچەکەی بە شووکردن...

کاکە لاسی دووروڵات بە کا حەیدەری وتوە:

- کوڕە لێی گەڕی بەرە بەرە بۆخۆی بیر ئەکاتەوەو مل ئەدا، بەسزمان نازانێ ئاوا بڕواتە پێش ئیتر کەس ڕووی تێ ناکاو ئەبێتە کووپە ترشیات و ئەمجا دەبێ هەرتا هەمیشەی دنیا بە بووکی دایک و باوکەکەی خۆی بمێنێتەوە...

حاجی شێخ وریای هەڵەمووت دەڵێ: یان بیبە بۆ شێت خانە یان لە ژێرخانێکا بە زنجیر دەست و پێی وەبەستەو ڕۆژی دووجار دارکاری بکە، مسۆگەر ئەوە جندۆکە تێی ڕۆ هاتوون، بە زەخت و گوشار نەبێ وازی لێ ناهێنن...

میرزمناکۆی دیواندەرە دەڵێ: کوڕە گوو دەخوا شوو ناکا، من دەڵێم بە زۆر مارەی کە، لەماڵە مێرد ئاوای بۆ نالوێ، بە شەق مرزەم و ژیری دەکەن بۆت..

ماموەستا قالەی قوتابخانە دەڵێ: بیبە سەردانێکی پزیشکی دەرونی، بزانە دەردی چیەو مەرگی چیە؟

پیرشالیاری کورتەبنە دەڵێ : خۆ بەپێی دین و یاسا باوک خاوەن خوێن و نوێنەری کچەکەیەتی وهەرچی پێ خۆش بێ هەر ئەوەیە، ئەرێ بۆ نایەی لە منی مارە کەی ، بە دوو هەفتە بۆت دەکەمەوە بە گوێزی ئازا...

مەلا فەلەک دەڵێ: بەخوا برا وەک دەڵێن ئاخرزەمان هاتوە، جابۆ سەردەمی ئێمە زەعیفەی سەربەمۆر دەیتوانی لە قسەی باوکیا قسە بکا، وەڵڵا خوشکەکانی من بدرانایە بە دیوو درنج"یش متەق لە دارو بەرد بهاتایە لەوان نەدەهات...

فەرماندە کەریم خان دەڵێ: بێم دوو فیشەکە کڵاشینکۆفی بەسەرا هەلتۆقێنم، گوی پێ دەخورێ و ئیتر مل ئەدا...

چیا سووریش کە سەردەمانێک یارو دڵداری یەکلایەنەی سەمیرا بووە دەڵێ: خوای من گرتی و ئاوهەناسەی من بوو خوا سەری لێ تێک داوە، ئیشەڵلا کە قەت خۆشی نابینێ...

لەم نێوەدا ئەوە هەر ڕۆژانۆی ئەڤین و خۆشەویستی مام یاسایە کە لەجیات قسەکردن و تئۆردان بە دڵۆپ و بە لێشاو فرمێسکی بۆ هەڵدەوەرێنی و شینی مردووی بۆ دەکاو بەرامبەر سەمیرای ئازارو مەینەت لەدڵێ خۆیا دەڵێ:

- سەمیرا، دەردی بێ دەرمان...

مام یاساش کە ڕۆژگارێک هاوڕێ و دۆست و برادەری ئەم زاتە بەڕێزانە بوە ئێستا جگە لە کاکە لاسی دوور وڵات و ژینۆی خۆشەویستی لەگەل هیچ کامیان پەیوەندی نەماوە، بەڵام قەت لەبیری ناچێتەوە بەرامبەر بەویش هەزارجار خراپتر لە سەمیرا هەڵوێستیان دەگرت کاتێک دوورپەرێز ببوو ڕووی لە کەسیان نەدەکرد...

مەلا فەلەک باوکی مام یاسا بوو، ئەوەی بەسەری هێنابوو بۆ گوتن نابێ، کەچی هەموو وێکرا دەیانوت: ئەوە ئەم دوورە پەرێزیەت لەچیە ڕۆڵەگیان، بۆ ساڵی جارێکیش درگای ماڵی ناکەیەوەو هەواڵیکی ناپرسی؟

کاکەلاسی دووروڵاتیش بەپێچەوانەی چاوەڕوانی مام یاسا هەروا دەڵێ، ئەویش هەروەک شێخ و مەلاو فەرماندەو پیاوماقوڵانی گەڕەک بیر دەکاتەوەو دەڵێ:

- فەرامۆش مەکە بەڵام لێ ببورە، چونکە ئەگەر لێ نەبووری، زیانەکەی هەر خۆت دەگرێتەوەو ژیانت لێ تاڵ ئەبێ و هەستی نەفرەت بەر بە ئەڤین و سۆزو خۆشەویستیەکەیت دەگرێ بۆ مرۆڤ و بۆ جیهان و گرینگتر لەوانیش بۆ داهێنان و هونەرو بۆ پەیڤ و وشەو دەستەواژە...

مام یاسا بیردەکاتەوە تۆ بڵێی ئەگەر درندەیەکی بێ بەزەیی وەک مەلا فەلەک و هاودەستەکانی بێن بە رۆژی ڕوناک ژن و منداڵ و تەنانەت خودی کاکە لاسیش ببەستنەوەو سەرەتا لەبەرچاوی خۆیا دەستدرێژی بکەنە سەر ژن و کچ و کوڕەکەی و ئەمجا بە دڕندانەترین شێوە پارچە پاڕچەیان کەن و تڵپاتی تەڕیان لێ ببڕن و هاوکات لەپاش گایینی سەرلەنوێی خۆی لووت و گوێچکەشی ببڕن و لەناو خەڵکیش دا وا لەقاودەن و ئەو تۆمەتەی بۆ ساز بکەن کە گۆیا منداڵێکی هەشت ساڵانەی گاوەو ئەمجا کوشتویەتی دیسان هەر بڵێی بڵێ کە مام یاسا واز بێنە، فەرامۆش مەکە... بەڵام لێ ببورە؟!

بەڵام مام یاسا هەر بۆخۆی لە زمان کاکە لاسەوە وڵامی خۆی دەداتەوەو دەڵێ:

- جا بۆشتی وایان بەسەر تۆ هێناوە؟! حەی جا شتی وا چۆن دەبێ؟!

لەو چرکەساتەدا مام یاسا بە قووڵی لە چاوی کاکە لاس ڕاماوەو بە بزەیەکی تاڵەوە دەڵێ:

- لێ گەڕی چایەکەت وەخۆ با سارد نەبێتەوە...